بانگەشەی مافی مرۆڤ گەرم و مافی ئافرەت ساردە

بانگەشەی مافی مرۆڤ گەرم و مافی ئافرەت ساردە
ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی جیەاندا یادی رێككەوتننامەی مافەكانی مرۆڤ دەكرێتەوە و، هەر بەر بۆنەیەوە چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، بەڵام رێژەی بەرزی ئەو تاوانانەی لەسەر ئاستی دنیا بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێن، سەلمێنەری ئەوەن كە سەرەڕای تێپەڕینی دوو دەیە لە هەزارەی سێیەم، هەتا ئێستا نەتوانراوە مۆركی مرۆڤبوون بە بەر ئافرەتدا بكرێ. ئایا دەكرێت بانگەشەی مافی مرۆڤ بكرێت و هاوكات مافی ئافرەت پێشێل بكرێت؟
پێناسەی مافی مرۆڤ هیچ جیاكارییەك لە (رەچەڵەك و رەگەز)دا ناكات، بەڵام مافی ئافرەت لە كوێی مافی مرۆڤدایە كە وا بە ئاسانی مافەكانی بن پێ دەخرێت و بە بیانووی جۆراوجۆر ژیانی لێ دەستێندرێت؟ نەخشەڕێگای رزگاری لەو نەهامەتییانە چییە و چۆن دەكرێت ئافرەت مافەكانی دەستەبەر بكات؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.


سەرەتا د. مەیادە نەجاڕ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە دوو چەمكی مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت بەمجۆرە راوسەرنجی خۆی دەخاتەڕوو: «چەندین خاڵی هاوبەش لە نێوان دوو چەمكی مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت هەیە و ئەم دوو چەمكە دوو بابەتی تەواوكەری یەكترین و هەردووكیان لە زۆربەی جەمسەرەكاندا هاوبەشی یەكترن، واتە كاتێك مافی مرۆڤ بە مانا راستەقینەكەی شیكرایەوە و جێبەجێ كرا، ئەوا مافی ئافرەتیش جێبەجێ كراوە. ئەگەر زیاتر وردببینەوە، ئەوا هەست بەوە دەكەین، كاتێك كۆمەڵگە لە مانا راستەقینەكەی مافی مرۆڤ تێگەیشت، ئەوكات ئافرەتیش بە مافی خۆی دەگات، چونكە كێشەی ئافرەت لەو كاتەوە دەستی پێكردووە كە چەمكی مرۆڤسالاری وەلاوە نراوە و چەمكی نێرسالاری، یان پیاوسالاری پەیدا بووە. ئەگەر رامانێكیشمان لە سەر مێژووی ئادەمیزاد هەبێت، هەست بەو حاڵەتە دەكەین كە كۆمەڵگەی رەگەزسالاری لە رابردووی كۆندا بە بەردەوامی دادپەروەری و یەكسانی زیندەبەچاڵ كردووە، چونكە خۆی لە خۆیدا پیاوسالاری هەردەم لەسەر بنەماكانی دەسەڵات و هێز و موڵكداری بونیاد نراوە، لەم كاتەشدا لایەنی بەرامبەری پشتگوێ خستووە، بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژەەڵاتی و نەریتسالاری و نێرسالاریدا هەردەم بە بیانووی جیاكاریی بایۆلۆژی مافەكانی رەگەزی مێ پێشێل كراوە و بە رێژەیەكی بەرچاو خانمان رووبەڕووی دەستدرێژی و كوشتن بوونەتەوە، نێر هەموو شتێكی بۆ حەڵاڵ كراوە، لەبەرامبەردا مێ لە مافە سادەكانیشی بێبەش كراوە و تەنانەت هیچ جۆرە بەهایەكی بۆ نەهڵێدراوەتەوە.» گوتیشی: «ئەگەر ئێمە بمانەوێت بە وردی باسی مافە بنچینەییەكانی ئافرەت بكەین، دەبێت لە بەها راستەقینەكانی ناو بەندەكانی مافی مرۆڤ تێبگەین، كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوە ناحكوومییەكان دەیانەوێت لەگشت وڵاتانی جیەاندا جێبەجێی بكەن، بۆ رزگاركردنی ئافرەت لە تەنگەژە گشتگیرەكان كە رووبەرووی مافەكانیان لە چەرخی بیستویەكدا دەبێتەوە. لەلایەكی ترەوە دەبێت شیكردنەوەیەكی ورد لەسەر خاڵە گرنگەكانی پێشكەوتنی ئافرەتان بكەین كە بریتین لە:(گەشەكردن و گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی توانای هزریی ئافرەتان، پەرەپێدانی دیموكراسی بۆ كۆمەڵگە و بنیادنانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی كایەی ئافرەت لەناو جیەانی سیاسەت و بونیادنانی هیزی ئابووریی ئافرەتان)، ئەمانەش هەمووی تەواوكەری مافی مرۆڤن، واتا ناتوانین جیاكاری لەنێوان مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتدا بكەین چونكە هەردووكیان تەواوكەری یەكترین.»
د. مەیادە نەجاڕ رایوایە: «نابێت پرسی ئافرەت وەك پرسێكی جیاواز لە پەراوێزی كۆمەڵگە تەماشا بكرێت، چونكە ئافرەت لەم كاتەدا زیانی بەردەكەوێت، بۆیە پێویستە پرسی ئافرەت شان بەشانی كۆی پرسەكانی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و بە رێكارێكی وردی زانستییانە و بێ جیاكاری رەگەزی كار لەسەر هزر و وشیاریی تاك بكەین، نەك جیاكاری لەنیوان رەگەزەكان بكەین.» هاوكات بە پێویستی دەزانێت «هەوڵی گشت چالاكانی بواری ئافرەتان ئەوە بێت بەرەو گەشەپێدان و چەسپاندنی مافی مرۆڤ بە بێ جیاكاری رەگەزی هەنگاو بنێن.» هێمای بۆ ئەوەش كرد، «جاڕنامەی جیەانیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ساڵی 1948پەسەندكرا، واتایەكی گشتی بۆ مافی مرۆڤ هەیە و مەبەستی پاراستنی مافی هەر دوو رەگەزەكەیە لە سەرانسەری جیەاندا و هیچ جۆرە جیاوازییەكی رەگەزی تێدا نەكراوە.» گوتیشی: «لە هەزارەی سێیەمدا هەنگاوەكان لەسەر ئاستی جیەانی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان زیاتر بە ئاراستەی سیستەمی مرۆڤسالارین، دەبێت ئێمەش هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوە بێت كە سیستەمی مرۆڤسالاری جێگەی نەریت و سیستەمی پیاوسالاری بگرێتەوە، ئەمەش هەنگاوی زۆری دەوێت، چونكە تا ئەم ساتەش كۆمەڵگەی نەریتسالاری بە كۆمەڵگەی خۆشمانەوە قبووڵنەكردنی ئافرەت لەلایەن كۆمەڵگە و بەشداری پێ نەكردنی لە كایە هەستیارەكاندا یەكێكە لە سیما دیارەكانی، ئەمەش نابێتە پێوەر بۆ ئەوەی بڵێین ئافرەتی ئێمە هیچی نەكردووە، بەپێچەوانەوە ئافرەتانی كورد لەم پێناوەدا قوربانیی زۆریان پێشكەش كردووەو لە خهباتی خۆیانیش بەردەوامن، بۆیە دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوی زۆر باشتر دەنێن، چالاكانی مەدەنی و ئافرەتانی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانیش لە هەوڵی ئەوەدان كۆتایی بە سیستەمی نێرسالاری و نەریتسالاری لە كۆمەڵگە بهێنن و هەوڵی ئەوە دەدەن، سیستەمێكی هاوبەشی كۆمەڵایەتی بۆ هەردوو رەگەز بنیاد بنرێت، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە و كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵام دەبێت كار بۆ دروستكردنی ئیرادە و نییەتی جێبەجێكردنی ئەو ئامانجه بكەین.»
تەرزە حسێن كارگێڕی لیژنەی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەراورد بە سەدەكانی پێشوو، ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردی هەنگاوی باشیان ناوە، چونكە كۆمەڵگەكەمان لەئاست ئەرك و مافی ئافرەتاندا قۆناغێكی گرنگ و بە بایەخی بڕیوە، هەروەها ئافرەتان ئێستا بە شێوەیەكی بەرچاو لە كۆڕی خوێندن و نووسین و كاركردن لە سێكتەرەكانی حكوومی و كەرتی تایبەت و تەواوی بوارەكانی ژیان رۆڵیان هەیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ئافرەتانی كوردستان هەموویان وەك یەك ماف و ئەركیان پارێزراو بێت، بەڵكو ئێستاش كۆمەڵگەی پیاوسالاری باڵی بەسەردا كێشاوەو كێشەوگرفت دروست دەكەن، ئەگەرچی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی ئافرەتان هەوڵی بە یاساكردنی مافی ئافرەتان دراوەو چەندین ناوەندی گرنگ بۆ رۆشنبیری و پاڵپشتی لە ئافرەتان دروست كراون و چەندین شوێنی داڵدەدان و نیشتەجێبوونی پارێزراو كراوەتەوە بۆ ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوەو ژمارەیەكی هێڵی گەرمیان لە سەرجەم شارو شارۆچكەكان دابین كردووە بۆ ئەوەی ئافرەتان لە كاتی كێشەو گیروگرفتەكان هاوكاری بكرێن.» گوتیشی: «هیچ كەسێك هەرگیز ئازاد نابێت، هەتا خۆی لە زیندانی بیرۆكە هەڵەكان ئازاد نەكات. ئازادی، یەكسانی و دادپەروەریش، سێ پرەنسیپی گرنگ و جەوەەرین بۆ بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو. مسۆگەركردنی ئەو پرەنسیپانە و یەكسانیی رەگەزی و بەشداریی هاوبەشی هەردوو رەگەز لە سەرجەم سێكتەرەكان كارێكی ئاسان نییە، پێویستی بە دیموكراسیكردنی كۆمەڵگە هەیە، ئەوەش پێویستی بە خەباتێكی گشگیری هەمە لایەنە لەلایەن سەرجەم دەنگە ئازاد و بوێر و وشیارەكانی كۆمەڵگە هەیە، راهێنانی خەڵك لەسەر ژیانی دیموكراسی خاڵی گرنگ و جەوەەری و دەستپێكی ئەو خەباتەیە و پێویستە مرۆڤ لە سەرووی هەموو ئەو ئایدیۆڵۆژیا دۆگم و بیرو باوەڕانە بێت كە خودی خۆی بەرەەمیان دێنێت و دواتر دەبێتە دیل و كۆیلەیان، پێویستە بە بێ جیاوازی نەتەوە و ئایین رێز و كەرامەتی مرۆڤ لە هەموو شتێك پیرۆزتر سەیر بكرێت.
تەرزە حسێن لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان، جهخت لەوە دەكاتەوە كە «مافەكانی ئافرەت لە كوردستان هەنگاوی بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام بە رێژەیەكی دیاریكراو، چونكە كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارییەو دابونەریتەكان بەسەریدا زاڵن، بۆیە دەبێت لە رێگای یاساوە ئەرك و مافەكانی ئافرەتان لە سێكتەرەكانی ژیان دیاری بكرێت، چاودێری و جێبەجێكردنی یاساكەش تەنیا بە حكومەت و رێكخراوەكان ناكرێت، بەڵكو دەبێت پەروەردە و میدیاكان كاری جددی لەسەر وشیاركردنەوەی تاك و خێزان بكەن و، ژنانیش دەبێت خۆیان بوێر بن و بۆ بەرەوپێشچوونی رەوتی ژیانیان هەنگاو بنێن. ئەوەمان لەبیر نەچێت، پەروەردەكردنی خێزان یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەكان و دەبێت هەموومان هەوڵ بدەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و ئێمەی ئافرەت بە پڕۆژە و كاری جوان دەتوانین داوای ئەرك و مافی خۆمان بكەین، ژیان زۆر لەوە جوانترە كە ئێمە دەیبینین.»
عەلی كەریم سەرۆكی ئەنستیوتی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، سەبارەت بە مافی مرۆڤ بەمجۆرە راوسەرنجی خۆی دەخاتەڕوو: «كاتێك باس لە مافەكانی ئافرەت دەكەین، باس لە كاینێكی مرۆیی دەكەین، واتا باس لە مرۆڤ دەكەین، پێش ئەوەی هەر ئایین و هەر رەگەز و رەنگێكی هەبێت، بۆیە مرۆڤ بە سیفەتی مرۆڤبوونەكەی چ ئافرەت بێ، یان پیاو كۆمەڵێ سیفەتی ستانداری هەیە كە دەبێ كۆمەڵگەكە و دەوڵەتەكەی رەچاوی بكەن و رێزی لێ بگرن، لەو روانگەیەوە دەڵێین كرۆك و جەوەەری مافەكانی ئافرەت كرۆك و جەوەەری مافەكانی مرۆڤە، بەڵكو پێوەرێكی جیەانیشە بۆ مافەكان بەگشتی، ئافرەت پێش ئەوەی ئافرەت بێت، مرۆڤە، بۆیە هەموو ئەو مافانەی هەیە كە مرۆڤ هەیەتی، تەمیزێكی پۆزەتیڤی بۆ كراوە، بە حوكمی ئافرەتبوونەكەی هەندێ ماف و تایبەتمەندیی دیكەیشی هەیە، كە هەر تەواوكەر و رووی دووەمی مافەكانی مرۆڤن.» هاوكات دەڵێت: «رێككەوتننامەی جیەانی مافەكانی مرۆڤ كە ساڵی 1948 دەرچووە، بنەمای سەرجەم مافەكانە ئەو بەرنامە و پڕۆتۆكۆل و بڕیار و جاڕنامانەی تایبەتن بە مافەكانی ئافرەت لە نێویشیاندا جاڕنامەی سیداو، ناكرێ ئافرەت لە مافی مرۆڤ دابماڵدرێ و پاشان باس لە مافەكانی خۆی بكرێ، رێزگرتن لە مافەكانی ئافرەت واتا ریزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و ئەوەش واتە پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی و ئۆتۆماتیكیان پێكەوە هەیە، لەسەر ئاستی دنیا وەك چۆن پێشێلكاری لەسەر مافی مرۆڤ هەیە، لەسەر مافەكانی ئافرەتیش هەیە، بەڵام ئافرەت بە حوكمی هەندێ تایبەتمەندیی خۆی لە هەندێك كۆمەڵگەی دواكەوتووی ئیشكالیەت ئامێزدا ئیستیغلال دەكرێ و بە هەڵە سوودی لی وەردەگیرێت و بۆ كاری نامرۆیی بەكاردەهێندرێت، بۆ نموونە بازرگانیكردن بە هەر دوو رەگەز هەیە، بەڵام لە نێو ئافرەتاندا زیاتر و فراوانترە، ئەویش بە حوكمی بە ئاسان كڕین و فرۆشتنیان بە رەچاوكردنی رەهەندە ئابوورییەكەوە لەو بارەیەوە، جگ لەوە توندوتیژی لە هەموو كۆمەڵگەیەك بوونی هەیە، زیاتریش بەرامبەر بە ئافرەت و منداڵ كراوە، چ توندوتیژی سیاسی، كۆمەڵایەتی، یان خێزانی بن، ئافرەت و منداڵ قوربانیی یەكەمن، خراپتر لەوەش زۆرجار لەلایەن نزیكترین كەسەكانی خۆیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێ، دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی دنیا ئافرەت زۆرترین پێشێلكاری بەرامبەر كراوە، لەبەر ئەوەی ئافرەت بە سرووشت و پێكەاتەی زیاتر موعەرەزە بۆ پێشێلكاری و ئەمەش بەپێی سرووشت و دۆخی كۆمەڵگەكە دەگۆڕێت، لە وڵاتە پێشكەوتووەكان رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان بەراورد بە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان یەكجار كەمە، چونكە ئافرەت كۆمەڵێ ئاستی باشی بڕیوە و كۆمەڵێ میكانیزمی بە دەستەوەیە كە رێگرە لەوەی پێشێلكاری بەرامبەر بكرێ و وەكو كاڵا مامەڵەی لەگەڵ بكرێ، بۆ ئەوەی ئافرەت پێشێلكاری بەرامبەر نەكرێ، پێویستی بەم چەند خاڵەی لای خوارەوە هەیە:
ئابووریی سەربەخۆ، ئاستێكی باڵا لە پێگەیشتوویی، كاركردن و پشت بەخۆبەستن، رێكخستنی منداڵبوون، شێوازی ژیانكردن، هەڵبژاردنی هاوسەر بە ئازادی، خۆپێناسەكردن وەكو مرۆڤ و خۆجیانەكردنەوە لە رەهەندە مرۆڤایەتییەكان و وەرنەگرتنی كاردانەوە لەلایەن پیاو، پێویستە ئافرەت ئەوە بزانێ كێشەی ئەو كێشەیەكی ئینسانییە و پەیوەستە بە هەردوو رەگەز و پیاو دوژمنی نییە، بەڵكو دەكرێ هاوكار و سەرخەر بێ لە هەوڵەكانی دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان، لە هەمان كاتدا بوونی سیستەمێكی دیموكراسی كە تێیدا یاسا سەروەر بێت و بە كردەیی دادگا سەربەخۆ بێت، مافە زەوتكراوەكان بگێڕنەوە بۆ خاوەنەكانیان و كەسانی تاوانبار و سەرپێچیكار سزا بدرێن، هەموو ئەوانە وادەكەن كەمترین پێشێلكاری بەرامبەر مرۆڤەكان بكرێت، لە هەر كۆمەڵگەیەك گەرەنتی مافەكانی مرۆڤ بوونی هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئافرەتانیش مافەكانیان گەرەنتی دەكرێت و دەتوانن شكۆمەندی و بەختەوەریی خۆیان دەستەبەر بكەن.»
تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بێگومان ئەو مافانەی كە بۆ ئافرەت لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكاندا دیاریكراوە، لە چوارچێوەی ئەو مافانە دێت كە بۆ مرۆڤ بە گشتی دیاریكراوە، لەبەر ئەوەی بنەمای دیاریكردنی مافەكانی بریتییە لە بوونی یەكسانی و ناجیاكاری و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، كەواتە كاتێك باس لە یەكسانی لەسەر بنەمای جەندەر لەبەرچاو ناگیرێت، هەر بۆیە ئەنجامدانی هەموو جیاكارییەك ئەنجامدانی توندوتیژییە لەسەر بنەمای رەگەز، ئەگەرچی ئافرەت تێیدا زەرەرمەندی یەكەمە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە گەورەترین پێشێلكارییە بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ، دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت كە كێشەكانی ئافرەت كێشەی هەموو كۆمەڵگەكەیە و هەر كاتێك توندوتیژی، یان پێشێلكاری لەبەرامبەر ئافرەت بوونی هەبوو، دەرەنجام ئافرەت بە تەنیا زەرەرمەند نییە، بەڵكو هەموو كۆمەڵگە زەرەرمەند دەبێت، بەشێوەیەكی گشتی ئەمەش وادەكات كە سەنگایی لە چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤدا هەبێت، هەر كاتێك ئافرەت توانی لە كۆمەڵگەدا مافە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەدەنییەكانی بەدەست بێنێت، ئەمە رەنگدانەوەیەكی ئەرێنی و كاریگەری لەسەر خێزان و كۆمەڵگە دەبێت، چونكە بنەمای سەرەكیی ئەم مافانە لە جاڕنامەی جیەانی و هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان و دابینكردنی ئەو مافانە لەلایەن دەوڵەتەوە جیاكاری تێدا نەكراوە، هاوكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوەی داوە، زیاتر مافی كچان و ئافرەتان لە كۆمەڵگە پارێزراو بێت و میكانیزمی پتەوتریش بۆ پاراستن و هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە لەسەر مافەكانیان دابندرێت، ئەوە پاڵپشت بە بەڵگە نێودەوڵەتییەكانە و چەندین رێككەوتننامە و پڕۆتۆكۆلی تایبەت بە مافەكانی ئافرەت دەركراون، گرنگترینیان بڕیاری ژمارە(1325)ی تایبەت بە پاراستنی كچان و ژنان لەكاتی جەنگ و ململانێ ناوخۆییەكانە.»
له كۆتایی ئەم راپۆرتەدا ماوە بگوترێ: جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لە ١٠ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٤٨ لە كۆبوونەوەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا پەسند كرا. پاش پەسندكردنی، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان داوای لە ئەندامەكانی كرد، كە ئەم جاڕنامەیە بە شێوەی گشتی بڵاوبكەنەوە هەتا لە قوتابخانە و ناوەندەكانی فێركردن بڵاو بكرێتەوە و بخوێندرێت.
Top