ئافرەتێك بەرفاندنی منداڵەكانی لەسۆزی دایكایەتی بێبەشدەكرێت

ئافرەتێك بەرفاندنی منداڵەكانی لەسۆزی دایكایەتی بێبەشدەكرێت
رفاندنی منداڵ لە ژێر ناوی بازرگانیكردن بە مرۆڤـ، بە مەبەستی دەستدرێژی سێكسی، یان بە ئامانجی راهێنان و تێكەڵكردنی بە گرووپی تیرۆریستی، لە گەورەترین تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتین كە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا تاوانبارانی ئەو دیاردەیە سزای زۆر قورسیان بۆ دیاری كراوە، حاڵەتێكی دیكەی رفاندنی منداڵیش هەیە، ئەویش هاوسەران لەكاتی جیابوونەوە، یان پێش جیابوونەوەیان بە هۆكاری پێكەوە نەگونجانیان، یان خۆشاردنەوە لە یاسا پەنای بۆ دەبەن، كە لەوەشدا پیاوان پشكی شێریان بەر دەكەوێت و ئافرەتان بە دەگمەن دەتوانن كاری وا بكەن. ئافرەتێك كە هاوسەرەكەی هەر دوو منداڵەكەی رفاندووە و خۆیان شوێن بزر كردووە، باسی ئاریشەكانی خۆی بۆ گوڵان دەكات.
«لەو كاتەوە مێردەكەم هەر دوو منداڵەكەی رفاندووە، شەو و رۆژم لێ حەرام بووە. لە خەمی منداڵەكانم خەریكە شێت بووم. خزم و كەس نەماوە هانایان بۆ نەبەم. كەس سوراغیان نازانێ.» ئەوە قسەی شلێری تەمەن 31 ساڵ بوو. وەك خۆی باسی كرد، لەگەڵ هاوسەرەكەی بەردەوام شەڕیان بووە، بۆیە كاریان كەوتووەتە دادگە، بەڵام پێش ئەوەی بە شێوەیەكی یاسایی و بە بڕیاری دادوەر لە یەكدی جیا ببنەوە، منداڵەكانی رفاندووە و «بۆ شوێنێكی دوور و نادیار» چووە.

شلێر بە خەمبارییەكی زۆرەوە بەسەرهاتی خۆی بەمجۆر دەگێڕێتەوە: «راستە بە خۆشەویستی شووم بە كەمال نەكرد و بە واستەی ناسیاوێكی خێزانی هەر دوو لامان بوو، بەڵام لە سەرەتای ژیانمان زۆر ئاسوودە بووین. كاتێ شووم پێ كرد، 19 ساڵم تەواو كردبوو، ئەویش تەمەنی 25 ساڵ بوو. لە بەر خاتری ئەو وازم لە خوێندنی زانكۆ هێنا، دوای لەدایكبوونی ئارامی كوڕم كە ئێستا تەمەنی تەنیا دەساڵە، ئەو پیاوە بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هات. زۆرم گرینگی پێ دەدا، بەرامبەر هەڵچوون و تەنانەت لێدانەكانیشی هەر سەبرم كرد، چەند جار خیانەتی كرد، هەر لێم قبووڵ كرد. كە ئاراس لەدایك بوو، وتم لەوانەیە بووەتە باوكی دوو كوڕ، واز لەو خووە توندەی دەهێنێت، بەڵام دە قات خراپتر بوو، بەردەوام توند و عەسەبی بوو. كەم رۆژ بووە لێی نەدابێتم. تا وای لێهات براكانم زانییان و بەرۆكیان گرت و بە كەمالیان گوت: بۆ وا مامەڵە لەگەڵ خۆشكمان دەكەیت، خۆ لە بری خوێن وەرت نەگرتووە؟ هەندێك نەسیحەتیان كرد، گوتیان باوكی دوو منداڵی وەك گوڵی، ئاگات لە خێزانی خۆت بێ، واز لە ژنی بەڕەڵا بێنە و پارەیان لێ سەرف مەكە. بەڵام تەنیا دوو رۆژ بوو، وای لێدام لاچاوی تەقاندم. براكانم گەیشتنە قەناعەت كە پێكەوە ناگونجین، بۆیە كارمان كەوتە دادگە و كەمالیش دەیگوت یەك دینار چییە، مارەیی و نەفەقە نادەم و ناهێڵم چاویشت بە منداڵ بكەوێت. وتم دادگا یەكلایی دەكاتەوە. جەنابی دادوەر زۆر هەوڵی دا یەكمان بخاتەوە، بە كەمالیشی گوت ئەو ئافرەتە هەموو شتێكی دەكەوێت، چونكە بەڵگە هەبوو، دادوەرەكە دڵنیا بوو لەوەی لەگەڵ ئافرەتانی هەرزە شەو دەكاتەوە و وێنە و گرتەشی لابوو، كە كاتی خۆی لە موبایلەكەیم دەرهێنابوو. هێشتا دوابڕیاری دادگا مابوو، بۆ جیابوونەوەمان، بەڵێنیشی دابوو منداڵەكان ببینم، بەتایبەتی ئاراس كە لە باخچەی ساوایان بوو، زۆر منداڵ بوو. كاتی لێم جیا دەبووەوە و دەچووەوە بۆ لای باوكی ئەوەندە دەگریا، خەریك بوو ببوورێتەوە.»

شلێر مۆبایلەكەی خۆی پڕ كردووە لە وێنەی دوو كوڕەكەی، وێنە بە وێنە هەڵیان دەداتەوە و بە هەنیسكی گریانەوە باسی چۆنیەتی رفاندنی منداڵەكان دەكات: «رۆژێ دایكم رۆیشت منداڵەكان بهێنێت، چووە ماڵی خەزوورم، گوتیان دوور رۆژە دیار نین. ئیتر ئەو دوو رۆژە، ئەوە لە دوو ساڵ تێپەڕی. لەو ماوەیەدا خزم و كەس نەما هانایان بۆ نەبەم. ماڵی خەزوورانیشم سوێندیان بە قورئان خوارد و گوتیان ئەوانیش نیگەرانن و هیچ هەواڵێكیان نازانن. بەڵام لەم رۆژانەدا هاوڕێیەكی كەمال پێی گوتبوون، ئەوانی لە یونان بینبیوە و هەر سێكیان سەلامەتن. زۆر دەترسم بە ئاویاندا بدات. ئەو حەزی لە ئەوروپا بوو، بەڵام منداڵەكانی بەكار هێنا. هیچ ویژدانێك ئەوە قبووڵ ناكات، دایكێك لە بینینی منداڵ خۆی بێبەش بكرێت. ئەوە ئەوپەڕی غەدرە و منیش جگە لە فرمێسك هیچ شتێك دادم نادات. تەنیا ئاواتم ئەوەیە بە منداڵەكانم شاد ببمەوە، بەڵێنیش دەدەم هیچم لە كەمال ناوێت، تەنیا منداڵەكانم بۆ بگەڕێنێتەوە».
Top