دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە نەگەڕانەوەی ناوەكانیان نیگەرانن

دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە نەگەڕانەوەی ناوەكانیان نیگەرانن
ئەمساڵ بەشێك لە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەتایبەت دەرچووانی خولی دووەم لە وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان گرفتیان بۆ دروست بووە، دەرچووانی خوێندنی ساڵی 2017 بۆ 2018 بەشێكیان سەرباری نمرەی بەرز، بەڵام لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرنەگیراون، تەنیا ژمارەی دەرچووانی خولی دووەم 860 قوتابییە و كۆنمرەكانیان لە سەرووی 60 بووە، قوتابیانیش دەخوازن هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونیان لەبەرچاو بگیرێت و رێگە نەدرێت ئەو بارودۆخە بێ ئومێدیان بكات و ناخوازن لە خوێندن سارد ببنەوە، مامۆستایەكی زانكۆش پێیوایە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چوار ساڵی ڕابردوودا گەورەترین كێشەو گرفتی بۆ قوتابییان و حكومەت دروست كردووە، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ بابەتەكە هەیە.

«كۆنمرەكەم 73یە و ناوم لە هیچ زانكۆ و پەیمانگایەك نەهاتۆتەوە، لە كاتێكدا قوتابی هەیە، كۆنمرەی لە شەستەكانە و ناویشی گەڕاوەتەوە. ناعەدالەتییەكی زۆر كراوە و بازرگانی بە سیستەمی خوێندن دەكرێت، 70% بۆ دەرچووانی خولی یەكەم، لە بەرامبەریشدا 30% بۆ دەرچووانی خولی دووەم دانراوە، ئەگەر ئێمەی قوتابی بمانزانیبایە ئەو جیاوازییە گەورەیە لە نێوان وەرگیرانی خولی یەكەم و دووەم دەكرێت، ئەوا هەرگیز خۆمان بۆ خولی دووەم نەدەهێشتەوە.» ئەوە قسەی رێنوار فوئادی دەرچووی پۆلی 12 بوو. ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڵێت: «ئامانج لە نەگەڕانەوەی ناوەكانمان بازرگانییە و هۆكارەكەشی تەنیا ئەوەیە قوتابیان ناچار بكەن لە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان درێژە بە خوێندن بدەن، ئەوەش بە هەموو كەس ناكرێت. هیواخوازم هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونمان لەبەرچاو بگیرێت و رێگە نەدرێت ئەو بارودۆخە بێ ئومێدمان بكات و لە خوێندن ساردمان بكاتەوە.»
ئەوین ئیسماعیل، یەكێكە لەو سەدان قوتابییە دەرچووەی پۆلی 12ی ئامادەیی كە ناویان نەگەڕاتەوە، ئەویش لە بارەی خۆیەوە دەڵێت: «كۆنمرەم 71 بوو، ناوم لە هیچ زانكۆ و پەیمانگەیەك نەهاتۆتەوە، بەهۆی باری داراییش توانای ئەوەم نییە لە ئەهلی بخوێنم، 50 بەشم پڕكردووەتەوە ناوم لە هیچیان نەگەڕاوەتەوە.» گوتیشی: «باشترین چارەسەر هەڵوەشانەوەی سیستەمەكەیە و دووبارە پڕكردنەوەی زانكۆ لاینە بۆ هەردوو خولەكە و وەرگرتنیان وەكو ساڵانی رابردوو بێت.»
عومەر رۆستەمیش دەرچووی پۆلی 12 ی ئامادەییە و وەك خۆی باسیدەكات كۆنمرەكەی 83 بووە، كەچی ناوی لە ئەندازیاری كارەبا هاتۆتەوە. هاوكات دەڵێت: «هەیە هەمان نمرەی منی هەیە ناوی لە ئەندازیاری كیمیا هاتووەتەوە، داواكارم ئێمەی قوتابی لە بەردەوامیدان بە خوێندن نائومێد نەكەن، چونكە لەم دۆخەی ئێستادا توانای ماددیی من و زۆر قوتابیانی هاوشێوەی من لەو ئاستەدا نییە بتوانین لە زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكان درێژە بە خوێندن بدەین.»
پ.ی.د.نەریمان خۆشناو مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ساڵانە نەگەڕانەوەی ناوی ژمارەیەكی زۆری قوتابییان، دووبارە دەبێتەوە، بە جۆرێ ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەكان لە هەڵكشاندایە، بەتایبەت ئەمساڵ جگە لەوەی كە ناوێكی زۆر نەگەڕاوەتەوە، لە هەمان كاتیشدا هەڵەیەكی زۆر لە دابەشكردنی قوتابییان لە زانكۆ و پەیمانگەكان هەبووە، كە ئەمەش دەروونی قوتابییان و خانەوادەیان تووشی دڵەڕاوكێ و بێئومێدی كردوون، بۆیە دەتوانین بڵێین وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چوار ساڵی رابردوودا گەورەترین كێشە و گرفتی بۆ قوتابییان و حكومەت دروست كردووە، دەبوایە دەمێكە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران سنوورێك بۆ ئەم كارانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابنێ، لەوانە بێنرخكردنی زمانی كوردی بەهۆی بڕیارێكی وەزارەتەكەیان كە قوتابییان سەرپشك دەكات بە هەژماركردنی نمرەكانی، دەستپێنەكردنی كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا بە بیانووی توانستی ئینگلیزی، كە نمرەیەكی وا بەرزیان داناوە بۆ هەموو بەشەكان، رەنگە لە بەریتانیاش شتی وا نەبێ.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئامانج لە نەگەڕانەوە ژمارەیەكی زۆری ناوی قوتابییان، یان هاتنەوەی ناوی قوتابی بەهەڵە لە شوێنی نزم چییە؟ دكتۆر نەریمان گوتی: «ئامانجەكە روونە: یەكەم، ناچاركردنی قوتابییانە تاكو بچنە زانكۆ و پەیمانگەی ناحكوومی و تایبەت. دووەم، بێئومێدبوون لە داهاتووی قوتابییان و سێیەم نەهێشتنی ئینتیمای قوتابییان بۆ حكومەت و خاك و نیشتمانیانە.
ئەمانە وا دەكات كار لە قوتابییان بكات بە ناچاری بەشێكیان ئەوانەی بژێوی ژیانیان خراپە، هەوڵی چوونە دەرەوەی وڵات بدەن بە شێوەی قاچاخ و دووركەوتنەوە لە خاكی خۆیان، یان بەداخەوە هەندێكجار رووی داوە قوتابی هەوڵی لەناوبردنی خۆی داوە، ئەمەش تاوانێكە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لێی بەرپرسە.»
نێچیرڤان حوسێن، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەداخەوە ئەمساڵ لە ئەنجامی بێ پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پرسی وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایەتی زۆری قوتابیانی لێ دروست بووە. ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان هۆكاری كێشەكان بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێنینەوە:
* بڕیاری دابینكردنی ٧٠٪‏ـی كورسییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ دەرچووانی خولی یەكەم لە پۆلی ١٢ بە ٣٠٪‏ بۆ دەرچووانی خولی دووەم.
* بڕیاردان و راگەیاندنی بڕیارەكە لە كاتێكی ناشیاو و لە رۆژی ٣/٧/٢٠١٨ كە دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی ١٢ بوو، ئەوەش كاریگەری نەرێنی خستە سەر دەروونی هەموو ئەو قوتابییانەی بە هەر هۆكارێك بێت لە خولی یەكەم دەرنەچووبوون.
* ئاگادارنەكردنەوەی قوتابیانی پۆلی ١٢ بە فەرمی، كە ئەمەیان پێویستە لەلایەن دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و فێركردنەوە بێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا كە دوای بەكۆتاهاتنی تاقیكردنەوەكان و داخرانی دەرگای قوتابخانەكان بوو، كردەیەكی مەحاڵ بوو.
* فرەیی لە سیستەمەكانی وەرگرتن بە جۆرێك كە بەشی زۆری قوتابیان شارەزا نەبوون لە پڕكردنەوەی فۆرمەكان و هەڵەی زۆر لە پڕكردنەوەی فۆرمەكان روویان داوە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان و لە رێی نوێنەرانمان لە ٣٢ لق و نووسینگەی سەر بە یەكێتییەكەمان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هاوكاری قوتابییان نەبووباین لە پڕكردنەوەی فۆرمەكانیان، ئەو كات هەڵەی پڕكردنەوەی فۆرمەكان بە شێوەیەكی دراماتیكی ژمارەكەی زۆر بەرزتر دەبوویەوە. ئەگەرچی ئێمە راستەوخۆ و دوای دەرچوونی بڕیارەكە هۆشداریمان بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دا و پێشبینی ئەم كێشەیەمان دەكرد، بەڵام بەرپرسانی وەزارەت بەڵێنیان بە ئێمە دا كە دڵنیایی بە قوتابیانی كوردستان بدەین لەوەی بە هیچ شێوەیەك بڕیاری دابەشكاری ٧٠٪‏ بە ٣٠٪‏ جێبەجێ ناكرێت. بەڵام بەداخەوە لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامەكانی وەرگرتن بڕیارەكە جێبەجێ كرابوو، بۆیە ئێمە راستەوخۆ یاداشتێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كردو تیایدا هۆكاری كێشەكانمان دەستنیشان كرد و داوای پێداچوونەوەی خێرامان كرد بە كۆی سیستەمەكانی وەرگرتن، چەند رێگایەكی تری فشاریشمان بەكارهێنا، دواتر كۆمەڵێك بڕیار دەرچوون كە تا راددەیەك كەمێك لەو ستەمەی لە قوتابیان كرابوو هەڵدەگرت و تا ئێستاش ئێمە وەكو یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەردەوام و رۆژانە بەدواداچوون دەكەین سەبارەت بەو پرسە و تاوەكو دواقوتابی مافی وەردەگرێتەوە، هەموو رێگایەك دەگرینە بەر.» گوتیشی: «بێ بەرنامەیی، دیراسە نەكردن، و بێباكیی وەزیری خوێندنی باڵا و بەشێك لە بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، هۆكاری ئەم كێشە گەورەیە بوون، هاوشێوەی دەیان كێشەی گەورەی دیكە كە دەیان هەزار قوتابی لە كوردستان لە ئاستە جیاوازەكانی خوێندنی باڵا بە دەستیەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی لە خەم و ژانی رۆڵەكانی ئەم میللەتە تێ ناگەن، دوور بخرێنەوە لە بەرپرسیاریەتی و چارەنووسی نەوەكانی داهاتوو لە مەترسی بپارێزرێت.”
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی(عەباس ئەكرەم)، له وهڵامی کێشهکانی قوتابییاندا تایبهت بۆ گوڵان دهڵێت: «دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی وەرگرتنی دەرچووانی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، زیاتر لە 28300 قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان وەرگیران، واته لە كۆی 54000 داواكار، ژمارەیەكی بەرچاو لەو قوتابییانەی داواكارییان پێشكەش كردبوو، وەرگیراون. هاوكات ژمارەیەك لە قوتابیان لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن مانەوە، واتا ناویان لە هیچ شوێنێك نەگەڕاوهتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەوان لەكاتی پڕكردنەوەی فۆڕمەكانی وەرگرتن بە سیستەمەكانی زانكۆلاین، پاڕالێل، ئێواران داواكارییەكانیان نەناردبوو، كە ژمارەیان 860 قوتابی بوو، لە هەمان كاتیشدا بەشێكی دیكە لە قوتابیان كەوا داواكارییان پێشكەش كردبوو، بەڵام ئەو شوێنەی كە هەڵیانبژاردبوو، بەرزتر بوو لە نمرەكانی خۆیان، ناویان نەگەڕابووەوە، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ درچووان و بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان وەربگیرێن، دەرفەتی ئەوەی رەخساند كەوا پلانی وەرگرتن زیاد بكات، بە رێژەیەك كە 10%ی پلانی وەرگرتن بۆ بەشە ئەندازیارییەكان زیاد بكرێت، 20%ی بۆ بەشەكانی دیكە زیاد كرد، لە هەمان كاتیشدا ئەو كورسییە بەتاڵانەی كە ماونەوە، خرایە بەردەمی دەرچووان كە زیاتر لە 16 هەزار كورسی بوون، هاوكات ئەوانەی ناویان نەگەڕاوەتەوە، یان ئەوانەی ناڕازین لەو شوێنەی كە ناویان لێی گەڕاوهتەوە، دەرفەتی ئەوەیان پێ درا، كە سكاڵا تۆمار بكەن، لە ئەنجامدا 5300 دەرچوو سكاڵایان تۆمار كرد، دەركەوت هێشتا 11 هەزار كورسی بە بەتاڵی ماوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بۆ رەخساندنی هەلی وەرگرتنی قوتابیان، ئەوە بوو لە 25/10 تاوەكو 30/10 بۆ ماوەی شەش دهرفهتی دا بۆ ئهوهی سكاڵاكان تۆمار بكرێن، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە جیاوازیی نێوان خولی یەكەم و خولی دووەم بۆ وەرگرتن لە سێ نمرە تێپەڕ نەكات، بە دڵنیاییەوە ئەنجامەكان دڵخۆشكەر دەبن و هیچ قوتابییەكیش مافی نافەوتێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەنجامی گەڕانەوەی ناوی ئەو قوتابییانەش رادەگەیەندرێت، كە سكاڵایان پێشكەش كردووه.»
Top