رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە ئیرادەی پۆڵایینی دەوێت

رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە ئیرادەی پۆڵایینی دەوێت
“بە ورەی بەرز و پشتیوانیی خوا و عەشقی منداڵەكانم
تا ئێستا توانیومە بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ بم”


نەخۆشیی شێرپەنجە جگە لەوەی كە دەردێكی كوشندەیە و ئەوانەی تووشی دەبن، بە دەگمەن دەتوانن بە سەر ئەو نەخۆشییەدا زاڵ بن، هاوكات یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی تێكچوونی شیرازەی خێزانی ولە رووی داراییشەوە زۆر خێزانی موفلیس كردووە. تووشبووانی ئەو نەخۆشییە و ئەندامانی خێزانەكەی كێشەی جۆراوجۆریان تووش دەبێت، بەڵام هەندێكجاریش تووشبوو بە هاریكاری و یارمەتیدانی كەسوكاری و بە هێزی متمانە بەخۆكردن و بە هیوایەكی گەورە و ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە خۆی بۆ جەنگ لەگەڵ بكوژەكەی ئامادە دەكات و پاشەكشەشی پێدەكات. لێرەدا یەكێك لە تووشبووانی ئەو نەخۆشییە بەسەرهاتی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەخاتەڕوو.


شێرپەنجە شیرازەی خێزان دەشێوێنێت
دیمەن نادر، ئەو ئافرەتە تەمەن 42 ساڵەیە كە وەك خۆی باسیكرد، ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە دەجەنگێت.
دیمەن زیاتر لە 15 ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە و ئێستا لەگەڵ سێ منداڵەكەی دەژی. لەو ماوەیەدا چ وەك هاوسەرێك و چ وەك دایكێك رووبەڕووی كۆمەڵێك كەندو كۆسپی گەورە بووەتەوە و باسی ئەوەش دەكات كە گەورەترین نەهامەتییەكانی لەو كاتەوە دەستی پێكردووە، كە پزیشكێك لەوە ئاگاداری كردووەتەوە كە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە.
دیمەن پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە بە ورەی بەرز و پشتیوانیی خوا و عەشقی منداڵەكانی» تا ئێستا توانیویەتی لەگەڵ نەخۆشییەكەیدا دەست و پەنجە نەرم بكات. ئەو سەرەڕای گلەیی و گازەندەیەكی زۆر لە هاوسەرەكەی باسی ئەوەش دەكات كە رازی نییە لێی جیا ببێتەوە. سەبارەت بە ژیانی رابردووی خۆیشی دەگەڕێتەوە بۆ 18 ساڵ پێش ئێستا و بەم جۆرە باسی قۆناغەكانی ژیانی دەكات:
«لەگەڵ سۆرانی هاوسەرم 18 ساڵ پێش ئێستا بڕیاری هاوسەرگیریمان دا. ماڵی باوكی سۆران دراوسێمان بوون و پەیوەندیی نێوان خێزانی هەر دووكمان زۆر باش بوو، هەر ئەوەش وایكرد، ئێمە بۆ یەكتر بین. هەر دوای مارەبڕین لە سەر ئەوە رێككەوتین كە سەفەر بكەین بۆ ئەوروپا و كوردستان بە جێ بهێڵین، بەڵام كە یەكەم منداڵمان بوو، ئەوە دوای خستین، وتمان با هەندێك بەسەر پێ بكەوێت، ئەوە بوو هێشتا تەمەنی منداڵەكەمان سێ ساڵی پڕ نەكردبووەوە، كە ناوماڵ و زێڕ و سەیارە و ئەوەی هەمانبوو، كردمانە پارە و دوای رەزامەندی وەرگرتن لە دایك و باوكی هەر دووكمان بەرەوە توركیا بەڕی كەوتین. دواتر بە هەزار كێشە خۆمان گەیاندە ئەڵمانیا و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك لە كەمپدا ماینەوە. دواتر ئیقامەمان وەرگرت و هەردووكمان تێكەڵی بازاڕی كار بووین. خوای گەورە دوو منداڵی دیكەشی پێداین، ئەو منداڵانەی كە لە هەر وڵاتێكی ئەورووپی لەدایك دەبن، بە بێ كێشە هەموو ئیمتیازاتی هاووڵاتیبوونی بۆ رەچاو دەكرێت. ئیتر سێ منداڵی جوانمان لە ئاوارەیی و دەربەدەری گەورە كرد، ساڵانێكی زۆر تاڵی و سوێری ژیانم چەشت، بەڵام من و سۆران رێز و خۆشەویستیمان رۆژ لە دوای رۆژ بۆ یەكتر زیاتر دەبوو، گیرفانم لە هاوسەرم جیا نەبوو، شان بەشانی ئەو و بگرە زۆر جار زیاتریش لەو كارم دەكرد، ئەوەی لە داهاتی خۆمان كۆمان كردبووەوە، لە كوردستان خانوو و زەویمان پێ كڕی، هەمووشی بەناوی سۆران كران، چونكە ئەوم لە گیانی خۆم خۆشتر دەویست، هیچ بەلامەوە گرنگ نەبوو بە ناوی كاممان بێت. ئەویش زۆر رێزی دەگرتم و بۆ منداڵەكانیش باوكێكی نموونەیی بوو. بەڵام دوای ئەوەی دەركەوت تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم، زۆر گۆڕا. پێنج ساڵ پێش ئێستا لە پزیشكەكەمم بیست تووشی شێرپەنجە بووم، ئەو هەواڵە بۆ من هێدمەیەكی زۆر گەورە بوو، شەو و رۆژ دەگریام بۆ منداڵەكان، بۆ هاوسەرەكەم نەك بۆ ژیانی خۆم، بەڵام هاوسەر و كەسوكارەكەم لەلام بوون، دڵنەواییان دەكردم و چارەسەرەكەم بە جوانی دەڕۆیشت و بە قسەی پزیشكەكان قۆناغێكی سەختم تێپەڕاند، بەڵام سۆران تەنیا دووساڵ تەحەمولی كرد، دوای ئەوە مامەڵەی لەگەڵم گۆڕا، زوو زوو سەفەری كوردستانی دەكرد، زۆر شتی لێم دەشاردەوە، ئەو وای دانابوو من دوای دوو ساڵ دەمرم، بۆیە زوو زوو دەهاتەوە بۆ كوردستان، دواتر زانیم بە فیتی دایك و خوشكی هاوسەرگیری لەگەڵ كچە خاڵەكەی كردووە، ئەو كچە خاڵەی دەیان جار هاتۆتە ماڵەكەم و نمەكی دەستی كردووم، بەڕاستی ئەو دۆخە كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیشم دروست كرد، ئێستا زۆر بێزارم و تەنیا دڵخۆشیم منداڵەكانمە و لە پێناو ئەوان حەز بە مانەوە لە ژیان دەكەم و لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە وەك چۆن بێ باوك بوون، با بێ دایكیشان نەكات، بۆیە بە ورەی بەرز و پشتیوانیی خوا و عەشقی منداڵەكانم تا ئێستا توانیومە بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ بم.»
Top