هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەنەخۆشیی شێرپەنجە

هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەنەخۆشیی شێرپەنجە
شێرپەنجە نەخۆشییەكی درێژخایەنەو یەكێك لەو نەخۆشییانەیە كە مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی توشبوو دروست دەكات، هەر بۆیە بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە ناسینەوەی نیشانەكانی نەخۆشییەكە و زوو دەستنیشانكردنی، مانگی ئۆكتۆبەر لە سەرنسەری جیهاندا وەك مانگی هۆشیاركردنەوەی شێرپەنجە دیاری كراوە. بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لەهەڵكشاندایە و ئەمساڵ بەرێژەی ١٨،١ ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی شێرپەنجە بوون، ئەوەش رێژەیەكی زۆر بەرز و مەترسیدارە. پزیشكان ئاماژە بەوە دەكەن زۆرترین هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە درەنگ دەستنیشانكردنیەتی، هۆكاری ئەوەش بۆ ناهۆشیاریی تەندروستیی هاووڵاتیان دەگەڕێننەوە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زانیاری زیاترمان سەبارەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە پێ دەدەن.

نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووس ستیڤان شەمزینی لە نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس، قاوشی نەخۆشیی شێرپەنجە، بۆ ماوەی شەش ساڵە چارەسەر وەردەگرێت و لەگەڵ ئەو نەخۆشییەدا بە ورەیەكی بەرزەوە ململانێ دەكات. بۆیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە وەك هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ بەرەنگاریی نەخۆشی شێرپەنجە، بایەخێكی زۆری هەیە، بەو پێیەی هێشتا هۆشیاریی تەندروستیی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لە ئاستێكی نزمدایە، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە رۆژانە زانست هۆكاری نوێ و نەبینراوی دیكە دەدۆزێتەوە كە دەبنە فاكتۆری سەرهەڵدانی نەخۆشیی سەرەتان، بۆیە دەبێت بەپێی بەرنامەیەكی چڕ و پڕی هەمەلایەن هۆشیاریی و زانیاریی لە بارەی ئەم نەخۆشییە بخرێتەڕوو، چونكە من دەزانم هێشتا خەڵك لە كوردستان خۆیان لە ناوهێنانی سەرەتان دەبوێرن و بە «نەخۆشییە پیسەكە» ناودێری دەكەن، ئەم ترسە لە جێی خۆیدا نییە، چونكە هەموو نەخۆشییەك پیس و مەترسیدارە، ئەگەر بێت و چارەسەر نەكرێت. بۆیە پێویستە نەك لە رووی تەندروستییەوە، بەڵكو لە رووی دەروونی و كۆمەڵناسیشەوە لە بارەی شێرپەنجە بەناو خەڵكدا هۆشیاریی بڵاوبكرێتەوە.» گوتیشی: «ئەوەندەی من دیقەتم داوە، ئەو چارەسەرانەی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە كوردستان بەگشتی و نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بەتایبەتی بۆ تووشبوان دەكرێت، لە رووی كوالێتیی دەرمانەوە جیاوازییەكی زۆری نییە لەگەڵ ئەو چارەسەرییانەی بۆ ئەم نەخۆشییە لە ئەڵمانیا دەكرێت، بەڵام ئەوەی نادیدە گیراوە، نەبوونی سیكۆلۆگ و رێنمایی دەروونیی نەخۆشە، چونكە ئەمە فاكتێكی زانستییە و ئیرادە و بەهێزیی نەخۆش نیوە زیاتری پرۆسەی چارەسەرە، مرۆڤی ئێمە بە ترس و لەرزەوە پێی دەوترێت تووشی كانسەر بووە، چونكە لە رووی دەروونییەوە تۆقێنراوە، لە كاتێكدا من وەك خۆم لە رۆژی یەكەمەوە بە روونی پێموترا دوچاری شێرپەنجەی مۆخ و مێشك بوومەتەوە، تۆمۆڕێكی گەورەی سەرەتانی لەناو مێشكمدا هەیە. ئەمەوێت شتێك بە هاوچارەنووسانم بڵێم، من لە ساڵی 2012وە بەرەنگاریی ئەم نەخۆشییە دەبمەوە، لەو ماوەیەدا نیوەی كاتەكانی ژیانم لە نەخۆشخانە بردۆتەسەر، بەڵام من لە بری بیركردنەوە لە نەخۆشی و خۆ رادەستكردن بە قەدەری سەرەتان، بە كۆكردنەوەی نووسراوەكانم خۆم سەرقاڵ كرد، هەرواش بەردەوام بووم لە نووسینی زیاتر لە بواری ئەدەبی و كولتووریدا، هەر لەو ماوەیەدا كەڵكم لە كاتە بەتاڵەكانم وەرگرت و پێداچوونەوەم بۆ كتێبەكانم كردو كتێبی تریشم نووسی، لە 2012وە تا ئەمڕۆ كە ئۆكتۆبەری 2018یە، یازدە 11 كتێبم چاپكرد، ئێستاش كتێبێكی تری شیعرم لە توێی 300 لاپەڕەدا لەژێر چاپە و سەرەتای مانگی داهاتوو دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران. من بە ئەزموونی خۆم بۆم دەركەوت ئیرادەی مرۆڤ لە سەرەتان بەهێزترە، بۆیە گرنگترین شت لای من بەهێزكردنی ئیرادە و دەروونی نەخۆشە، ئینجا تێراپییەكان رۆڵ دەبێنێت.»
د. سۆزان هۆشیار پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و سەرۆكی سەنتەری چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات كە سەنتەری چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی مەمك سەنتەرێكی حكوومییە و ماوەی دووساڵە دامەزراوە، پێشتر بەشێك بوو لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان، هەفتانە پشكنین بۆ خانمان ئەنجامدەدرا، دوای ئەوەی بینرا نەخۆشێكی زۆر سەردانی نەخۆشخانەیان دەكرد، دەستكرا بە دروستكردنی بەشێكی تایبەت بەم نەخۆشییە هەر لە ناو نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان، ستافەكە بەهۆی كولتوور و نەریت لە چەندین پزیشكی پسپۆڕی ئافرەت پێكهاتووە، بۆ ئەوەی خانمان شەرم لە هاتنیان بۆ ئەو سەنتەرە نەكەن، تاوەكو نەخۆش بە ئیسراحەتی خۆی لەگەڵ پزیشكەكان نەخۆشییەكەی باس بكات، رۆژانە 40 بۆ 50 نەخۆش سەردانمان دەكەن، تەنیا لە مانگی رابردوو 1057 نەخۆش سەردانی سەنتەرەكەمانیان كردووە، هاوكات رۆژانە لە رێگەی سەنتەرەكانی دەرەوە، بنكە تەندروستییەكان، نەخۆشخانەكان و كلینیكە تایبەتەكان پەیوەندیمان پێوە دەكەن، جگە لە شاری هەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان، نەخۆش لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقیشەوە پەیوەندیمان پێوە دەكەن و سەردانمان دەكەن.» گوتیشی: «گرنگیی هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە كە ساڵانە بۆ ماوەی یەك مانگ لە مانگی ئۆكتۆبەر رادەگەیەندرێت، لەوەدایە كە خانمان مانگانە ئەو پشكنینە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی ئەگەر هەر گۆڕانكارییەك لە جەستەیان ببینن بە زووترین كات سەردانی پزیشك بكەن، چونكە سەلمێندراوە چەند زووتر نەخۆشیی شێرپەنجە دەستنیشان بكرێت لە قۆناغی سەرەتاییدا ئەوەندە چارەسەری خێراتر دەبێت، زۆرترین هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە درەنگ دەستنیشانكردنیەتی، ئەوەش بۆ ناهۆشیاریی تەندروستیی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە، ئەگەر خەڵك هۆشیار بێت، پێش چارەسەركردن، كار لەسەر خۆپاراستن دەكات، خۆشبەختانە لەماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی هۆشیاری لە نێو خەڵك، زۆربەی خانمان مانگانە بۆ پشكنین سەردانی سەنتەرەكانی پشكنینی مەمك دەكەن و داوای رێنمایی تەندروستی دەكەن، وەكو پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی داوا لە هەموو خانمان دەكەم، پشكنینی مانگانە بكەن، هاوكات خانمان دڵنیا دەكەمەوە بەوەی كە هەر نەخۆشییەك لە مەمك پەیدا بێت، مەرج نییە شێرپەنجە بێت، هەر ئافرەتێكیش تووشی شێرپەنجە بێت، ئەوە كۆتایی دنیا نییە، چونكە شێرپەنجە چارەسەری هەیە و گرنگترین خاڵ لە كاتی بوونی ئەو نەخۆشییە باری دەروونیی نەخۆشەكەیە، چەند ئەو كەسە ئیرادەی بەهێز بێت و بڕوای وابێت بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ دەبێت، ئەوەندە سەركەوتوو دەبێت لە وەرگرتنی چارەسەرییەكانی و ئەگەری رزگاربوونی زۆر دەبێت.»
دكتۆر سەمیر بەرزنجی پزیشكی نەشتەرگەری گشتییە و بەمجۆرە لە سەر نەخۆشییەكە زانیاری زیاترمان پێ دەدات:
«مانگی ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێك مانگی هۆشیاركردنەوەی تاكە لە شێرپەنجەی مەمك، بە درێژایی ئەو مانگە سەدان رێكخراو و كۆمەڵە لە سەرانسەری جیهان چالاكی و كەمپین و سیمینار و كۆنفرانس رێكدەخەن، تیشكدەخەنە سەر گرنگیی هۆشیاركردنەوەی خانمان دەربارەی شێرپەنجەی مەمك و ئەنجامدانی توێژینەوەی جۆراوجۆر، لە هەمان مانگدا كۆمەك و هاوكاری بەم رێكخراوانە دەبەخشرێت، كە كار لەسەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی دەكەن، بەداخەوە بە پێی ئامارەكان لە هەر هەشت ئافرەت یەكێكیان تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت، بۆیە ئێمەی پزیشكان بە پێویستی دەزانین تیشك بخەینە سەر ئەم بابەتە هەستیارە و دایكان و خوشكان ئاگادار بكەینەوە و بە رێگەكانی خۆپاراستن و دەستنیشانكردنی پێشوەختە ئاشنایان بكەین، تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاتر لە هۆكارێكی هەیە، هۆكاری جینات و بوونی شێرپەنجەی مەمك لەناو خێزاندا و هۆكاری هۆڕمۆنی و ژینگەیی، شێوازی ژیانكردن و خواردنەوە ماددە كحولییەكان و چەندان هۆكاری دی.
بە مەبەستی زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكانی مەمك بەتایبەتی شێرپەنجە و زوو چارەسەركردنی، پێویستە هەموو خانمێك زانیاری لەسەر هەبێت، كە بەم ریگایانە دەكرێت:
* پشكنینی خۆیی (خانمەكە خۆی پشكنین بۆ خۆی ئەنجام دەدات).
* پشكنینی كلینیكی (لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە ئەنجام دەدرێت).
* پشكنین بە تیشكی مامۆگرافی.
* پشكنین لە رێگەی لەرەی موگناتیسی.
* پشكنینی جینات.
ئامۆژگاریم بۆ خانمان ئەوەیە كە چەند خاڵێكی گرنگ هەیە نابێت فەرامۆش بكرێ، لەوانە:
* خانمان پێویستە ئەم پشكنینە بكەن بە رۆتین ئەوكات ئاسانتر و باشتر دەتوانن هەست بە گۆڕانكارییەكان بكەن.
* ئەگەر هەستت بە گرێ یان ئاوسانێك كرد، مەترسە چونكە زۆربەی گرێیەكان پاكن (زۆرجاریش ئافرەت هەر خۆی شێوەی مەمكی وایە و هەست دەكرێ گرێی هەیە.
* لە هەر گۆڕانكارییەك پزیشكەكەت ئاگادار بكەوە.
رێژەیەكی زۆر لە جۆری شێرپەنجەی مەمك هەیە كە توانای گۆڕان و بڵاوبوونەوەیان بە شانەكانی تری خانە هەمەچەشنە. تاوەكو ئێستا هۆكاری سەرەكیی شێرپەنجەی مەمەك بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام كۆمەڵە هۆكارێك دەستنیشان كراون كە ئەگەری تووشبوونەكە زیاد دەكەن.
نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك ئەمانە دەگرێتەوە:
بوونی گرێ لە مەمك یان لە بن باڵدا.
دەرچوونی خوێن لە گۆی مەمكەوە.
هەڵگەڕانەوەی گۆی مەمك.
ئازاری مەمك، یان گۆی مەمك.
گۆڕانی قەبارە، یان شێوەی مەمك یان گۆی مەمك.
ئاوسانی گرێ لیمفێكانی مل، یان بن باڵ. چارەسەری شێرپەنجەی مەمك پشت دەبەستێت بە جۆر و پلەی شێرپەنجەكە كە لە (1 بۆ 4) ستەیج پێكدێت، چارەسەرەكان نەشتەرگەری، تیشكلێدان radiation و چارەسەری كیمیایی دەگرێتەوە.»
گوڵاڵە پشدەری بەرپرسی رێكخراوی پەنا بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هەوڵدان و بەكارهێنانی وزەی من بۆ بابەتی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە لەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە لە ناو ژینگەی وڵاتانی رۆژهەڵاتیدا بەگشتی و لەناو كورداندا بەتایبەتی ئەو بابەتە دەشاردرێتەوە و قسەی لەسەر نەكراوە، بایەخێكی ئەوتۆی پێ نەدراوە.» گوتیشی: «ترس، شەرم، نەزانین ئەو سێ بابەتە دەبنە هۆی زۆر گرفت بۆ كەسی تووشبوو. لابردنی ئەو بەربەستانە زۆر ئەستەمە، بەڵام دەتوانین كاریگەریمان بۆ دابەزاندنی رێژەكەی هەبێت. (ترس) بە هۆی نەزانینی جۆری شێرپەنجە و راددەكەی، (شەرم) بە هۆی ئەوەی كە كەسی تووشبوو بەتایبەت ژنان بە كەمتر سەیر دەكرێن، بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك، یان منداڵدان.» سەبارەت بە ژیانی خۆیشی وەك تووشبوویەك بە نەخۆشی شێرپەنجە گوتی: «كاتێك نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك لەلایەن پزیشكەكەم دەستنیشان كرا، نەك تەنیا لەگەڵ خۆم راستگۆ بووم، بەڵكو لەگەڵ دنیا بە راستگۆیی هاتمە پێشەوە و بە ئاشكرا و راشكاوانە رامگەیاند و تووشبوونم بە شێرپەنجە بڵاوكردەوە، چونكە بەو شێوەیە رێگەم بۆ پرسیاری هەزاران كەس خۆش و ئەمین كرد، كە بوێر بن و نزیك ببنەوە، توانیومە بە ئەزموونی خۆم بارێك لە گومان و دڵەڕاوكێی زۆر كەس هەڵبگرم و رێنماییان بكەم. زۆر كەسی تووشبوو هەن كە لە كاتی بیستنی تووشبوونیان بە نەخۆشیی شێرپەنجە تووشی شۆك دەبن و نایانەوێ گوێیان لە هیچ بێت، چونكە پەیامەكە سەختە وەرگرتنی و هەزمكردنی زەحمەتە تا قۆناغێكی دواتر و كاتیش خۆی دەرمانێكە بۆ بەشێك لە چارەسەری. چەندین ساڵە بەڵێنم بە خۆم، خوا و خەڵك داوە كە خزمەتكارێكی خۆبەخشی خوا بۆ خەڵك بم، چونكە خۆم تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەم و وەكو هاوچارەنووسێك زووتر و زیاتر لە نەخۆشانی شێرپەنجە تێدەگەم و دەتوانم لە هەستەكانیان نزیك بم و رێنمایی زانستییان بكەم. هەستی هاوسۆزی و هاوخەمی لە كاراكتەری مندا زۆرە، ئەوەش لە كارەكانمدا بۆتە مایەی بەردەوامیم». گوتیشی: ئەو چالاكەی بواری بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە پێداگری لە سەر ئەوە دەكات كە «نەك هەر لە مانگی ئۆكتۆبەر، بەڵكو لە هەر دوانزە مانگەكەی ساڵ دەبێت بە چڕی بۆ گەیاندنی زانیاری پێویست و بەهۆش و بەئاگاهێنانەوەی خەڵك لە رێگەكانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە و خۆپاراستن لەو نەخۆشییە كاری جددی بكرێت.» هەروەها پێشنیار دەكات: «بودجەی زیاتر بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان بكرێت و حكومەت بەرنامەی پێویستی بۆ دابڕێژێت و نەخۆشخانەكانی كەرتی حكوومی زیاتر بە نەخۆشیی شێرپەنجە ئاشنا بكەن و كەسانی شارەزا لەوبارەوە رابهێنن و دایانبمەزرێنن. واتە هەم پزیشك و هەمیش پەرستیاری تایبەتی هەبێت. هەروەها گرینگە كەسانێك كە رۆحی خۆبەخشانەیان هەیە و رێكخراوی ناحكوومییان هەیە و دەیانەوێت لەو بارەیەوە كار بكەن، هاوكاری بكرێن، وەكو سەنتەری پەنا بۆ پشتیوانی لە تووشبوان بە شێرپەنجە لە كوردستان، كە بتوانن خزمەتی نەخۆشەكان بكەن. پێویستە ئەزموون لە وڵاتانی دراوسێ وەربگرن و قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ پێشكەوتنەكانی جیهاندا بڕۆن. چاپەمەنی لەو بارەوە زیاتر هان بدرێت و زانیارییەكان بڵاو بكرێنەوە. لە میدیاكاندا زیاتر باس بكرێت و هەڵەكانی كەرتی تایبەتی واتە پڕیڤات چاودێری بكرێن و بیانخەنە سەر شاشەی تیڤییەكان و بەو شیوەیە دەتواندرێت چاكسازی بكرێت و هیوا هەبێت بۆ سیستمێكی تا راددەیەك بەكەڵك بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمك لە كوردستان.» ئەوەشی خستەڕوو كە هۆڵەندا ١٧ ملیۆن دانیشتووی هەیە و ساڵانە نزیكەی ١٧،٥٠٠ كەس تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، كە یەك لەسەر هەشتی لە ژناندایە و رێژەی مردنیش ٣.١٣٢ كەس لە ساڵێكدا بووە. بەڵام بەگشتی شێوەی چارەسەری لە٦٠ ساڵی رابردوودا یەكجار زۆر باشتر بووە واتە لە رێژەی ٥٢٪ لە ساڵی ١٩٥٥ هاتۆتە سەر ٨٨٪ لە ساڵی ٢٠١٥دا بۆ چانسی ژیان لە پێنج ساڵ زیاتر.
Top