بەشوودانی كچانی تەمەن ژێر 18 ساڵ داهاتوویان تووشی مەترسیی جۆراوجۆر دەكات

بەشوودانی كچانی تەمەن ژێر 18 ساڵ داهاتوویان تووشی مەترسیی جۆراوجۆر دەكات
ساڵانە 23 ملیۆن كچی ژێر تەمەنی 15 ساڵ
لە جیهاندا بە مێرد دەدرێن

رێكخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی بەشوودانی كچانی ژێر تەمەنی 15 ساڵ هۆشداری داوەتەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داوای كۆتاییهێنان بەو دیاردەیە دەكات. هاوكات ئاشكرای دەكات كە ساڵانە لە جیهاندا 23 ملیۆن كچی ژێر تەمەن 15 ساڵ بەمێرد دەدرێن. تا ئێستا هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی (18 ساڵ) لە 50 وڵاتدا شتێكی ئاسایی و رێپێدراوە، بەڵام بەپێی ئامارەكان و بەهۆی ئەو دیارەدەیە، ساڵانە نزیكەی 50 هەزار ژنی دووگیان لە تەمەنی 15 تا 19 ساڵی لە ئاستی جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی خۆیان بۆ ئەم دیاردە مەترسیدارە دەخەنەڕوو.

رێكخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی بەشوودانی كچانی ژێر تەمەن 15 ساڵ هۆشداری داوەتەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داوای كۆتاییهێنان بەو دیاردەیە دەكات. هاوكات ئاشكرای دەكات كە لە جیهاندا ساڵانە 23 ملیۆن كچی ژێر تەمەنی 15 ساڵ بە مێرد دەدرێن. لە بەیاننامەكەی یونسێف (سندووقی منداڵانی نەتەوە یەكگرتووەكان)دا هاتووە: لە ئاستی جیهاندا یەك لەسەر سێی ژنانی تەمەن 20 تاكو 24 ساڵان كە لە ئێستا دەكاتە 70 ملیۆن ژن، لە تەمەنی ژێر 15 ساڵییەوە ناچاركراون هاوسەرگیری بكەن. سەرەڕای پێشنیاری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ وڵاتان لەساڵی 1994 بۆ سەرخستنی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵ، هێشتا زیاتر لە 50 وڵاتدا هاوسەرگیری منداڵانی ژێر 18 ساڵ یاساییە، كەچی بەهۆی ئەو دیاردەیە، ساڵانە نزیكەی 50 هەزار ژنی دووگیان لە تەمەنی 15 تا 19 ساڵی لەئاستی جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە: كە لەنێو (25) وڵاتی تازە گەشەكردوودا زیاتر لە سێ بەشی كچان پێش تەمەنی (18) ساڵی هاوسەرگیری دەكەن و رێژەی سەدا (20)یشیان پێش ئەو تەمەنە دەبنە دایك، كە ئەوەش حاڵەتەكانی مردنی منداڵان و دایكانی لەو وڵاتانە زیاتر كردووە. پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ، هاوسەرگیری لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ قەدەغە دەكەن و بەپێی یاسای زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو بەشوودانی پێشوەختی كچان دەچێتە خانەی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆسەر منداڵی كچ. كەچی لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی بە كوردستانیشەوە هاوسەرگیریی پێشوەخت وەك دیاردەیەك بوونی هەیە. لە ئاستی جیهانیشیدا ساڵانە (١٤) ملیۆن ئافرەت لە تەمەنی (١٤ تا ١٩) ساڵ دەبن بە دایك و دایكانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵیش زیاترین قوربانییەكانی ئەو دیاردەیەن كە لەكاتی منداڵبووندا گیان لەدەست دەدەن. سەرەڕای ئەوەش زۆربەی ئەو هاوسەرگیرییانە جیابوونەوەی هاوسەران و زۆر كێشەوگرفتی دیكەی كۆمەڵایەتی لێكەوتووەتەوە.
مافناس و یاریدەری دادوەری شۆڕش حەسەن، لە رووی یاساییەوە پرسەكە تاوتوێ دەكات و سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە بە پێی یاسای ژمارەی ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی بە پشت بەستن بە ماددەی ٧ بڕگەی یەكەم، یەكێك لە مەرجەكانی هاوسەرگیری ئەوەیە كە دەبێت ئەهلییەتی هاوسەرگیری لە ژن و پیاودا هەبێت، واتە تەمەنی ١٨ ساڵی تەواوبێت، بەڵام لە ماددەی ٨ دا هاتووە، دادوەر بۆی هەیە ئەگەر كەسێك ١٥ ساڵی تەواو كردبوو بە رەزامەندی وەلی ئەمری دوای ئەوەی بۆ دادوەر دەردەكەوێت كە كەسەكە لێوەشاوەیی جەستەیی و عەقڵی هەیە بۆ هاوسەگیری، دەتوانی بە رەزامەندی وەلی ئەمری مارەی ببڕێت و رێگەی هاوسەرگیری پێ بدات، بەتایبەتی ئەگەر ئەو هاوسەرگیرییە زەروورەتێكی هەبوو، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دوای دەرچوونی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ كاركردن بە حوكمی ئەو ماددەیە راگیراوە و بەم شێوازەی لێهاتووە: هەر كەسێك ١٦ ساڵ تەمەنی تەواو كرد وداوای هاوسەرگیری كرد، دادوەر بۆی هەیە رێگەی پی بدات، ئەگەر دەركەوت شایستە و توانای جەستەی هەیە ئەمەش دوای رەزامەندی سەرپەرشتیار (وەلی ئەمر). لە لایەكی دیكەوە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ و لە مادەی ٣٢٩ بڕگەی ١و٢ هاتووە: هەر كەسێك هەڵسێت بە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەری بۆ كچێكی (قاصر) لە دەرەوەی دادگا، ئەوە سزا دەدریت بە زیندانیكردن، یان غەرامەكردن.
توێژەری دەروونی پاوان كۆیی، سەبارت بە هەمان پرس رایوایە: «هاوسەرگیری پرۆسەیەكە لەنێوان دوو رەگەز كە دەبێت بەویست و خواستی خۆیان بێت، هاوكات دەبێت لە رووی تەمەنەوە لە١٨ ساڵ كەمتر نەبێ و هەروەها لە رووی جەستەیی وعەقڵی و بایۆلۆژییەوە گونجاو بێ، بەڵام هاوسەرگیری كچان لەتەمەنی بچووكدا لەو چەند ساڵانە بووەتە چاولێكەری، كە بێگومان هاوسەرگیری لە تەمەنی نایاسایی ئەنجامێكی زۆر نەرێنی دەبێت، بەتایبەتی بۆ كچان، چونكە كچ لە تەمەنی بچووكدا لە رووی جەستەیی و عەقڵی و بایەلۆژی بەتەواوی پێنەگەیشتووە و ئاستی هۆشیاری زۆر كەمە لە سەر پرۆسەی هاوسەرگیری و توانای بڕیاردانی نییە و بە عەقڵ بیر ناكاتەوە، بۆیە دەبێ دایك و باوك زۆر ئاگاداری كچەكانیان بن، چونكە تەمەنی زۆر هەستیارە خوار ١٨ ساڵ و زۆربەی ئەو كچانە لە خوێندنگە كە هاوڕێیەكیان شوو دەكا، ئەوانی دیكەش چاوی لێدەكەن، لەو تەمەنەش ئەزموونیان زۆر كەمە و كێشەیان بۆ دروست دەكات، چونكە خۆیان لەو تەمەنە پێویستیان بە رێنماییكردنە، قۆناغێكە لە رووی جەستەیی و عەقڵی بە تەواوی پێنەگەیشتوون و لە رووی تەندروستیشەوە كاریگەری زۆر خراپی هەیە، چونكە لەو تەمەنە لە رووی جەستەیی و بایەلۆژی كامڵ نییە و پێنەگەیشتووە و ئامادە نییە ببێ بە دایك.» گوتیشی: «هەندی جار بەهۆی باری خراپی ئابووری دایك و باوكان كچەكانیان بە بێ ویستی خۆیان بە شوو دەدەن، بیر لەوە ناكەنەوە كە هۆی سەرەكیی كێشە و توندوتیژیی ناو خێزان، هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختەیە، بۆیە رێژەی تەڵاقیش لەو قۆناغەی تەمەن زۆرە. بۆیە پێویستە لەسەر دایك و باوك كە تەنیا لە رووی جەستەیی سەیری كچەكەیان نەكەن، دەبێ بزانن كە لە رووی عەقڵی و بایەلۆژییەوە كچ لەژێر تەمەنی یاسایی بۆ ژیانی هاوسەرێتی ئامادە نییە.»
ئەو توێژەرە دەروونییە بە پێویستی دەزانێت، دایك و باوكان جگە لە رەچاوكردنی تەمەنی یاسایی بۆ شووكردنی كچیان، ئەم خاڵانەش لەبەر چاو بگرن:
١- ئایا توانای چارەسەری كێشەی هەیە كە لە نێوان خۆی و هاوسەرەكەی رووبدات؟ ٢- ئەو كەسەی شووی پێ دەكات، بە باشی دەیناسێت و رەفتار و بیركردنەوەی لەگەڵ كچەكە دەگونجێت؟
3- زانیاریی تەواوتان لە سەر باری ئابووریی و داهاتی كوڕەكە هەیە؟
4- لە رووی عەقڵی و دەرونییەوە كچ و كوڕەكە بۆ هاوسەرگیری گونجاون؟
5- كچەكە توانای بڕیاردانی هەیە و دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات؟
٦-ریزگرتن و پاریزگاری كردن پەیوەستیان بەو (عقد زواج) كە لەنێوانیاندایە.
عارف روشدی راوێژكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، بەمجۆرە خوێندنەوەی خۆی بۆ پرسەكە دەخاتەڕوو: «كێشەی ئافرەت بەگشتی پەیوەندیدارە بە ئاستی پێشكەوتنی كومەڵگە لە رووی (كومەڵایەتی و ئابوورییەوە)، هەروەها لە ئاستی پێگەیشتن و هوشیاری و زانینەوە، هەر كاتێك كومەڵگە گەیشتە ئاستێكی گونجاو لەو بوارانەدا دەكرێت كێشەی ئافرەت و نایەكسانیی رەگەزی بەرەو كوتایی هەنگاو بنێت. ئەو گرفتە واتە هاوسەرگیریی پێشوەخت، تەنیا بە بڕیار و دەركردنی یاسا چارەسەرناكرێت، پێویستە شان بە شانی بڕیار و یاساكان خێزان و تاكەكانی كومەڵگە لە پرسی هاوبەشی و یەكسانی و مافەكانی مروڤدا بە تەواوی هوشیار بكرێنەوە. پێموایە ئەگەر توانای ئەوەمان هەبێت، رێژەی بێكاری بە شێوەیەكی گشتی كەم دەكەینەوە و زیاتر رەگەزی (مێ) تێكەڵ بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و كار دەكرێت، بەوەش دەرگایەكی چالاك دەكرێتەوە بۆ گەشەكردنی باری ئابووری، كە هاوشان دەبێت لەگەڵ كرنەوەی كومەڵایەتی و پێشكەوتنی خوشگوزەرانی، لە مەشدا رێژەی توندوتیژی و هەڵسوكەوتی ناجۆری كومەڵایەتی بەرەو ئاوابوون دەچێت. لە هەمان كاتدا پێویستە حكومەت و رێكخراوە ناحكوومییەكان بەردەوام پەرە بە وۆركشوپ و راهێنانی گەنجان بدەن. هەروەها گرنگە پیاوانی ئایینی ئەوانەی هەڵگری هزری تەندروستی ئایینین، رۆڵیان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی دایك و باوكاندا و ئاراستەكردنیان بەرەو رێزگرتن لە وەچەی خۆیان و بایەخی زیاتر بە پێوەرەكانی دروستكردنی ژیانی هاوبەش بۆ منداڵیان بدەن و بە شێوەی لە یەكتر گەیشتن ئیدارە بدرێن.»
نووسەر و رۆشنبیر ئازا حەسیب قەرەداخی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كە خێڵ و قەبیلە عەرەبەكان بەناوی فتوحاتی ئیسلامییەوە هێرشی وێرانكارییان بۆ سەر خاكی گەلانی دیكە دەست پێكرد و پاش كوشتاری بێشومار چەندین ناوچەیان داگیركرد. لەگەڵ خۆیان خراپترین دابونەریت و كولتووری بەداوەتیان هێنا و سەپاندیانن بەسەر ئەو نەتەوانەدا كە كەوتنە ژێر دەستیان. نەتەوەی كوردیش یەكێكە لەو نەتەوانە و كەوتە ژێر كاریگەری كولتووری عەرەبی داگیركارەوە و تا هەنووكەش بەشێك لەو دابونەریتانەی نەتەوەی زاڵ پەیڕەو دەكات. بەتایبەتی ئەوانەیان كە تایبەتن بە ئافرەتەوە. خۆ ئەگەر خۆڕاگری و مانەوەی رەگ و ریشەی دابونەریتە رەسەنەكانی كوردەواری و پیاوانی ئایینی منەوەری كورد نەبوونایە، ئەوا لەناو كوردەواریشدا ئەو كولتوور و دابونەریتە بەدەوییانەی عەرەب دەبوونە دیاردەی كۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانی كۆمەڵایەتی. بەڵام لەبەرئەوەی ئەو كولتوورە هەر لە بناغەوە ناڕەسەن و نامۆ بووە بە كوردەواری، بۆیە دەركەوتەكانی هەر وەكوو حاڵەتی كۆمەڵایەتی ماونەتەوە و نەبوونەتە دیاردە. وەنەبێ ئەمەش هەر جێی شوكرانە بێ، نەخێر هەمیشە توێژی منەوەران و رۆشنبیران و پیاوچاكان شەڕی چارەنووسسازیان بەرامبەریان بەرپاكردووە و ئەوەندەی قۆناغی پێشكەوتنی كۆمەڵگە دەرفەتی رەخساندووە، سنوورداریان كردوون و نەیانهێشتووە ببنە دیاردە. جێی داخە لەدوای راپەڕین و سەرهەڵدانەوەی ئەو كولتوورانە لە بەرگی ئیسلامی سیاسیدا، جارێكی تر دەروازەیان بۆ چوونەوە ناو كۆمەڵگە دۆزییەوە و دەستیان خستەوە ناو كاروباری كۆمەڵایەتی و شێوازی ژیان و جۆری پەیوەندییەكان، بە تایبەتیش لە نێوانی نێر و مێدا و پێوەرەكانی نایەكسانی و پاشكۆیی ژن بۆ پیاو و چەندینی دیكەیان زیندوو كردەوە. لەوانە پەیڕەوكردنی توندوتیژی بەرامبەر كچان و دوورخستنەوەیان لە خوێندن و سنوورداركردنی مافی كاركردن و دەستكەوتنی خزمەتگوزارییە ژیارییەكان تا دەگاتە خەتەنەكردن و بەشوودانیان لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵیدا. ئەركی حكومەتی هەرێمە كە لە رووی سیستم و رێسا نێودەوڵەتییەكانەوە خۆی بە بەشێك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بزانێ و پابەند بێ بە رێكارە جیهانییەكانەوە. لەمبارەیەوە مەبەست لە رۆژی جیهانیی كچانە و بە توندی بەرپەرچی ئەو حاڵەتانە بداتەوە كە دەچنە خانەی پێشێلكاریی بەرامبەر كچان. پیاوانی ئایینی منەوەر و رۆشنبیران و مێدیا و زانكۆ و قوتابخانەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش كاراتر و شێلگیرانەتر كار بۆ هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو ناوەندە سیاسی و مێدیایی و كۆمەڵایەتییانە بكەن، كە بازاڕی ئەو كولتوورە نامۆ و دژی ئینسانییەتی ئینسان بە گشتی و كچان بەتایبەتی گەرم دەكەن و بەرگی ئایینییان بە بەردا دەكەن.
Top