کۆنگرەی ھەشتەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە سەرکەوتووی کۆتایی ھات .... د. ڤیان سلێمان:

کۆنگرەی ھەشتەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان  بە سەرکەوتووی کۆتایی ھات     ....    د. ڤیان سلێمان:
رێبەرایەتیی پێشەوامان ھێژا سەرۆک بارزانی و ئارامی و ئاوەدانیی ئەمڕۆ گرەنتیی ئایندەیە

گوڵان - کۆمەڵایەتی
بە ئامادەبوونی سەرۆک مسعود بارزانی، کۆنگرەی ھەشتەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ژێر دروشمی (کۆنگرەی نیشتمان)دا بە سەرکەوتوویی و لە کەشێکی ئازادو دیموکراسیدا بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا.


مێژووی دامەزرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەگەڕێتە بۆ بڕیارێکی بارزانیی نەمر کە بڕوای تەواوی بە بەشداریی ئافرەتان لە گشت جومگەکانی کۆمەڵگەدا بووە و ئەم رێکخراوەیە لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا رۆڵی بەرچاوی لە خەبات و لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردی و کۆمەڵایەتی و دەستکەوتەکانی شۆڕشدا بینیوە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزراوە و لە ماوەی تەمەنیدا ھەشت کۆنگرەی بەستووە، یەکەم کۆنگرەی لە ساڵی ١٩٦٣ بەشێوەیەکی نھێنی ئەنجامدراوە، بەھییە مەعروف کراوەتە سکرتێری ئافرەتان و ناوی یەکێتییەکە لە یەکێتی ئافرەتانی دیموکراتی کوردستان، گۆڕدراوە بە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.
دوایین کۆنگرەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ٤ـی نیسانی ٢٠١٠ لە ھەولێر و بە ئامادەبوونی ٢٠٨ ئەندام و لە ژێر دروشمی "بەرەو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و ئایندەیەکی پڕشنگدار" بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەکەدا د. ڤیان سلێمان بە سکرتێری ئەم رێکخراوە ھەڵبژێردرا.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەم یەکێتییە، ھەر سێ ساڵ جارێک دەبێت کۆنگرە ببەسترێت، بەڵام بەھۆی خراپیی بارودۆخی سیاسیی کوردستان کۆنگرەکە لەکاتی خۆیدا نەبەسترا.
لە رۆژانی ٣ و ٤ی ئەیلوولی ئەمساڵدا بە ئامادەبوونی سەرۆک مسعود بارزانی، کۆنگرەی ھەشتەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ژێر دروشمی (کۆنگرەی نیشتمان)دا بە سەرکەوتوویی و لە کەشێکی ئازادو دیموکراسیدا بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا و ستافێکی دی بۆ پۆستی سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت ھەڵبژێردران. ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:
د.ڤیان سلێمان بە سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەرچوو، ئەم خانمانەش وەکو ئەندامانی سکرتاریەت دەرچوون:
١.نارین عەبدولقادر ساڵح
٢.زیبا تەھا
٣. ناسک سەعید
٤.زھێلە یوسف محەمەد
٥.دلڤین خەلەف
٦.پەیمان تەھا
ئەوخانمانەش وەک ئەندامی یەدەک دەرچوون:
١. شەیما مستەفا
٢. ئەیھان عەبدولئەمیر
٣. دڵخواز عەجیل
ھەرلەوبارەیەوە د. ڤیان سلێمان سکرتێری دووبارە ھەڵبژێردراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، تایبەت بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: سەربەرزین کە کاریزمای گەلەکەمان پشتیوانمانەو لە سایەی ڕێبەرایەتی بەڕێزیان، ئێمەی ئافرەتان و ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، داوای مافەکانمان دەکەین و ھەر ئەو رێبەرایەتیەش ئارامی و ئاوەدانیی ئەمڕۆ و گرەنتیی ئایندەیە بۆ ھەموومان." گوتیشی: "لە رۆژانی ٣ و ٤ ی ئەیلوولی ٢٠١٨، لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ڕابەر و پێشەوامان ھێژا سەرۆک بارزانی، کۆنگرەی ھەشتەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە ئامانجی ھەڵسەنگاندنی کارو چالاکی و نوێبونەوەو پێشنیارکردنی دید و چوارچێوە بۆ ساڵانی داھاتوو بە بەشداری (١٦٦) ئەندام، کە نوێنەرایەتیی سەرجەم رێکخستنەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان-یان لە کوردستان و لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکرد، ساز درا. لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە کۆتایی کارەکانی راگەیاندو لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرە پێکھێنرا، یەکەم کاری لیژنەکەش دەستنیشانکردنی چوار لیژنەی تایبەت بوو بۆ ھەریەکە لە (پرۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ، ڕاپۆرتی گشتی و راسپاردەو سکاڵا)، دواتر راپۆرتی گشتی خوێندرایەوەو لیژنە تایبەتمەندەکان دەستیان بە کارەکانیان کرد.
سەر لە بەیانی رۆژی دووەمی کۆنگرە ٤/٩/٢٠١٨، تێبینی و سەرنجی ھەر چوار لیژنەی پێکھاتوو خوێندرانەوەو گەنگەشەکران، دواتر پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە پەسەند کرا، پاشان بە سەرپەرشتیی دادوەر لە پرۆسەیەکی ئازاد و کەشێکی دیموکراسیدا سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت کە نوێنەرایەتی ھەموو ناوچە جوگرافییەکانی کوردستان دەکەن، ھەڵبژێردران، کۆنگرە بە سەرکەوتوویی و بە کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی گرنگ بۆ نەخشە ڕێگای کاری ساڵانی داھاتوو، ھەروەھا ناردنی سڵاو بۆ گیانی شەھیدانی پرسی ئافرەت و یەکێتی ئافرەتان و سەرجەم شەھیدانی کوردستان و سەروەری شەھیدان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لە یاد کۆتایی بە کارەکانی ھێنا.
Top