لەساڵوەگەڕی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.. رۆڵی ئافرەتان لە دروستكردنی مێژوو، پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێگەیاندنی رۆڵەی قارەماندا بەرز دەنرخێندرێ

لەساڵوەگەڕی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.. رۆڵی ئافرەتان لە دروستكردنی مێژوو، پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێگەیاندنی رۆڵەی قارەماندا بەرز دەنرخێندرێ
رۆژی 11ی ئەیلوولی 1961 ئەو ساتەوەختەیە كە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر چەخماخەی شۆڕشێك هەڵگیرسا، كە سەرەڕای ئەوەی پێناسەیەكی نوێی بۆ هزری نەتەوەیی و مافەكانی گەلی كورد خستەڕوو، هاوكات جوگرافیای كوردستانی وەك نیشتمانی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكان بەرجەستەكرد. بێگومان ئافرەتانی كوردستان بڵێسەی ئاگری شۆڕش بەرخۆدان و هەوێنی سەركەوتنەكانی هەموو شۆڕشەكان و خەباتی رزگاریخوازیی كورد بوون، بەتایبەتی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە كوردی لە توانەوە پاراست و بڕوایەكی نوێی پێ بەخشییەوە، رۆڵی بەرچاو و كاریگەریان بینیوە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر ئەو رۆڵە درەوشاوەیەی ئافرەتی كورد لەو شۆڕشە مەزنەدا تاوتوێ دەكەن.

«لە ساڵی 1961 تاوەكو راپەڕین، واتا لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان شان بە شانی هاوسەرەكەم لە شاخ و لە ئاوارەییدا خزمەتی پێشمەرگەم كردووە. ئێمە لە كاتی سەرهەڵدانی شۆڕش لەگەڵ ماڵی مەلا مستەفا بارزانی چووینە چیای شیرین، جارێكی دی هاتینەوەو چووینە مێرگەسوور و دواتر دیسان چووینەوە شاخ، هیشتا شۆڕش تێكنەچووبوو، چووینە ئێران، ئەوكات چوار منداڵم هەبوو، لە بن خەیمە لە شنۆ ماینەوە، دواتر گەڕاینەوە عێراق و پاش دوو مانگی شۆڕش ئاڵۆز بوو، جارێكی دی ئاوارەی ئێران بووینەوە، هەتا ساڵی 1991 لە ئێران ماینەوە، ناخۆشی و نەهامەتی زۆرمان بینی، بەڵام هەمیشە دڵمان بەوە خۆش بوو كە بەرهەمی ماندووبوون و دەربەدەریمان سەروەریی و سەربەخۆیی كوردستان دەبێت.»
ئەوە قسەی زەهرا فەتحوڵا بارزانی بوو. ئەو دایكە نیشتمانپەروەرە كە تەمەنی لە 65 ساڵ تێپەڕیوە، بە سەرفرازییەكی زۆرەوە باسی رۆژانی نەهات و نەهامەتییەكانی رابردوو دەكات و دەڵێت: «هەتا لە شاخ بووین، لە ئەشكەوت دەژیاین، ئێمەی ئافرەتان هاریكاری باوك و براو هاوسەر بووین، هەمیشە خزمەتی پێشمەرگەمان كردووە، خواردنمان بۆ پێشمەرگە كردووەو جلكمان بۆ شووشتوون، هەتا لە ئاوارەیی و غەریبیش بووین، ژیانی زۆر ناخۆشمان بەڕێ كردووە، رۆژانی سەختمان زۆر بینیوە. لە كاتی راپەڕین كە لە ئێران گەڕاینەوە، نەخۆشخانەی ئاكرێ جێگەی پێشمەرگەی برینداری نەمابوو، لە ماڵەكەی خۆماندا پیشمەرگە بریندارەكان چارەسەر دەكران، تاوەكو چاك دەبوونەوە، ئێستاش سەربەرزین بەو رابردووەو شانازی پێوە دەكەین.»
د. چنار سەعد، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایوایە: «رۆڵی ئافرەت لە خەبات و شۆڕشی رزگاریخوازیی گەلی كوردستاندا، نەك هەر لە رۆڵی پیاوان كەمتر نەبووە، بەڵكو بەشێكی زۆری بارگرانیی شۆڕشەكان كەوتۆتە ئەستۆی ئافرەتانی كوردستان. لەبەر ئەوەی زۆر لەو پیاوە ئازا و خەباتكارو شۆڕشگێڕانەی كاتێك دەبوون بە پێشمەرگە و چەكی خەباتیان دەكردە شان و دەچوونە شاخ، ژن و منداڵەكانیان دەسپاردە دەستی چارەنووسێكی نادیار. بۆیە ئەركی قورسی پەروەردەكردنی منداڵ و تەنانەت لە زۆربەی كاتدا دابینكردنی ژیانی ئەو خێزانانەش هەر لە ئەستۆی ئافرەتەكان دەمایەوە.» هاوكات دەڵێت: «بە هۆی ئەوەی شۆڕش سەرچاوەی دارایی پێویست و جێگری نەبوو، بۆیە ئافرەتان بە كاركردنیان هاوكاری دارایی شۆڕشیشیان دەكرد. ئەمە وێڕای رۆڵی راستەوخۆی ئافرەتی كوردستان لە كاروباری رێكخستنەكانی نهێنی و كاری نێو رێكخراوە جەماوەرییەكان و پاڵپشتیی ریزەكانی دواوەی بەرگری هێزەكانی پێشمەرگە. لەو رێگایەدا بە سەدان ئافرەت تووشی گرتن و راوەدوونان و زیندانی بوون و شەهید كران. ئافرەتانی كوردستان ئەگەر ئەندامێكی خێزانەكانیشیان پێشمەرگە نەبووبن، ئەوا لە زۆربەی گوندو ناوچەكانی كوردستان كە لانكەی شۆڕش بووە، هەمیشە دەرگای ماڵەكانیان بە رووی پێشمەرگە كراوە بووەو بەردەوام خزمەتی شۆڕشیان كردووەو خۆیان بە خانەوادەی دووەمی پێشمەرگە زانیوە.»
نووسەر و رۆژنامەنووس تامان شاكر، وتەكانی بەوە دەست پێ دەكات: «ژنی كورد واتە كوردستان، واتە گەلی كوردستان، واتە ژیان و مانەوە، واتە پاراستنی كولتوور و زمان..» دواتر هێما بۆ ئەوە دەكات كە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول هەر لە دەستپێكەوە تا ساڵی1970ی سەدەی رابردوو بە ژانی لەدایكبوونی شۆڕشی سەربەخۆیی دادەنرێت، بووە هۆی زۆر گۆڕانكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، نەك تەنیا لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكووری كوردستانیش، كورد خۆی بە خاوەنی ئەو شۆڕشە دەزانێ. ئەو كاتە گەلی كوردستان یەكڕەنگ و یەكدەنگ بوون و هەستی نەتەوایەتی و كوردبوون هەمووانی لەژێر چەتری ئەم شۆڕشە كۆكردبۆوە، ژنانی كوردستانیش وەك پیاوان هاوبەشی ئەو شۆڕشە بوون و رۆڵی كارایان تیایدا هەبووە، زۆر لە دایكانی كورد لە پێناوی سەربەخۆیی خەباتیان كردووە و قوربانیی گەورەیان داوە، بەڵام نەیانزانیوە رۆژگارە سەختەكانی خەباتی خۆیان بنووسنەوە، بۆیە بە مەرگی ئەوان نەمانتوانی بە چیرۆكی قارەمانیەتی دایكانی كوردستان ئاشنا بین، بەشداریی ژنی كورد لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەكانی دیكە بە هۆی چەوسانەوە و ئەو هەموو زوڵم زۆردارییە بووە، كە یەخەی ژنانی كوردستانی گرتبوو، ئەگەر پیاوی كورد یەكجار هەستی بە چەوسانەوە كردبێ، ئەوە ژنانی كورد دووجار هەستیان بە چەوسانەوە كردووە، لەبەر ئەوەی كوردبوون سەختە، ژنبوون و كوردبوونیش بە یەكەوە زۆر سەختترە.» گوتیشی: «بەداخەوە ئەوانەی مێژووی شۆڕشی ئەیلوولیان نووسیوەتەوە، تەنیا باسی رۆڵی پێشمەرگەیان كردووە لەم شۆرشەدا، باسی خەباتی ژنانی شاریان نەكردووە، كە هاوشانی پیاوەكانیان لە ناوشار كاری سیاسییان كردووە، باسی خەباتی ژنانی لادێكانی كوردستانیان نەكردووە، كە بە ئەرك و ماندووبونی ئەوان پێشمەرگە دەحەوانەوە.» تامان شاكر جەخت لەوەش دەكاتەوە كە «بەشداریی ژنانی كورد لە شۆڕشەكانی كوردستان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بووە، بۆ بنیادنانی كوردستانێك بووە كە كەرامەتی مرۆڤەكانی تێدا پارێزراو بێت و ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتوو دابین بكەن. لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیش ژنانی كوردستان بەشدارییەكی بەرچاویان هەبوو لەسەر خستنی پرۆسەكە، لە راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991یش ئەوە ((خەجە باوە)) بوو پەیكەرەكەی سەدامی شكاند و ژیانی خۆی كردە قوربانی بۆ ئازادی.» وەك دواقسەشی گوتی: «ئەركی حكومەتی كوردستانە هەر بە نەفەسی شۆڕشی ئەیلوول و لە پێناو ئازادكردنی تاكی كورد بایەخ بە رۆڵی ژن بدات، بەشدارییەكی كارایان پێ بكات لە گشت بوارەكاندا، چونكە ئازادیی ژنی كورد پەیوەستە بە ئازادیی تاكی كورد و ئازادیی كوردستانەوە.»
ناسك سەعید، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە میدیاو كەلتوور- و جگە لەوەی نووسەر و توێژەرە، كارگێڕی راگەیاندنی دەستەی هەڵمەتی پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بووە، سەبارەت بە رۆڵی ئافرەتان و كاریگەرییان لە سەر شۆڕشەكانی كورد دەڵێت: «قۆناغەكانی خەباتی سیاسیی هەر میللەت و نەتەوەیەك، بەندە بە بەشداری و ئامادەیی بەرچاوی هاوفكر و هاونیشتمانەكانی، تێپەڕاندنی كاتە سەختەكان، پێویستی بە میكانیزم و پلانی داڕێژدراو هەیە. بۆ كورد، ئەم قۆناغانە پێویستی بە شۆڕش و بەرخۆدان هەبوە، بە هەردوو رەگەز هەوڵی سەركەوتنی شۆڕشەكانیان داوە، بەتایبەت ئافرەت پاڵپشت و پاڵنەری سەرەكی بووە بۆ سەرخستن و بەردەوامیدان بە شۆڕشەكان. شۆڕشی ئەیلوول یەكێكە لەو شۆڕشانەی كە ئافرەت رۆڵی دیاری تێدا بینیوە و توانیویەتی لە رێی توانا جەستەیی و عەقڵییەكانی خۆیەوە بەشداربوویەكی سەرەكیی ئەو شۆڕشە بێت، بەدەر لەوە پاڵپشتی هاوسەر و باوك و براكانی بووە لە رووی هاندان و كارئاسانیكردن بۆ بەردەوامبوون لەخەباتی سیاسیدا.» گوتیشی: «بەشداریی ئافرەتان لە شۆڕشەكاندا هاوكات بووە لەگەڵ بەشداریی ئافرەتانی جیهان لە فەزای سیاسیدا، لێرەدا خەباتی ئافرەتانی كوردستان جیاوازترە، بەو مانایەی وەك رەگەزی بەرامبەر بەشدارییان لەچالاكی و جووڵەی سیاسی كردووە و كارەكتەرێكی بەرچاوی ناو شۆڕش بوون، یەكێك لەو ئافرەتە بوێر و پێشمەرگانە مارگریتا بووە، یاخود چالاكێكی سیاسی وەك لەیلا قاسم كە لەسەر ئاستی ناوچەكە یەكەم ئافرەت بووە كە بەجەستە و رۆحی خۆی قوربانی داوە بۆ رزگاربوونی میللەتەكەی و پەتی سێدارە كرایە گەردەنی. هەروەك چۆن ئافرەتانی چالاكی سیاسی كاریان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل كرد و كەسێكی وەك گۆلدا مایەر، رۆڵی سەرەكی لەو پرسەدا هەبوو، بەڵام بۆ ئافرەتانی كوردستان پرسەكە فراوانتر بووە، لەسەرجەم سێكتەرەكان كارایانە كاری خۆیان كردووە، هەر ئەمەش بۆتە رەمزی گیانفیدایی ئافرەتان لە پێناو پاراستن و رزگاركردنی خاك لە دەستی رژێم، ئەمەش دەبێت وێنایەكی باشی لەسەر ماندووبوون و حزووری ئافرەتان هەبێت. ئافرەت وەك كاراكتەرێكی سەرەكیی خێزان توانیویەتی لەدوای لەدەستدانی هاوسەرەكەی لە رووی دەستەبەركردنی سەرچاوەیەك بۆ بژیوی ژیانی خیزانەكەی كەرامەتی خانەوادەی رابگرێت، یان لەكاتی بەشداریكردنی هاوسەرەكەی لە هەر چالاكییەكی سیاسیدا توانیویەتی بە شێوازیكی سەركەوتووانە و بە راگرتنی كاروباری خێزانەكەی لە كۆی پرسە جیاوازەكان رۆڵی هەبێت، ئەمەش خاڵێكی پۆزەتیڤە بۆ توانای ئافرەتان لە رووی كۆمەڵایەتییەوە.
بوون و حزووری ئافرەتان لە شۆڕشی ئەیلوولدا سیمبولی پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردی دەردەخات و بۆتە هێمایەك بۆ بەرخۆدان و هەتا ئەم چركەساتەش دانەبڕاوە لە كایە و جووڵەی سیاسیی كوردستان. بەشداریی سیاسیی ئافرەتان لە ئێستادا تەواوكاری هەمان ئەو بەشدارییەیە كە لە سەدەی پێشوودا وەك خەباتی رزگاریخوازی ئەنجام دراوە، بەڵام بە فۆرم و مۆدێلێكی نوێ، پێگەیاندنی چەندین سەركردە و كاركردنیان لە ناوەندەكانی بڕیارداندا، بەتەنیا بەرهەمی فەزای سیاسیی ئەمڕۆ نییە و لە دەستكەوتە بەردەوامەكانی شۆڕشی ئەیلوولە و بەردەوامیش دەبێت.
Top