بەسەرهاتی ئافرەتێك لەسەر زاری دایكییەوە

بەسەرهاتی ئافرەتێك لەسەر زاری دایكییەوە
«كچەكەم نەیدەویست لە هاوسەرەكەی جیا ببێتەوە، بەڵام خیانەت ناچاری كرد»



بەشێك لە هاوسەران لە هەر كۆمەڵگەیەكدا زۆر كێشە و ئاریشەی تایبەت بە خۆیان و ژیانی هاوبەشیان هەیە، بەڵام زۆربەیان شاراوەن و زیاتر لە بەردەم دادوەری دادگاكاندا پەردەی لەسەر هەڵدەماڵن و كەمتر بۆ میدیاكانی باس دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی بێوچانی رۆژنامەنووسان وایكردووە، بەشێكیان رازی بن بەوەی ئازارەكانی رابردوویان بدركێنن، بۆ ئەوەی كەسانی دیكە پەندی لێ وەربگرن. لێردا دایكێك باسی نەهامەتییەكانی ژیانی كچەكەی خۆی دەكات كە سەرباری خۆڕاگری و نەرمی نواندنی لە بەرامبەر هاوسەرەكەیدا، دواجار مێردەكەی ناچاری كردووە لێی جیا ببێتەوە.



ئافرەتێكی بەساڵاچووی نوورانی و میواندار و رووخۆش، لە ماڵەكەی خۆیدا پێشوازی لە رۆژنامەنووسێك دەكات و دەیەوێت بە وردی باسی بەسەرهاتی كچەكەی و دوو نەوە جمكەكەی بكات. هەندێك جار لە كاتی گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەدا، دەنك دەنك فرمێسك بە سەر گۆنایدا گلار دەبنەوە و بە گۆشەی لەچكەكەی دەیسڕێتەوە، هەندێ جاریش بە بزەیەكەوە داوای لێبووردن دەكات و دەڵێت: «بمبوورن، ئاهی جەرگە و دڵم لە خەمی كچەكەم و منداڵەكانی بچووك بووەتەوە.» بەمجۆرەش باسی بەسەرهاتی كچەكەی كرد:

«یەكەم جار كە هەستم كرد سارای كچم لەگەڵ هاوسەرەكەی كێشەی گەورەی هەیە، ئەو كاتە بوو كە لە سەر باڵی برینێكی قووڵ هەبوو. بەڵام ئەو شاردیەوە و گوتی: بە سەر شووشەدا بەربوومەتەوە. دوای ماوەیەك لەو رووداوە، هەرچی سارام دەبینی، ئەو سارایەی من نەبوو. نە بزە و پێكەنینی مابوو، نە قسە خۆشەكانی. زۆر جار كە پرسیارم لێ دەكرد، بۆچی خەمباری؟ دەردت چییە؟ دیگوت: ماندووم. كاری ناوماڵ هیلاكی كردووم، هیچ نییە. بەڵام ئایا دەكرێ دایك بیت و منداڵەكەت كە كەرتێكی وجوودی خۆتە خەمبار بێت و پێی نەزانیت؟ بەڵام سارا بەردەوام دەیشاردەوە و نكۆڵی لەوە دەكرد كە مێردەكەی ئازاری دابێت. هەر ئەو كاتانە لەگەڵ باوكی سارا باسی ئەوەم كرد كە زاواكەمان زۆر ئازاری سارا دەدات، بەڵام ئەویش لێم تووڕە بوو، گوتی: با ژیانی خۆیان بكەن، وازیان لێ بهێنە و ئەوەندە گومانی خراپ مەكە. ماوەیەك سارا و دوو كوڕە جمكەكەی دەهاتن بۆ سەردان و شەویش لە ماڵی خۆمان دەمانەوە، بەڵام مێردەكەی سەردانی نەدەكرد و ئەوەش گومانی لای من زیاتر كرد، تا وەكو رۆژێك سارا بە سەری شكاو و ژێر چاوی مۆرو بۆر كراو لەگەڵ دوو كوڕەكەی هاتنەوە بۆ ماڵی خۆمان و ئەو جارەش دەیویست بیشارێتەوە كە لەگەڵ مێردەكەی شەڕیان بووە، هەتا یەكێك لە كوڕەكەی باسی كرد، لەو كاتەشدا هەر چاوی لە منداڵەكی خۆی سوور دەكردەوە. منیش لێی پاڕامەوە و گوتم: كچم ئەگەر كێشەیەك هەیە، با زوو پێشی پێ بگرین. خۆ من دوژمنت نیم، دایكتم، ئیتر لە پڕمەی گریانی دا و باسی ئەوەی كرد كە هاوسەرەكەی خیانەتی لێ كردووە و كاتێكیش پێی زانیوە، لە بری ئەوەی پاشگەز ببێتەوە، حاشای لێكردووە و بەو پەڕی بێ رەحمی و بێ بەزەییانە لێی دواە و فشاری خستووەتە سەری بۆ ئەوەی لە مەحكەمە تەڵاقی بدات و لە هەموو مافەكانیشی خۆش بێت. سارا و جەمیلی هاوسەری نزیكەی هەشت ساڵ بوو هاوسەرگیرییان كردبوو. بە خواستی خۆیان بوو، هیچ زۆرەملێیەك نە لە لایەن ئێمە و نە لە لایەن ماڵی باوكی جەمیلەوە نەبووە، ئەو كات كە زەماوەندیان كرد، سارای كچم تەمەنی 17 ساڵ و جەمیلیش تەمەنی 22 ساڵ بوو، تازە وەك فەرمانبەر دامەزرابوو. هیچ كێشەیەكیان نەبوو، ئەوان بە خۆشەویستی ژیانی هاوبەشیان دەست پێ كرد. بەڵام دوای ساڵێك كە خوا جمكێكی پێدان و دوو كوڕی نازدار و رۆح سووكیان بوو، لە بری ئەوەی ژیانیان گەرمتر بێت، كەچی وردە وردە ناكۆكیی نێوانیان زیاتر بوو. سارا تەنیا كچی خێزانەكەمانە و وەك نووری چاوم پاراستوومە و باوكیشی بە نازداری بەخێوی كردووە و ئەوەی ویستوویەتی بۆی كردووە. كاتێك ماڵی جەمیل هاتنە خوازبێنی سارا، باوكی سارا زۆر پێداگری كرد كە كچەكەمان خوێندنەكەی تەواو بكات و دواتریش بەو مەرجە رازی بوو كە پێش بە خوێندنی نەگرن، بەڵام دوای گواستنەوەی و دەرچوونی لە قۆناغی دواناوەندی، رێگرییان لە خوێندنەكەی كرد و نەیانهێشت بڕواتە زانكۆ و خوێندنی زانكۆش تەواو بكات. باوكی سارا لە سەر ئەوەش نەرمی نیشان دا و وتی: با تەداخولی ژیانیان نەكەین، مادام سارا رازییە، با كابانی ماڵەوە بێت و دڵی مێردەكەی خۆش بكات. بەڵام جەمیل ئیستغلالی ئەوەی كرد كە ئێمە زۆر رێزمان لێ دەگرت، نەیزانی ئێمە لە بەر خاتری كچەكەمان چاوپۆشیمان لە توندوتیژییەكانی كردووە، تەنیا لە بەر ئەوەی نەمانویستووە ژیانی كچەكەمان تێك بچێت. كاتێك سارا دووانەكەی بوو، بۆ چەند مانگ لە ماڵی خۆمان هێشتمانەوە و جەمیلیش زۆر بەوە دڵخۆش بوو كە بە باشی ئاگامان لە منداڵەكان و ژنەكەیەتی، بەڵام تەنیا بۆ نزیكەی مانگێك هەر رۆژ دەهات و شەوانەش لە لایان دەمایەوە، دواتر وای لێهات هەفتەیەك یەك دوو جار سەردانی دەكردن و شەویش نەدەمایەوە، ئەوەش وایكرد سارا مناڵەكان هەڵبگرێت و بڕواتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی، ئەگەرچی لە گەڕەكی ئێمەش دوور بوون، بەڵام تا دوو سێ مانگ بەردەوام رۆژانە سەردانم دەكردن. دواتر كە مناڵەكان هەندێك گەورە بوون، هاتوچۆم و سەردانیكردنیانم كەم كردەوە. ئەو دوو نەوە نازدارەم تەمەنیان لە پێنج ساڵ تێنەپەڕیبوو، باوكیان ئازاری ئەو دوو جمكە مەعسوومەشی دەدا. چەندین جار لە بەر چاوی خۆم بە توندی لێی داون. هەر دانم بە خۆمدا گرت، چەندین جار جەستە و بەرچاوی شین هەڵگەڕاوی كچە تاقانەكەم بینی و هەر بێدەنگیم هەڵبژارد، بەڵام دواجار دەركەوت، ئەو ماوەیەی كە جەمیل بە بیانووی سەفەر لە ماڵ دەرچووبوو، لەگەڵ ئافرەتێكی بەتەمەن كە لە هەندەران دەژی، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە رێككەوتبوون و ئافرەتەكەش سەردانی كردووە و بۆ ماوەی مانگێك كە جەمیل دیاری نەبوو، لەگەڵ ئەو ئافرەتە ژیابوو، بەڵێنیشی دابوو جەمیل بباتە دەرەوەی وڵات، سەر باری ئەو خیانەتە گەورەیە، كە سارا پێی زانیوە، بەو پەڕی دڕندەییەوە پەلاماری داوە و فشاری بۆ هێناوە بۆ ئەوەی تەڵاق وەر بگرێت و لە مارەیی و هەموو مافێكی خۆیشی خۆش بێت، لە بەرامبەردا جەمیل حەزانەی منداڵەكان بە دایكیان بدات. كە باوكی سارا زانی چی روویداوە، داوای لە سارا كرد لە مێردەكەی جیا ببێتەوە و بەڵینیشی پێدا منداڵەكانیشی بەخێو بكات و نەهێڵێت هیچ كەموكوڕییەكیان هەبێت. ئێستاش سارا بە هاوكاریی من و باوكی هەم دایكایەتی دەكات و هەم لە زانكۆش دەخوێنێت، جەملیش دوای جیابوونەوەی لە سارا چووەتە هەندەران و تەنانەت باوك و دایكیشی هیچ هەواڵێكی نازانن. لەو ناوەدا تەنیا زوڵمی لە كچەكەی من و دوو منداڵەكەی خۆی كردو دڵنیام ئەگەر پەشیمانیش ببێتەوە، كاتێك دەبێت كە زۆر درەنگە و كەس لە خۆی ناگرێت.»





Top