خانمانی تووشبوو بە شێرپەنجە دڵنەوایی زیاتریان پێویستە

خانمانی تووشبوو بە شێرپەنجە دڵنەوایی زیاتریان پێویستە
شێرپەنجە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی كە تا ئێستاش كەسی تووشبوو دەخاتە دۆخێكەوە لەنێوان مردن و ژیان و كۆتاییەكەشی زیاتر لەدەستدانی گیان بووە. ئەم نەخۆشییە بە «بكوژی سەرەكیی مڕۆڤـ « دەناسرێت و ساڵانە زیاتر زیاتر لە 14 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی دەبن و 8 ملیۆن كەسیش بە هۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەست دەدەن. ئافرەتان زیاتر تووشی شێرپەنجەی منداڵدان و مەمك دەبن، كە زۆر جار بڕین، یان لابردنی لێدەكەوێتەوە، ئەوەش كاریگەرییەكی زۆری جەستەیی و رۆحییان لە سەر دروست دەكات. شارەزایەكی بواری تەندروستیش رایوایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشانی شێرپەنجە ئاسان نییە، چونكە ئەم نەخۆشییە نەك تەنیا گۆڕانكاریی جەستەیی، بەڵكو گۆڕانكاریی دەروونی و كۆمەڵایەتیشی لێ دەكەوێتەوە، لەبەر ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی كە تووشبوو بە شێرپەنجە هەیەتی، كاریگەری دەخاتە سەر لایەنی كۆمەڵایەتیشی و تووشبوو دەكەوێتە ناو بارودۆخێكی دژوار، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لە دیدی جیاوازەوە باس لە ئازارەكانی تووشبووانی شێرپەنجە دەكەن.


ئاواز رەحمان، خانمێكی تەمەن 51 ساڵە و مامۆستای قۆناغی ئامادەییە، وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە لە ململانێدایە. ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: «دوای ئەوەی ماڵی خەزوورانم زانییان نەخۆشیی شێرپەنجەی ملی منداڵدانم تووش بووە، منیان ناردەوە ماڵی باوكم و خەسووم نەیدەهێشت هاوسەرەكەم نزیكم ببێتەوە نەوەك شێرپەنجە بۆ كوڕەكەی بگوازمەوە، دوای ئەوەی جوانی و گەنجێتیم بە هاوسەرەكەم بەخشی، دوای ئەوەی سێ منداڵی چاوگەشم پێ بەخشی، بەڵام هەر دوو ساڵ دوای نەخۆشكەوتنم هاوسەرەكەم بە نهێنی ژنی هێنا و منیش وەك كەلوپەلێكی بەكارهاتوو فڕێ درام، پیاوێك بوو نانی نەبوو بیخوات، من ئەوم كرد بە خاوەن ماڵ و خانوو، جگە لە مووچەكەم لە ماڵەوەش كاری دەستیم دەكرد و بە داهاتەكەی هاوكاری خێزانەكەمم دەكرد، بەڵام ئەو پیاوە لە بری ئەوەی لەگەڵم بێت و دڵنەواییم بكات و ورەم پێ ببەخشێت و ژیانم لەبەرچاو جوان بكات، ژیانی لەبەر چاو رەشتر كردم.»
گوڵاڵە پشدەری شارەزا لە بواری زانستی پزیشكی و سەرۆكی سەنتەری پەنا بۆ پشتیوانی لە تووشبووان بە شێرپەنجە لە كوردستان، هۆكارەكانی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی بەمجۆرە دەستنیشان كرد:
«قەڵەوی، كەم جوولەیی، وەرزش نەكردن، كەم خواردنی سەوزە و میوە، جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحولییەكان، ئەمە جیا لەوەی توشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەكانی هەوكردنی جگەر جۆری بی و سی و ئایدز، وێڕای بۆماوەیی.»
گوڵاڵە پشدەری باسی ئەوەشی كرد كە شێرپەنجەی مەمك لە وڵاتانی رۆژئاوا بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە و گوتیشی:»ئەم فاكتەرانە لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك رۆڵیان هەیە. ئەو ژنانەی كە هەرگیز دووگیان نەبوون و نەچوونەتە ناو پرۆسەی زاوزێ. یاخود شیری مەمكیان بە كۆرپەلە نەداوە. هەروەها ئەو ژنانەی پێش تەمەنی ١٢ ساڵی سووڕی مانگانەیان دەستی پێكردووە و دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی لە سووڕی مانگانە كەوتوون. یاخود حەبی بەرگری (The pil) بەكاردێنن، دوای وازهێنانیان لەوانەیە زووتر تووشی شێرپەنجەی مەمك بن. ئەو ژنانەی كە نەخۆشیی mastopathie واتە كیس لەناو جۆگەلەی شیری مەمكیاندا هەبووە. ئەو ژنانەی كە ئەلكهول alcohol بەكار دێنن، یان وازیان هێناوە، یان جگەرەدەكێشن. ئەو ژنانەی كە بۆ ماوەی دوور و درێژ دەرمانی هۆرمۆن بەكاردێنن، بۆ چارەسەركردن، یان قەڵەون. ئەوانەش ئەگەری تووشبوونیان زۆر زیاترە لەوانەی كە لە سەرەوە باسمان كردن، ئەو ژنانەی كە پێشتر شێرپەنجەی مەمكیان هەبووە، یاخود پێشتر چارەسەر كراون، بۆ هەندێك جۆر لە گرێی ئاسایی.هەروەها ئەو ژنانەی كە لە كەسوكاری نزیكیاندا وەك دایك و خوشك، شێرپەنجەی مەمكیان هەبووە و یان ئەگەری گواستنەوەی بۆماوەییان هەیە.
سەرۆكی سەنتەری پەنا سەبارەت بە باری دەروونیی تووشبووان هێما بۆ ئەوە دەكات كەوا بەهۆی نەبوونی زانیاری، یان هەبوونی زانیاریی هەڵە، تووشبوو پێیوایە تووشبوون بە شێرپەنجە واتە كۆتایی ژیان و مەرگ. خۆشبەختانە وانییە. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و گەشەكردنی بە رێگەی هەڵبژاردنی ژیانێكی تەندروست تا رادەیەكی زۆر كەمتر دەبێتەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشانی شێرپەنجە ئاسان نییە، چونكە ئەم نەخۆشییە لەبەر ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی كە تووشبوو بە شێرپەنجە هەیەتی نەك تەنیا گۆڕانكاریی جەستەیی، بەڵكو گۆڕانكاریی دەروونی و كۆمەڵایەتیشی لێ دەكەوێتەوە، ئەوەش كاریگەری دەخاتە سەر لایەنی كۆمەڵایەتیشی و تووشبوو دەكەوێتە ناو بارودۆخێكی دژوار كە پێویستە زۆر بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.»
ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هۆشیاریی تەندروستی و زانیاری لە بارەی شێرپەنجە زۆر لە ئاریشەكان چارەسەر دەكات، چونكە بە رێگەی هۆشیاری و زانیاری لەسەر نەخۆشییەكە دەتوانن تا رادەیەك خۆیان رێبەر و پزیشكی خۆیان بن. بە دەوڵەمەندبوونی ئاستی زانیاری و پەیبردن بە گۆڕانكارییەكان و بەدواداچوون و چارەسەری بە كاتی خۆی، واتە زاڵبوونە بە سەر شێرپەنجەدا. خۆشبەختانە٨٠%ی تووشبووان بە رێگەی چارەسەری پێویست و رێكوپێك شانسی مانەوەیان لە ژیاندا زیاترە و ماوەی پێنج ساڵە تەنیا ٢٠% لە تووشبووان لە نەخۆشی شێرپەنجە درباز نابن و لە ماوەیەكی دوور، یان نزیك كۆچ دەكەن. بۆیە بە پێویستی دەزانین كە خانمان بە تایبەت گەنجەكان ئاگادار بكەینەوە كە پشكنینی مانگانەی مەمكیان بكەن، هەروەها خانمانی دوای تەمەنی ٥٠ ساڵ بەردەوام هەردوو ساڵ جارێك وێنەی مەمك بە تیشك بگرن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەگەری هەبوونی شێرپەنجە.»
پشدەری ئەوەشی خستەڕوو كە «رێژەی ئافرەتانی تووشبوو لە وڵاتانی ئەوروپادا هەشت لە سەر یەكە، واتە لە هەر هەشت ئافرەتدا، ئافرەتێك تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت. هەروەها ٧٠%ی رێژەی تووشبووان بە شێرپەنجەی مەمك لە نێوان ئافرەتانی تەمەن سەرووی ٥٠ ساڵە و شێرپەنجەی مەمك لە نێوان ئافرەتانی ژێر تەمەن ٣٠ ساڵی زیاتر هۆكاری بۆماوەییە و بە رێژەی ٥%ـە.» گوتیشی: «نەخۆش لە دوای تووشبوون بە شێرپەنجە و چارەسەرییەكەی لە وانەیە رووبەڕووی زۆر كێشە بێت، وەكو:
• ماندووبوون بێ ئەنجامدانی هیچ چالاكییەك.
• ئازار بەتایبەت ئازاری ئێسكەكان و جمگەكان.
• گۆڕان لە پێست و قژ.
• گۆڕانی باری دەروونی، وەك: واهیمە، ترس و گومان و بێباوەڕی بەخۆ و بە جەستە.
• گومان لە داهاتوودا كە نەخۆشییەكە بگەڕێتەوە واتە Angst.
• گۆڕانی مامەڵەی دەوروبەر بۆ نموونە بە چاوی بەزەیی سەیركردن و مامەڵەكردن لە جیاتی رێزلێنان وەك كەسێكی ئاسایی.
• گۆڕان لە كاروبار و چالاكیی رۆژانەدا.
• گۆڕان لە هەست و پێویستی كردەوەی سێكسیدا/ لاوازبوون.
• گۆڕان لە ئەنجامی كار و پیشەدا.
• گۆڕان لە توانینی راگرتنی پەیام و زانیاری نوێ لە هزردا، بیر و بیركردنەوە لاوازتر، یان لەسەرخۆتر دەبێت.»
سالار تاوەگۆزی نووسەر و قوتابی دكتۆرا، سەبارەت بە هەمان پرس تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: «خۆی مرۆڤ كە نەخۆش كەوت، ئیتر پێویستە دەوروبەرەكەی مامەڵەیەكی تەندروستی لەتەكدا بكەن، نەك بە مامەڵەی ناتەندروست باری گرانی نەخۆشیەكەی قورستر بكەن. جا ئەگەر نەخۆشەكە ئافرەت بێت و نەخۆشیەكەش دەردێكی گرانی وەك (سەرەتان) بێت، ئەوا لەم حاڵەتەدا ئەركی كۆمەڵایەتی هەریەك لە ئێمە بەرامبەر بە ئەو نەخۆشە زیاتر دەبێت. دەبێت ئەوەش بزانین كە ئەوانە تووشی نەخۆشیی سەرەتان بوون، هەستیارن و رەنگە مامەڵەیەكی نەشیاوی كەسی بەرامبەر كاریگەری دەروونیی قووڵی لەسەر بەجێبهێڵێت، كە ئەمەش دواجار كاردەكاتە سەر نەخۆشییەكەی و زیاتر تەشەنە دەكات. لێكۆڵینەوە زانستییەكانیش ئەوەندەی من ئاگادار بم، سەلماندوویانە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان نەخۆشیی سەرەتان لە جەستەی مرۆڤ و لایەنی دەروونی هەیە، بۆ نموونە: بەپێی لێكۆڵینەوەیەك لە گۆڤاری زانستی ( Nature Communications) دەركەوتووە كە خراپبونی لایەنی دەرونی، هۆكارە بۆ خێرا بڵاوبوونەوەی سەرەتان لە جەستەی مرۆڤدا.»
لەلایەكی دیكەوە هێمن ساڵح وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «شێرپەنجە كە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی ئەم سەردەمە كە كەسی توشبوو دەخاتە دۆخێكەوە لەنێوان مردن و ژیانی دادەنێت، ئەوەش كاریگەریی گەورە دەخاتە سەر دەروونی توشبوو، چ پیاو، یان ژن بێت، رەنگە ئەو پیاوانەی كە بەخێوكردنی خێزانەكەیان بەتەواوی لە ئەستۆیە، كاریگەری زیاتر بێت لەو پیاوانەی كە ژن و پیاوەكە بەیەكەوە بەخێوكردنی ماددی ژیانیان لە ئەستۆیە، بۆ ئەو ژنانەشی كە منداڵیان هەیە، بەراورد بەو ژنانەی كە منداڵیان نییە بەهەمان شێوە كاریگەری زیاترە، چونكە لە دوای خۆی بیر لە بەخێوكردنی منداڵەكانی دەكاتەوە، یان لەو كاتەی كە لە نەخۆشییەكەدایە ناتوانێ بەرپرسیاریەتییەكەی وەكو دایك جێبەجێ بكات، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونی بارە دەروونییەكەی سەرەڕای ئەو كاریگەرییە گەورەیەی بەهۆی نەخۆشیەكەوە كەوتووەتە سەری، لێرەدا كۆمەڵگە و خێزان دەتوانن هاوكارو یارمەتیدەری باری دەروونی و كۆمەڵایەتی ئەو ژنان و ئافرەتانە بن، لە چەندین رێگەوە یەكەمیان ڕێگەی هاوكاری بۆ یارمەتیدانی كاری رۆژانەی كە ئەوە بە كەسە نزیكەكانی خۆی و هاوڕێكانی زیاتر دەكرێت، دووەمیان بەرزكردنەوەی ئیرادەی دەروونی و هەوڵدان بۆ رەخساندنی دۆخێكی دەروونی خۆی كە لە بیركردنەوە لە نەخۆشیەكەی دوور بكەوێتەوە یان كاركردن لەسەر ئەوەی متمانەی بۆ دروست بكەی كە ئەو چاك دەبێتەوە، لەوەش هۆشیاری تاكەكانی چواردەورەی و كۆمەڵگەكەی دەوری زۆر دەبینێت، چونكە ئافرەتی توشبوو لە رووی روخسارو پرچ و شێوەشیەوە تێكدەچێت، كە دەبێت تاكەكانی نزیك و چواردەورەی هیچ قسەیەكی ناخۆش لەسەر ئەو بابەتە نەكەن، بە پێچەوانەوە یارمەتی بدەن كە گوێ بەوە نەدات و دوای چاكبوونەوەی ئەوە وەكو خۆی لێدێتەوە.» گوتیشی: «مرۆڤ كە نەخۆشە ئەگەر هەر نەخۆشییەكی هەبێت، چاوی لە گرنگیدانی چوار دەورەكەیەتی، ئەو نەخۆشانە زیاتر چاویان لە گرنگیدانی چواردەورەكەیانە، زۆرێك لە پسپۆڕانی دەروونی و پزیشكی پێیانوایە زاڵبوونی دەروونی بەسەر نەخۆشییەكە دەرمانی نیوەی چاكبوونەوەیەتی، لەبەرئەوە زۆر گرنكە چواردەورەكەی لەو كاتە زیاتر گرنگی پێبدەن و هەوڵی بردنە دەرەوە و دوورخستنەوە لەو كەشەی بۆ بدەن كە دەكەوێتە بیركردنەوە لە خۆی و نەخۆشییەكەی، بە پێچەوانەوە رووداوی دڵتەزێنی لێدەكەوێتەوە.»
بەپێی ئامارەكان لە ساڵی رابردوو (2017) نزیكەی 14 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت تا 2030 ئەم رێژەیە بەرز ببێتەوە بۆ 21 ملیۆن تووشبوو، بەپلەی یەكەمیش باوترین جۆریان شێرپەنجەی سییەكانە، بەڵام بەپلەی دووەم شێرپەنجەی مەمك دواتریش كۆڵۆن و پرۆستات دێت.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2017دا، 92 كەس لە هەر سەد هەزار هاووڵاتی تووشی شێرپەنجە بوون، كە ژمارەیان بەكۆی گشتی 4 هەزارو 808 نەخۆش بووە.
رێژەی نەخۆشییەكە تاوەكو ئێستا لەخوار ستانداردی پێشبینیكراوی ساڵانەیە بۆ نەخۆشییەكە، بەجۆرێك لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجەیان بەرزە، ساڵانە زیاتر لە 300 كەس تووشی شێرپەنجە دەبن لەهەر 100 هەزار هاووڵاتی لەو وڵاتانە، لەكاتێكدا لەو وڵاتانەی رێژەی شێرپەنجە نزمە ساڵانە كەمتر لە 100 كەس تووشی شێرپەنجە دەبن.
هۆكاری زیادبوونی شێرپەنجە لە جیهان، پەیوەستە بە شێوازی ژیانی ناتەندروست، جگەرەكێشان، خواردنەوە كحولییەكان، قەڵەوی و كەم جوڵەیی و وەرزش نەكردن لەگەڵ خواردنی خواردنە لە قوتوكراو و ئامادەكان و خێراكان، هاوكات كەمخواردنی سەوزەو میوە هۆكارێكی دیكەن، هەروەها زیادبوونی دانیشتووان و زیادبوونی تێكڕای تەمەن لەگەڵ پیسبوونی ژینگە هۆكارەكانی دیكەن بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە.
شێرپەنجە نەخۆشییەكی درێژخایەنە و لە زۆربەی جۆرەكانیدا كوشندەیە، خانە شێرپەنجەییەكان بەوە ناسراون بەبێ كۆنتڕۆڵ دابەش دەبن و زۆر دەبن، هەندێكیان ماددەگەلی شێوەی هۆڕمۆنی دەردەدەن و پێكهاتە و فرمانی جەستە تێكدەدەن، هەندێكیشیان كاتێك لە شوێنێكی جەستە دروست دەبن، خانەكانی نزیكی خۆیان داگیردەكەن و بڵاودەبنەوە.
جۆرەكانی شێرپەنجە
زیاتر لە 100 جۆری شێرپەنجە هەن، كە دەتوانن هەموو بەشێكی جەستە بگرنەوە و بەپێی ئەو شوێن و خانەیەی سەرەتا لێی دەردەكەون ناودەبرێن.
شێرپەنجە بەپێی ئەو شوێنەی كە تێیدا دروست دەبێت، چەند جۆرێكی جیاوازی هەیە و لە خانمان و پیاواندا جۆرەباوەكانی شێرپەنجە جیاوازن.
باوترین جۆرەكانی شێڕپەنجە لە خانمان:
باوترینی ئەو جۆرانەی شێرپەنجەی كە لە خانماندا هەن، یەك لەدوای یەك بریتین لە شێرپەنجەی مەمك، سییەكان، گەدە، كۆڵۆن و ملی منداڵدان.
ساڵانە 1.5 ملیۆن حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەمریكا دەستنیشان دەكرێن و لە نێویشیاندا 575 هەزار كەس دەمرن.
د.رێكەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی رۆژی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لە پرێس كۆنفرانسێكدا، رایگەیاند: خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو هەرێمانەی جیهان، كە رێژەی تووشبووان بە شێرپەنجە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی جیهان تێیدا كەمە. ئەوەشی خستەڕوو، كە ساڵی رابردوو 4 هەزار 808 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، كە بە بەراورد بە ساڵی 2016 رێژەی توشبووان بە شێرپەنجە كەمی كردووە.
شێرپەنجە ئەو نەخۆشییەیە كە ساڵانە زیاتر لە 8 ملیون كەس دەكوژێت و زیاتر لە 14 ملێون كەس نەخۆشدەخات لە جیهان هەروەك لە راپۆرتی رێكخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە. بەجۆرێك لە هەر سەد هەزار كەس 180 كەس تووشی شێرپەنجە دەبن و پێشبینی زیاتربوونی ژمارەكە دەكرێت لەساڵانی داهاتوودا.
كۆی گشتی شێرپەنجە لە كوردستان لە ساڵی 2016، 5085 نەخۆش بووە، ئەوەی جێگای سەرنجە رێژەی توشبوان لە ژناندا زۆرترە لە پیاوان لە هەرێمی كوردستان كە بە رێژەی 104 تووشبوی شێرپەنجە لە ژنان لە هەر 100000 ژن لە هەرێم، لەكاتێكدا لە پیاوان رێژەكە 91.5 بووە لە هەر سەد هەزار پیاو لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016.
شێرپەنجە هێشتا دووەم هۆكاری مردنی خەڵكییە لە جیهاندا. ساڵانە نزیكەی 9 ملیۆن كەس بەهۆی شێرپەنجەوە لە جیهاندا گیان لەدەستدەدەن. ساڵانەش نزیكەی 14 ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە جیهاندا دەدۆزرێتەوە.
Top