بۆ مرۆڤ بڕیاری خۆکوشتن ئەدات . . . . . نوسینی: ژیان سوڵتان مزوری

بۆ مرۆڤ بڕیاری خۆکوشتن ئەدات   . . . . .   نوسینی:  ژیان سوڵتان مزوری
مرۆڤ یەکێکە لە بونەوەرە خۆپەرست و شەرانگێزەکان، ھەر بۆیە زۆر سەختە کاتێک بڕیاری خۆکوشتن دەدات لە دۆخی ئاساییدا، کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕیارەی کە کار بۆ لەناوبردنی خودی خۆی بدات بەدڵنیایەوە لە دۆخێکی ناجێگیرو دەروونی نا ئاساییدایە.
ھەر لەم ڕوانگەیەوە ھەوڵدەدەم بچمە ناو فەزای تاوان و کوشتن و خۆکوشتن بە تایبەتی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە و بەداخەوە بووە بە دیاردە.
ڕاستە بەشێوەیەکی گشتی کوشتن تاوانێکە لەتەواوی کۆمەڵگە مرۆیەکاندا بە یاسا سزای بۆ دیاری کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆکوشتن رەفتارێکی نا ھۆشیارانەیە کە لەلایەن خودی کەسێکەوە بۆ لەناوبردنی ژیانی خۆی ئەنجامی دەدات، بۆیە خاڵی ھاوبەشی خۆکوشتن‌و کوشتن ئەوەیە کە ھەردووکیان دیاردەی کۆمەڵایەتین، بەڵام بە ھۆکاری جیاواز، بۆیە بە ھەردوو دیاردەکە ناوترێت تاوان،چونکە خۆکوشتن لەدەقی یاسایی دا سزای بۆ دیاری نەکراوە، ناشێ بەتاوان دابنرێت، بۆیە لەم ھاوکێشەدا یاسا ھیچ ڕۆڵێک نابینێت.
رەنگە بە پێچەوانەوە رێگرتن لەکەسێک لەئەنجامدانی خۆکوشتنەکەی پێشێلکاری یان دەستدرێژییەک بێت بۆ ئەو مافەی کە ھەیەتی بۆ لەژیاندابوون. ئەوکەسە خۆی مافی ئەوەی ھەیە کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، بۆیە ناکرێ یاسا خۆکوشتن بخاتە خانەی تاوانەوەو سزای بۆ دیاری بکات، مادام مرۆڤ مافی ژیانی ھەیە، ئەو مافەیش بەخۆی دەدات کە خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، کاتێک خۆکوشتن لەدەقی یاسایدا سزای بۆ دانەنرابێت، ئەو مرۆڤە لەمافی بڕیاردان بەسەر ژیانی خۆیەوە بێبەش دەکرێت، بەڵام ھەر بۆیە سنوردارکردنی دیاردەی خۆکوشتن بەگشتی ئەرکی کۆمەڵگەیە، دەبێت دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کاربکات بۆ کەم کەمکردنەوەی فاکتەرەکانی خۆکوشتن، بەڵام مەخابن لە ئێستادا بەپێچەوانەوە دەسەڵات بۆتە ھۆکارێک بۆ زیاد بوونی ئەم دیاردەیە.!!
ئەگەر چی پێشترھەموو ئاڕاستەکان باسیان لەوە دەکرد کە کێشە کۆمەڵایەتیەکان وباری ئابوری ودارایی و نەگونجاوی پرۆسەی پەروەردەکردن لە ناو خێزان و سەرجەم دەزگا پەروەردەییەکان و تەواوی ژیانی رۆژانە ھۆکاری سەرەکی خۆکوشتن بن، بەڵام لە ئێستادا زیاد بوونی رێژەی خۆ کوشتن بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرەو بەرزبونەوە دەچێت، ھۆکارەکانیش لەو ئاراستە تەقلیدیەوە گۆڕراوە بۆ بوونی کۆمەڵێک قەیران کە ھەندێکیان بە ئامانجی سیاسی دروستکراون، بۆیە دەتوانیین بڵێین بەگشتی نەبوونی سەروەری یاساو ئازادی ھاوڵاتیان وای کردوە دەسەڵاتی حزب ڕابەر بێت بەسەر دەسەڵاتی مەدەنی و ململانێ حزبیەکان و بەرژەوەندیە حزبیەکان بەشێکن لەسەرچاوەی ئەم قەیرانانە لەپێناو درێژەدان بە دۆخی ھەڵپەسێراوو درێژەدان بە بەرژەوەندیە نادروستەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا خۆ دزینەوە لە بە یاسایی کردنی دەسەڵاتە گشتیەکان و نەبوونی شەفافییەت لە ئیدارەدانی فایلی نەوت و غازو ھەبوونی بێباکیش لەبەرامبەر نیگەرانیەکان، کەمی ھەستی بەرپرسیارێتی لە ئاستی باڵادا دەردەخات، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم ھۆکارانە پێکھێنەرەکانی قەیرانن لە ھەرێمی کوردستان ئەمەش وای لە تاکی کورد کردووە لەبری ھاوکاربێت بۆ خزمەتکردن بە ووڵاتی خۆی بە پێچەوانەوە ھەتا بۆی بکرێت لە ھەوڵدایە بۆ گۆرینی دەسەڵات و لەناوبردنی ئەم ئەزموونەی کە بە خوێنی شەھیدان و تێکۆشانی ھەمووان بەرھەم ھاتووە، ھەر بۆیە لەکاتی بێ ئومێد بونیشدا دەستەوەستان و گۆشەگیر دەبن و پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.!!
زۆر تاوان ھەیە بە خۆکوشتن کۆتایی دێت، کاتێک ئەو کەسە توانای بەرگریکردنی نامێنێت لەڕووبەرووبونەوەی قەیران و گرفت و کێشەکان، بۆیە کاتێک وڵات لە دۆخی شەڕدا دەبێت ئەوا قەیران دێتە ئاراوەو بێکاری وھەژاری بەرۆکی هاونیشتیمانیان دەگرێت و تاوانی تێدا ڕوو لە ھەڵکشان دەکات سەرەڕایی ئەوەی دەبێتە ھۆی کاڵبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و زیاد بوونی تاوانی کوشتن یا خۆکوشتن".
ئێستا ھەرێمی کوردستان و شوێنە ھاوسنورییەکان لە شەڕێکی گەورەدان لە گەڵ پاشماوەی چەتەکانی داعش لەلایەک وحەشدی شەعبی لەلایەکیتر، ئەمەش وایکردووە چەک زیاتر بڵاو بێتەوە لەناو ماڵاندا، بۆیە مرۆڤەکان لە ئەنجامی بێ ئومێد بوون لە چارەسەری کێشەکانیان پەنا ببەنە بەر چەک و خۆیانی پێ بکوژن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان بھێنین".
جێگەی داخەوە لە وڵاتی ئێمەدا جێگایەک نیە بۆ ئەوەی کاتێک مرۆڤێک بڕیاری خۆکوشتن دەدات پێش ئەوەی خۆی بکوژێ پەنای بۆ ببات تا چارەسەرێکی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە لەو تاوانەی کە بەرامبەر جەستەو گیانی خۆی ئەنجامی دەدا، بۆیە حەق وایە لایەنی پەیوەندی دار بەجدی کار بکات لە پێناو کەم بوونەوەی دیارەی کوشتن و خۆکوشتن لە کومەڵگەی ئێمەدا.
Top