خانمانی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی خۆیان بۆخزمەتی ئافرەتان ومنداڵان دەخەنەڕوو
July 7, 2018
کۆمەڵایەتی
![خانمانی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی خۆیان بۆخزمەتی ئافرەتان ومنداڵان دەخەنەڕوو](https://gulanmedia.com/public/old_images/articles/fe.gif )
سەرەتا د. ڤیان سەبری، كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: «ئەوەی بە سەر ئافرەتان و منداڵانی ناوچە كێشە لەسەرەكان هات، زۆر ترسناك و زۆر بە ئازار بوو، بەتایبەت ئەو كارەساتانەی لە شنگال روویاندا، ئەویش لە دەرەنجامی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق بوو، بۆیە زۆر گرنگە پەلە لە جێبەجێكردن و بەگەڕخستنی ئەو ماددەیە بكرێت.» سەبارەت بە كار و بەرنامەی خۆیشی لە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: «كە چوومە پەرلەمان بەرنامەیەكی فراوانم بۆ باشتركردنی رەوشی ئافرەتان هەیە، ئەویش لە رێگەی پشتیوانیی یاسایی لە بەرزكردنەوەی ئاستی تواناكانی ئافرەتان و هۆشیاركردنەوەیان بەرامبەر بە مافە رەواكانیان لە چوارچێوەی یاساكانی مافی مرۆڤ و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها دۆزینەوە و دابینكردنی كار و پیشەی سەربەخۆ بۆ خانمان، چونكە زۆربەی ئەو ئافرەتانە بەخێوكەری خێزانەكەیان لە رووداوەكان لە دەستداوە، لە پاڵ ئەمانەشدا كاردەكەم لەسەر بەرنامەی پاراستنی منداڵ و چۆنیەتی رەفتاركردن لەگەڵیدا لە رووی دەروونییەوە و دابینكردنی خزمەتگوزاری دەروونی بۆ ئەو منداڵانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە تووشی هێدەی دەروونی بوون، هەروەها كاردەكەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە پێشێلكارییەك كە بۆ سەر ئافرەتان و منداڵان دەكرێت، ئەویش بە پشت بەستن رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ، پێویستە حكومەت لەسەر ئەو پێشێلكارییانە بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و بەرپرسیارانە كاری لەسەر بكات و رێگە لە دووبارە و سێ بارە بوونەوەیان بگرێت كە لە شەڕی داعش روویاندا و تا ئێستاش لە كەركووك و خانەقین و خورماتوو بەردەوامیان هەیە.»
د. ڤیان سەبری ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە هەوڵ دەدات بۆ «جێبەجێبوونی ماددەی 132 لە دەستووری عێراق كە بریتییە لەوەی دەوڵەت چاودێریی كەسوكاری شەهید و گیراوانی سیاسی و زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی دیكتاتۆر بكات، هەروەها قەرەبووی خێزان و خانەوادەی شەهید و بریندارانی كردە تیرۆرستییەكان بكاتەوە.»
كاندیدی سەركەوتوو، ئیخڵاس سەباح، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بە درێژایی ساڵانی رابردوو دانیشتووانی عێراق رووبەڕووی جەنگ و داگیركاری و زوڵم و ستەم بوونەتەوە، هاووڵاتیانی ناوچە كێشە لەسەرەكان لەم نەهامەتییانە پشكی شێریان بەركەوتووە، ئەویش بەهۆی تایبەتمەندی ناوچەكەیانەوە. لە هەر جەنگ و ململانێیەكدا زۆرترین قوربانییەكان ئافرەت و منداڵن، لە كاتێكدا دەستوور و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بە ژیانێكی شایستە دەكەن بۆ ئەو دوو توێژە كە ئافرەت و منداڵن.» سەبارت بە پڕۆژەكانی خۆیشی گوتی: «بەڵێن دەدەم كارەكانم تایبەت بكەم بۆ خزمەتی زیاتری ئافرەتان و منداڵان، بەتایبەت ئافرەت و منداڵی ناوچە جێ ناكۆكەكان، كاردەكەم بۆ خزمەتكردن و چاودێریكردنی ئافرەتە بێوەژنەكان، ئەویش بە پشتیوانی یاسا و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و رێكخراوەكان، بۆ بڕینەوەی مووچەیەك كە ژیان و گوزەرانیان بەڕێوە ببات، كاردەكەم بۆ كردنەوەی قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری و بەستنی كۆنگرە بە بەشداریكردنی زۆرترین رێژە لە خانمانی ئەو ناوچانە و بۆ دروستكردنی ئاشتەوایی، دیڕاسەكردنی دۆخی ئافرەتانی زیندانی و كردنەوەی بنكەی تایبەت بە چارەسەری دەروونی ئافرەتان و منداڵانی قوربانیی دەستی جەنگ، هەروەها بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ خانمان و گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەت و منداڵانەی كە تائێستا بۆ ناوچەكانیان نەگەڕێندراونەتەوە، كاری جددیش دەكەم بۆ خستنەڕووی پرسی ئێزیدییەكان لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆنفراسێك بە مەبەستی ئاوڕلێدانەوەیان، هەروەها كاردەكەم بۆ دروستكردنی پەیكەرێك بۆ ئافرەتانی ئێزیدی لە هەموو پارێزگاكانی عێراق، لەسەرووی هەموو ئەوانەوە كاردەكەم بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دانیشتووانەكەی لە ژیانێكی سەربەرز و شایستە بژین.»
كاندیدی سەركەوتوو هەدار زوبیر بارزانی، كاركردن بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەت و مناڵان بە ئەركی سەرەكیی خۆی دەزانێت و لە بارەی كار و بەرنامەی خۆیشیەوە دەڵێت: «ئەركی پیرۆزی سەرشانی ئێمەی كاندیدە دەرچووەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەتی ئافرەتان ئەوەیە كە كار بكەین بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ئافرەت و منداڵ، بەتایبەت ئەوانەی كە بە زەبر و زۆر و بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، لە شنگال، كەركووك، دوزخورماتوو، زوممار و هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانین هەر هیچ نەبێت كامێك لە ئێش و ئازارەكانیان كەم بكەینەوە.
راگەیاندنی جیهانی و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بە ئاشكرا ئاماژە بە یەكسانیی مافی هەردوو رەگەز دەكات، كە دەڵێت: هەموو مرۆڤێك بە ئازادی و یەكسانی لەدایك دەبێت و پێویستە ئازادی و كەرامەت و مافەكانی پارێزراو بێت. بۆیە ئێمەش لە رێگەی لێژنەی تایبەت بە مافی مرۆڤ و لێژنەی مافی ئافرەت و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانیان خۆشتر بكەین.
ئافرەت پێگەیەكی قایمی هەیە و دەتوانێ كاریگەری زۆری لە بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاری و تەنانەت ئایینی هەبێت، لە هەموو كات و ساتێكی ژیانیش رۆڵێكی گرینگ و سەرەكی هەبووە لە كاروبای ژیان و پەروەردەكردنی منداڵ و هەر كاتێك وڵات و نیشتمانەكەشی رووبەڕووی هەڕەشی دوژمن بووبێتەوە، شان بە شانی پیاو خەبات و بەرگری كردووە، هەمیشە و لە هەموو شەڕەكانیشدا زەرەرمەندی سەرەكی ئافرەت و منداڵ بووە، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا لە عێراقدا رێز لەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی ئافرەت نەگیراوە و وەك پێویستیش ئاوڕیان لە مندڵان و قوربانییانی شەڕ نەداوەتەوە.
لەكوردستانیش راستە یاسای تایبەت بە خێزان و ئافرەت و منداڵ هەیە، بەڵام زۆر بە كەمی جێبەجێ دەكرێت و زیاتر بووەتە مەرەكەبی سەر كاغەز، بۆیە ئومێد بە خوا ئێمە هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە و هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و دەبێت كاری جددیتر بكەین بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانی ئافرەتان، نابێت ئەوەش لە بیر بكرێت كە ئافرەت، دایكە، خۆشكە، هاوسەرە و نیوەی كۆمەڵگەیە و دەبێت رێز لە ئەركەكانی بگرین و مافەكانی بپارێزین.