یارییە فۆلكلۆرییەكان شەوانی رەمەزان گەرمتر دەكات

یارییە فۆلكلۆرییەكان شەوانی رەمەزان گەرمتر دەكات
مانگی رەمەزان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و جگە لە خواپەرستی و عیبادەت و رۆژووگرتن، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان لە دوای بەربانگ تا پارشێوان خەو لە چاویان دەتۆڕێ و زۆربەشیان بە سەردانی شوێنە گشتییەكان و یارییە فۆلكلۆرییەكان خۆیان سەرقاڵ دەكەن. لە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانیش لە شەوانی مانگی رەمەزاندا چەند شوێنێكی دیاریكراو بۆ یارییە كۆن و فۆلكلۆرییەكانی كوردەواری تەرخان دەكەن و بە یارییەكانی وەك سینی سینیانێ و كەڵەمستانێ و كڵاوێن و چەندین یاری دیكەی كۆن و فۆلكلۆر شەوانی رەمەزان بەسەر دەبەن. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زانیاری زیاتر دەخەنەڕوو.


د. حوسێن خان دەلۆ، مامۆستای زانكۆیە لە كۆلێژی ئاداب - بەشی مێژوو، لە بارەی یاریی سینی سینیانێ، یان (سینی و زەرف) و یارییە فۆلكلۆرییەكانی كوردەوەاری دەڵێت: «بەو پێدانگەی تێزی دكتۆراكەم تایبەت بوو بە لیوای سلێمانی و بە باری كۆمەڵایەتیی ئەو لیوایە و لە تێزی دكتۆراكەشمدا ئاماژەم بەو یارییە فۆلكلۆرییانە كردووە، هەرچەندە یاری سینی سینیانێ كەمتر لە سلێمانی دەكرێ و زیاتر لە شارەكانی هەولێر و كەركووك و خورماتوو لە شەوانی مانگی رەمەزان ئەنجام دەدرێ، ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵك لە رۆژانی رەمەزاندا جووڵەی كەمترە و شەوانیش كاتی زۆریان لەبەردەستە، بۆیە بۆ كات بەسەربردن و لەگەڵ سەردانی خزم و هاوڕێیان بە شەو ئەو یارییانە دەكەن، بەتایبەتی یاری سینی سینیانێ كە ئەو یارییە مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە و، دەتوانم بڵێم مێژووەكەی دیار نییە و زۆربەی یارییەكانیش پشتا و پشت هاتووە.» گوتیشی: «لە كوردستان و لە دەرەوەی شارەكان زیاتر یاری كڵاوكڵاوێنە و نۆڕسكێن و سێ رسكێن و بازبازێن و هەلوكێن و....ەتد دەكەن، چەند چایخانە و گازینۆیەك لەم شارانە تایبەتمەندن بە یاریی سینی سینیانێ و كەرەستەی یارییەكەش بریتین لە سینییەك و كۆمەڵێ فنجان كە لە مس، یان ئاسن دروستكراوە و لەناویاندا زارێك هەیە، ئەوەی بیدۆزێتەوە، دەچێتە دەستی ئەو بۆ شاردنەوەی، ئەو یارییە بۆخۆی دوو گێمە، ئەگەر لە دوو گێمدا بەرامبەر بوون، گێمی سێیەم دەست پێدەكات، ئەم یارییە تەنیا بۆ كات بەسەربردن و خۆشی و بەهێزكردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانە و شتێك نییە بچێتە بابی قوماركردن، دیارە مرۆڤیش هەندێك جار پێویستی بەوە هەیە پشووێك بە رۆحی بدات و لە دنیای سیاسەت و جەنجاڵی ژیان دووربكەوێتەوە و زاخاوێك بە مێشكی بدات.
فەرەیدون بێوار، توێژەری كۆمەڵایەتییە و هاوكات وەك كەسێكی شارەزا لە یارییە كۆن و فۆلكلۆرییەكانی كوردەواری دەڵێت: «یارییە كوردەوارییەكان هەر لە دێرزەمانەوە لەناو كورددا باو بووە و، وێڕای ئەوەی بۆ سەرگەرمی و كات بەسەر بردن پەنایان بۆ بردووە، لەهەمان كاتدا هۆكارێك بووە بۆ پتەوكردنی پێوەندییە كۆمەڵاییەتییەكان و هێوركردنەوەی رۆح لە شەكەتی و ماندووبوونی كاروبارەكانی رۆژ، چونكە زیاتر شەوانە بە دەستەجەمعی لە ماڵان، یان لە شوێنە گشتییەكانی وەك چایخانەكان یارییەكان ئەنجام دراون، كە زیاتر بریتین لە سینی سینیانێ و كڵاوكڵاوێنە و جۆرەكانی دۆمینەكردن و دامە و. هتد، هەڵبەت هەر تیرە و ناوچەیەكیش كۆمەڵێك یاریی تایبەت بەخۆیان هەیە.» گوتیشی: «بەهۆی پێشكەوتن و بەرفراوانبوونی شارەكان و لێك دووركەوتنەوەی خزمان و هاوڕێیان و هەروەها پەیدابوونی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و بەتایبەتی لاپتۆپ و مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و یارییە ئەلكترۆنییەكان، ئیدی جێگای یارییە كلاسیك و كوردەوارییەكانی گرتەوەو بەكارەێنەرانی كەم بوونەوە و ئەو گەرموگوڕی و شەونشینییەی جاران كەمتر بووە.» باسی ئەوەشی كرد كە «مانگی رەمەزان دەرفەتێكی گونجاوە و دیسانەوە یارییە كوردەوارییەكان سەرەهڵدەدەنەوەو جەماوەرو بەكارەێنەریان دەبێ، ئەوەش هەم بۆ كات بەسەر بردنەو هەم پێوەندییەكان گەرمتر دەكات، چونكە زۆربەی یارییەكان بە كۆمەڵن و ئەوەش شەونشینییەكان خۆشتر دەكات، بەڵام جیاواز لەجاران كە لەماڵان ئەنجام دەدرا و هەر شەوەی دەچوونە ماڵێ ئیدی بەدەم یاریكردنی پیاوانەوە، ژنەكانیش باوی و مێوژ و شەوچەرەیان ئامادە دەكرد، ئێستا یارییەكان لەدەرەوە لە پارك و كافتریا و شوێنە گشتییەكان ئەنجام دەدرێن، ئەوەش وەك وتم هەم جەوگۆڕینە، هەم كاتبەسەر بردن و هەم كۆبوونەوەی كۆمەڵێك هاوڕێ و دۆست و خزمە لە دەوری یەكتری و تۆخكردنەوەی پێوەندیییە كۆمەڵایەتی و رۆحییەكانە، جاران زیاتر گرەو لەسەر خواردن و خواردنەوە دەكرا، بۆ نموونە ساڵانی كۆن لایەنی دۆڕاو دەبا گیسكێك، یان قەل و كەڵەشێر بكوژێتەوە، بەڵام ئێستا زیاتر لەسەر پارەیە، هەشە بەس بۆ خۆشییە و گرەوی تێدا نییە.
عیماد رەفعەت، رۆژنامەنووسە و وەك شارەزایەك لە یاری سینی سینیانێ هێما بۆ ئەوە دەكات كە «سینی سینیانێ یارییەكی كۆنی هەولێرییەكانە و تەنانەت لەسەردەمی سوڵتان مزەفەریش ئەنجامدراوە، دواتر لە شارەكانی دیكەی كوردستان و هەموو عێراق بڵاوبۆتەوە، مەبەستیش تێیدا لەیەك نزیكبوونەوەی چین و توێژەكان و بەسەربردنی كاتێكی خۆش بووە.» گوتیشی: «ئەو یارییە لە هەولێر وەكو كەلتوورێكی لێەاتووە و ساڵانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزان یارییەكان زیندوو دەكرێنەوە، وەك چۆن ساڵانە یادی مەولوودی پێغەمبەر (د خ) دەكرێتەوە و هەولێرییەكان بەو یادكردنەوەیە ناوبانگیان دەركردووە، شەوانە پاش نوێژی تەڕاویح پیاوەكان لە شوێنێك كۆدەبنەوە، چەند گرووپ و تیپێك دروست دەكەن، خۆشی یارییەكە لەوەدایە هەموو چین و توێژەكان تێیدا بەشدار دەبن، بە تایبەت چینی كاسبكاران و پیشەوەران لە قەساب و دارتاش و سەرتاش و. هتد، لە كۆتایی یارییەكەدا تیپێك دەیباتەوە، ئەوەشی كە پێشتر لەسەری رێك كەوتوون، دەبێت تیپە دۆڕاوەكە دابینی بكات، تەنانەت لە لادێكانیش لە شەوانی رەمەزان لە دیوەخانەكان ئەو یارییە و زۆر یاریی كۆنی دیكە وەك كەرەمستانێ و كڵاو كڵاوێنە بۆ كات بەسەربردن دەكرێت و چێژی لێ دەبینن.»
ئاری نانەكەلی، وەك هاووڵاتییەكی بەشدار لە یارییە فۆلكلۆرییەكان دەڵێت: «یاریی سنی سنیانێ یارییەكی میللییە و لە كۆنەوە لە شاری هەولێر و كەركووك و پردێ و گوندەكانیش بەتایبەتی لە شەوانی مانگی رەمەزانی پیرۆز ئەو یارییە دەكرێ. واتە هەر لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان تیپەكانی تایبەت بە یاری سنی سنیانێ خۆیان ئامادە دەكەن، لە شەوانی رەمەزان تا پارشێو یاری دەكەن، لە زۆربەی شوێنە گشتییەكانیش ئەو یارییە بەڕێوەدەچێت، لە هەندێك شوێنیش یارییەكە بەشێوەی كردنەوەی خول لە نێوان چەندین تیپی ناوشار، واتە گەڕەكەكان بەڕێوە دەچێت، لە هەندێك شوێنیش تیپی شارەكان بەشدار دەبن و یارییەكە بەردەوام دەبێت، لە ئەنجامدا دوو تیپ لە كۆتایی مانگی رەمەزان بە ئامادە بوونی جەماوەرێكی زۆر بەدەم قسەی خۆش و گێڕانەوەی سەربوردە و بە سەرەات و گوتنی بەستە و حەیران و لاوك و گورانی یاری كۆتایی دەكەن و بە شێوەی ئاەهنگ مەراسیمەكە دەڕازێننەوە. ئەمەش بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و زیندووكردنەوەی ئەو یارییە میللییەیە، بەشداربووان و یاریكەرەكانیش زۆر دڵخوش دەكات. لە ئێستاشدا ئەو یارییە لە زۆر شوێن ئەنجام دەدرێت، گەنج و لاوانیش بەشدارن، ئیمەش سەردانیان دەكەین و هەندێك جار یاریشیان لەگەڵ دەكەین، ئەو جۆرە یارییە شارەزایی لە رێكخستنی جۆری یارییەكە و كردنەوەی خول و یاریزانی تەواو شارەزای دەوێت.» گوتیشی: «لە هەولێر یاریزانی زۆر شارەزا هەن كە هەم لە شاردنەوە و هەم لە هەڵەێنان پسپۆڕیی تەواویان هەیە، جار جارە تیپەكانی هەولێر دەچنە كەركووك و پردێ بەشداری یارییەكان دەكەن، هەروەها تیپەكانی ئەو شارانەش دێنە هەولێر و میوانداری دەكرێن، بردنەوەش لەسەر كاس و میدالیا و هەندێك جاریش لەسەر شیرینی و میوانداری و خواردنی پارشێوە.»
Top