رێبوار رەمەزان بارزانی بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان بۆ گوڵان: بارزانییەكان دووچاری جۆرەها ئەشكەنجە و ئازار بوونەوە لە سەروەختی ئەنفالكردنیاندا

رێبوار رەمەزان بارزانی  بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان بۆ گوڵان:  بارزانییەكان دووچاری جۆرەها ئەشكەنجە و ئازار بوونەوە لە سەروەختی ئەنفالكردنیاندا
ئاشكرایە تاوانەكانی رژێمی بەعس دەرهەق بە خەڵكی كوردستان زۆرن و نكۆڵیش لەوە ناكرێت كە هەندێ لەو تاوانانە برینی هێندە قووڵ و بە سوێیان جێهێشتووە كە هەرگیز سارێژ نەبن، وەك ئەنفالی بارزانییەكان، كە تێیدا ئەو خەڵكە سەربەرزە تووشی چەندەها نەهامەتی و دەردەسەری و ئێش و ئازاری لە ڕادەبەدەر بوونەوە. ئەنفالی بارزانییەكانیش لە (30/7/1983) و بە قوربانییبونی ژمارەیەك لە كەسایەتی و شێخانی بارزان دەستی پێكرد. لەم ڕووەوە، ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، بەڕێوبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی بارزان، زانیاری زیاتر بۆ خوێنەرانی گوڵان دەخاتەڕو:

بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان بەمجۆرە شیکاری بۆ قۆناغەكانی ئەنفالی بارزان دهکات:
قۆناغی یەكەم: لە بەرواری (30/7/1983) ژمارەیەك لە كەسایەتی و هەندێك لە شێخانی بارزان جینۆسایدكران.
قۆناغی دووەم: لە(31/7/1983) لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی قوشتەپە بەناوی (قودس و قادسیە) ژمارەیەكی زۆری بارزانییەكان لە رەگەزی نێر زیندەبەچاڵ كراون.
قۆناغی سێیەم: لە(10/8/1983) نێرینەی بارزانییەكانی ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا و حەریرو بەحركە و گۆڕەتوو...) كۆمەڵكوژ كراون.
قۆناغی چوارەم: لە(1/10/1983) ئەم جارەیان زۆر چڕتر لە جارەكانی تر ماڵ بە ماڵ زۆر بەوردی گەڕان، هەرچی نێرینەی بارزانی مابوون، دەستگیركران و پاشان كۆمەڵكۆژكران.
هەندێك سەرچاوە ماوەی نێوان ساڵانی (1983 تاكۆ 1991) بە قۆناغی پێنجەمی جینۆسایدی بارزانییەكان ناودەبەن، بەڵام من لەگەڵ ئەو رایەدا نیم، چونكە لەم ماوەیەدا ژمارەیكی یەكجار كەم لە پیاوی بارزانی مابوون و رزگاریان ببوو لە شاڵاوی جینۆسایدی بارزانییەكان، ئەمانیش هەر زوو خۆیان گەیاندە ناوچە قەدەغەكراوەكانی سەر سنووری نێوان توركیا و ئێران و دەڤەری بارزانی قەدەغەكراو، لە شاخ و ئەشكەوتەكانی ئەم دەڤەرەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ رۆیشتن و ئاوارە بوون، چەند حاڵەتێكی دەستگیركردنی تاكە كەسی لەم ماوەیەدا هەبوو، بەڵام ئەمە قۆناغی جینۆسایدی بارزانییەكان نەبوو، بەڵكۆ پرۆسەی ئازاردانی كەسوكاری بەجێماوی جینۆسایدی بارزانییەكان بوو لە دوای جینۆسایدكردنی پیاوە بارزانییەكان.
لێرەدا ئاماژە بە جۆر و شێوازی ئەشكەنجەدانی كەسوكاری بارزانییەكان دەكەین لە دوای جینۆسایدی پیاوەكانیان كە بریتین لە:
1- ئەشكەنجەدانی ئابووری:
رژێمی بەعسی دیكتاتۆری لە ناوچوو دەستیكرد بە بڕینی هەرچی خزمەتگوزاری هەیە لە رووی ئابوورییەوە، وەكو ( بڕینی ئەو بەشە ئازوقەیەی مانگانە حوكمەتی عێراق پێشكەش بە هاووڵاتیانی عێراقی دەكرد، هەروەها رێگەگرتن لەو كەسانەی كە ئازوقە و شتومەك بە بارزانییەكان دەفرۆشن، یاخۆد هاوكارییان دەكەن بە هەر جۆر و شێوازێك بێت، رێگەگرتن لەو ئافرەتە بارزانییانەی كە دەیانویست كرێكاری بكەن و بچن بۆ كاركردن و بژێوی رۆژانەیان دابین بكەن.
2- ئەشكەنجەدانی تەندروستی:
داخستنی دەرگای نەخۆشخانەكان بە سەر بارزانییە بە جێماوەكان و قەدەغەكردنی هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی وەكو كوتانی منداڵان و ئافرەتان و هەموو خزمەتگوزاری تر... هەروەها ئەو ئافرەتانەی لە ساڵی یەكەمی دوای جینۆسایدكردنی پیاوەكان دووگیان بوون، بە ناچاری لە سەر دەستی چەند ئافرەتێكی شارەزا و مامان بە بێ پێداویستی تەندروستی لە سوچی هۆبەیەكی ئۆردوگا زۆرەملێیەكەدا منداڵیان دەبوو، ئەمە جگە لە بڕینی ئاو و دەرهێنانی بۆڕیە ئاوییەكان بۆ ئەوەی دانیشتووان بە هیچ شێوەیەك سوودی لێ نەبینن، بەمەش ناچار خەڵكەكە لە كارێزێكی دوور بە تەنەكە ئاویان دەهێنا، كە ئەم ئاوەش لە رووی تەندروستییەوە هیچ پشكنینی بۆ نەكرابوو، هەم هیچ ئامێرێكی پاڵاوتنی بۆ دانەنرابوو.
3- ئەشكەنجەدانی پەروەردەیی:
داخستنی دەرگای قوتابخانەكان بە سەر منداڵ و كەسوكاری بارزانییە جینۆسایدكراوەكان و رێگەكرتن لە هەموو خولێكی هۆشیاری رۆشنبیری و پەروەردەیی و هیتر...
4- ئەشكەنجەدانی جەستەیی:
ئەشكەنجەدان پیشەی رۆژانە پیاوانی بەعس و پۆلیسی جینۆسایدی بوو كە بە بێ حورمەتانە هەڵیان دەكوتایە سەر ئۆردوگایەكان و بێ رێزی و بێ حورمەتییان بە ئافرەت و منداڵەكان دەكرد و رۆژانە ئەشكەنجەیان دەدان و هەروەها ئافرەتەكانیان دەبردە بنكەی ئەمن و بە بیانووی ئەوەی كەسوكاریان لە وڵاتی ئێرانن، ئافرەتەكانیان لە زیندانەكانی (ئەمن)دا ئازار و ئەشكەنجە دەدا.
5- ئەشكەنجەدانی كۆمەڵایەتی:
بەمەش ئاو و كارەبا و هەموو خزمەتگوزاریەكان لە بارزانییەكان قەدەغەكران و ئۆردوگایەكان وەك زیندانێك بوو بۆ ئەم ئافرەت و منداڵانە كە بۆیان نەبوو بچنە دەرەوە لەم ئۆردوگایانە و سەردانی ئۆردوگایەكانی تر بكەن و كەلوپەل و شتومەك بكڕن و هەروەها جەژنەكانی وەكو نەورۆز و هیتریان لێ قەدەغەكرا و تەنانەت ئەگەر كەسێك لەم ئافرت و منداڵانە بمردایە، كەس نەبوو بە هانایانەوە بچێت و بە ناچاری ئافرەتان گۆڕیان لێ دەدا و مردووەكانیان دەشووشت و دەیانناشتن.
لەم ماوەیەدا هەرچی شایی و گۆڤەند و خۆشی هەبوو بارزانییەكان لێ بێبەشكران.
6- ئەشكەنجەدانی بایۆلۆژی:
دوای دەستگیركردنی پیاوە بارزانییەكان و لەناوبردنی هێزی بەرهەمێنەری مرۆیی كە پیاوەكان بوون، ئافرەتەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لەم ئۆردوگایانەدا بەبێ پیاو مان، منداڵبوون و وەچەخستنەوە لەم ساتەوە وەستێنرا، هیچ گەنجێكی بارزانیش نەمابوو كە هاوسەرگیری بكات و منداڵیان هەبێت، چونكە گەنجەكانیش هەموویان جینۆساید كرابوون.
7- ئەشكەنجەدانی دیمۆگرافی:
شێواندنی رەگ و رەچەڵەكی بارزان و ئامار و سەرژمێرییەكان ئامانجێكی سەرەكی رژێمی بەعس بوو لە پرۆسەی جینۆسایدی بارزانییەكاندا بەمەش لە دوای جینۆسایدكردنی پیاوە بارزانییەكان بۆ ماوەیەكی زۆر هیچ منداڵێكی بارزانی لە دایك نەبوو. بە نموونە لە ساڵی 1984 بەدواوە (چونكە لە كاتی جینۆسایدی بارزانییەكان چەندین ئافرەت دووگیان بوون دوای چەند مانگێك منداڵیان پەیدابوو تەنانەت هەندێكیان رێكەوتی لە دایكبوونیان گەیشتە مانگی 5 ساڵی 1984) بەڵام لەم رێكەوتە بەدواوە تا ساڵی 1991 هیچ بارزانییەك لە ئۆردوگاكان لە دایك نەبووە و نەك لە ئۆردوگایەكان، بەڵكو لە سەرانسەری كوردستان، چونكە ئەو بارزانییانەی بەر پرۆسەی جینۆساید نەكەوتبوون، ئەوانیش لە ئاوارەیی وڵاتانی درواسێ (ئێران و توركیا) بوون، دوای راپەڕین بە بەردەوامی ئاوارەكان گەڕانەوە و هەندێك لە میرمنداڵە بارزانییەكان هاوسەرگیرییان كرد. بەمەش ناسنامەی هیچ بارزانییەك ساڵەكانی لە دایكبوونیان (1985، 1986، 1987، 1988، 1989، 1990) نییە.
8- ئەشكەنجەدانی دەروونی:
مەترسیی پیاوانی رژێمی بەعس و ئەو زوڵم و زۆردارییەی بەرامبەر بە ئافرەت و منداڵەكان دەكرا لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكاندا چەندین ئاسەواری دەروونی بەسەر كەسوكاری بارزانییە جینۆسایدكراوەكان بەجێ هێشت، ئەمە جگە لە لەدەستدانی خۆشەویستانیان و ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی لە پیاوانی نەفس نزمی بەعس هەیانبوون، شەوانە چەندین ئافرەت لە خانوویەكدا كۆدەبوونەوە و پاسەوانییان لە خۆیان دەگرت. ترس باڵی بەسەر ئەم ئۆردوگایانەدا تەنیبوو، ئۆردوگایەك هەموو شتێكی لێ قەدەغە كرابوو، بە پیاوەكانیشیانەوە، ئۆردوگاكان ببوونە مەملەكەتی ئافرەتان، ترسی ئەوەیان هەبوو چارەنووسیان هەمان چارەنووسی پیاوەكانیان بێ، ترس لە بێدەنگی و چۆڵیی ئەم ئۆردوگایانە، ترس لە شاردنەوەی مردووەكانیان ترس لە لێدانی گۆڕ بۆ رۆڵەكانیان، ترس لە نەبوونی ئاو و خۆراك و پارە و پێداویستیی رۆژانەیان و... هتد.
ئەمانە و سەدان جۆر و شێوازی تری ئەشكەنجە بەرامبەر بە ئافرەت و منداڵە بەجێماوەكان ئەنجام دەدرا لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكاندا لەداوی پرۆسەی جینۆسایدی بارزانییەكان.
وەك دەردەكەوێت لە مەسەلەی ئافرەت و منداڵدا، لایەنی كەم بەشێكیان كۆكوژ نەكراون. بەڵام ئەوانیش ژمارەیەكی زۆر كەمن.
- ژمارەیەك لەو لێدوانانەی لە لایەن ئەوكەسانەی رزگاریان بووە بۆ بڕیاردەری تایبەت ئامادەكراوە دەربارەی ئەم مەسەلانەن:
أ. قوربانییانی منداڵ كە بە بێ دەرمان و خۆراك بەجێ دەهێڵدران تادەمردن.
ب. ئافرەتی هەرزەكار دەڕفێندران، وەك كۆیلە دەفرۆشران...
ج. تۆقاندن بە شێوەیەكی سیستماتیكی پیادە دەكرا.
Top