ھاووڵاتیان بە گەرمی پێشوازی لە رۆژی جلی کوردی دەکەن

ھاووڵاتیان بە گەرمی پێشوازی لە رۆژی جلی کوردی دەکەن
نزیکبوونەوەی نەورۆز و ھاتنی وەرزی بەھار، وادەکات رەنگاوڕەنگیی سرووشتی کوردستان و جوانیی جلی کوردی ئاوێتەی یەکتر ببن. بۆیە لە دوای ئەوەی کە رۆژی ١٠ـی مانگی ئاداری ھەموو ساڵێک، وەک رۆژی جلی کوردی دەستنیشان کراوە، زۆربەی ھاووڵاتیان بە گەرمی پێشوازی لەو رۆژە دەکەن و جلوبەرگی نوێی کوردی بۆ خۆیان دابین دەکەن و لەو رۆژەدا تەنانەت لە شوێنی کار و دەوامیی فەرمیدا جلوبەرگی کوردی دەپۆشن، ئەمساڵیش سەرەڕای قەیرانی ئابووری و کەمبوونی داەاتی خێزانەکان، بە گەرمی پێشوازی لە رۆژی جلی کوردی دەکرێت، ھاووڵاتییەک جەخت لەوە دەکاتەوە کە قەیرانی ئابووری تێدەپەڕێ و ئەو ھێزەی نییە کورد لە کەلتوور و شوناسی نەتەوەیی خۆی داببڕێت، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لە بارەی رۆژی جلی کوردی را وسەرنجی خۆیان دەردەبڕن.

ھەرچەندە جلی کوردی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و تا راددەیەک گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووەو لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەک و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە شێوازەکەی دەگۆڕێت و مۆدەی نوێیان پێ زیاد کراوە، بەڵام مۆرکی رەسەنی خۆی ون نەکردووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی یاد و بۆنەکانی ئادار و نەورۆزیش زۆربەی ھاووڵاتیان دەیانەوێ بە پۆشینی جلی کوردییەوە دەربکەون. بەتایبەتی کە رۆژی ١٠ـی مانگی ئاداری ھەموو ساڵێک، وەک رۆژی جلی کوردی دەستنیشان کراوە، بۆیە بایەخێکی زۆر بەو رۆژە دەدەن.
نەریمان عوسمان، دانیشتووی ھەولێرە و کاری دروومانی جلوبەرگی کوردی دەکات، لە بارەی رۆژی جلی کوردیش دەڵێت: «خەڵکێکی زۆر روویان لە دوورینی جلوبەرگی کوردی بۆ رۆژی جلی کوردی کردووە، ھاووڵاتی ھەیە جلی خۆی ھێناوە و داوای ئەوە دەکات بۆ منداڵەکەی بچووکی بکەینەوە، چونکە داەات و مووچەی خەڵک زۆر کەم بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش گرنگییەکی تەواو بە رۆژی جلی کوردی و پێشوازی لە نەورۆز دەدەن».
دڵۆڤان ئەحمەد، دووکانی کوتاڵفرۆشی ھەیە و باسی ئەوە دەکات کە فرۆشی ئەمساڵی بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمی کردووە. دڵۆڤان یەکێکە لەو ھەزاران ھاووڵاتییەی کە بە بایەخەوە سەیری شوناس و کەلتووری کوردی دەکەن، ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بەڕاستی کورد یەکێکە لەو نەتەوە دلێرانە کە سەرەڕای ئەوەی ھەمیشە ھەوڵی سڕینەوەی خۆی و زمان و جلوبەرگی دراوە، بەڵام ھەموو ھێماکانی نەتەوەیی خۆی پاراستووە».
سەربەست محەمەد گەنجێکی خەڵکی کەرکووکە و لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەگەڵ خانەوادەی ھاتووەتە ھەولێر و لە گەڕەکی سەری بڵند نیشتەجێ بوون. ئەو گەنجە دوای ئەوەی نەفرەت لە ھۆکارەکانی ئاوارەبوون و جێەێشتنی زێدی خۆی دەکات، بە دڵێکی خەمبارەوە دەڵێت: «بـــۆ کـــەرکـــووکییەکان ھەموو رۆژێک رۆژی جلی کوردییە، کوردی ئەو شارەش دەیان جار لە سەر کوردایەتی دەربەدەر کراون، غەدری ئەمجارەش ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە، چونکە لەسەر دەستی کوردی خۆمان ئاوارە بووینەوە.» گوتیشی: «ئاوارەیی و قەیرانی ئابووری تێدەپەڕێ و ھیچ ھێزێک نییە بتوانێ کورد لە کەلتوور و شوناسی نەتەوەیی خۆی داببڕێت».
رەجەب حاجی رەجەب کادیری پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پۆشینی جلی کوردی و دەستنیشانکردنی رۆژێک بۆ جلی کوردی تاچەند خزمەت بە دۆزی نەتەوەییمان دەکات؟ دەڵێت: «کەلتوور و کەلەپوور و زمان، سێ بابەتی ھەرە بەرچاوی ھەر نەتەوەیەکن، کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زور دەوڵەمەندە لەم بوارەدا، جلی کوردیش یەکێک لە نیشانەکانی رەسەنییەتی نەتەوەی کوردە کە جورەەا لیباسی جوانی پیاوانە و خانمانەی تێدایە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان کە ھەر کامەیان جوانیی و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە.» گوتیشی: «زۆر جار خەڵکانێک کە بۆ گەشتوگوزار روو لە کوردستان دەکەن، جلی کوردی لەبەر دەکەن و وێنەی یادگاری پێ دەگرن، ھەروەھا جێگای خوشحاڵییە کە وەفدە دیپلوماسی و سیاسییەکان زۆر جار کە سەردانی کوردستان دەکەن، شانازی بە کەلتووری کوردەوە دەکەن و تەنانەت ھەندێکیان جلی کوردی لەبەر دەکەن».
رەجەب حاجی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە «زۆر گرنگە پۆشینی جلی کوردی رۆژیکی تایبەتی بۆ دەستنیشان کراوە.» ھاوکات دەڵێت: «بۆ ئەوەی ھەرگیز رەسەنییەتی خۆمان فەرامۆش نەکەین، دەتوانین لانیکەم لە ساڵێکدا ئەگەر بۆ رۆژێکیش بووە، جلی رەسەنی خۆمان لەبەر بکەین و کەلتووری خۆمان زیندوو رابگرین.» گوتیشی: «جلوبەرگی کوردی وەک زمانی کوردی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەییمانەو پێویستە لە پۆشینی جلی رەسەنی خۆمان بەردەوام بین و ھەرگیز لە بیری نەکەین، منیش شانازی بە کوردبوونی خوم و جلوبەرگی رەسەنی کوردەواری دەکەم».

پاوان کۆیی، توێژەری دەروونییە و سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات کە «پۆشینی جلوبەرگی کوردی ھەستی نەتەوەیی و بیری خۆشەویستیی نیشتمان و گەلەکەمان زیاتر دەکات.» ھاوکات دەڵێت: «ەەموو گەلێک بە کەلتوور و فەرەەنگ و زمانیەوە دەناسرێت و لە گەل و نەتەوەیەکی دی جیا دەکرێتەوە، ئێمەش گەلێکین کە پێویستە لەسەر ھەموو تاکێکمان کەلتوور و جلەکانمان بپارێزین، بەتایبەتی کە کۆنترین گەلین، جلەکانمان لە باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و ھەتا ئێستا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ھەزار ساڵە پاراستوومانە، ئیمەش گەلێکین چەندین جار لەسەر جلەکانمان و لەسەر بوونمان وەک گەلی کورد، چەوساوینەتەوە و زیندەبەچاڵ کراوین، بۆیە دەبێ وەک چیاکان راوەستین و بیسەلمێنین کە گەلێکین جڵەوی خۆمان نادەین بە دەست ھیچ ناحەزێکەوە و شانازی بە کەلتووری خۆمانەوە دەکەین».

عیزەدین شەمسەدین، بەرپرسی (رێکخراوی دارەتوو)ە و باسی ئەوە دەکات کە «ھەر میللەتێکی زیندووی دنیا گرنگییەکی زۆر تایبەتیی بە کەلتووری نەتەوە و وڵاتەکەی خۆی داوە، بۆ ئەوەی نەوە لە دوای نەوە بەو کەلتوورە ئاشنا بن، میللەتی کوردیش یەکێکە لەو میللەتانەی کە کەلتوورێکی دەوڵەومەندی ھەیە و لە ھەر ناوچەیەکی کوردستانیشدا جلوبەرگی تایبەت بە خۆی لەبەر دەکرێت و زۆر جار بە سەیرکردنی جلەکە دەزانرێت کە خەڵکی چ دەڤەرێکە». جـــەخـــتی لـــــەوەش کـــــــردەوە کــــە «ئـــەوەی رۆژێــک وەک رۆژی جلی کوردی دەستنیشان کراوە، کارێکی شیاو و شایستەیە و پێویستە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەکەمان ھەمیشە ئەم بۆنەیە زیندوو بکەینەوە». گوتیشی: «زۆر بەداخەوە پۆشینی جلی کوردی زۆر کەم بووە و ئێستا تەنیا لە بۆنە و یادەکان لەبەر دەکرێت، ئەوەش شتێکی باش نییە و ھەق وایە ھەوڵ بدەین، نەک تەنیا بۆ رۆژێک، بەڵکوو ھەمیشە جلی کوردی بپۆشین، بەوەش خزمەتی کەلتووری خۆمان دەکەین و دەتوانین زیاتر بیپارێزین».
Top