٨ مارس زنجیرە شۆرشێک لە ئازایەتی ئافرتانی جیھان . . . . نووسینی: نەشمیڵ ئاکرەیی

٨ مارس زنجیرە شۆرشێک لە ئازایەتی ئافرتانی جیھان . . . .              نووسینی: نەشمیڵ ئاکرەیی
شۆرشێکی گەورەی جیھانی لە کۆتاییەکانی چەرخی نۆزدەھەمەوە لە لایەن ئافرەتانی سەرانسەری جیھان ھەڵگیرسا ، کە یەکەمین راپەڕین لە ھەشتی ئاداری سالی ١٨٥٧ بوو کە لە لایەن ئافرەتە کرێکارەکانی کارگەی رستن و چنین لە شاری نیویورک لە ئەمریکا بەرێوە چوووە ، ئەم خۆ پێشاندانە بۆ دەستخستنی مافە مرۆڤایەتیەکان وەک کاتژمێری زیادەی کارکردن لە بەرامبەر موچەیەکی زۆر کەم سەرەڕای نەبوونی ھیچ مەرجێکی تەندروستی و پاراستن لەو کارگەیانەی کە کاریان تیا دەکرد ، ئافرەتە کرێکارەکان داوای زیاد کردنی موچەکەیان دەکرد و کەمکردنەوەی کاتژمێرە زیادەکانی کارکردن کە زیاتر لە دەیان کاتژمێر بوو و ساخکردنەوەی ھەڵومەرجە سەخت و نەشیاوەکانی کارکردن لە کارگەکاندا.
ھەروەھا نەبوونی سیستەمی پاراستنی گیانی کرێکارە بێدەسەلات و بێچارەکان لەناو کارگەکاندا کە زۆر جار بەھۆی نەبوونی ئەم مەرجە تەندروستییانە کرێکارەکان گیانیان ھەمیشە لەمەترسی نەخۆشی کوشندە وەکو سیل ( تدرن )بوو کە بەھۆیەوە گیانیان لەدەست دەدایە یان رووبەروی رودانی کارەساتی مەترسیدار دەبوونەوە.
ئەم خۆپێشاندانە رووبەرووی توندوتیژی پۆلیسی ئەمریکا بووە و بە لێدان و گرتنی ژنە کرێکارەکان و سەرکوتکردنیان دێتە وەڵام دانەوە.
سەرەڕای کۆسپ و بەربەستە سەختەکانی دەسەڵاتی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم جۆرە داواکاریانە دیسان لە ھەڵومەرجێکی تر لە سالی ١٩٠٧ خۆپێشاندانی ئافرەتان دیسان سەری ھەڵدایەوە ئەمجارە زۆر لە جاری یەکە بەر فراوانتر و گەورەتر بەدەرکەوت بەمشێوەیە بووە کە ئافرەتانی رۆشەنبیر و رێژەیەکی زۆری پیاوان ھاتنە ناو رێزی ئەم راپەرینەیا کە پێک ھاتبوون لە گشت ئاست و چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگای ئەوکاتی ئەمریکا لەگەڵ ژنە کرێکارەکان رژانە سەر شەقامەکانی نیویورک لەمەڕ ستاندنی ماف و داواکاریەکانی ژنە کرێکارەکان خۆپێشاندانیان گەورەتر دەکرد و پشتگیری ئافرەتە کرێکارەکانیان دەکرد . ھەرچەندە ئەم خۆپێشاندانەش رووبەرووی توندوتیژی پۆلیس بووە بەڵام ئەم بزاوە بەردەوام بوو بە دروشمی ( مافی دەنگدان بۆ ژن ) بەم شێوەیە خۆپێشاندەرەکان لە ٢٣ شوباتی سالی ١٩٠٩ پێشنیاریان کرد ھەر ساڵ خۆپێشاندانی سەرانسەری لە ئەمریکا لەم رۆژەدا بەرێوە بچێت ، لە سالی ١٩١٠ لە دانیمارک کونفرانسی دووھەمی ئافرەتانی سۆسیالیست بە سەر کردایەتی کلارا زکتین ھەشتی ئادار بۆ رۆژی ژن پێشنیار کرا و لە لایەن کۆنفرانسەکەوە پەسەند کرا ، کە لە پێشتردا ئافرەتە نەمساوییەکان یەکی مانگی ئۆکتۆبەریان بۆ ئەم مەبەستە ھەڵبژاردبوو.
ھەروەھا ئافرەتانی ئەلمانیا نۆزدەی ئاداریان دەست نیشان کردبوو. بەڵام بە ھۆی تایبەت و سیاسی ئەم پێشنیارانە دواخران. لە پاش ئەم بریارەی کۆنفرانس سەبارەت بە دانانی رۆژی جیھانی ئافرەتان ئینتەرناسیونالی دوویەم پشتیوانی ئەم بڕیارەی کرد و یەکەمجار بوو کە ھەشتی ئادار بە فەرمی ناسێندرا.
لە نۆزدەی ئاداری سالی ١٩١١ شەقامەکانی ئەڵمانیا ، نەمسا ، سویسرا و دەنیمارک بە دروشمی ژنان دەھاتە لەرزین کە ژمارەی ئافرەتانی خۆپێشاندەر نزیکەی ٣٠ ھەزار کەس دەبوو ، ھێزی پۆلیس ھێرشیان بردە سەر خۆپێشاندەرەکان و توندوتیژییان بەکارھێنا و بەگرتن و لێدان کەوتنە گیانی خۆپێشاندەرەکان. لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا لە ئاگر بەربوونێکی گەورەی کارگەیەک کە ژنان کاریان تێدا دەکرد لە شاری نیویورک کە بە ھۆی نەبوونی سیستەمی پاراستن و خراپی ھەڵومەرجی کار کردن لەم کارگەیەدا ١٤٩ ئافرەتی کرێکار بە یەکەوە سوتان و بوونە قوربانی.
ئەم کارەساتە جەرگبڕە بووە ھۆی بەر فراوانتربوونی رێزی خۆپێشاندەرانی ھەشتی ئادار و سال لە دوای ساڵ زیاتر و زیاتر دەبوو . کە لە سالی ١٩١٩ رێکخراوی نێودەوڵەتی ژنان ھەشتی ئاداری بە ھۆی ئەم ململانی و پێداگیری ئافرەتە کرێکارەکان لە ئەمریکا بە رۆژی جیھانی ژنان چەسپاند و ھەر لەم ساڵەیا ئافرەتانی زەحمەتکێش و ئافرەتانی روشەنبیری شۆرشگێر لە سۆڤیەتی پێشوو و لە سەرانسەری رۆژئاوا ھەشتی ئاداریان بە خۆپێشاندان بەرێوە دەبرد.
لە کاتی جەنگی جیھانی یەکەم لە رۆژئاوا کە ناوەراستی جەنگەکە بوو ئافرەتانی شۆرشگێر دیسانەکە لە بزاوی خۆپێشاندانەکانی ھەشتی ئادار لە ساڵەکانی ١٩١٥ ١٩١٦ لە ژێر دروشمێکی ناوەندگیر کە ھەڵیان گرت کە لەبەرامبەر شەری ئەمپریالیستی راوەستن.
ھەروەھا لە سالی ١٩١٧ خۆپێشاندانی ئافرەتانی کرێکار لە شاری ( پتروسگراد ) لە روسیا بۆ کۆتای ھێنان بە برسیەتی و شەر و بەرز بوونەوەی رێژەی گرانی و داخستنی کارگەکان و دەرکردنی کرێکارەکان سەری ھەڵدەدات، کرێکارەکانی ئەم شارە بە مانگگرتنی گشتی پشتگیری ئەم خۆپێشاندانەیان کرد.
ھاوکات لە ھەشتی ئاداری سالی ١٩١٧ بە رۆژێکی گرنگ و ھەردەم زیندوو لە مێژووی شۆرشی روسیا چەسپێندرا و لە سالی ١٩٢١ لە کۆنفرانسی سێیەممی ئافرەتانی ئینترناسیونال لە مۆسکۆ ھەشتی ئادار وەکو رۆژی جیھانی ژنان ناسێندرا و لە ناوەراستی سالی ١٩٣٠ کە دیسان جیھان بەرەو ئاراستەی شەرێکی تر دەچوو خۆ پێشاندانی ئافرەتان لە ولاتانی لە ژێر کۆنترۆلی دەسەلاتی فاشیست بە نەیاسای راگەیندرا. بەڵام سەرەڕای ئەم قەدەغەکردن و کۆسپ و تەگەرانە کە دەخرانە بەردەم خەلکی سڤیل و بە تایبەت کرێکارە ھەژارەکان لە ھەشتی ئاداری سالی ١٩٣٦ ئافرەتانی بەرلین خۆپێشاندانیان ساز کرد و ھەر لەم رۆژەدا لە ئیسپانیای فاشست زیاتر لە ٣٠ ھەزار ئافرەتی کۆمنیست لە مەدرید بە دروشمی ئازادی و پێکھاتن خۆ پێشاندانیان ساز کرد . دوای جەنگی جیھانی دووەم لە چین ھەنگاوی گەورە لە ماوەیەکی کورت ھەڵینران بۆ دەست خستنی ماف و ئازادی ژنان . ھەمدیسان لە دەیەکانی ساڵی شێستەکاندا لە کیشوەرەکانی ئاسیا ، ئەمریکا ، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بزاوی ئازادی ژنان زەق بوون . لە ولاتانی سەرمایەدار و پێشکەوتوو بزاڤ و ململانەکانی شۆرشگێری و پێشکەوتنخواز زۆر بەدیارکەوت.
Top