چالاكانی مەدەنی كوشتنی ئافرەت و خۆبەخاوەن نەكردنی تەرمەكەی لەلایەن كەسوكاریەوە ئیدانە دەكەن

چالاكانی مەدەنی كوشتنی ئافرەت و خۆبەخاوەن نەكردنی تەرمەكەی لەلایەن كەسوكاریەوە ئیدانە دەكەن
هێشتا لەكوردستان كوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەف و بیانووی جۆراوجۆر بەردەوامەو تا ئێستاش چەندین كەس كە تۆمەتبارن بەو كوشتنانە دەستگیر نەكراون. ئامارەكانی كوشتنی كچان و ژنان لە ساڵی 2017 كە نووسینگەكانی نەەێشتنی تاوان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تۆماریان كردووە، ئاشكرای دەكات كە لە ساڵی رابردوو 50 ئافرەت كوژراون. بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دادی هەرێمی كوردستانیش لە ساڵی 2017 تا ئێستا 12 تەرمی نەناسراو و بێ خاوەن لە پزیشكی دادی ماونەتەوە، بەپێی یاساش دوای سێ مانگ تەرمەكان دەدرێنە شارەوانی و بەخاك دەسپێردرێن. چالاكانی مەدەنیش كوشتنی ئافرەت و خۆ بەخاوەن نەكردنی تەرمەكەی لەلایەن كەسوكاریەوە ئیدانە دەكەن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان هەڵسەنگاندنی ئەو دیاردەیە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

جگە لە حاڵەتەكانی كوشتنی ئافرەتان، خۆ بەخاوەن نەكردنی تەرمەكەی لەلایەن كەسوكاریەوە بووەتە شتێكی باو، كە نموونەی بەرچاویان ئەوە بوو كە لە ماوەی رابردوودا ئافرەتێك لە پاركی دایك لەلایەن باوكیەوە كوژرا، كە كەسوكارەكەی ئامادە نەبوون تەرمەكەی وەربگرنەوە، هەروەها هەڕەشەیان لەەەر كەسێك دەكرد كە تەرمەكە وەربگرێت و بینێژێت. بەڵام رێكخراوەكانی ئافرەتان لە سلێمانی بۆ ماوەیەكی زۆر لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەت لە هەماهەنگیدا بوون بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەكە و ناشتنی كە پاش ٢٤ رۆژ توانییان تەرمەكە بنێژن.
فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئۆفیسی ئەوروپای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، كوشتنی ئافرەت و تیرۆركردنی بە هەر بیانوویەك بە «كارێكی قێزەونی دوور لە هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی» ناو دەبات. هاوكات دەڵێت: «ئافرەت واتە میهرەبانی و سۆزی دایكایەتی و خۆبەختكردن لە پێناوی خێزان و لە هەمووشی گرنكتر كۆلەكەی بنیادنانی كۆمەڵگەیە، ئایا ئەمە وا ناكات تاك و كۆمەڵگە لانیكەم رێز لە كەسایەتی ئافرەت بگرن؟ بەداخەوە هێشتا تێڕوانینی تاك و كۆمەڵگەی ئێمە بۆ خەسڵەتە پیرۆزەكان و تواناكانی ئافرەت لە تەسكیدایە و زۆر لەسەرخۆ گەشەدەكات، بەڵكو پێشكەوتنی ئافرەت بووەتە ترسێك بۆ زۆر كەس. بە بۆچوونی من بیرۆكەی كوشتنی ئافرەت دەرئەنجامی شكستی متمانەی پیاوە بە خودی خۆی. لە زۆربەی حاڵەتەكان بكوژەكە كە نێرەو خۆی بە(پیاو) دەزانێت، نازانێت بەو تاوانە گەورەیەی، پیاوەتی و جوامێریی نامێنێ و مێژوویەكی رەش بۆ خۆی دەنووسێتەوە.» گوتیشی: «فڕێدانی تەرمی ئافرەت و نەبوونە ساحێبی نیشانەی نەبوونی ویژدان و بێڕبێزی و كەسایەتییە نەخۆشەكەی خێزان و بنەماڵەی ئافرەتەكەیە، ئەگەر خێزان جەستەی ئافرەت بە شەرەفی خۆی دادەنێ، ئەوا بە كوشتن و فڕێدانی جەستەی ئافرەتەكە و وەرنەگرتنەوەی تەرمەكەی خۆیان هەتكی شەرەفەكەی خۆیان دەكەن.» ئەوەشی خستەڕوو كە لەو حاڵەتانەدا شارەوانی ناچار دەبێت، خۆی لە گۆڕستانێكی دوورەدەست تەرمەكە بشارێتەوە، بەڵام دەبێت سزا هەبێت بۆ بەرپرسی خێزانەكە لەوەرنەگرتنەوەی تەرمەكە، گوتیشی: «داواكارم و هیوادارم رۆژی ناشتنی تەرمی ئافرەتی كوژراو و فڕێدراو لەلایەن شارەوانییەوە، شارەوانی هەموو رێكخراوەكانی ئافرەتان ئاگادار بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم تەرمە بێنازە لە كەرنەڤاڵێك بشاردرێتەوە كە شایانی پیرۆزیی ئافرەت بێت و ببێتە سیمبولی خۆشەویستی بۆ هەموو ئافرەتێك، چونكە خۆشەویستی سەروەری ژیان و بناغەی پێكەوەژیانی مرۆڤایەتییە.»
دیمەن محەمەد بەڕێوەبەری گشتی چاكسازیی ئافرەتان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كوشتنی ئافرەت لە دێرزەمانەوە لە كۆی كومەڵگەی نەریتی بە كومەڵگەی كوردیشەوە لە ژێر ناوی كڕینەوەی شەرەف هەر هەبووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و روژگار بەردەوام بووە و لە حاڵەت بووە بە دیاردە. بە حوكمی ئەوەی ئەو كومەڵگەیانە، كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاری بوون و تا ئیستاش هەر بەو شیوەیە ماونەتەوە، هەر بۆیە هەموو كاتێك ماف بە پیاو دراوە، شەرەفی خێزانەكەی بە زەوتكردنی ماف و ئازادییەكانی ئافرەت بپاریزێت، هەروەك بینیومانە كە چەندین ئافرەت بوونەتە قوربانیی دەستی هەڵەیەك كە روویداوە. هەرچەندە دەتوانین بڵێین لە رۆژگاری ئێستادا ئەو دیاردەیە كاڵبوونەوەیەكی بە خۆوە بینیوە، بەڵام تا ئێستاش لێرەو لەوێ گوێبیستی كوشتنی ئافرەت لە ژێر پاساوی شەرەف دەبین. جێگەی داخە زۆربەی كوشتنەكان بە نەێنی دەكرێن و كاتێكیش ئاشكرا دەبێت، كەسوكاری ئافرەتەكە نكۆڵی لە وەرگرتنەوە و ناشتنی تەرمەكەی دەكەن، بۆیە ناچار شارەوانی هەڵدەستێ بە ناشتنی، وەك دەزانرێ ئەگەر بەڵگە لەسەر كوشتنی ئافرەتەكە نەبێت، یاسا ناتوانێ رێوشوێنی خۆی بەرامبەر تاوانەكە بگرێتەبەر.»
بەڕێوەبەری گشتی چاكسازیی ئافرەتان رایوایە «لە پێناو بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی كۆڕو كۆبوونەوەكان بێنە مەیدان و بە كردار كار لەسەر ئەو كێشەیە بكەن بۆ ئەوەی دەست لە ناو دەست كار لەسەر كەمكردنەو بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە بكرێت، بەتایبەت ئەو رێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی كە تایبەتمەندن بە بواری ئافرەت، دەبێت زۆر بە جددی و مەیدانییانە كار بكەن بو ئەوەی چیتر ئافرەت بە ناوی شەرەفەوە نەبێتە قوربانی، چونكە مەرج نییە هەڵەیەك ببێتە هۆی لە ناوبردنی ژیانی مرۆڤێك كە لە وانەیە بێ تاوانیش بێت، ئەویش بەوەی بپرژێنە نێو كوچە و كوڵانەكان و شان بە شانی پیاوانی ئایینی و دەزگاكانی راگەیاندن و كەسانی خاوەن بڕیاری نێو كۆمەڵگە، هەوڵی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بدەن و هەماهەنگیەك دروست بكەن لەگەڵ بنكەكانی تەندروستی و نەخۆشخانەكان و بنكەكانی پۆلیس بۆ ئەوەی لە كاتی بوونی حاڵەتێكی لەناكاوی لەو شێوەیە دەم و دەست رێكاری یاسایی بگیرێتەبەر و هەوڵی نەهێشتنی ئەو دیاردەیە بدرێت، چونكە ئەو كەسانەی لە كۆڕ و كۆبوونە و سیمینارەكان بەشدارن، كەسانێكن خویان بە پارێزەری ئافرەت دەزانن. ئەوكات روئیای كۆمەڵگەش سەبارەت بە هەوڵی رێكخراوەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.»
د. چەواس حەسەن مامۆستا لە كۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەلاحەددین، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت:»بە رای من رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پتر رۆڵ دەبینن بۆ بەرگری لەمافەكانی ئافرەت و رێگریكردن لە تاوانی لەو چەشنە. بەڵام دەشكرێت رێكخراوەكان لەو كاتەدا بەشداری بكەن بۆ سازدانی مەراسیمی شایستە بە شاردنەوەی قوربانییەكە، وەك رێزلێنانێك بۆ قوربانییەكەو ئیدانەكردنی قێزەوەنی كوشتنی ئافرەتان.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا بە رای ئێوە دیاردەی ژنكوژی بە چ رێگەیەك كەم دەبێتەوە؟ گوتی: «ئەوە پتر پەیوەندی بەوە هەیە كە مرۆڤ لەم مەملەكەتەدا چۆن سەیری مرۆڤ دەكات و بەهای مرۆڤ لەلای مرۆڤ چەندە؟ دیاردەی ژن كوشتن سەرجەم بەهاو تێڕوانین و بیروباوەڕەكانمان دەخاتە ژێر ئەو پرسیارەی كە ئێمە تەنیا لە وەهمی مرۆڤدۆستیداین، نەك بە راستی و راستەقینەیی هەڵگری بەهای مرۆڤدۆستی بین..چونكە ئەوە تەنیا ژنكوژ نییە كە حەز دەكات ژن و خوشك و كچی خۆی بكوژێت، بەڵكو بەشێكی هۆكار و پاڵنەری ژن كوشتن پەیوەستە بە كۆمەڵگەوە كە لەلایەك نامووسپەرستی لە مرۆڤدۆستی بە گەورەتر داناوە، لەلایەكی تریش كۆمەڵگەكەمان سەرزەنشت و مامەڵە و سزایەكی توندی مەسەلەكانی نامووس دەدات، واتە ناڕاستەوخۆ خەڵاتی نامووسپەرست و ژن كوژ دەكات، بۆیە تاك دەكەوێـتە دووڕیانی هەڵبژاردنی مرۆڤدۆستی و نامووسپەرستی و لەوەشەوە زۆربەی تاكەكان نامووسپەرستی هەڵدەبژێرن، چونكە ئەوە بۆ ئەوان باشترە وەك لە مرۆڤدۆستی. بۆیە وەك رێگاچارەی سەرەكی بۆ بنبڕكردنی ژنكوژی دەبێت بەهاكانی مرۆڤدۆستی پەرە پێ بدەین و زاڵیان بكەین بە سەر بەهاكانی نامووسپەرستیدا.»
لە لای خۆیەوە موقەدەمی مافپەروەر ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی هەولێر تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «بەداخەوە كوشتنی ژنان بەردەوامە، بەڵام خۆشبەختانە تادێت رێژەكەی كەمتر دەبێتەوە و ئەوەش مایەی دڵخۆشییە.» گوتیشی: «حاڵەتی وا هەیە كە كەسوكاری نادیارن، یان ئامادە نین تەرمەكە وەربگرنەوە، لەو كاتەدا شارەوانی بە هاوكاری فەرمانگەی پزیشكی دادی تەرمەكە دەشارنەوە، لە هەولێر حاڵەتی وامان نەبووە، بەڵام لە سنووری سلێمانی كەیسی وا هەبووە و رێكخراوەكانی ئافرەتان لە رێورەسمێكدا هەستاون بە ناشتنی، سەبارەت بە حالەتی ئەم دواییەی شاری كۆیە ئافرەتێكی چالاكی مەدەنی پەیوەندی پێوەكردین و داوای رێوشوێنی وەرگرتنەوەی تەرمەكەی لێ كردین بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكان بینێژن، ئەوكات ئەگەر كەسوكارەكەی ئامادە نەبوون، تەرمەكە وەربگرنەوە، دەكرێ رێكخراوەكان بە نووسراوێك لە دادگا داوای وەرگرتنەوەی بكەن و رێوشوێنی یاسایی جێبەجێ بكەن. ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان جیەهتێكی جێبەجێكارین بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی كێشەكان، بەڵام لە پێناو پاراستنی شكۆی ئافرەت ئامادەی هەموو هاوكارییەكین هەر رێكخراوێك پەیوەندیمان پێوە بكات بەپێی توانا و دەسەڵات كارئاسانییان بۆ دەكەین و هاوكاریان دەبین.
Top