هۆكارەكانی شكستهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری و رێکارەکانی چارەسەر له روانگەی هاووڵاتیانەوه

هۆكارەكانی شكستهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری و رێکارەکانی چارەسەر له روانگەی هاووڵاتیانەوه

هۆكارەكانی شكستەێنانی
پرۆسەی هاوسەرگیری و رێكارەكانی چارەسەر لە روانگەی هاووڵاتیانەوە

جیابوونەوەی هاوسەران گرفتێكی ئاڵۆز و مەترسیداری كۆمەڵایەتییە كە لە زۆربەی كۆمەڵگەكان بە رێژەی جیاواز بوونی هەیە، لەوەش مەترسیدارتر لە بەرامبەر هەڵكشانی رێژەی جیابوونەوە، كەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیرییە كە باری ئابووری لەو بوارەدا رۆڵی سەرەكی هەیە. بەپێی ئامارەكان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری بەردەوام كەمی كردووە و تەڵاق و جیابوونەوەش لە هەڵكشاندا بووە. ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە ئامارێكیدا ئاشكرای كردووە كە لە ماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگدا، واتە لە 1/1/2010 تاوەكو 30/6/2017 لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان، 331 هەزار و 540 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆماركراون، لە بەرامبەریشدا 46 هەزار و 488 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە روویداوە. كۆمەڵناسان گرفتی ئابووری و قەیرانی كۆمەڵایەتی و هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری پێشوەختە بە هۆكاری سەرەكیی ئەم پرسە دادەنێن، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەش هۆكارەكانی شكستەێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری و رێكارەكانی چارەسەری لە روانگەی خۆیانەوە بۆ گوڵان دەخەنەڕوو.

سەرەتا چالاكی مافناس كەژاڵ هۆرمزیار ئاماژە بەوە دەكات كە «زۆرینەی كەیسەكانی جیابوونەوەی هاوسەران كە لە ناو دادگاكانی كوردستان تۆمار كراون، بە هۆی بێ ئاگایی و ناوشیاری و نەبوونی بەرپرسیارتی لەلایەن هەر دوو رەگەزەوە بووە، بۆیە زۆر گرنگە پێش هاوسەرگیری هەردوو لایان خۆیان وشیار بكەن و چەندین كتێب بخوێننەوەو بەشداری خولی فێركاری دەربارەی خێزانداری بكەن، تاكو تووشی شكست نەبن، كە ئەگەر خاوەن منداڵ بن، ئەوا قوربانیی سەرەكی هەر منداڵەكە دەبێت.» گوتیشی: «چۆنیەتی پەروەردەی منداڵ لە ناو خێزان و خوێندنگە، راستەوخۆ كاریگەرییان لە سەر دروستبوونی كەسایەتی تاك هەیە، بۆیە پێویستە خێزان و حكومەتیش پلانی خۆیان بۆ هەموو قۆناخەكانی پەروەردەیی هەبێت.»
شاخەوان خالید - مافپەروەر و شارەزا لە بواری یاسا، سەبارەت بە هۆكارەكانی شكستهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەهەرێمی كوردستان دەڵێت: «یەكێك لە دیاردە نەخوازراوەكانی ئەم سەردەمە كە وەكو نەخۆشییەك لە نێو كۆمەڵگەكەمان تەشەنەی كردووە، دیاردەی تەڵاقە، هۆكاری زیادبوونی دیاردەی تەڵاقیش گەلێك زۆرن، هەندێكی پەیوەندی بە خراپی باری ئابووریی هەرێمی كوردستان بەگشتی و باری دارایی تاكەكان هەیە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی كە قەیرانی ئابووری گەیشتە لوتكە و زۆرێك لە خێزانەكان بەهۆی نەبووی دارایی گونجاو بۆ باروگوزەرانیان دوچاری كێشەوگرفت هاتن و لەئاكامدا لێكترازان روویدا و لەم نێوەندەشدا منداڵ زەرەرمەندی یەكەمە لە جیابوونەوەی باوان. بەشێكی دیكەی هۆكاری تەڵاق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی تەكنۆلۆژیای ئایتی بە خۆیەوە بینیویە لەبواری سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت و بەشێك لەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە بوونە هۆكاری خیانەت و هەندێكیش پەیوەندی بەوەوە هەیە بەهۆی خۆخەریككردن بەم تۆڕەكۆمەڵایەتییانە ژن و مێرد زۆر لەیەكتری دووركەوتوونەتەوە، سەرەنجامی ئەو دووركەوتنەوەیەش ساردبوونەوەو كەمبوونەوەی سۆز و خۆشەویستیی نێوان ژن و مێردی لێدەكەوێتەوە، كە رەنگە جیابوونەوەشی لێ بكەوێتەوە، هەروەها لەیەك تێنەگەیشتن و نەبوونی سازان لەنێوان ژن و مێرد وادەكات، كاتێ كێشەیەك دێتە پێش بە عەقڵ و مەنتق و زیرەكانە بۆ كێشەكان ناچن و زۆر جار دەبێتە هۆكاری جیابوونەوە، هەروەها هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی زۆر گرنگە، زۆربەی جار پیاوەكە بەرپرسیاریەتییەكان بەتەواوی هەڵناگرێ و خۆی لێدەدزێتەوە، یان ئافرەتەكە هیچ بەرپرسیاریەتییەك ناخاتە ئەستۆی سەرەنجام كێشە دروست دەبن و تەڵاقی لێدەكەوێتەوە، خاڵیكی دی لەهۆكارەكان، دروستكردنی پەیوەندی دەرەكی و ناشەرعییە لەلایەن پیاو و ئافرەتەكەوە كە سەرەنجام ئاشكرا دەبێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ جیابوونەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو هۆكارانەش دەبێت كچان و كوڕان بەر لههاوسەرگیری وشیارییان لا دروست بكرێ و ئەرك و ماف و بەرپرسیارییەتەكانی هاوسەرداری و خێزانداری بزانن، ئینجا بچن هاوسەرگیری بكەن، ئەگەر نا دیاردەی جیابوونەوەی هاوسەران نەك هەروا دەمێنێت، بەڵكو رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەبێت.»
رەحمان عەلی پسپۆڕی بواری كۆمەڵایەتییە و هێما بۆ ئەوە دەكات كە «زۆرجار لە كۆمەڵگەی كوردیدا گرێبەستی هاوسەرگیری لە قۆناغێكی یەكجار زووی تەمەن ئەنجام دەدرێت، كە هەردوولا شارەزاییەكی ئەوتۆیان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە نییە.» هاوكات دەڵێت: «تاكی ئێمە فێر نەبووە لە ئاست ئەركەكانیدا خۆی بە بەرپرسیار بزانێت، جگە لەوەی رەنگە لایەنە سێكسییەكە زیاتر زاڵ بێ بەسەریاندا و دوای ماوەیەكی كەم لەیەكتر تێر دەبن، ئەوكات كێشەكان دەردەكەون، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا خێزان نیمچە هەڵوەشانەوەیەكی بە بەردا كراوە، چونكە تەكنەلۆژیا باڵی بەسەر خێزانەكاندا كێشاوە و خێزان ناتوانێ بە ئەركەكەی خۆی هەڵبستێ و ئەوەی لەسەریەتی ئەنجامی بدات، واتا هاوسەرەكان ئەوەندەی سەرقاڵی تەكنەلۆژیان ئەوەندە ئاگاداری ژیانی هاوسەری نین و بە مەرج و بەڵێنەكانیان پابەندنابن، لەم نێوەندەدا ناپاكی هاوسەری سەرهەڵدەدات، لە كۆمەڵگەی ئێمەشدا بەهۆی چەندین هۆكارەوە پیاوان زیاتر ناپاكی لە ژنەكانیان دەكەن، ئاشكرایە بۆ ئەوە هاوسەرگیری دەكرێت تاوەكو بەیەكەوە ژیان هەبێت بۆ ئەوەی كۆمەڵگە بەردەوامی هەبێت، بەڵام بەداخەوە بەشێكی زۆری هاوسەران لە تەنگەژەیەكی گەورەی دەروونی، ئابووری و كۆمەڵایەتی ژیان بەسەر دەبەن، دواجار جیابوونەوە بە فریادڕەسی خۆیان دەزانن و منداڵەكانیان پەرتەوازە دەكەن، ئەگەرچی بەشێكی هاوسەران بەهۆی كەسوكار و دابونەریت و عورفی كۆمەڵایەتی درێژە بە ژیان دەدەن.
بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگدا، واتە لە 1/1/2010 تاوەكو 30/6/2017 لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان، 331 هەزار و 540 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆماركراون، لە بەرامبەریشدا 46 هەزار و 488 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە روویداوە. زۆربەی حاڵەتەكانی جیابوونەوەش لەنێو ئەو هاوژینانەدا بووە كە تەمەنیان لە نێوان 15 تاوەكو 30 ساڵاندا بووە.
دوای هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی و دەرچوواندنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، هێنانی زیاتر لە ژنێك زۆر سنووردار كراوە، بەڵام بەپێی ئامارەكەی ئەنجومەنی دادوەری لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو 910 كەس بە یاسایی ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەمیان هێناوە. هەر لەو ماوەیەدا 22 هەزار و 873 مارەبڕینی دەرەكیش لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، بەشێك لەو مارەبڕینە دەرەكییانە هێنانی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم بووە. ئەو گرێبەستانە لە دادگاكانی شارەكانی عێراق و ناوچە كێشە لەسەرەكان تۆماركراون و دواتر لەلایەن دادگاكانی كوردستانەوە پەسەندكراون.
بەپێی ئامارەكەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگی یەكەمی 2017دا، 331 هەزار و 450 گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، واتە رۆژانە 121 خێزانی نوێ لە كوردستان پێكدهەێنرێ.
بەپێی ئامارەكە لەو ماوەیەدا زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاكانی سنووری پارێزگای هەولێر تۆماركراون كە 128 هەزار و 644 گرێبەست بووە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی 93 هەزار و 878 گرێبەست و لە پارێزگای دەۆكیش 82 هەزار و 747 گرێبەست تۆماركراون. كەمترین گرێبەستیش لە دادگاكانی كەركووك/ گەرمیان بووە كە 26 هەزار و 281 گرێبەست بووە.
لە ئامارەكانی حەوت ساڵی ئەنجوومەنی دادوەریدا ئاماژە بە مارەبڕینی دەرەكیش كراوە كە 22 هەزار و 873 حاڵەت بووە، واتە ئەو مارەبڕینانە لە دەرەوەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، دواتر لە هەرێمی كوردستان پەسەندكراون.
بە گوێرەی ئامارەكە زۆرترین مارەبڕینی دەرەكی لە سنووری هەولێر تۆماركراوە كە 9 هەزار و 508 حاڵەت بووە، پارێزگای دەۆك بە 6 هەزار و 187 حاڵەت و پارێزگای سلێمانی بە 5 هەزار و 867 حاڵەت بە پلەی دووەم و سێیەم دێن، كەمترین مارەبرینی دەرەكیش لە كەركوك/گەرمیان بووە كە تەنیا هەزار و 311 حاڵەت بووە.
ئامارەكەی ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بە ژمارەی ئەو كەسانەش داوە كە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ژنێكیان هێناوە. بەپێی ئامارەكە لە ساڵی 2010 تاوەكو 2016، 891 پیاو لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان رێگەیان پێدراوە ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەم بەێنن. بەپێی ئامارەكە لەو جۆرە ژنەێنانەدا پشكی شێر بەر پارێزگای سلێمانی كەوتووە كە 336 پیاو ژنی دووەمیان هێناوە، دوای ئەویش هەولێر بە 278 حاڵەت و كەركووك/ گەرمیان بە 204 حاڵەت و دەۆك بە 92 حاڵەت بە پلەی دووەم و سێیەم و چوارەم دێن.
هەر بەپێی داتاكانی ئەنجومەنی دادوەری لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا، 19 گرێبەستی هێنانی ژنی دووەم لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون. هەرچی پەیوەندیدارە بەتەڵاق و جیابوونەوە، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو و شەش مانگی یەكەمی 2017 دا بە گشتی 46 هەزار و 488 حاڵەت تۆماركراوە، زۆربەی حاڵەتەكانی تەڵاق و جیابوونەوە لە پارێزگای هەولێر بووە كە 18 هەزار و 881 حاڵەت بووە، بەڵام دەۆك كەمترین حاڵەتی تۆمار كردووە كە 8 هەزار و 488 حاڵەت بووە. لە پارێزگای سلێمانی 17 هەزار و 75 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆماركراوە. لە دادگاكانی كەركووك/گەرمیانیش سێ هەزار و 55 حاڵەت تۆماركراون.

Top