خانمان لە ساڵی رابردوو تاچەند كاریان بۆ باشتركردنی رەوشی مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی كردووە؟

خانمان لە ساڵی رابردوو تاچەند كاریان بۆ باشتركردنی رەوشی مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی كردووە؟
رەوشی مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی پرۆسەیەکی گشتگیره و سەرلەبەری وڵاتانی جیهان (به رێژەی جیاواز) گیرۆدەی ئەو گرفته کۆمەڵایەتییەن و ئافرەتانیش دەسەوەستان نەبوون و بەردەوام بۆ دەستەبەری مافەکانیان خەباتیان کردووه، له هەرێمی کوردستانیش وەرچەرخانێکی بەرچاو له خەباتی مەدەنی و بەشداریی بهرچاوی خانمان له بواری سیاسهت و کهرتهکانی گشتی و رێکخراوهکانی ناحکوومیدا بهدی دهکرێت، بهڵام رێژهی توندوتیژی بهرامبهر به ئافرهتان و پێشێلکردنی مافهکانیان، له ئاستێکی وادایه که چالاکانی بواری مافی ئافرهت به نیگهرانییهوه لێی دهڕوانن، ساڵانهش لهو بوارهدا چالاکیی جۆراوجۆریان ههیه. بهشداربووانی ئهم راپۆرتهی گوڵان وهڵامی ئهم پرسیارد دهدهنهوه: خانمان لە ساڵی رابردوو تاچەند كاریان بۆ باشتركردنی رهوشی مافهکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی كردووە؟

سهرهتا كاڵێ فەقێ وسو ئەندامی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی، ئاماژه بهوه دهکات که «دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، كێشەیەكی بەرفراوانی جیهانییە و پێویستی بە شۆڕشێكی سپی و جیهانی و ههمەلایەنە هەیە. نەهێشتنی توندوتیژی پێویستی بە فۆرمێكی نەرمی كۆمەڵایەتی هەیە و بێگومان دەبێ تواناكانی بۆ بخرێتەگەڕ. توندوتیژی دژی ژنان ساڵههای ساڵە وەكو ئازارێكی قووڵ بە جەستەی كۆمەڵگەوە دیارە. پێش هەوڵەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەتایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توندوتیژی و ئازاردانی ئافرەتان بە بیانوو و پاساوی جۆراۆجۆر وەكو پرسێكی ڕوالەتی لێهاتبوو، بەڵام دوای هەوڵ و كۆششەكان و بەدواداچوونەكان و دەركردنی كۆمەڵێك رێنمایی و یاسا و رێسا ئەو دیاردەیە بەرەو لاوازی دەچێت.» گوتیشی: «لەبەر ئەوەی ژنان زیاتر رووبەڕووی ئازار و ئەشكەنجە بوونەتەوە و دەبن، لە قووڵیی برین و زامەكانیشیان باشتر تێگەیشتوون. كۆمەڵێك خانم لەژێر ناو و سێبەری جۆراوجۆری رێكخراوەكان، یان گرووپەكانی فشار دروست بوون كە بەردەوام هەوڵ دەدەن ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكەن و رێگری لە توندوتیژی بگرن. هەرچەند رۆڵ و كاریگەری و تێكۆشانەكانی خانمان بۆ ئەو مەبەستە بەشێوەیەكی گشتی جێی تەقدیر و دەستخۆشییە، بەڵام لە ئاست چاوەڕوانی و تمووحەكانیش نییە، بۆیە هێشتا كار و بەرنامە و هەوڵی زۆر ماون كە دەبێ كاریان بۆ بكرێت.»
كاڵێ فەقێ وسو، بەشێوەیەكی گشتی و لە زۆر بوار و وێستگەكانی ژیاندا ساڵی 2017 به ساڵێكی پڕ كێشە و ئازاری کۆمهڵایهتی و سیاسی ناو دهبات و رایوایه كێشە گەورەكانی وڵات فاكتەرێكیش دهبن بۆ بهرزبوونهوهی رێژهی توندوتیژی دژی ئافرەتان، جهختیش لهوه دهکاتهوه که «به هۆی قهیرانی ئابووری و سیاسی و ناکۆکیی ناوخۆیی ساڵی رابردوو کارێکی ئهوتۆ بۆ نههێشتنی توندوتیژی خێزانی نهکراوه.»
چالاكی مەدەنی گوڵاڵە پشدەری سهبارهت به ههمان پرس دهڵێت: «بە دڵنیاییهوه لەسەر پرسی توندوتیژی لە كوردستان كار زۆر كراوە، ههم له لایهن حكومەت و ههم لە لایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لە ساڵی رابردووش (٢٠١٧)دا بۆ كەمكردنە و پێشگیریكردن له توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان کار کراوه، بەڵام باشتر وایە بپرسین چی باشە بكرێ؟» ههر له وهڵامی پرسیارهکهی خۆیدا دهڵێت: «بۆ ئهوهی باشتر پێشگیری بكرێت لەو ئاریشە كۆمەڵایەتییە، بە بڕوای من دهبێت هەڵمەتێكی مەیدانی و هەمەلایەنەی بۆ بکرێت و حكومەت سوود له هێزی كارا و كاریگەری ناو كۆمەڵگەی خۆمان وەربگرێت، ئەڵبەتە كە ئهو كارەش بە بودجە دەكرێ و بێ تێچوون نابێ، هەمووانیش دەزانین بەداخەوە لە ئێستادا كوردستان بناغەی دارایی به ئاستێک لاواز بووە، كە ناتوانی هەستێ بە ئەركەكانی بە شێوەیەكی پوخت و پێویست. ئینجا نە تەنیا ئەو پەستانە كاریگەری لەسەر حكومەت كردووە بۆ سستبوونی کار و بهرنامهکانی، بەڵكو كاریگەری زۆریشی خستۆتە سەر خەڵك بەگشتی، خودی ئەو ئاریشەیەش مایەی بەرپابوونی زۆربەی توندوتیژییەكانە كە گوشار و پەستان دەخاتە سەریان. بۆیه حكومەت پێویستە ئەركەكانی خۆی به ههوڵی و هیمەتی زیاتر جێبهجێ بکات و سهبارهت به رهوشی ژنانیش زۆر گرینگه بایهخی زیاتر به یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزانەكان و یاسای باری كەسی بدات .هەروەها پێویسته رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، مزگەوتەكان، پەروەردە و میدیاکان بە هەماهەنگیی تهواو هۆشیاری تایبەت به پێگه و مافهکانی ئافرهت بڵاو بكەنەوە و لەسەر بابەتی گرنگی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی و رێز و بەخشین و وەرگرتن بە ئافرەت و لە ئافرەت. کاری جددیتر بکهن و پێویستە كار لە سەر هەردوو ڕەگەزیش بكرێ، ههتا ئەنجامێكی باشتر و دڵخوازتری ههبێت.» گوتیشی: «توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان پرسێكی نوێ نییە و لە دروست بوونی دنیاوه تا ئێستا هەبوووە و هەیە، بهڵام لە ژینگەیەك تا ژینگەیەكی تر و جۆری سیستمی پەروەردە و ئاستی چۆنیەتی و كوالیتی هۆشیاری گشتی و هۆشیاری تایبەت لەسەر مافەكانی ژنان و یاسان جیاوازە و ئەو بابەتە لە كەسێكیشەو تاكو كەسێكی دیکهش جیاوازە لە هەمان ژینگەدا. بۆیه دهبێت رێگری له تەواوی حاڵەتەكانی جۆراوجۆری توندوتیژی بکرێت، وەكو: كوشتن، خۆكوشتن، خۆسووتاندن و سووتاندنی ئافرەتان توندوتیژی سێكسی، و زۆرێكیش لە چەمكەكانی تر كە ناخرێنەڕوو و كەم باسی لێوە دەكرێت، وهک توندوتیژی دەروونی كە لەدەرەوەی بابەتەكدا خەڵك تەنیا لێدان و سووتان و كوشتن بە توندوتیژی و تاوان دەزانن، لە حاڵێكدا توندوتیژی دەروونی بارێكی گرانە. ساڵی پار به هۆی قهیرانهکان کاری کهم کراوه و هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی کارکردنی زیاتر بۆ مسۆگهرکردنی مافهکانی ژنان بێت.»
مامۆستای زانكۆ دكتۆر حسێن ئیسماعیل خان دەلۆ، سهرهتا هێما بۆ ئهوه دهکات که «ئافرەتی كورد لە مێژووی دوور و نزیکدا بەدەست دابونەریتەكانی كۆمەڵگهوە ناڵاندوویەتی و رووبەڕووی جورەها توندوتیژی بووەتەوە، بەڵام لە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، بەهۆی دەركەوتن و هاتنەپێشەوەیان لە تەواوی بوار و كایە كۆمەڵایەتی و رێكخراوەیی و رۆشنبیرییەكان و ...هتد، پێگهی باشتریان ههبووه، سەرباری ئەوەش بوونی هەندێك دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی و شێڵتەر و شوێنی تایبەتمەند بۆ داڵدهدان و كەمكردنەوەی توندوتیژی دژ بە رەگەزی مێینە، وای كردووه كە بەشێك لە تەلەیسمی ئەو كۆت و بەندانە تێك بشكێ، كە بۆ لە قاڵبدان و چەوساندنەوەیان ئامبازی ئافرەتانی كورد دەبوونەوە.» ههر لهو باهیهوه زیاتر دهڵێت: «ئەگەر دیقەت بدەین، دهبینین بارودۆخ و رەوشی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە چەند قۆناغێكی هەستیار و ناسرووشتیدا تێپەڕیوە، چونكە هەرێمی كوردستان خۆی لە جۆرەها قەیران و ئاستەنگدا بینیوەتەوە، ئەمەش وای كردووە، نەتوانێ كارنامە و هەنگاوەكانی بۆ تەواوی بوارەكانی یەكسانی و چاكسازی و دادپەروەرییە كۆمەڵایەتیەكانی بهاوێژێت، هاوشێوەی ئەو پرهنسیپانەی كە خواستی رەوتی گەشەكردنی كۆمەڵایەتی بووه. لەلایەك شەڕی داعش كە هەڕەشەیەكی گەورە بوو بۆ تاریك كردن و كۆژانەوەی رووناكی لە كوردستان كە بەشێكی زۆری توانا مرۆیی و ئابوورییەكانی كوردستانی لووش كرد، هاوكات ئافرەتانی رووبەڕووی توندوتیژیەكی بێ وێنەی لە مێژووی ناوچەكەدا كردەوە كە تاكو چەند دەیەی دیکه كاریگەری و شوێنەواری لە هەناوی سایكۆلۆژی و دەروونی كۆمەڵگهی كوردیدا دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە ناوچەی شنگاڵ و دەوروبەری، له لایەكی دیكەوە قەیرانە دارایی و ئابووریەكانی كوردستان كۆمەڵگهی كوردی راپێچی گۆشەگیركردن لە گەشە و نەشونما كرد و وای كرد پرۆسەی هاوسەنگی و خانە و جیانەتەكانی تەكانی بەرەو پێشكەوتنی كۆمەڵگهی كوردی تێك بشكێنێ و پێشگیری لە هزر و ئاوەزی یەكسانیخوازی بكات. لەگەڵ هەموو ئەو لەمپەر و بەربەستانەش هەن، هێشتا رەرەوەی ئەو بەرهوپێش چوونە بە تەواوی نەوەستاوە و ئاسۆیەكی روون بەدی دەكرێت لە ئایندەدا ئەو دیاردانە بەرەو كەمبوونەوە بچن و هەوڵ و تەقەلاكانی بۆ لە ناوچوون و بنبڕكردنی توندوتیژی كاردانەوەیان هەبێت.»
Top