چالاكانی مەدەنی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ رووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان هەیە

چالاكانی مەدەنی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ  رووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان هەیە
شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاتنی بەلێشاوی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەناخواز بۆ هەرێمی كوردستان و هاوكات بڕینی مووچە و بودجەی كوردستان لەلایەن بەغداوە، حكومەتی هەرێمی تووشی قەیرانێكی گەورەی ئابووری كرد، لەگەڵ ئەوەشدا رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە كەركووك و ناوچە كوردستانییە رزگاركراوەكانی دەرەوەی هەرێم، بارگرانیی قەیرانەكەی قەبەتر كرد، سەرەڕای ئەوەش چەند كەسی ناسیاسی و لایەن و حزبی سیاسی سواری شەپۆلەكە بوون و خەڵكیان هان دا، لە دەڤەری پارێزگای سلێمانی بێنە سەرشەقام و تەنانەت پەلاماری دامودەزگا حكوومی و حزبییەكان بدەن و تاڵانی بكەن و بیسووتێنن. ئەگەرچی خۆپیشاندانی مەدەنییانە و دەربڕینی ناڕەزایەتی، مافی ئاسایی و یاسایی هەر تاكێكە، بەڵام بەكارەێنانی چەك و زەبر و زەنگ، دەچێتە خانەی یاخیبوون و سەركێشی بۆ كاری تێكدەرانەو ئەنجامدانی تاوان، لەم راپۆرتەشدا چالاكانی مەدەنی روانگەی خۆیان لە بارەی ئەو دۆخە بۆ گوڵان دەخەنەڕوو.
سەرەتا حەسیبە سەعید وەك چالاكی مەدەنی و مامۆستایەكی دانیشتووی شاری سۆران هێما بۆ ئەوە دەكات كە «خۆپێشاندان مافێكی رەوای ھەر تاكێكە لەپێناو خستنەڕووی بابەتێك، یان داواكردنی مافێك كە پێیوایە ئەو مافەی لەلایەن دەسەڵاتداران، یان حكومەتەوە لێی زەوت كراوە. هاووڵاتیان لە هەموو جیەان ئەم رێگایە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەگرنەبەر، هەروەها ھەڵبژاردن و خۆپێشاندان دوو كۆڵەكەی بەھێزی دیموكراسین و لە زۆربەی وڵاتانی جیەان پەیڕەو دەكرێن، ئەگەر سەرنجی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانەی چەند رۆژی رابردووی كوردستان بدەین، دەبینین ئەوانیش دەچنە خانەی دیموكراسی و مافی رەوای ھاووڵاتیان، بە مەرجێك هیچ پاڵنەرێك یا دەستێكی ئاژاوەگێڕی لە پشت نەبێت و تێیدا خەڵك بە شێوازێكی شارستانی و دوور لە تێكدانی شار و سووتاندنی بارەگای حزبی و حكوومی داوای مافەكانی بكات، بەڵام لادان لەم رێڕەوە، قاڵبی دیموكراسی دەشێوێنێت و دەرئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.» گوتیشی: «بەداخەوە لە خۆپێشاندانەكانی رۆژانی رابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبوونی بەرنامە و رێوشوێنی تایبەت، داواكان بە لاڕێدا بران، ئەوە زیاتر لە كودەتا و ئینقلابێك بۆ سەر حكومەت دەچوو، چونكە تێیدا لەلایەن كۆمەڵێك خۆپیشاندەرەوە چەك بەكارھات. ئەوەمان لەبیر نەچێت كە بەرپرسانی حكومەت لەم ماوەیەدا چەندین جار باسی هەبوونی قەیرانیان لە ناوخۆدا و سوپاسی خۆڕاگری هاووڵاتیانیان كردووە و بڕیاری ئەوەیان داوە بەپێی توانا، بە زووترین كات كێشەكان چاڕەسەر بكەن، بەڵام تاقمێك لە رێگای بانگەواز و راگەیاندنی چەند كەناڵێكی ئاسمانیی ناوخۆ و بە هاوكاریی دەستی درەكی و هێزێكی بێگانە و سوودوەرگرتن لە قەیران و ئاڵۆزیی دۆخەكە، سواری شەپۆلی هەستی خەڵك بوون و دەرفەتەكەیان قۆزتەوە و خۆپیشاندانەكان بەلارێدا برد، كە بەداخەوە چەندین گەنج و لاو خوێنیان رژا. ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە، هەر كاتێ داواكارییەكان لە قاڵبی شارستانی و دیموكراسی دەربچن، جگە لە زەرەری گیانی و ماددی هیچ دەستكەوتی تری نابێت، بۆیە با هەموومان هاوكاری سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بین و خۆڕاگر بین و هەست بە ناسكیی بارودۆخی هەرێم بكەین. با پێكەوە بۆ بەدەستەێنانی مافەكانمان، نە مافی كەسانی تر بخۆین و نە گیانی خەڵكیش بكەینە قوربانیی بەرژەوەندییەكانمان. دەبێت هەموومان لەگەڵ بەدەستێەنان و پێدانی مافی هاووڵاتیان بین، بە مەرجێك پەیامەكە دوور لە توندوتیژی و بە شێوەیەكی شارستانی و وەك خۆی بگەیەندرێت.»
محەمەد ئامۆكەیی بەرپرسی رێكخراوی سەراوردم بۆ پرسە ژینگەییەكان، سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە «خۆپیشاندان و گردبوونەوە مافێكی رەوای هەموو گەلانی جیەانە و هاووڵاتیانی كوردستانیش دەتوانن لە چێوار چێوەی خۆپیشاندانی مەدەنییانە ئەنجامی بدەن، نەك هێرش بكرێتە سەر موڵكی گشتی و فەرمانگەكانی حكومەت و بارەگای لایەنە سیاسییەكان بسووتێنن.» هەر لەو بارەیەوە گوتی: «بە رای خۆم ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، پیلانێكی هاوبەشی دەرەكییە و بەداخەوە لە ناوخۆشدا تاقمێك هەماهەنگییان لەگەڵ كردوون، بۆیە دەبێت هاووڵاتیانی باشوور ئاگاداری ئەو پیلانە بن و نەهێڵن سەربگرێت، چونكە ئەگەر سەری گرت، ئەوە شتێك نامێنێ بە ناوی هەرێمی كوردستان و رەنگە بۆ زیاتر لە سەدەیەك بۆ دواوە بگەڕێینەوە، بەوەش ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی چەندەها ساڵەمان بەفیڕۆ دەچێت و تەنیا دوژمن و ناحەزانی كوردیش دڵخۆش دەبن.» گوتیشی: «گومانی تێدا نەماوە كە ئێران بە هاوكاری عێراق و چەند حزبێكی باشوور دەیەوێ هەرێمی كوردستان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بكات و وەك سەردەمی شەڕی ناوەخۆ دووبەرەكی بكەوێتە نێو هاونیشتمانیانی كوردستان و لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم پیلانەش كوردەكانی هەرسێ پارچەكەی دیكەی كوردستان بێ هیوا دەبن و ئەوانیش ناتوانن وەك ئێستا داوای مافەكانی خۆیان بكەن، جگە لەوەش دەیانەوێت لە رێگای دەروازەكانی سنوورەوە دەست بەسەر تەواوی باشووری كوردستاندا بگرن. ئێران بەنیازە دەروازەی فیشخاپوور بەتەواوی كۆنتڕۆڵ بكات، لە شەڕی نێوان ئێران عێراقیش دروشمی سەرەكییان ئەوە بوو كە دەیانگوت: لە كەربەلاوە دەچین بۆ رزگاركردنی قودس، ئەگەر ئەوەیان ۆ بچێتەسەر باشوور لە رۆژئاوای كوردستان دادەبڕێت و هیلالی شیعی بەتەواوەتی دروست دەبێت و لە رێگای رۆژئاواوە دەچنە سەر دەریای رەش و بە ئاسانی دەتوانن پەلاماری قودس بدەن، هەر بۆیەش ئەگەر سەیری سایتە ئێرانییەكان بكەین، دەبینین هەموو فۆكسەكانیان لەسەر دەروازەی فیشخاپوورە و دەڵێن: (بۆ راگەیاندنی هیلالی شیعی بەردێكی گەورەمان لەپێش ماوە، ئەویش دەروازەی فیشخاپوورە)، بۆیە هەوڵی جددی دەدەن دەست بەسەر ئەو سنوورەدا بگرن، هەر بۆیەش لەدوای داگیركردنەوەی كەركووك ئێستا پلانی(ب)یان بە خۆپیشاندان بۆ رووخاندنی حكوومەتی هەرێم داناوە، تەنیا یەكڕێزی و خۆڕاگری ئەو خەونە ناڕەوایە بەتاڵ دەكاتەوە.»
نووسەر و رۆژنامەنووس سەباح شێخانی، سەبارەت بە بارگرژییەكانی ناوخۆی كوردستان دەڵێت: «خۆپیشاندان مافە، بەڵام داواكردنی مافیش شێواز و رێگەی خۆی هەیە، ناكرێت بە ناوی خۆپیشاندانەوە فەوزا دروست بكرێت و هێرش بكرێتە سەر دامودەزگای حكوومی و بارەگای حزبی. جوانترین شێواز بۆ داواكردنی ماف، شێوازێكی مەدەنییانە و شارستانییە و نابێت بە توندوتیژی و كاری تێكدەرانە داوای ماف بكرێت. ئێمە لە هەرێمێكدا دەژین و نەوەی میللەتێكین و كەلتوورێكی هاوبەشمان هەیە، ئیتر هیچ پێویست بەوە ناكات بەرانبەر یەكتری توندوتیژ بین. تەبایی، یەكێكە لە بنەما گرنگەكانی گەشەسەندنی كۆمەڵگە و كاریگەری بەرچاوی هەیە، مەبەست لە تەبایی و پێكەوەژیان، ئەوەیە تاك و گرووپ و پێكەاتەكانی ناو كۆمەڵگە یەكتر قبووڵ بكەن، دژی یەكتر نەبن، لای ‬میللەتی‮ ‬كورد هەمیشە فەرهەنگی‮ ‬پێكەوەژیان شتێكی‮ ‬باو بووە،‮ رەگەكەی‮ پەیوەندی‮ ‬بە كۆمەڵێك فاكتەری‮ ‬جوگرافی‮، مێژوویی‮ ‬و‮ ‬كەلتووری‮ ‬هەیە.»
رێگر نایف مزووری وەك بەرپرسی گرووپی ئاگرین و چالاكێكی مەدەنی رایوایە: «بارودۆخی ئێستای كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و بۆ گەلی كورد چارەنووسسازە، بۆیە پێویستە هەمووان جیاوازیی هزری و ئایدیای حزبی بەلاوە بنێن و پێكەوە كاربكەن بۆ گەیشتن بە خەون و ئامانجی سەدان ساڵەی گەلی كورد كە بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان و پیشاندانی رووی پێكەوەژیان و ئارامییە بە كۆمەڵگەی جیەانی». گوتیشی: «وەك دیارە 12/5/2018 لە باشووری كوردستان هەڵبژاردن دەكرێت و ئەم بارودۆخە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەگەر هەتا پێنج مانگی دیكە ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت، پێویستە خۆڕاگر بین، چونكە دەستكەوتەكان بە ئاسانی بەدی نەهاتوون، هەتا بە ئاسانی لە دەستی بدەین. خوێنی گەشی هەزاران رۆڵەی كوردستان و پێشمەرگەی قارەمانی لە پێنادا رژاوە. لە سەرانسەری جیەاندا خوپێشاندان هەیە و بە شێوەیەكی مەدەنی دەكرێت، بەڵام ئەو خوپێشاندانەی لە كوردستان بە سووتاندن و وێرانكردن دەكرێت، بارودۆخەكە خراپتر و ئاڵۆزتر دەكات، ئەگەر خۆپیشاندەران خوازیاری گۆڕانكارین، فەرموون لە 12/5 بە شێوازێكی دیموكراتی و ئازاد دەنگ بە لایەنی متمانەپێكراوی خۆیان بدەن، بەڵام بەداخەوە كەوتونەتە داوی ئامانجەكانی دەستی دەرەكی بۆ ئەوەی ئارامیی كوردستان تێك بدەن، بەڵام ئەوەیان بۆ ناچێتە سەر و ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین.
Top