ئافرەت لە نێوان ستەم کردن وستەم لێکردن .... د. مادح مەلا محەمەد بەرزێوەیی*

ئافرەت لە نێوان  ستەم کردن وستەم لێکردن ....       د. مادح مەلا محەمەد بەرزێوەیی*
ئافرەت پێش ھەموو شتێک مرۆڤە، مرۆڤیش جاری وا ھەیە ستەمکارە و جاری واش ھەیە ستەم لێکراوە، بۆیە ناکرێ ئافرەت ھەر بە چاوی ستەملێکراو سەیر بکرێت، لەبەرامبەریشدا پیاو وا نیشان بدرێت کە دیکتاتۆرێکی سەرسەخت و بێ بەزەییە، بەتایبەت لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەردا ھاتووە و شێوازی ژیان و ھەڵسوکەوتی پیاوان بەرامبەر بە ژنان وەکو جاران نەماوە. ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان کۆمەڵگەکانی دەوروبەرمان ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کە پیاوی کورد لە ھەموویان چاکترە لەگەڵ خێزانی خۆی، بۆیە ناکرێ پەنجەی تۆمەت تەنیا بۆ پیاوان درێژ بکرێت کە لە ھەڵسوکەوتیدا توندوتیژە، بەڵکو جاری وا ھەیە کە پیاو قوربانییە و ئافرەت ستەمکارە!
دەڵێن سوقراتی فەیلەسوف ئافرەتەکەی زۆر ئازاری دەدا، جارێکیان لە کاتی وانەبێژی بۆ قوتابیانی ئافرەتەکەی ھات و زۆر ھاوار ھاواری کرد، بەڵام سوقرات وانەکەی نەبڕی و وەڵامی ژنەکەی نەدایەوە، تا ژنەکەی ھات و گۆزە ئاوێکی بە سەردا کرد و سەرتاپای تەڕ کرد، ئەوجا سوقرات سەرو ریشی خۆی سڕییەوە و بە ھێمنی بە شاگردەکانی گۆت: پاش تریشقەی ھەور، باران ببارێت شتێکی ئاساییە!!
حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و پیاوانیش راستییەکی حاشاەھڵنەگرە کە لە سەرتاسەری جیەان بوونی ھەیە، تا حاڵ گەیشتە ئەوەی کە پیاوە ستەم لێ کراوەکان لە بەرامبەر ئەو غەدرەی لێیان دەکرێ بە دەستی ھاوسەرەکانیان پەنا ببەن بۆ دامەزراندنی یەکێتی پیاوان بۆ خۆپاراستن لە ھێرشی بەرامبەر و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان. لەوانەیە لای کەسانێک سەیر بێت کە ئامارەکانی توندوتیژی ژنان بەرامبەر پیاوان نیشانیان بدەیت، بەڵام ئەمساڵ لە کوردستان زیاتر لە (٦٠٠) حاڵەتی پێشێلکردنی مافی پیاوان بەدەست ژنان تۆمار کراوە، ھەروەھا نزیکەی (٦٤) حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان بە ھۆکاری ژنەکانیان تۆمار کراوە!
ئەم حاڵەتانەی توندوتیژی ژنان بەرامبەر پیاوان ئەگەر لە وڵاتی ئێمە شتێکی تازە بێت، ئەوا لە ھەندێک وڵات دەمێکە بۆتە گرفت و ھەوڵی چارەسەری بۆ دەدرێت، بۆ نموونە وڵاتی میسر لە پێشەنگی وڵاتانی دنیایە لە رێژەی پێشێلکاری مافی پیاوان بەدەست ژنانەوە، بە جۆرێک کە لە ساڵی ٢٠١٣ وە تاوەکو ئێستا لە سەرووی لیستەکەیە کە رێژەکەی گەیشتۆتە ٥٠،٦% پیاوانی ئەم وڵاتە لە لایەن ژنەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت!
لە ئەمریکا ٢٣% و لە بریتانیا ١٧% و لە ھیندستان ١١% و لە کوێت ١٠% و لە سعودیە ٥%ی پیاوان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت بە دەست ژنانیان. ئەو حاڵەتانە لە شوێنە دەوڵەمەندنشینەکان و پێشکەوتووەکان زیاتر ئەنجام دەدرێت، نەوەک لە گەڕەکە ھەژارەکان..
ئەم ئامارانە گەواەی ئەوەن کە توندوتیژی تایبەت نییە بە رەگەزێک، بەڵکو مرۆڤ لە ھەر رەگەزێک بێت لە وانەیە دوچاری توندوتیژی ببێت، یان ئەنجامی بدات. بۆیە پێویستە دەزگاکانی پەیوەندیدار دروشمەکانیان بگۆڕن بۆ دروشمی (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) بۆ ئەوەی کەس توندوتیژی نەکات لە ناو خێزان و توندوتیژیشی بەرامبەر نەکرێت، نە ژن و نە پیاو و نە منداڵ. بۆیە پێویستە یاسای شەرعی ئیسلام جێبەجێ بکرێت کە دەفەرموێت :( لا چرر ولا چرار) واتا: نابێت کەس ستەم لە کەس بکات و نابێ ستەمی لێ بکرێت. بۆ ئەوەی ھەمووکەسێک بە ئاسوودەیی بژیت و کەس توندوتیژی بەرامبەر کەس نەکات.

* ئەندامی ئەنجومەنی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف
پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی بەرزێوە
Top