توندوتیژی بە پاساوی شەرەف شکۆی ئافرەت و کۆمەڵگەش دەشکێنێت

توندوتیژی بە پاساوی شەرەف  شکۆی ئافرەت و کۆمەڵگەش دەشکێنێت
توندوتیژیکردن بەرامبەر بە ئافرەتان بە بیانووی پاراستنی شەرەف ھێشتا بەشێکە لە واقیع و ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی کوردییش لەو پەتایە بەدوور نییە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رێژەی کوشتن لەسەر شەرەف لە ساڵی٢٠٠٠ بەملاوە، لھەەڵکشاندا بووە و کەمتر نەبۆتەوە. ساڵی ٢٠١٥ وڵاتەکانی پاکستان، تورکیا، ھیند، عێراق بە کوردستانی باشوورەوە، بەنگلادیش، ئۆردن، فەلەستین و لوبنان زۆرترین رێژەی کوشتنی ئافرەتیان لەسەر شەرف ھەبووە. لەکاتێکدا ھەموو ئەم وڵاتانە پەیماننامەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا واژۆ کردووە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لەدیدی جیاوازەوە شرۆڤەی بابەتەکە دەکەن، سەرۆکی حزبێکیش دەڵێت: «ھەوڵدان بۆ خاپاندنی ئەو ئافرەتانەی کەوا لە بوارەکانی ژیاندا کاردەکەن لەلایەن پیاوانەوە بۆ تێرکردنی حەزەکانیان، یەکێکە لەو شێوازانەی کەوا دەتوانین ناوی بنێین (توندوتیژی نەرم)، بێگومان ئەم حاڵەتە زۆر جار روویداوەو لە ئەنجامیشدا ئافرەتەکە زیانمەند بووە؛ ئەوەش خۆی لەخۆیدا دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئافرەتان و لە ڕێی فێڵ و درۆ و خاپاندنەوە جێبەجێ دەکرێت.»

کوشتن لەسەر شەرەف لە جیھاندا مەسەلەیەکی گرنگ بووەو لەساڵی ٢٠٠٠دا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەقی رێککەوتنێک لەسەر تاوانەکانی شەرەف بڵاوکرایەوە. ساڵی ٢٠٠٢ ئەنجومەنی گشتی رێکەوتنەکەی پەسەند کرد بۆ کارکردن بۆ بنبڕکردنی تاوانەکانی دژ بە ئافرەتان بەناوی شەرەفەوە (بڕیارنامەی ٥٧ / ١٧٩ی نەتەوەیەکگرتوەکان). پەیماننامەکە داوا لە دەوڵەتە ئەندامەکان دەکات کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەرەف بکەن و ئەنجامدەران سزابدەن و ئەو ھەڵوێست و رەفتارەانە بگرنە بەر کە رێگە لە روودانی ئەو تاوانانە بگرێت. سەرەڕای ھەموو ئەو باسانە رێژەی کوشتن لەسەر شەرەف کەم نەبۆتەوە و دەکرێ ھۆکارەکانی ئەم تاوانە لە بازنەیەکی لۆکاڵدا بدۆزینەوە. راستە ئامارەکانی توندوتیژی روو لە زیادبوونە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ساڵانە رێژەی دانیشتووان زیاتر دەبێت و ئەگەری ئەوەش ھەیە، کە دیاردەی توندوتیژییەکانی دژ بە ئافرەتان پێشتر بھەۆی دابونەریتەوە پەردەپۆش کرابن و تۆمار نەکرابن،یان لە چوارچێوەی یاسای ھەندێک وڵاتدا بە توندوتیژی و تاوان ھەژمار نەکرابێ، بەڵام ئێستا بھەۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن و ئاستی وشیاربوونەوەی ئافرەتان، توندوتیژییەکان تۆمار دەکرێن و لێی بێدەنگ نابن.
چیمەن رەشید کارگێڕی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە دەۆک و سەرەتا جۆرەکانی توندوتیژی بەمجۆرە پۆلێن دەکات: (جەستەیی، دەروونی، سیاسی) و ھاوکات دەڵێت: «لە زۆر حاڵەت ئافرەت بە بیانووی جۆراوجۆر دەبێتە قوربانی و دەکوژرێت، ئەگەر نەشکوژرێت، بە قسە یان بە ئازاردانی جەستەیی توندوتیژی لە دژی بەکار دێت، بەوەش تووشی کێشەی دەروونی دەبێت و زۆر جار دەگاتە بڕیای خۆکوشتن، ھەروھەا خێزانەکەی لە ناو کۆمەڵگە باجی گەورە دەدەن و لە زۆرحالەت ماڵیان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی دووری نادیار لەبەر شەرم و قسە و قسەڵۆکی خەڵک، زۆر جاریش تێکەڵی و پەیوەندییەکانی کەسوکارو دراوسێکان دەپچڕێت، یان کەم دەبێت، تاکو دەگاتە ئەو رادەی ناەێڵین کچ و کوڕیان خێزانداری لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە پێک بێنن. ئەمانە لە حاڵەتێکدان ئەگەر کچەکە نەکوژرێت، ئایا ئەم ھەموو ھەڵسوکەوتە کە دەکرێت لەگەڵ ئافرەتەکە و خێزانی نابێتە ھۆی بڕیاری ھەڵەی وەک کوشتن، یان خۆکوشتن؟ بێگومان بەداخەوە ئامارەکان وڵامی ئەوەیان داوەتەوە.» گوتیشی: «ساڵی ٢٠٠٣ یاسایەکی تایبەت ھەموار کرا سەبارەت بە کوشتنی ئافرەتان بە پاساوی شەرەف کە وەک تاوان رەفتار لەگەڵ کەیسەکە بکرێت، جێگەی شانازییە کە ئەم یاسایە و چەندین یاسای باش لەلایەن رێکخراوەکان ئافرەتانی کوردستان وەک پڕۆژە پێشکەشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان کران و من یەکێک بووم لەو لیژنەیەدا و بە ھاوکاری برای بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پاش ماندووبوونی یەک ساڵ ئەم یاسایەی کە ئێستا دەبینین، ھەموار کرا. بۆیە ئێمەی ئافرەتان قەرزاری جەنابی سەرۆکی حکومەتین، ئێستا تا رادەیەک کێشەی کوشتنی ئافرەت بە پاساوی شەرەف کەم بووەتەوە و ھێدی ھێدی یاسا رۆڵی خۆی دەبینێت.» ھێمای بۆ ئەوەش کرد کە «لە رابردوودا زۆرجار ئافرەت دەکوژرا بە ھۆی دوژمنداری، یان ھەر شتێکی تر، کەچی دەیانگوت بڵێن لە بەر شەرەف بوو، تاوەکو ئەو کەسە عەفو بکرێت و سزا نەدرێت. واتە ھەموو کات ئافرەت لە ترس و زێرەڤانیدا بووە، تاوەکو نەبێتە قوربانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە کومەڵایەتییەکان، یان سوڵحی عەشایەری، ھەڵبەت ئەم دیاردەیە زیاتر لە پێش ھەموارکردنی یاساکەدا بوو.»
سەبارەت بەھەمان پرس غەفوور مەخمووری سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بۆ گوڵان گوتی: «کارکردنی ئافرەت لە کایەکانی ژیان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بێ گرفت نەبووە؛ ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردستان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بۆتەوەو دەبێتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئافرەت، زۆربەی جارەکانیش ئافرەت دەبێتە قوربانیی ئەم شێوازە تێگەیشتنەی کۆمەڵگە، لێرەدا دەمەوێ باس لە شێوازێکی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بکەم کە ئەویش (توندوتیژی نەرم)ە، ھەوڵدان بۆ خاپاندنی ئەو ئافرەتانەی کەوا لە بوارەکانی ژیاندا کاردەکەن لەلایەن پیاوانەوە بۆ تێرکردنی حەزەکانیان، یەکێکە لەو شێوازانەی کەوا دەتوانین ناوی بنێین (توندوتیژی نەرم)، بێگومان ئەم حاڵەتە زۆر جار روویداوەو لە ئەنجامیشدا ئافرەتەکە زیانمەند بووە؛ ئەوەش خۆی لەخۆیدا دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئافرەتان و لە ڕێی فێڵ و درۆ و خاپاندنەوە جێبەجێدەکرێت.» مەخمووری جەخت لەوە دەکاتەوە کە «زۆر گرنگە بە چاوێکی یەکسان و رێزلێگیراو مامەڵە لەگەڵ ئافرەت بکرێت، بۆ ئەوەی ئەویش بتوانێت ئەو توانایەی کە ھەیەتی لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بەکاری بەێنێت، بۆیە لەسەر ھەموو لایەکمانە شکۆی ئافرەت بپارێزین و ھەوڵبدەین رۆڵی کاراتر بگێڕن لە خزمەتکردن و بنیادنانەوەی وڵات، ئەوەش بەوە دەکرێت کەوا خۆمان لە جیاوازی رەگەزی و رۆحیەتی پیاوسالاری بپارێزین. دەبێت روانینمان وابێت کەوا دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان واتە دەستدرێژی بۆ سەر مرۆڤایەتی، خاپاندنی ئافرەتان واتە دوورکەوتنەوە لە بھەاکانی مرۆڤایەتی؛ واتە شکاندنی ھەیبەت و شکۆی مرۆڤ.»
چالاکی پاراستنی مافەکانی ئافرەت لەیلا دیوبەند، ھێما بۆ ئەوە دەکات کە «ھەتا ئێستاش سەرەڕای ھەموو پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی، سەرەڕای خەبات و قوربانییە زۆر و زەوەندەکانی ژنان، ھێشتا لە کۆمەڵگەی کوردەواری ژن وەک موڵکی نێرینە و پیاو وەک خاوەنی راستەقینەی ژن چاوی لێدەکرێ. ئەم عەقڵییەتە زاڵە بەسەر تێڕوانین و بیرکردنەوەو ھەڵسووکەوتی پیاوانی کوردو تەنانەت سیستەمی بەڕێوەبەری و پەروەردەییشدا. بەشێکی بەرچاو لە ئاسەوار و کارتێکەرییەکانی ئەم دۆخە و درێژەکێشان و مانەوەی، ھێژمۆنی رۆحی و دەروونی کەلتوورێکی ھاوردەی بیانییە کە مێژووەکەی بۆ پتر لە ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.» گوتیشی: «ساڵانە ھەزاران ژن لە جیھاندا بە بیانووی پارێزگاری لە شەرەف و نامووس دەکوژرێن و ئازاری جەستەیی، رۆحی، لەفزی دەدرێن. بەداخەوە کوردیش پشکی ھەرە زۆری لە چاو پانتایی و ژمارەی خۆی لەو تاوانەدا بەرکەوتووە. ئاسەوارەکانی چەوساندنەوەی ژنان لەو شکڵ و شێوازە باوانەدا و بەتایبەتی بە بیانووی شەرەف و نامووس زیانی گورچبڕی لە کۆمەڵگەی پیاوسالار داوە، کە دەتوانم بە کورتی ئاماژە بە بەشێک لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی بکەم. بەر لە ھەموو شتێ توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە جێدا رووشاندن و رماندنی کەرامەت و ھەیبەتی نیوەی کۆمەڵگەیە کە ئەوەش بێگومان کاریگەریی نێگەتیڤ لە سەر سەرلەبەری جومگە کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ئابووری و پەروەردەییەکانی کۆمەڵگە دادەنێت. ھەروھەا بێحورمەتی و شکاندنی ژنان لە کۆمەڵگەدا جگە لەوە بارێکی قورسی دەروونی لە زەین و روانگەی تاکەکاندا پێکدھەێنێ، ھاوکات دەبێتە ھۆی تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە بە شێوەی گشتی. ترس و دڵەڕاوکێ لە ژناندا و ھەروھەا ھەست نەکردن بە ئاسوودەیی و دڵنیایی لە پاڵ خێزان و کۆمەڵگەدا دەبێتە ھۆی دواکەوتنی ئافرەتان لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا و کۆتایی بە گەشە و نەشەی خانەکانی مێشک بۆ بەرەوپێشچوون لە کۆمەڵگە و خێزاندا دھەێنێت. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە یەکەم قوربانیی ئاسەوارەکانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان، منداڵان و نەوەکانی داەاتووی کۆمەڵگەن، بەتایبەتی کە ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەی سرووشتی لە ئەستۆی دایکان و ژنانە، لەم حاڵەتەدا ئایا کەسانێک کە خۆیان سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێل دەکرێن و دەکەونە بەر شەپۆلی بێحورمەتی و ئەتککردن، دەتوانن نەوەکانی داەاتوو بە سەلامەتی رادەستی کۆمەڵگە بکەن؟ ئەمانە و دەیان ئاسەواری دیکە، بەرھەمی چەوساندنەوەی ژنانن لە کۆمەڵگەدا، ھیوادارم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی و کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەتی ھەست بەو راستییە تاڵانە بکەن، کە کوشتن و ئازاردانی ژنان بە بیانووی شەرەف و نامووس جگە لەوەی تاوانێکی قێزەون و نامرۆڤانەیە بەرانبەر مرۆڤایەتی، ھاوکات مەترسییەکی گەورەش لەسەر ژیان و چارەنووسی مرۆڤ دروست دەکات.
نووسەر و چاودێری سیاسی سەڵاح ئاکرەیی سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ژێر ھەر بڕو بیانوویەکدا بێت، تاوانێکە دەرحەق بە مروڤ دەکرێت. ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە دیموکراسی و پێشکەوتوون و ئەو وڵاتانەی دواکەوتوون، جیاوازییەکی زۆر بەدی دەکەین لە رووی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا سەروەریی یاسا وەک پرەنسیپێکی گرنگ لەپێناو پاراستنی یەکسانی و عەدالەتی کومەڵایەتیدا جێگیرە و ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بە شێوەیکی گشتی لە چوارچێوەی یاسادا موماڕەسە دەکرێن و ئەوەی کە تەحەکوم بە جومگەکانی وڵات دەکات، پرەنسیپی سەروەریی یاسایە و ئەمەش وایکردووە کە مافە مەدەنی و سیاسییەکان لەوانەش مافی ئافرەتان تا رادەیەکی زور باش پارێزراو بێت و ھەڕەشەکانی سەر رەگەزی مێیینە کاڵ ببێتەوە، بە پێچەوانەوەش لە وڵاتانی دواکەوتوودا کومەڵێک فاکتەر بەدی دەکرێن کە ھۆکاری دروستبوونی توندوتیژی دژی ئافرەتانن و زاڵن بەسەر کومەڵگە داخراوەکاندا، لەوانە بوونی دابونەریتە کلاسیکییە کۆنەکان و باوکسالاری و پیاوسالاری و زۆر ھۆکاری تری سوننەتی کە بوونەتە ھۆی ئەوەی کە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان نەک ھەر بکرێت بەڵکو روژ دوای روژ ئەم دیاردە قیزەوەنە پەرە بستێنێت و لەژێر ناوی شەڕەفپارێزی زورێک لە کچان و ژنانی ئەمجورە کۆمەڵگەیانە ببنە قوربانیی دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییە خوسەپێنەکان. ئەو کاتانەی کە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێت، ئەو مانایە دەگەیەنێت کە شکۆی ئافرەت وەک مروڤ کە مافی مومارەسەکردنی ئازادیی مەدەنی و سیاسی ھەیە وەکو رەگەزی نێرینە، سووکایەتی پێدەکرێت و شکۆی دەشکێندرێت، چونکە ھەروەک ئاماژەم پێدا لە ئاکامی نەبوونی سەروەریی یاسادا لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ئەمە روودەدات. ئەمەو زۆر ھۆکاری دیکە ھەن، کە تەعبیر لە شکاندنی شکۆی ئافرەتان دەکەن، بۆیە پێویستە لە باشووری کوردستان ھەموو ھەوڵێک بخرێتەگەڕ بۆ نەھێشتنی ئەم دیاردەیە کە بە رێژەیەکی زۆر پەرەی سەندووەو ھەوڵەکانیش بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەپیێ تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەکەمان رێک بخرێن، چونکە مەسەلەی توندوتیژی لەژێر ھەر ناوێکدا بێت گەر کۆنتڕوڵ نەکرێت لە دواجاردا ئاسایشی نیشتمانی دەخاتە ژێر مەترسییەوە و دەبێتە ھەڕەشەیەکی گەورە لە ھەمان کاتدا.»
لەلایەکی دیکەوە چالاکی مافناس باران محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە: «کارەساتێکی گەورەیە وا بیربکەینەوە کە ئافرەت کۆیلەیە و چۆنمان بوێت بەو جۆرە رفتاری لەگەڵ بکەین. بێگومان کۆمەڵگەی ئێمە لە رووی ھەڵسوکەوتکردن و ھەماھەنگیکردن لەگەڵ ئافرەت نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە شێوازێکی ئیجابی بیر لە رەگەزی بەرامبەری بکاتەوە کە ئافرەتە، ئەم بیرکردنەوە سلبییە کارەساتی زۆر گەورەتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ئەویش کاتێک کە ئیمە رفتارێک، یان کارێکی ئافرەتمان بەدڵ نەبێت، ھەوڵ دەدەین رق و تووڕەیی خۆمان لەودا خاڵی بکەینەوە، ئەمە ئەگەر ھیچی نەکردبێت کە پێچەوانەی عورف و عاداتی ئەو کۆمەڵەیە بێت، خۆ خوانەخواستە ئەگەر کارێک بکات، بەدڵی خێزان، یان بەرامبەری نەبێت، یان بەپێی عورف و عاداتی ئەو کۆمەڵگەیە نەبێت، دەبێت ئەو ئافرەتەی کە ھیچ دەسەڵاتێکی نییە، چاوەڕێی گەورەترین سزا و تۆڵە بێت لەلایەن کۆمەڵگە و خێزان و بەرامبەرەکەیەوە، بەداخەوە چەندین بەڵگە ئەم قسانەی من دەسەلمێنن کە کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆر بە بێبەزەییانە لە ئافرەت دەڕوانن. بۆ نموونە لەم ماوەی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیسبوک دیمەنێکم بەچاوی خۆم بینی، کە بڕوا پێ نەکراوە، ئەویش کەسوکاری کچێک لە بەر ئەوەی کارێکی کردووە کە بەدڵی خیزانەکەی نەبووە، باوک و براکانی و خزمەکانی کە بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە، لەو ئافرەتە تەمەن ٢٥ ساڵە دەدەن، بەبێ ھیچ رەحم و بەزەیی و سۆزیک، دواتریش گرتە ڤیدیۆییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە. بەداخەوە لەکۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی بەگشتی بە کوردستانیشەوە. خوێندنەوەیەکی ناتێگەیشتووی پاسیف بۆ ئافرەتان دەکرێت، بۆیە پێویستە بەرنامەو پرۆگرامی تایبەت و گشتگیر دابنرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریمان بەرامبەر بە ھەر کەیسێکی توندوتیژی، ئەگەر ھاتو لە داەاتوو رووبەڕوومان بوویەوە. ئێمە دەبێت وا سەیری ئافرەت بکەین، کە شکستی ئافرەت لە کۆمەڵگە و خێزاندا بە شکستی خۆمانی بزانین و پاراستنی شکۆی ئافرەت لە بەر چاو بگرین.»
Top