ئافرەت و چەمکی توندوتیژی و ئاسایشی نیشتمانی لە روانگەی ھاووڵاتییانەوە

ئافرەت و چەمکی توندوتیژی و ئاسایشی نیشتمانی لە روانگەی ھاووڵاتییانەوە
توندوتیژی و ئاسایشی نیشتمانی لەوانەیە لە رووکاردا دوو چەمکی جیاواز بن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا و لە زۆر رووەوە پێکەوە گرێدراون، بە درێژایی مێژووش توندوتیژی دیاردەیەک بووە کە ژینگەی مرۆڤ و ئاسایشی نیشتمانیی ھەموو جیھانییانی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوەو تا ئێستاش مەترسییەکانی بە رێژەی جیاواز لە ھەموو وڵاتانی جیھاندا بەردەوامەو ھەڕەشە لە ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دەکات، شارەزایانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان تا رادەیەکی زۆر دەکارێ رێژەی توندوتیژییە جۆراوجۆرەکان کەم بکاتەوە. ھەر لەبارەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی و ئاسایشی نیشتمانی لەسەر ئافرەت و کۆمەڵگە و رۆڵی خانمان لە نھەێشتنی توندوتیژی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی، بەشداربووانی ئەم راپۆرتە راوسەرنجی خۆیان بۆ گوڵان دەخەنەڕوو.


شیلان جەبار سەرۆکی رێکخراوی دایک، سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات کە «پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە کۆمەڵێک قۆناغی جیاجیادا تێپەڕ بووە، کە دەکرێت بۆ چەند بەشێک پۆلێن بکرێت، چونکە لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی لە کۆمەڵگەی کوردی رەنگی داوەتەوە. لەسەدەکانی رابردووە ئافرەت کاڵاک بووە کە بە دەستی پیاوان مامەڵەی پێوە کراوەو بە خواست و ئارەزووەکانی ئەوان ئافرەت جووڵاوەتەوە، تەنانەت لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا کە دەستنیشانکردنی پیاوێک بووە بۆ ھاوسەری، بڕیار لای پیاوان بووە، نەک ئافرەتەکە خۆی. لھەەر لەو سەردەمانەدا ئافرەتانێکیش ھەبوون کە خاوەن بڕیار و سەنگی خۆیان بوون و پیاوان پرس و رایان پێکردوون، بەڵام ئەم نموونەیە بە ھۆی وابەستە بوون بە نەریت و دابە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەر ناکات.» ھاوکات دەڵێت: «رۆڵی ئافرەتان لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی دەگەڕێتەوە بۆ جووڵانەوەکانی کوردی لە کوردستان و لە جیھانیش ھاوشان بووە لەگەڵ بزاوتە نوێخوازییەکان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکان و پاراستنی نیشتمان و بھەاکانی مرۆڤایەتی. ئەگەر پرسی ژن ببەستینەوە بە ئاسایشی نیشتمانی، ناکرێت رۆڵ و پێگەی ژنانی سەدەکانی رابردوو لەیاد بکەین، چونکە ئەوەی بەدەست ھاتووە، بەشێک لە مێژووی قوربانیدانی ئەوان بووە بۆ سەرخستنی پێگەی ژن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە کوردستان، لەم قۆناغەی ئێستاشدا ئافرەتان رۆڵ و کاریگەری تەواویان لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ھەیە، چی لەبەرگری لەخاک وەکو ھێزی ژنان و چی لە رێکخستنی یاسا و پێگە ئیدارییەکان، لەگەڵ ئەمانەش ئافرەتان توانای ئیدارەدانی کارگێڕیی بھەێزیان ھەیە کە دەتوانن کۆمەڵگە بە گەڕ بخەن و سیستەمی ژیاری دابنێن، ناکرێت لەم باسەشدا سەربەخۆیی ئابووریی ئافرەتەکان نادیدە بگرین کە رۆڵی راستەوخۆیان لە دەستەبەری ئاسایشی نیشتمانی دەبێت.»


کوێستان فتووحی چالاکی مافی مرۆڤە و بە پێویستی دەزانێت سەرەتا پێناسەیەکی روون بۆ چەمی توندوتیژی ھەبێت و ھاوکات دەڵێت: «ئێمە ھەر ئەو پێناسەیە دەکەینە بنەما کە پەیماننامەی جیھانیی سڕینەوەی توندوتیژی دژی ژنان ھەیەتی. واتە ھەرجۆرە کردەوە و رەفتارێکی توندوتیژ کە لەسەر بنەمای جنسییەتی بێ و ببێتە ھۆی ئازاردانی رۆحی و جەستەیی دەچیتە خانەی توندوتیژییەوە. بە دڵنیاییەوە توندوتیژی لە دژی ژنان کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر تەواوەتی کۆمەڵگە ھەیە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنان رەفتاری توندوتیژیان لەگەڵ بکرێ، بە بڕوای من ئەو کۆمەڵگەیە لە بناغەڕا لە زۆر رووەوە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و داڕووخاوو دەبێ. چونکە ژن کارەکتەرێکی گرنگی کۆمەڵگەیە. ژن کە لە کۆمەڵگەدا ئەمنییەتی رۆحی و رەوانی نەبێ، ناتوانێ رۆڵێکی ئیجابی لەو کۆمەڵگەیەدا بگێڕێ. دابینبوونی ئەمنییەتی کۆمەڵگە لە ھەر بارێکەوە، بەستراوەتەوە بە دابین بوونی ئەمنییەتی رۆحی و رەوانی تاکەکانی کۆمەڵگە وەک ژن، پیاو، پیر، جەوان و منداڵ، کە ھەریەک لەمانە پێکەێنەری کۆمەڵگەن. توندوتیژی بۆ نموونە لەگەڵ ھەریەک لەو توێژانە دەتوانێ ئەو کۆمەڵگەیە لە زۆر بارەوە بخاتە مەترسییەوە. بەتایبەتی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان شاکلیلی داڕمانی کۆمەڵگەیە. نموونەیەکی زۆر سادەی ئەوەیە دایکێک کە توندوتیژی بەرانبەر دەکرێ، چۆن دەتوانێ منداڵێکی سالم و بڕوابەخۆ تەحویلی کۆمەڵ بدات؟ بەگشتی رۆڵی ژنان لە سڕینەوەی توندوتیژی دژ بە خۆیان زۆر گرنگە. ژن کە ئاگایی حقووقی ھەبوو، کە بەشداری و رۆڵی کارای لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و پەروەردە، سیاسی و سەربازیدا ھەبوو، ئەو کۆمەڵگەیە دەتوانێ ھەنگاوی گەورە بنێ. ھەر وڵاتێک ئەگەر بیەوێ ھەنگاو بەرەو پێشکەوتن بنێت، دەبێ مەیدان و بواریش خۆش بکات بۆ بەشداری کارای ژنان لەو بوارانەدا و پاراستی مافی ئینسان بە ھەموو لایەنێکیەوە. ھەروھەا ئەمەش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان: لە ماددەی ٤ی بەیاننامەی پێشگیری لە توندوتیژی دژی ژنادا ھاتووە: دەوڵەتان دەبێ توندوتیژی دژی ژنان مەحکووم بکەنو، نابێ ھیچ دابونەریت، یان تێبینیی ئایینی، بکرێتە بیانوو بۆ ئەنجام نەدانی ئەرکەکانیان لە پێوەندی لەگەڵ نھەێشتنی توندوتیژیدا. دەوڵەتان دەبێ بە کەڵکوەرگرتن لە ھەموو شێوە گونجاوەکان و بێ راوەستان، سیاسەتی نھەێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ھەتا سەرئەنجامەکەی درێژە پێ بدەن.»


شیلان محەمەد دەرچووی کۆلێژی یاساو رامیاری بەشی زانستە رامیارییەکانەو وەک لێکۆڵەر و چاودێرێکی سیاسی رایوایە: «توندوتیژی و نەپاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، کاریگەرییەکی ئێجگار زۆر لەسەر دەوروون و ژیانی تاک و کۆمەڵگە دادەنێن و لەم نێوەندەشدا ئافرەتان بەدەر نین لەکۆمەڵگە و لە لێکەوتەکانی ئەو کاریگەرییە نێگەتیڤانەی کە نەبوون، یان لاوازبوونی ئاسایشی نیشتمانی دروستی دەکەن.» ھەروھەا بە پێویستی دەزانێت: «چاوێکی وردبینانە بەو یاسایانەدا بخشێندرێتەوە، کە ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییمان دەپارێزێ، بە مەبەستی ھەموارکردن و جێبەجێکردنی و لەبەر رۆشنایی حوکمەکانیدا لێپێچینەوە لھەەرکەس و گرووپ و پارت و دامەزراوەیەکی میدیایی بکرێ، کە ئاسایشی نیشتمانی دەخەنە مەترسییەوە، بەو مەرجەی پێناسێکی نوێ و روون بۆ چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێ و ھێڵە سەرەکییەکانی دیاری بکرێ و حوکم و سزاکەشی بە رەچاوکردنی پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ئەو پرەنسیپانە بێت کە لە وڵاتێکی دیموکراسیدا پەیڕەو دەکرێ .» ھاوکات دەڵێت: «ئەو ئەرکەی لەسەر ئافرەتان ھەیە لەژیانی سەردەمدا ئەرکی پیاوانیشە، واتە ئەگەر لەنێو خێزاندا ئافرەت (دایک) بێ ئەوا پیاویش(باوک)ە و لە ئەرکی گشتیدا ھەردوو رەگەزی (ژن و پیاو) مامۆستان و بگرە پیاوان زیاتر ئەرکیان دەکەوێتە ئەستۆ، لەبەر ئەوەی بوارەکانی (سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنی) بەدەست پیاوانەوەیە و تەنەا بەشێکی بواری پەروەردە بۆ ئافرەتان ماوەتەوە، کە سەرەکیترین و گرنگترینە، چونکە پەروەردەی دروست بنچینەی پێگەیاندنی کەسایەتی و ھزری تاکی دروست و ئاشتیخوازە، لەم رووەوە ئەرکی ھەموو لایەکمانە، چ وەک حکومەت و دامەزراوەکانی و چ وەک تاک و گرووپ و میدیا و رێکخراوەکان، ھاوتەریب ھەوڵ بدەین بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی پەروەردەیی پێشکەوتوو .»


شھەلا دەباغی وەک چالاکێکی نەتەوەیی و دوورەوڵات سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «راستە کێشەی ژنان کێشەیەکی جیھانییە و ژنان لە شوێنی جیاواز بە رادەی جیاواز دەچەوسێنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، بەڵام کێشەی ژنی کورد لە دۆخی ئێستادا کێشەیەکی زۆر بەرچاوترە، لە بەر ئەوەی جارێکیش بە ھۆی داگیرکردنی وڵاتەکەیەوە دەچەوسێتەوە. بۆ نموونە: ھەر لەو ماوەیەدا کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ کە لە دەست داعش رزگاری ببوو، دوای گەڕانەوەی بۆ لای خزم و کەسی ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ١٠ جار لە لایەن تیرۆریستە دڕندەکانی داعشەوە فڕۆشتوویانە. ئایا ئەم منداڵە ئەگەر وڵاتێکی سەربەخۆی ھەبا کە ئاسایشی نیشتمانییەکەی سەقامگیر بووایە، ئەوەی بەسەر دھەات؟» ھەروھەا گەورە و بچووک و ژن پیاوی کورد، بەردەوام لەژێر سێبەری زەبر و زەنگی دەوڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا دەژین، ژنی کوردیش نەک ھەر لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا وەک پلە دوو حیساب دەکرێ، ھەمیشە بووەتە ئامانجی ھێڕشی دەستدرێژی داگیرکەران و قوربانی بووە. واتە ژنی کورد ھەم وەک رەگەز و ھەم وەک تاکی نەتەوەی ژێردەست، نێچیرێکە کە داگیرکەران لە سەر خاک و نیشتمانی زەوتکراوی خۆی جەستە و رۆحی تێک دەشکێنن. ئەوجا کە داگیرکاری لە دۆخی نێوە ئاشتی، بەرەو دۆخی شەڕ دەڕوات ئەو مەترسییەکان چەند قات دەبێت. ئەگەر چاوێک لە ساڵانی دوای ھێرشی داعش لە ئابی ٢٠١٤ بکەین، دەبینین ھاوکات کە ئەو ماوەیە زیاتر لە دوو ھەزار پێشمەرگە شھەید بوون، زیاتر لە شەش ھەزار ژنیش بە دیل گیراون و وەک جاریە فرۆشتراون. ئێستا خەریکە ھەمان تاوانەکانی تیرۆریستانی دڕندەی داعش جارێکی دیکە لە لایەن حەشدی وەحشی شیعی دووپات دەبێتەوە. ئێستا زەبر و زەنگ رووبەرێکی یەکجار بەرفراوانتری دژی ژنی کورد بەخۆوە گرتووە.» گوتیشی: «ئەگەر جاران ژن بە ھۆی فاکتی کۆمەڵایەتی دەکوژرا و رۆح و جەستەی دھەاڕدرا، ئەوە ئێستا قۆربانییەکانی بە ھۆی ستەمی داگیرکاری و داگیرکەرانی کوردستانەوە زۆر فراوانتر بووە. ئەوە بەو مانایە نییە کە لە رابردوودا داگیرکاران کەمیان ستەم لە دژی کورد و ژنی کورد کردبێ، بەڵام ئێستا کە کورد بڕیاری داوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات و رێگای خۆی ھەڵبژێرێ، گەلەکۆمەکیی لێ دەکەن و لە ھەموو لایەکەوە شەڕی پێ دەفرۆشن، بەوەش وەک ھەموو جەنگەکانی دیکەی مێژوو، ژن زیاتر دەبێتە تابڵۆی پێکان و قوربانی دەکرێن. بۆیە پێویستە و دەبێت بە ژن و پیاو و بە گەنج و پیرمانەوە وەک کورد دژی داگیرکەران بۆ دیاریکردنی مافی رەوای خۆمان راپەڕین. کورد دەبێ ئەوەی لەدەستی دێت، بیکات تا لە ستەم و کۆیلەیەتی و ژێردەستی و ھەڕەشەکان رزگاری دەبێت .


ناسک سەعید-خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەمیدیاو کەلتوور- و جگە لەوەی نووسەر و توێژەرە، کارگێڕی راگەیاندنی دەستەی راپەڕاندنی کارەکانی ھەڵمەتی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستانە و سەرەتا جەخت لەوە دەکاتەوە کە «پرسی توندوتیژی، پرسێکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ھەیە، لەناو کۆمەڵگەشدا ئافرەت زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە و لەنێوەندی جەنگ و پاش جەنگەکانیش لھەەموو رھەەندەکانەوە ئافرەت و منداڵ کارەکتەری قوربانیدەری جەنگەکان. لەم سۆنگەوە دەبینین ھەر کاتێک ئاسایشی نیشتمانی کەوتە مەترسییەوە ژیانی ئافرەتانیش دەچیتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و رووبەڕووی شێوازەکانی توندوتیژی دەبنەوە وەک توندوتیژی سێکسی، دەروونی و جەستەیی و جۆرەکانی دیکە. بۆ کاردانەوەی ئەو حاڵەتە توندوتیژییانەی روودەدەن، دەبێت ھەمیشە ئافرەت ئامادەسازی خۆی بکات و رۆڵی سەرەکی ببینن لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ئەگەری روودان، یان رێگریکردن لە حاڵەتەکانی توندوتیژی بۆ ئەوەی ئەگەر تووشی توندوتیژی بوونەوە، کاریگەری خراپ لەسەر دەروونیان بەجێ نھەێڵێت، ھەرچەندە ئەم حاڵەتەش ئەستەمە لھەەموو ئافرەتێکدا وەک یەک بێت، بەو مانایەی ھیچ مرۆڤێک لە رووی بھەێزیی دەروونیەوە لەیەک ئاستدا نییە، ھەتا بتوانرێت لە ھەموویاندا باری دەروونییان جێگێر بێت، یاخود کاریگەری نەرێنی دروست نەکات.» ھاوکات دەڵێت: «لەکاتی ئاسایشی نیشتمانیدا ئافرەتان رۆڵی بەرچاویان ھەیە لە گەیاندنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ئەمەش فاکتەری بنەڕەتییە بۆ نھەێشتنی جۆرەکانی توندوتیژی و دەبێت ئافرەتان ھۆشیاربن لەبەرامبەر جۆرو مۆدێلەکانی توندوتیژی بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت و مافیان بەرجەستە بکرێت، گرنگە کۆمەڵگەش ھۆشیار بێت لەپاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەو چوارچێوەیەشدا مافی ئافرەتانیش دەپارێزرێت، بۆ بنبڕکردنی ئەو حاڵەتانەش لە ھەموو کایە و سێکتەرەکاندا سەرەتا دەبێت رێگری لە بڵاوکردنەوەی فکری توندوتیژی و توندەڕەی بکرێت و نھەێڵدرێت بکرێتە فەرھەنگ، بۆ ئەوەی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە لە ژیانێکی دوور لە توندوتیژی بژین .»


یاساناس و مافپەروەر شاخەوان خالید، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «توندوتیژی دژی ئافرەتان ھەموو ئەو کارە توندو تیژانە دەگرێتەوە کە لە دژی ئافرەتان بە کار دھەێنرێن، ھەر چەشنە کردەوەیەکی توندوتیژ لە سەر بناغەی رەگەزی کە ببێتە ھۆی زیانگەیاندنی فیزیکی، جەستەیی و دەروونی بە کردەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئێش و دەرد و ئازار تووشی ئافرەتان بکات، نیشانەی توندوتیژییە. ئەم جۆرە کردەوانەش لە فۆرم و قاڵبی جۆراوجۆردا دەبێت و جەستەی ئافرەتان، یان باری دەروونییان دووچاری زەرەر و زیانی زۆر دەکاتەوە، بەمەش ئافرەتان دەکەونە حاڵەتی چەوساندنەوەی رەگەزی و ئەوەش بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دەبێت و مەترسی لەسەر دروست دەکات، لەبەر ئەوەی ئاسایشی نیشتمانییان پارێزراو نابێت، ئەگەر توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ھەبێ و ھەموو کات لەمەترسیدا دەبێ، ئەگەر ھەوڵی نھەێشتنی ئەو توندوتیژییە نەدەین.» گوتیشی: «ئافرەتی کورد ھەموو کات بەشێک بووە لە ئاسایشی نیشتمانیمان، لە ماڵدا لە غیابی ھاوسەرەکەی پارێزگاری لە ماڵ و منداڵەکانی کردووە و لە مەترسییەکان پاراستوونیەتی و لە دەرەوە شان بەشانی پیاو لە کاروچالاکیدا بووەو پێشمەرگە بووەو بەرگری لە نیشتمان کردووە، بۆیە رۆلێ ئافرەت لەپاراستنی ئاسایشی نیشتمانی زۆر گرنگە و دەبێ گرنگیت زیاتر بەو رۆڵەی بدرێت، لەبەر ئەوەی چەندە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بکرێ، ئەوەندە کۆمەڵگە لە مەترسیدا دەبێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێ ئاسایشی نیشتمانیمان پارێزراو بێت، دەبێت توندوتیژی دژ بە ئافرەتان نھەێڵدرێت.»


سنۆبەر سابیر رەشید ئەندامی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانە و ئەویش یەکێکە لەو ھەزاران کەسەی کە رایانوایە بە درێژایی مێژوو توندوتیژی دیاردەیەک بووە کە ژینگەی مرۆڤ و ئاسایشی نیشتمانیی ھەموو جیھانییانی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە و تا ئێستاس مەترسییەکانی بە رێژەی جیاواز لە ھەموو وڵاتانی جیھاندا بەردەوامە و ھەڕەشە لە ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دەکات. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە «توندوتیژی و ئاسایشی نیشتمانی پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە ھەیە.» نموونەش بەوە دھەێنێتەوە کە «کاتێک ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکەوێتە مەترسییەوە و وڵاتێک ھێرش دەکرێتە سەری، یان داگیر دەکرێت، توندوتیژی ھەموو سنوورەکان دەبەزێنێت و ھەموو بھەاکانی مرۆڤایەتی پێشێل دەکرێن و تاوانەکان جەنگییەکانیش زیاتر بەرامبەر بە ئافرەتان دەکرێت، وەک ئەو دەستدرێژییانەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزیدی کە ئەنجامیان دا و ئێستا چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خەریکن لە ھەموو ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دووبارەی دەکەنەوە.»
Top