شنگال برینی ساڕێژ نەبووی کورد دیسان بریندار کرایەوە

شنگال برینی ساڕێژ نەبووی کورد دیسان بریندار کرایەوە
دوای ئەوەی رۆژی ٣-٨-٢٠١٤ داعش ھێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری، بەھۆیەوە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کوردی ئێزیدی ئاوارە بوون، لە ١٢-١١-٢٠١٥ـیش پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی ھەڵمەتی رزگارکردنەوەی بۆ سەر شنگال بەرپا کرد و لە ١٣-١١-٢٠١٥ داعشی لێ وەدەرنا و ئازادی کردەوە، کەچی ھێشتا برینی خەڵکەکە ساڕێژ نەببوو لە (١٧-١٠-٢٠١٧) حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان ھێرشیان کردە سەر شنگال و جارێکی دیکە ناوچەکە داگیرکرایەوەو خەڵکەکشی ئاوارە بوونەوە، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکانیش لە وەزراەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا شنگال زیاتر ناوچەیەکی سەربازییە و خزمەتگوزاری مرۆیی تێدا نییە و ئەوەش وایکردووە خەڵکەکە نەک ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بگرە لە رووی دەروونییەوە زۆر شڵەژاوتر بوون. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لەو بارەیەوە راوبۆچوونی خۆیان ھەیە.

لە ھێرشکردنە سەر ئێزیدییەکان لەلایەن ھەر ھێزێکی داگیرکەرەوە، ھیچیان لە بە تاڵانبردنی ماڵەکانیان و رفاندنی کچ و ژنانی ئێزیدی و پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنیان سڵیان نەکردووەتەوە، ئەوەش گەورەترین تاوان مرۆیی بووە کە بەرامبەر کوردانی ئێزیدی ئەنجام دراوە. تیرۆریستە توندڕۆیەکانی داعش و دواتر حەشدی شەعبی ھەمان تاوانیان دووبارە کردەوە. لە ئازاری ٢٠١٦ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تاوانەکانی داعشی بەرامبەر ئێزیدی و کریستیانەکانی عێراق بە جینۆساید ناساند. پێشتریش حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو یەکەمین حکومەت ئەم تاوانە قێزەوەنانەی بە جینۆساید ناساندبوو. پەیڕەوانی ئیزیدی کەمینەیەکی مەزھەبی کوردن کە لە باکووری عێراق، سووریا و باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا و قەفقاز نیشتەجێن و رێژەی ئێزیدییەکان لە سەرانسەری جیھاندا نزیک بە ٩٠٠ ھەزار کەس لە قەڵەم دراوە.
نادیە شێخ خودێدا وەک خاتوونێکی ئیزیدی ھێما بۆ ئەوە دەکات کەوا بە درێژایی مێژووی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق خەڵکی شنگال لە ژێر ھەڕەشە و مەترسیدا بوون، گوتیشی: «ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە ئێمەی ئێزیدی کرد، کارەساتێک بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ھاوشێوەی نەبوو، منیش کچێکم دایکم تا ئێستاش لەژێر دەستی داعشدایە و باوکم شەھید کراوە و خوشکە بچووکەکەم لەسەر چیای شنگال لەناو دەستی خۆمدا لە توونییان و لە برسان گیانی لە دەست دا.
نادیە شێخ خودێدا لە درێژەی قسەکانیدا ھەڵویستی سەرۆک مسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کورستان نێچیرڤان بارزانی بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت: «پێویستە ھەڵوێست و ھەوڵ و ھیممەتی سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاو بگرین و ھەرگیز لەبیری نەکەین، ئەگەر ئەوان نەبوونایە تا ئەمڕۆش لەژێر دەستی داعش دەبووین، بۆیە لەم رووەوە ھەموومان قەرزارباریانین، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا جارێکی دیکە برینەکانمان کولانەوە و دووچاری ماڵوێرانی و ئاوارەیی بووینەوە، تا ئێستاش ناتوانین لە زێدی خۆمان بە ئاسوودەیی بژین و ھەمیشە ھەڕەشەی داگیرکردن و رفاندن و کوشتن و ئاوارەبوونمان لەسەرە.»
خەیری بۆزانی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزراەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، لە ئاخافتنێکیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، ئاماژەی بەوە کرد کە «بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە ٥/١١/٢٠١٧ تازەکراوەتەوە، ژمارەی ئێزیدییەکانی عێراق ٥٥٠ ھەزار کەسن، ژمارەی ئاوارەکان ٣٦٠ ھەزار ئاوارەن، ژمارەی شەھیدان ١٢٩٣ شەھیدن و ١٧٥٩ منداڵ بێ باوک بوون، ٤٠٧ منداڵ بێ دایک بوون، ٣٥٩ منداڵ بێ دایک و باوک ماونەتەوە، ٢٢٠ منداڵیش دایک و باوکیان لە ژێر دەستی داعشدان، کۆی گشتی منداڵە ھەتیوەکان ٢٧٤٥ منداڵە، تاوەکو ئێستا ٤٤ گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان لە شنگال دۆزراونەتەوە، وێڕای دەیان شوێنگەی گۆڕی تاکەکەسی، ٦٨ مەزار و مەرقەدی ئایینی لەلایەن داعشەوە تەقێندراوەتەوە، ٦٤١٧ کەس رفێندراون کە ٣٥٤٧ لە رەگەزی مێ، ٢٨٧٠ لە رەگەزی نێر، تاوەکو ئێستا ٣١٩١ کەس ئازاد کراون، لەوانە ١١٢٨ ئافرەتن و ٣٣٥ پیاون، ٩٠٠ منداڵی کچ لەگەڵ ٨٢٨ منداڵی کوڕ، ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا دەستی رزگارکردنیان پێ نەگەیشتووە ٣٢٢٦ کەسن کە ١٥٢٠یان لە رەگەزی مێ و ١٧٠٦یان لە رەگەزی نێرن.»
ئەوەشی خستەڕوو: «ئێزیدییەکان بە گشتی دوای ئاوارەبوونیان لە ژێر خێوەت و لە کەمپەکان ژیانێکی سەخت و پڕ لە موعانات بەسەر دەبەن، لە کاتێکدا ئێستا شنگال سێ ھێزی تێدایە کە بریتین لە پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و پەکەکە.»


نەجم ئیلیاس عەبدی کارگیڕی لقی ٢٠ ی شێخان ناوچەی خەتارێ، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «دۆخی خەڵکی شنگال لە ئاستێکی لاوازدایە، بەتایبەتی کە بەو کۆتاییانەی رۆژانە بە دەیان خەلک دەگەڕانەوە شنگال، بەڵام کە حەشدی شەعبی ھاتن، دیسان ئاوارە بوونەوە، ئێستاش رێگای ھاتوچوویان زۆر زەحمەتتر بووە و باری ئەمنی لە دەڤەری شنگال زۆر بەرەو خراپی رۆیشتووە، خەڵکی شنگال جگە لە مەترسییەکانی فڕۆکەی تورکیا و سەربازگەی پەکەکە و حەشدی شەعبی کە لە لیستی تیرۆریستانە لەلای ئەمریکاوە، مەترسییەکی گەورە کەوتووتە ناو دڵیان بەوەی کە لە کوردستان جیا دەکرێنەوە.» گوتیشی: « شنگالییەکان لە کەمپەکانی کوردستاندا زۆر جار دەڵێن ژیان لەناو کەمپی کوردستاندا زۆر خۆشترە لە ژیانی شنگال لە ناو پەکەکە و حەشدی ئێرانی و حەشدی عێراقی، چونکە ناتوانن دەڤەری ئێمە بە دڵسۆزی بپارێزن.»
دلڤین خەلەف موراد، بەرپرسی ئەنجومەنی ئافرەتانی دەڤەری شنگال، سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات کە «بەھۆی ئاڵۆزیی باری سیاسیی کوردستان و ناوچەکە، دانیشتووانی شنگال بە ئافرەت و پیاو و منداڵەوە چەندین جار ئاوارە بوون و تووشی ناخۆشی زۆر ھاتوون، ھاوکات دەڵێت: «خەڵکی دەڤەرەکەمان دیسان تووشی کێشەیەکی گەورە بوون و بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز بووە و ھەر ھەموومان لە رەوشێکی سەخت تێدەپەڕین، ئەگەرەکەش روون و ئاشکرایە، چونکە برینەکەی پێشوومان ھێشتا ساڕێژ نەبووەو بە ھەزاران کچی ئێزیدی لەناو دەستی تیرۆریستانی داعش ماون و کەسوکارەکانیان چاوەڕێی رزگارکردنیان دەکەن، کە چی بەداخەوە ئەمڕۆ دیسان شنگال لە لایەن حەشدی شیعی و پاسدارانی ئێرانی داگیرکرا و ئەوانەشی کە گەڕابوونەوە بۆ شنگال، دیسان زوڵمیان لێی کرا و ئاوارە بوونەوە، واتا خەڵکی دەڤەرەکەمان دووبارە بوون بە قوربانیی شەڕی تایفەگەری و مەزھەبگەرایی و داھاتوویان زۆر نادیارە.»
Top