گەنجانی کەرکووک نیگەرانی نەوەکانی داھاتوون

گەنجانی کەرکووک نیگەرانی نەوەکانی داھاتوون
کوردانی کەرکووک دەڵێن: ساڵانێکی دوور و درێژ و خوێناوی چاوەڕوانی سەرفرازی بووین و بە ھەزاران کەسمان بوونە قوربانی، کەچی تا ئێستاش تاڵان دەکرێین و سووکایەتیمان پێ دەکرێ، لەگەڵ ھەموو چەوسانەوەیەکیشدا گیانی کوردستانیبوونمان گەشەی کردووە و لە ناخ و رۆحەوە بھەێزتر بووین، خەبات بەردەوام بوو، ھەتا کوردستان رزگار کرا و دوای راپەڕین بەعس رووخا و کورد لە بونیادنانەوی عێراقی داڕووخاودا بەشداری کردو گیانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی بە بەر عێراقدا کرد، بەڵام دەسەڵاتی نوێیش پێش و پاش نەمانی مەترسیی تیرۆریستانی داعش پەلاماری داین. دیسان ئاوارە و دەربەدەر کراین. لەم راپۆرتەدا گەنجانی کەرکووکی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھەتا شارەکەیان بە فەرمی نەگەڕێتەوە بۆ سەر خاکی کوردستان و کوردستانیش نەبێتە خاوەن سەروەریی و دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەوا داھاتووتیان نادیار دەبێت.
«راستە کەرکووک قودسی کوردستانە یان دڵی کوردستانە، بەڵام پێویستە ئەمە ببێتە ھەوێنی، ئەوەیە کورد ھاودەنگ بێت و بە جیھانی بسەلمێنێ کە شارێکی کوردستانییە و چیدی نابێت دەستدرێژی بکرێتە سەر خاک و خەڵکە زوڵملێکراوەکەی.» ئەوە قسەی دانا مەحموود بوو. ئەو گەنجێکی کەرکووکییە لەگەڵ خانەوادەکەی لە دوای ھێرشی ناجوامێرانەی سوپا و میلیشیاکانی عێراقی و ئێرانی بۆ سەر شارەکەی، ئاوارە بووە و پەنایان بۆ ھەولێری پایتەخت ھێناوە. ھاوکات دەڵێت: «داگیرکردنی کەرکووک و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەزاران بەڵگەی لەسەر کۆکراوەتەوە، نەفامترین کەس دەزانێ کە ھیچ پەیوەندییەکی بە کەرنەڤاڵی ریفراندۆم نییە، کە خەڵک بە ئاھەنگگێڕان چوونە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان.» گوتیشی: «خۆ لە سەردەمی مالیکی کە ھێزی دیجلە دروست کرا و ویستان کەرکووک داگیر بکەنەوە، ریفراندۆم نەکرابوو، راستییەکەی ئەوەیە شەڕی تیرۆریستانی داعش داگیرکردنەوەی کەرکووکی دوا خست.»


رابەر فایەق پێشمەرگەیەکی گەنجی کەرکووکیە و یەکێکە لەو ھەزاران کوردی ئاوارەی شاری کەرکووک و بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڵێت: «لەوەتەی وڵاتێکی دەستکرد بە ناوی عێراق دروست کراوە، دەستدرێژی دەکرێتە سەر کەرکووکییەکان و بەردەوام ھەوڵی تەعریبکردنی ئەم شارەیان داوە و کوردیش کۆڵی نەداوە و لە بەرگری بووە.» گوتیشی: «بارزانیی نەمر گوتوویەتی ھەتا یەک کورد لە کەرکووک مابێ، شەڕی کوردستانیبوونی ئەم شارە دەکرێت و ھیچ ھێزێک ناتوانێ بە زۆرەملێ لە کوردو خاکی کوردستانی جیا بکاتەوە.» ئەو گەنجە پێشمەرگەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە «ھەر میللەتێک توانای بەرگریکردنی لەمافی خۆی نەبێت، دەفەوتێت و ناوی نامێنێت.» ھاوکات دەڵێت: «ئەوەی لە تەواوی باشووری کوردستان پەیڕەوی لێکراوەو چەسپاوە، پێکەوەژیان و ئاشتەواییە، بە پێچەوانەوە حوکمڕانانی عێراق بە عێراقی فیدڕاڵیشەوە ئامانجیان کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانکردنی کورد بووە.»


نوقشە سلێمان، ھاوسەری پێشمەرگەیەکی دێرینە لە کەرکووک و ئەویش بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڵێت: «دەردەکە، دەردە کوردە، لە ناو خۆدا یەکگرتوو نین، بۆیە بە چرکەساتێک سەنگەرێکی بەرفراوان لە خانەقین تا کەرکووک چۆڵ کرا، کەس پێشبینی خۆکوژییەکی لەو شێوەیەی نەدەکرد، بەڵام بەرگریکردنی پردێ ھاوکێشەکەی گۆڕی و کەرامەتی کوری کڕییەوە، ئەمەش جیاوازیی وڵاتپارێز و وڵاتفرۆشی بۆ نەوەکانی داھاتوومان لە مێژوودا تۆمار کرد.»
لانە ھەمەوەندی کچێکی کەرکووکییە و سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «بە رووخانی دیکتاتۆریەتی بەعس و سەدام حوسێن ھیوامان بۆ گەڕایەوەو گوتمان دەستدرێژیکردنە سەر کەرامەتمان تەواو بوو، چەوساندنەوە کۆتایی ھات و چیدی ماڵوێران و ئاوارە نابین، کەچی دیسان ماڵوێران و ئاوارە بووین و ماڵمان تاڵان کرا.» گوتیشی: «ئێستا بازاڕەکان تاڵان دەکرێن و خەڵک دەکوژرێن. تەعریبچییەکان خۆیان بە سەر شارەکە و خەڵکەکەیدا دەسەپێنن. ماددەی ١٤٠ بە حیساب ماددەی چارەسەری کێشەکانی کەرکووکە، بەڵام بووەتە کێشەی سەرەکیی کەرکووک و تەعریبێکی نوێ لە شارەکەدا بەرجەستە دەکات.» گوتیشی: ئێمەی کەرکووکی ئەرکە لە سەرمان بەرگری لە شەرەف و خاک و شارەکەمان بکەین، دەنا دەبێ بۆ ھەتا ھەتایە نەوەکانمان داھاتوویەکی گەش نەبینن.»


یاساناس ھێڤی ئەحمەد، وەک کەرکووکییەک دەڵێت: «نە کەس وەک ئێمە خاوەنی کەرکووکە و نە کەس وەک ئێمە ئازاری راستەوخۆی پێ دەگا و نە کەسیش وەک ئێمە بەردەوام لە بەردەم ھەڕەشەی ئاوارەبووندایە، دەستبەردانیشمان لە کەرکووک، بە ھۆی ھەر ماددەیەکی قانوونی و ناقانوونی و تایفەیی و مەزھەبی، دەستبەردانمانە لە کەرامەتی نەتەوەیی خۆمان.» گوتیشی: «رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ چەند کەسێکی نێو کوردزمانی نابەرپرس ھێرشیان کردە سەر کوردستان و دەستیان بەسەر کەرکووک و خورماتوو و ناوچەیەکی بەرفراواندا گرت و بە ھۆیەوە سەدان ھەزار کەس ئاوارە بوون و سەدان کەسیش شەھید و بریندار کران. ئەو کارەساتە مێژووییەی داگیرکردنەوەی کەرکووک ھەرگیز لە یاد ناچێت و پێویستە بە ھەموو لایەک، بە تاک و کۆمەڵ و بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ھەوڵ بدەین جیھان لەو گەلەکۆمەکی و غەدرە ناڕەوایە ئاگادار بکەینەوە کە لە کورد دەکرێت.»
Top