خوێندنەوەیەک بۆ رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە روانگەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و دەستوور!

خوێندنەوەیەک بۆ رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە روانگەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و دەستوور!
ناکرێ وا ھەژمار بکرێ کە رووداوەکانی ئەو چەند رۆژەی رابردوو تەنیا بریتی بووە لەو رۆژەی کە ھات و رۆیشت، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەگەر کەمێک نەگەڕێینەوە دواوە، ناتوانین دیوی راستی ئەو رووداوانەش وەک خۆی ببینین. بۆیە کە ھەر بابەت و پێشھاتێک دێتە پێش، ئیتر ھەر چین و توێژێک بە گوێرەی پسپۆڕی و شارەزایی خۆی لێکدانەوەو شیکردنەوەی بۆ دەکات. ئەوەی من مەبەستمە چاوخشاندنێکە بە رووداوەکان لە رەھەندی بنەماکانی مافی مرۆڤ و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و دەستووری ناوخۆیی. ئەوەش لەو سۆنگەیەوەیە کە مادەم خوێن رژاوەو ھاووڵاتی کوژراوەو دەست براوە بۆ موڵک و ماڵی گشتی و خەڵک ئاوارەو دەربەدەر بووە، ئەوە واتە ھەموو روکنەکانی شەڕو جەنگی لەخۆی گرتووە، بۆیەش ھەمیشە لە جەنگ و شەڕەکان زۆرترین پێشێلکاری ئەنجام دەدرێت، ئەوە بەتایبەت کە جەنگ و شەڕەکە ناوخۆیی بێت، ئەوا زۆر خراپترە.


دەوڵەتی عێراق لە رۆژی دروستبوونیەوە لە ئاداری ساڵی١٩٢١ تا ئەمڕۆ نەبۆتە ئەو دەوڵەتەی کە توانیبێتی بۆ ھەموو ھاووڵاتیانی بێت بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و زمان و جیاوازییەکانی تر، چونکە لەبنەڕەتدا ئەو دەوڵەتە لە خەڵک و جوگرافیای جیاوازە و بە زۆرەملێ بە یەکەوە لکێنراوەو ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکو بە گوێرەی بەرژەوەندیی زلەێزانی ئەو سەردەمە بووە، بۆیە تا ئەمڕۆش ئەوەی ھاتبێتە سەر تەختی حوکم لەو دەوڵەتە ھەر ماوەیەک وا خۆی پیشانداوە کە بە دەستوور و یاسا مامەڵە دەکات و جیاوازییەکان قبوڵ دەکات، بەڵام کە شوێن دەستی خۆی گرتووەو ھەستی بە بوونی دەسەڵات و ھێز کردووە، ئیتر ھەریەکەو بە جۆرێک دەستی کردووە بە پاکتاوکردنی ھاووڵاتیان و نەیارانی، حکومەتی تازەی عێراقیش دوای رووخانی رژێمی رابردوو لە ساڵی ٢٠٠٣ و دانانی دەستوورێکی ھەمیشەیی لە ٢٠٠٥ ساڵ لەدوای ساڵ و دوای جێ پێی خۆی لە دەسەڵات قایمکرد، ئاماژەکانی پێشێلکردنی زۆر لە ماددەکانی دەستوور و بنەماکانی مافی مرۆڤ رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەردەکەون. بەتایبەتی ئەنجامنەدان و چارەسەرنەکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور کە کێشەیەکی سەرەکییەو ھۆکارێکە لەو کێشانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی ناوچە جێ ناکۆکەکان بۆتەوەو بەو ماددەیە زۆر شت چارەسەر دەکرا. ھەروھھا پێشێلکردنی ئەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە عێراق واژووی کردووەو تەنانەت تا ئاستی ئەوەی کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەژێر چەتری دەسەڵاتەکەی لە دەرکردنی یاسا، زۆرجار یاسای وھھای دەرکردووە کە تەواو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن بووە، رەنگە سادەترین نموونە بریتی بێت لە دەرکردنی یاسای کارتی نیشتمانی کە پێچەوانەی ھەموو یاساو عورفەکانە و دژی رێککەوتننامەی پاراستنی مافی منداڵانە کە عێراق واژووی لەسەر کردووە.


بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەرزی واقیع روودەدات، ھیچ نامۆ نییە بە مێژووی حوکمدارانی رابردووی عێراق لە پێشێلکردنی مافی ھاووڵاتیان و بەکارەێنانی سوپا لە دژی میللەت و نەتەوە و تائیفە جیاوازەکان کە ھەر جارەو لە ژێر ناوێک و بیانوویەک ئەنجام دراوە. ئەوەی ئەمجارەش لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری شاری کەرکووک و دووز خورماتووو و ناوچە جێ ناکۆکەکانی دیکە روویدا، درێژکراوەی ئەو ئەقڵییەتە بوو کە پێشتر زۆرجار دەسەڵاتدارانی بەغدا قسەیان لەسەر کردبوو، تەنانەت زۆر بێباکانە ھەڕەشەیان کردبوو تا ئاستی بەکارەێنانی ھێزی سەربازی، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەو میللەت و خەڵکەی ئەوان ھەڕەشەی لێ دەکەن، میللەتی ئەو دەوڵەتەن و قسەو کردەوەکانیشیان تەواو پێچەوانەی دەستوور بووە، لەو رووداوانە زەقترین پێشێلکاری کە کراوە تا ئاستی ھێڵی سوور بریتی بوون لە:
یەکەم: بەکارەێنانی سوپای نیشتمانی لە کێشەو ناکۆکی ناوخۆ کە لە دەستووری ناوخۆ و لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیش رێگە پێدراو نییەو قەدەغە کراوە و نابێت سوپا ببێتە بەشێک لە یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان و ھاووڵاتی مەدەنی بکوژێت.


دووەم: بەکارەێنانی ھێزی تر لە دەرەوەی ھێزی سوپای فەرمی لەژێر ھەر ناوێک بێت، تەواو پێچەوانەی دەستوور و یاساکانە وەک ھێزەکانی حەشدی شەعبی، چونکە ئەو ھێزانە نیشتمانی نین و لەسەر بنەمای تائیفی دروست کراون و بۆ حاڵەتێکی دیاریکراو بوو کە کاتێک داعش ھات و بووە مەترسی لەسەر وڵات و دوای تەواوبوونی مەترسیی داعش پێویستە ھەڵبوەشێتەوە و بگەڕێتەوە ژێر رکێفی ھێزی نیشتمانی عێراقی، چونکە مەترسیی ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی و ئایینی لێ دەکرێت بەرامبەر خەڵکانی دیکە کە وەک ئەوان بیرناکەونەوە، تاوانەکانیشیان دەچێتە چوارچێوەی پاکتاوی نەژادی.
سێیەم: کوشتن و ئەشکەنجەدان و سزادانی دیل و ھاووڵاتی مەدەنی کە لەو شەڕ و رووداوانە ھەمووی بەکارھات و بینرا کە تەواو پێچەوانەی دەستوورو بنەماکانی مافی مرۆڤ و جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی جەنگیشە. بۆیە بە تاوانی جەنگ ھەژمار دەکرێن.
چوارەم: تاڵانکردن و سووتان و ھەڵکوتانە سەر ماڵ و موڵکی گشتی بھەەر بیانوویەک بێت، ئەوە تەواو پێچەوانەی دەستوورو یاساو عورف و پرەنسیپە گشتییەکانی مافی مرۆڤە کە بە ئاشکرا لەو رووداوانە تەنیا لە دووزخورماتو نزیکەی ١٥٠ ماڵ و موڵکی گشتی سووتێنران و دزران.
پێنجەم: بەر تەسک کردنەوەی ئازادییەکان و جیاوازییەکان، ئەوەی روویدا و بە ئاشکرا بینرا لە شاری کەرکووک ئەوە بوو کە لە یەکەم شەوەکانی رووداوەکان ئەو ھێزانە چوونەتە سەر دووکانی مەی فرۆشتن و یانەکانی شەوانیان داخستووەو ھەڕەشەیان لە خاوەنەکانیان کردووە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی بڕگەو ماددەکانی ئازادییە.
شەشەم: ئاوارەبوونی ھاووڵاتیی مەدەنی کە بەشێک نەبووە لە کێشەو ململانێکان، کەچی وەک ئاماری سەرەتایی رۆژانی رووداوەکان تا ئەمڕۆ نزیکەی ١٥٠ ھەزار ھاووڵاتی ئاوارەبوون کە لە ژیانێکی سەخت و خراپ بەسەر دەبەن و تەنانەت لھەەندێ شوێنی دووز خورماتوو تا ئەمڕۆش ھەندێک لەو خەڵکە ھاوکاری و یارمەتی پێ نەگەیشتووە.
حەوتەم: بێدەنگیی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان کە ئەوەش بووە جێگەی تێڕامان و ھەڵوەستەکردن کە بە بەرچاوی ئەوان ئەو رووداوانە گوزەریان کردو ھیچ ھەڵوێستیان نەبوو کە دەوترێت زۆرجار بێدەنگی بەشێکە لە رەزامەندی .
ھەشتەم: پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت دروست بکات بۆ بە دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی حەشدی شەعبی لەسەرجەم ناوچەکان بە ھەماھەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو ناوچانە، بۆ ئەوەی لە داھاتوو بە پڕۆژەیەک پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و حەرامکردن و ئیدانەکردنی شەڕی ھێزو لایەنە ناوخۆییەکان و سزادانی تاوانباران.
Top