هاووڵاتیانی كوردستان دۆخەکه هەڵدەسەنگێنن

هاووڵاتیانی كوردستان دۆخەکه هەڵدەسەنگێنن
زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی و تەنانەت چالاکانی مەدەنی پێداگرییان لەسەر ئەوه دەکرد که پێویسته مەترسییەکانی دوای داعش له عێراق به وردی تاوتوێ بکرێت. كورد مەینەتی زۆری بەسەرهات، به‌ڵام کوردستانییان وره‌ی خۆیان له دەست نه‌داوه و جەخت لەوه دەکەنەوه که ئەو دۆخه ناهەموارەش تێدەپەڕێنن، داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەن له بەرامبەر ئەو گەلەکۆمەکی و دەستدرێژییانەدا بۆ سەر دەستکەوتەکانی کورد بێدەنگ نەبن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان له روانگەی خۆیانەوه زیاتر دۆخەکه هەڵدەسەنگێنن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

نەجمەدین حەسەن مستەفا، رۆژنامەنووس و قوتابی ماستەر لە راگەیاندن، سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێستای کوردستان ده‌ڵێت؛ «ئێمە میللەتێكین مێژوویەكی درێژمان لە رووبەڕبوونەوە هەیە لەگەڵ ئەو داگیركەر و دوژمنانەی هێزیان بۆ لەناوبردنمان بەكارهێناوە، هه‌روه‌ها له هیچ قۆناغێك شكستەكانمان نەبووەتە هۆكاری دەستبەردان لەو ئامانجەی هەمانبووە كە سەربەخۆیی و گەیشتن بووە بە مافەكانمان، بەڵكوو هەمیشە بە مۆراڵێكی بەرزەوە خەباتمان لەپێناو میللەتەكەمان كردووە، ئێستا شەڕی ئیرادەیە، لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵیشدا ئەم جەنگەمان بردەوە، بۆ هەموو دنیامان سەلماند میللەتێكی بە ئیرادە و خاوەن بڕیاری خۆمانین. هەروەك چۆن لە شەڕی دژ بە داعش هەمان ئیرادەمان دووپاتكردەوە و پێشمەرگەی كوردستان بە كۆنترین و لاوازترین چەكی سەر زەوی، رووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی و پڕچەكکراوی نوێ بووەوه، ئەگەر ئەمە ئیرادەیەكی بەهێزی لەپشتەوە نەبێ، بەچ لۆژیكێكی سەربازی ئەم سەركەوتنە مەزنە تۆمار دەكرێت؟ سەركەوتنێک که بووه مایەی شانازی نەك بۆ كوردستان بگره بۆ جیهان كە هەیبەتی داعش بە دەستی كورد تێكشكێندرا. ئەگەر تەماشایەكی مێژووی دوژمنەكانمان بكەین، ده‌بینین رێگای جۆراوجۆریان بۆ شكستهێنانمان بەكارهێناوە، شەڕ و كوشتن و لەناوبردن، ماكینەی شەڕی دەروونییان بەردەوام لەسەر كوردستان هەبووە، ئاخۆ ئەمانە سەركەوتوو بوون؟ بێگومان نەخێر، چونكە پەروەردە نەتەوەیی و نیشتمانیمان سەرچاوەی خەباتێكی درێژی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەییمان بووە.
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه رایوایه: «بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان، له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه لەپێناو ملكەچكردنی خەڵك بووه، به‌ڵام خەڵك نه‌چووە ژێر باری ئەو ئامانجه‌ی حکومه‌تی عێراقی و به ئیرادە ورەبەرزی تێپه‌ڕی کرد و ئه‌م دۆخه‌ش تێدەپهڕێنێت.» گوتیشی: «ئەگەر رۆژێك له رۆژان بە دڵەڕاوكێ و بێ مۆراڵییەوە بەرامبەر ئەو هەموو هێزە زۆرەی دوژمنان بوەستاینەتەوە، ئەوا لە شەستەكانی سەدەی رابردوو، یاخود لە ساڵانی هەشتاكان و پرۆسەی ئەنفال و كیمیاباران، یاخود سەرەتای نەوەدەكان راپەڕین و كۆڕەو دەستمان لە ئیرادە هەڵدەگرت و ناچار ملكەچی ژێردەستەیی دەبووین، بەڵام وەك پێشتر باسم كرد، میللەتێكین خاوەن فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی سەربەرزانەین. و بەدڵنیاییەوە هیچ شەڕێكی دەروونی و سەربازی كاریگەری لەسەر ئیرادە و ورەی خەڵكی كوردستان ناكات، چونكە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووه بەهێز بتوانن لەناومان بەرن.»
ئەریڤان ئەكرەم (خوشكی شەهید زێرەڤان ئەكرەم، یه‌که‌م شه‌هیدی شه‌ڕی کۆبانێ) ده‌ڵێت: «ئەم بارودۆخەی ئێستا كوردستانی تێكەوتووە، بۆ ئێمەی كورد زۆر لەو بارودۆخە ناخۆشتر بوو كە داعش ھات، چونكە ئەو كات ئێمەی كورد ھەموومان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بووین و توانیمان رووبەڕووی دڕنده‌ترین گرووپی چەكداری تیرۆریست ببینەوە، بەڵام ئێستا بڕیاری چه‌ند که‌سێک له ئامانجی گه‌وره‌ی شه‌هیدان و سه‌ربه‌خۆیی دووری خستینه‌وه، ئەمەش ئەوە ناگەیه‌نێت كە تەواو، ئیتر كورد دەستبەرداری خاك و خوێنی شەھیدانی دەبێت. بە تێڕوانینی من تەنیا یەكبوونی كورد دەتوانێت ئەم بارودۆخە گرژه چارەسه‌ر بكات، پێویسته واز لە تاوانباركردن و خەتاباركردن بێنن و ھەموومان كێشەكانمان وەلا بنێین، چونكە دوژمن چاوەڕوانی ئەوەمان لێدەكات كە دووبارە شەڕی براكوژی بكەین و خەون و ئاواتی بەخاوهن دەوڵەتبوونمان لەبیر بكەین. پێویستە كورد واز لەوە بێنێت چاوی لە دەوڵەتانی دەوروبەر بێت بۆ ھاوكاری، تەنیا یەك بگرن بەسه بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەواوی پیلانه‌کانی داگیركەران و دوژمنانی کوردستان. دڵنیاشم گەلی كورد قبووڵی ئەمە غه‌دره گه‌وره‌یه ناكات و رازی نابێت خوێنی شەھیدەکانی بەفیڕۆ بڕوات، بەڵام پێویستە ژیرانە ھەنگاو بنێین و بزانین كێمان لەگەڵە و كێ دژمانە. بێگومان رۆژێكی نوێ بۆ گەلی كورد بەڕێوهیە و بە یەكههلوێستی و یەكدەنگی ده‌توانین وه‌ڵامی سەرجەم دوژمن و داگیركەران بده‌ینەوە. تا پێشمەرگەیەك ھەبێت كورد هه‌ر سەركەوتوو ده‌بێت. من وەك تاكێكی كورد ورەم بەرزەو لەو پەڕی متمانەدام، چونكە دڵنیام كورد قبووڵی داگیركردن ناكاتەوە، ئیتر تامی ئازادیمان چەشتووە و هه‌رگیز سەر بۆ ھیچ زاڵم و داگیرکه‌رێک دانانه‌وێنین، ھیوادارم كورد بە ورە پۆڵایینە ناسراوەكەی بمێنێتەوە. بژی كوردستان، نەمریی بۆ شەھیدان.»
رۆژنامەنووس هێمن عومەر سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس ده‌ڵێت: «دوژمن كار لەسەر پەرتكردنی ناوخۆییمان دەكات تا بە ئاسانی كەرتەكان بە جیا لە یەكتری تێكبشكێنێت، بەڵام ئەوە ساڵانێكی زۆرە كاری بۆ دەكات و ئێمەش هەر پێشدەكەوین، سەرەتا حوكمی زاتی و دواتر فیدڕاڵیمان بە دەست هێناو ئێستاش ریفراندۆممان كردووە بۆ سەربەخۆیی، كەوابێت ئێمە دواجار سەردەكەوین. پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌کرا که دوای ریفراندۆم سنوورەكان دابخرێن، ئه‌و دۆخه‌ش که دروست بووه له که‌رکووک. شتێکی کاتییه و به یه‌کڕیزیمان دواڕۆژمان رووناك ده‌بێت و گەیشتن بە ئامانجە گەورەكەمان مسۆگه‌ر ده‌بێت.»
تەرزە محەمەد كارگێڕی لیژنەی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكان، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس ده‌ڵێت: «ئەزموونی دەوڵەمەند و پڕ لە هەوراز و نشێوی نەتەوەی كوردی دابەشكراوی ماف پێشێلكراو، وایکردووه خۆڕاگر و كۆڵنەدەر و سوور بن لەسەر خەبات و تێكۆشان و راپەڕین و شۆڕش و قوربانیدانی بەردەوام لەپێناو رزگاری و سەربەستیدا، ئێستاش بە ماڵ و گیان ئامادەی قوربانیدانین بۆ سەربەخۆیی و بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان، ئەم دۆخە پیلانی دۆژمنانی ناوخۆ و دەرەوە بوو، ئه‌نفال و جینۆسایدمان تێپه‌ڕاند، ئه‌م دۆخه‌ش تێپدهڕێت. كورد تا دڵۆپە خوێنێکی مابێت، ئامادەی قوربانیدانه، ورەشمان زۆر بەرزە و هه‌رگیز له ئامانجی شه‌هیدان و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان پاشگه‌ز نابینه‌وه. ئه‌گەر ئاوڕ لە راپەڕینەكانی مێژووی خۆمان بدەینەوە، ده‌بینین ئافرەت شان بە شانی برا پێشمەرگەكانمان بەرگرییان لە كوردستان كردووە، دڵنیام ئایندەی ئێمەی کورد گەش دەبێت، ئهگەرچی لە ئێستادا دوژمن لە هەموو لایەكەوە په‌لامارمان ده‌دات، بەڵام هەر تاكێكی كورد لە هەركوێ بێت، پێشمەرگەیە بۆ بەرگری لە خاك و شەرەفی كوردستان و داواش له کۆمه‌ڵگه‌ی نێودهڵەتی ده‌که‌ین له به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌کی و ده‌ستدرێژییانه‌دا بۆ سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد بێده‌نگ نه‌بن.»
Top