خانمان داوای یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن

خانمان داوای یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن
گەوهەری پرۆسەی سەربەخۆیی لەهەر قۆناخێكداو بۆ هەر نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، تەنیا یەكڕیزی و ئیرادەی هاوبەش بووە، پرسی سەربەخۆیی كوردستانیش كە بە هەوڵ و هیممەتی سەرۆك بارزانی لە ناوچەكە و ناوەندە جیهانییەكاندا بووە پرسێكی بەرباسان، بە بێ ئەو یەكڕیزییە و بە بێ هیممەت و ئیرادەی یەكگرتووی سەركردایەتیی كورد و قارەمانەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە، نەیدەتوانی رۆژی 25ی ئەیلوول بۆ كوردستانییان بكاتە رۆژێكی پرشنگداری مێژوویی، واتە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی تەواوی خەڵكی كوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پێوەری سەرەكییە بۆ هێنانەدی خەونی میللەتێك كە سەدان هەزار قوربانی بۆ داوە، ئەمەش لەو روانگەیەوە كە یەكڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەكان و یەكهەڵوێستی خەڵكی كوردستان، هێز و تینێكی زیاتر بە پرۆسەكە دەدات، لەم روانگەیەوە خانمان خوازیارن بۆ ئەم قۆناخە تێڕوانین و بۆچوونی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە گۆشەنیگای پرۆسەی سەربەخۆییەوە ئەم واقیعە بخوێننەوە، نەك لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی حزبییەوە لێی بڕوانن. خانمانی كوردستانیش لەو پرسە چارەنووسسازەدا دەنگ و بۆچوونی خۆیان هەیە.


گوڵان: كۆمەڵایەتی


سەرەتا د. نازەنین عوسمان لە كۆلێژی ڤێترینەری زانكۆی سلێمانی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كورد دوژمنی زۆرە لە چەند هەفتەی رابردوو تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی كە كورد بە دۆستی دێرین، یان دوستی دواڕۆژ و ستراتیژی دانابوون، لە كورد هەڵگەڕانەوە و پەیامی دۆستایەتییان بۆ هەڕەشەكردن گۆڕی، گوتیشی: «ئەگەر لەناو خۆمان یەكڕیز نەبین و یەكتری ببڕین، ئەوا دەبین بە پارووی ئاسان بۆ دوژمنانمان و بە ئاسانی قوتمان دەدەن. بە داخەوە مێژووی كورد پڕە لەو خاڵە رەشانە كە بە هۆی ناتەبایی نێوان كورد خۆی، لایەك لایەنێكی تری خستۆتە سەر سفرەی دوژمنی كورد و بە خواردنی داوە. ناكرێت و نابێت كورد مێژووی ناتەبایی ناوخۆیی دووبارە بكاتەوەو عیبرەت وەرنەگرێت. ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە كە هێزە سیاسییەكان دەست بۆ یەكتر درێژ بكەن و تەنازول بۆ یەكتر بكەن، ئەوە باشترە لەوەی تەنازول بۆ دوژمنانمان بكەن، ئەمە نە عەیبەو نە لێیان كەم دەبێتەوە، بەڵكو پێی گەورە دەبن، چونكە ئەو كوردستانە تێك بچێت، لە هەمووان تێك دەچێت، كە لافاو هات، ماڵی كەس جیاناكاتەوە.»
كاڵێ فەقێ وسو، ئەندامی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە «یەكڕیزی فاكتەر و هۆكاری سەرەكیی پێشوەچوونەكانە لە گشت بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و دادپەروەری و دیموكراسی و.. هتد»، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بە تەبایی و هەماهەنگی بیربكەنەوەو بەرژەوەندی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی، تەنیا بەوەش یەكڕیزی و كۆدەنگی مسۆگەر دەكەن، تا ئایندەی كوردستان دیار و رۆشنتر بێت. گوتیشی: «لە هەر وڵاتێكدا كە هزری جودا و بەتایبەتی دژ بەیەك و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەكان بوونیان هەبێت، بابەتێكی ئاڵۆز كە دەبێ كاری جددی بۆ بكرێ بابەتی دروستكردنی تەبایی و یەكڕیزییە. وڵاتپارێزی و نیشتماندۆستی بە دەرەجەی یەك، خۆی لە تەبایی و بە یەكەوەبووندا دەبینێتەوە، هەروەها یەكڕیزی تەنیا تایبەت نییە بە لایەنە سیاسییەكان، بەڵكو بۆ گشت پێكهاتە و رەنگ و دەنگە جیاوازەكان دەبێ كاری لەسەر بكرێ هەتا ئاشتەوایی گشتی مسۆگەر بكرێت. بۆیە پێویستە هەمووان بە یەكەوە بە رۆحی لێبووردەیی كار بۆ دروستكردنەوە و بونیادنانەوەی تەبایی و یەكڕیزیی بكەین. دەبێ هەمووان بە رۆحی كوردستانیبوون و بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكان و گشت لایەنە سیاسییەكانەوە بۆ یەكڕیزی تێبكۆشن و ئەركی بەرپرسیارەتی مێژوویی خۆیان بەجێ بگەیەنن. پێویستە بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانی، هەموان لە ژێر چەتری سەربەخۆییدا كۆ بكاتەوە. كوردستان بە قوربانیدانێكی مەزن و تێكۆشانی بێوچانی ڕۆڵەكانی گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی ئێستا. دەبێ كار بۆ چنینەوەی ئەو رەنج و قوربانیدانە بكەین. چونكە ئێمە لە قۆناغی رزگاریی نیشتمانی و خەباتی سەربەخۆیی كوردستانداین، پرسی كوردیش سنوورەكانی سیاسەت و دیپلۆماسیی لۆكاڵی بڕیوە و بۆتە پرسێكی جیهانی. بۆیە كوردستان بە قۆناغێكیی زۆر هەستیار و ناسك تێدەپەڕێت. بۆیە لە ئێستادا، پێویستە كوردستانیان لە هەر رەنگ و باوەڕێك بن، كێشە و ململانێ ناوخۆییەكان وەلا بنێن و یەكڕیزی و كۆدەنگی بكەنە دیاریی سەركەوتن بۆ میللەت و پاشەكشە بە نەیارانی كوردستان بكەن. بێ شك فاكتەری سەرەكی مانەوەی دەستكەوتەكان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی وڵات، یەكڕیزی لایەنەكانە بە پشتیوانیكردنی هاووڵاتیان. ئەگەر سەربەخۆیی كوردستان و بەختەوەری و رزگاری یەكجاری، ویستی راستەقینەی لایەنەكان بێت، ئەوە یەكڕیزی و كۆدەنگی لەسەر پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان ئاسانتر دەكات .»


ناسك تۆفیق كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەگەر تەبایی و یەكڕیزی بۆ بەڕێوەبردنی هەموو دەوڵەتێكی خاوەن سیادەو دەستوور پێویست بێ، ئەوا بۆ كوردستانییان و بەتایبەتی لە ئێستادا ئاوی حەیات و ئۆكسجینی ژیانە. لە پێنج ساڵی رابردوو دەرهاویشتەی ئەو ناتەبایی و دژایەتیكردنە ناوڕەوایە ناوخۆییەمان بەئاشكراو بە چاوی خۆمان بینیوە، شوێنەوارو كاریگەری ئەوەش نەك لە سەر نەوەی ئێستا بەڵكو لەسەر نەوەكانی داهاتووش دەبێ، ئێستە لە بەردەم هەلومەرجێكی تەواو جیاوازو مێژووییداین، ئەویش مامەڵەكردنێكی تەندروستە لەگەڵ ئەنجامی ریفراندۆم و دەنگدانی هاووڵاتیانی ئەم كوردستانەو بەدیهێنانی خەون و خەباتی لەمێژینەی گەلەكەمان كە ئەویش سەربەخۆییە، بۆیە تەبایی و یەكڕیزی یەكێكە لە هۆكارە هەرە گرنگ و لەپێشینەكان بۆ پیشخستنی هەنگاوەكان بەرەو سەربەخۆیی و چنینەوەی رەنج و هەوڵ و خەباتی چەندین ساڵەی ئەم میللەتە بەشمەینەتە، ئەگەر یەكڕیز تەبا نەبین لەناوخۆدا دیسان دەرفەتێكی ناوازەو گرنگی تر لە دەست دەدەین و بەرپرسیار دەبین لە بەردەم ئێستاو داهاتووی میللەتەكەمان و خاڵێكی رەش لە مێژوو تۆمار دەكەین.»


فلامینا وەحید بەڕێوەبەری نووسینگەی منارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «گەلی كورد دوژمنی زۆرەو بەهۆی بەرژەوەندییەكانیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت بە ئاشكرا پشتگیری خۆیان بۆ خواستی رەوای كورد رابگەیەنن.» هاوكات دەڵێت: «ئێمەی كورد بە پێی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ بە زۆرەملێ و بە بێ ویستی خۆمان لە ژێر چەتری چوار دەوڵەتی ستەمكار دابەش كراین، ئەوەش چەندین شۆڕش و قوربانیدانی لێكەوتووەتەوە، ئێستاش لەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەگەر یەكڕیزی نەپارێزین، لاواز و رەنج بەخەسار دەبین، بەپێچەوانەوە داگیركەرانی كوردستان لە زۆر شت دژی یەكترن، كەچی لە دژی پرسی كورد رێككەوتن دەكەن بۆ ئەوەی ئاسانتر دژایەتی ئامانج و دەستكەوتەكانمان بكەن. بۆیە یەكڕیزی و تەبایی زۆر پێویستە و ناكرێت بە هیچ بیانوویەك ناكۆك بین. بە ئومێدم هەر تاكێكی كوردستانی بە هەموو پێكهاتەكانی نیشتمانەوە كاریگەری خۆیان هەبێت و لایەنە سیاسییەكان ناچار بكەن بۆ ئەوەی هاوتەریب و یەك هەڵوێست بن، هەتا بتوانن بە هەنگاوی كارا بەرەو سەوەریی سیادی و سەربەخۆییمان ببەن، هیوادارم بە ناتەبایی رەنجی خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان و خۆیان بە فیڕۆ نەدەن. هەموومان وەك جەژنێك بەرەو سندوقەكانی دەنگدان چووین، داوای میللەت سەربەخۆیی بوو، پێویستە لەوە تێبگەن و هێز و پێگەی سەرۆك بارزانی ببینن و پشتیوانی بن، چونكە ئەگەر هێزمان لە گەورەمان كۆنەكەینەوە، پەرتەوازە و بێ هێز دەبین، چونكە لە خۆمان زیاتر هیچ پاڵپشتی ترمان نییە، با ئەو بیرۆكە بێ بنەمایانەی كە بە عێراقی داڕووخاوی تائیفی گرێمان دەداتەوە، وەلانێن و لەگەڵ میللەتی خۆیان راست بن و واقعی دونیا ببینن، ئەگەر یەكڕیز بین ئەو كات جیهانیش حیسابێكمان بۆ دەكات .
Top