خانمێكی كورد لە ئاسمانەوە داوای پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات

خانمێكی كورد لە ئاسمانەوە داوای پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات
كورد لە هەر گۆشەیەكی ئەم جیهانە خاكییەدا گیرسابێتەوە، خەونی گەورەی ئەوەیە نەتەوەكەی لەژێر دەستی و ستەمی داگیركاری رزگاری ببێت، لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستانیش كە بە چەندین كەرنەڤاڵی گەورەی جەماوەری پێشوازی لێكراو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا، هەر كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە ناوخۆ و دەروەی وڵات بە جۆرێك و بە پێی توانا كاردانەوەی هەبووە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە. بەڵام د. سورەیا فەلاح چالاكی مافی ژنان و كەسایەتیی ئەكادیمی لە ئەمریكا، بە بیرۆكەیەكی مەترسیدار و بۆ یەكەمجار و تەنیا دوای كاتژمێرێك مەشق و ڕاهێنان، بڕیار دەدات لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت و ئاڵای كوردستانەوە دابەزێت و داوا لە كۆنگرێسی ئەمریكاش بكات كە پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكەن.

د. سورەیا فەلاح چالاكی مافی ژنان و كەسایەتیی ئەكادیمی لە ئەمریكا بڕیارێكی بوێرانەو به مەبەستی وەرگرتنی پشتگیریكردن له سەربەخۆیی باشووری کوردستان رۆژی 1/10-2017 له ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و له ویلایەتی كالیفورنیا زنجیره چالاكییەكی مەدەنی ئەنجام دا. هەر لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «لە ئەمریكا چەندین كۆمپانیای تایبەت بە لوبی هەن، كە دەكرێ لە رێگەی ئەوانەوە كاریگەری لەسەر رای گشتی دروست بكرێت، منیش بڕیارم دا بۆ وەرگرتنی پشتیوانی لە سەربەخۆیی كارێكی مەترسیدار بكەم، كە هەرگیز لەو بوارەدا كارم نەكردووە، ئەویش خۆبەردانەوە لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت و بە ئاڵای كوردستانەوە، كە بێگومان بە بێ یاریدەدەر لە توانای مندا نەبوو. بەڵام هەمیشە چارەنووسی نەتەوەییم بەلامەوە زۆر گرینگ بووە، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەركەوتووش لە باشووری كوردستان زنجیرە چالاكییەكم ئەنجام دا. سەرەتا رۆژی یەكشەممە رێكەوتی یەكی مانگی ئۆكتۆبەر، له فڕۆكەخانەی شاری لۆمپاك بە هەڵگرتنی ئاڵایەكی گەورەی كوردستان و به پۆشینی كراسێك كه ئاڵای كوردستان و ناوی كوردستانی سەربەخۆی لەسەر چاپ كرابوو، توانیم سەرنجی ئامادەبووان و كاربەدەستانی فڕۆكەخانەكە راكێشم، و ئامانجی خۆمیان بۆ شی بكەمەوە».
وەك باسیكرد لەو چالاكییەدا خەڵكی هان داوە كە پشتیگری گەلی كوردستان بكەن، خۆیشی داوای له بەرپرسانی ئەمریكا كردووە كە پشتگیری دۆخی كورد و خواستی رەوای كوردستانییان بۆ بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بكەن.
هەر لە بارەی چالاكییەكانیەوە، د. سورەیا فەلاح ئاماژەی بەو دا كە لە چالاكییەكی دیكەدا داوای لە ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریكا كردووە دەنگی خۆیان بخەنه پاڵ كۆنگرێس مەنێكی ئاشنا بە دۆزی كوردو هەر لەو بارەیەوە گوتی: «بەڕێز فڕانك تڕێنت، نوێنەری (ویلایەتی ئەریزۆنا)یە له كۆنگرێسی ئەمریكا و كەسێكی دڵسۆز و شارەزای پرسی كوردە، بۆیە داوام لە ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریكا كرد، لە بارەی سەربەخۆیی كوردستان كە مافی رەوای گەلەكەمانە هاوكاری و هاوڕایی بەڕێز فڕانك تڕێنت بكەن».
وەك باسیكرد له بەشێكی دیكەی زنجیره چالاكییەكانی و لە گەشتێكدا به سەر ئاسمانی شاری لومپاك له بەرزایی (١٣٠٠٠پێ)وە، بە هاوكاری یارمەتیدەرەكەی لە كاتێكدا ئاڵای كوردستانی لەو ئاسمانەدا شەكاندووەتەوە، بە سەڵامەتی نیشتووەتەوە. دوابەدوای ئەو كارەش ئامانج و مەبەستی خۆی بۆ ئامادەبوونی شوێنەكە خستووەتەڕوو، هەر وەها بە وردی باسی هەلومەرجی ناوچەكە و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە. گوتیشی: «وڵاتانی زلهێزی ناوچەكه؛ ئێران و توركیا لەمێژه بە هەموو شێوەیەك مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانییان پێشێل كردوە، ئێستاش به هاودەنگی لەگەڵ كاربەدەستانی عێراقدا گەشتی ئاسمانی بۆ هەوڵێر و سلێمانییان قەدەغە كردووە، گەمارۆی سیاسی و سەربازییان بە سەر باشووری كوردستاندا سەپاندووە، بەڵام من پەیامی دڵگەرمی و دڵنیایی بە هاوچارەنووسان و گەلی خۆم ددەم، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی جیهان و لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەشەكێتەوە، كوردستانی سەربەخۆ لە ئاسۆی رووناكی نزیك بووەتەوە و رۆحی پاكی قوربانییانمان شاد دەبێتەوە».
وەك باسیكرد، فڕۆكەخانەی لومپاك له باكووری ویلایەتی كالیفۆڕنیایە و جێگایەكی بەناوبانگە بۆ ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانیی كورتخایەن، كە لەوێ بە مەبەستی جۆراوجۆر، تاك و گرووپەكان كۆدەبنەوە و شوێنەكە تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی نییە، بەڵكو خەڵك زۆر جار بە مەبەستی ئامانجدار و بۆ گەیاندنی پەیامێك گەشتی ئاسمانی دەكەن و بە پەڕەشووت خۆیان هەڵدەدەن. گوتیشی: «له چەند ساڵی رابردوو تا ئێستا بەشێكی زور له چالاكانی مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ راكێشانی سەرنجی میدیا و كاربەدەستانی حكوومی روو لەم شوێنە دەكەن و هاوكات لەگەڵ بەشداری له چالاكییەكان، بە تاكە كەس، یان بە گرووپ و دەستە و كۆمەڵ كێشەكانی خۆیان بۆ ئامادەبووان دەخەنەڕوو، دواتر لە رێگەی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە سەرنجی رای گشتی و بڕیاربەدەستانی سیاسی بۆ پرسەكە رادەكێشن».
Top