دایكانی سەربەرزی شەهیدان خوازیاری سەربەخۆیی كوردستانن

دایكانی سەربەرزی شەهیدان خوازیاری سەربەخۆیی كوردستانن
ئافرەتان خاوەن رابردوویەكی پڕ سەروەرین لە مێژووی كوردو شانبەشانی پیاوان بەشداربوون لە بزاڤی نەتەوایەتی و تەنانەت دەستیان داوەتە چەك و لە هەر چوارپارچەی كوردستانی دابەشكراو هاتوونەتە ریزی حزب و لایەنە سیاسییەكان و لە خەباتی چەكداری و شۆڕشەكانی كوردستان رۆڵی بەرچاویان بووە. ئەگەرچی پیاوان بەراورد بە ئافرەتان ژمارەیەكی زۆر زیاتریان لە نەبەردەكاندا شەهید كراون، بەڵام هەر ئەوەش وایكردووە خانەوادەی سەربەرزیان ئەركی قورستری ژیان لە ئەستۆ بگرن، بەتایبەتی هاوسەری شەهید كە ناچار دەبێت شوێنی باوك بۆ منداڵەكانی پڕ بكاتەوە، بەڵام ئەوەش لە یاد ناكرێت كە دایكانی شەهیدانی سەربەرزمان تا دواهەناسەی ژیانیان بەو حەسرەتەوە دەژین، كە لانیكەم ئامانجی رۆلەكانیان بێتەدی و خوێنی پیرۆزیان بەفیڕۆ نەچێت. لەم راپۆرتەشدا ژمارەیەك لەو دایكە سەربەرزانە راوبۆچوونی خۆیان لە بارەی بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانەوە بۆ گۆڤاری گوڵان دەخەنەڕوو.


دوای ئەوەی دایكە عائیشە سێ كوڕی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا شەهیدبوون، سەرۆك بارزانی بەسەری كردەوە و پەرلەمانی ئەوروپاش بە فەرمی بانگهێشتی كردو نازناوی «دایكی شەهیدانی جیهان»یان پێ بەخشی. ئەو دایكە سەربەرز و جەرگسووتاوە سێ ڕۆڵەی قارەمانی لە یەك كات و لە یەك سەنگەردا لە رزگاركردنی ناوچەی زومار لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەهید كران، لەگەڵ ئەو ئازارە جەرگبڕەشدا، هەموو كات و سات و رۆژێك بە ئاواتی ئەوەیە سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەندرێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: «ئێمە لە شاخ و لە شار خەباتمان بۆ ئازادی بوو، تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش برینمان ساڕێژ دەبێت، لەو كاتەوە جەنابی سەرۆك ئەمری كرد، ریفراندۆم بكرێ و سەربەخۆ بین، تاكە ئاواتم ئەوەیە كە نەمرم و دەوڵەتی كوردستان ببینم، شوكر بۆ خوای گەورە ریفراندۆم سەركەوت، بۆیە پێویستە پەلە لە راگەیاندنی دەوڵەت بكرێت و دواخستنی لە بەرژەوەندی ئێمەی كورد نییە، بۆیە لێرەوە داوا لە جەنابی سەرۆك دەكەم كە بە زووترین كات و پێش هاتنی نەورۆز سەربەخۆیی كوردستان رابگەینن، لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە نەمرم و دەوڵەتی كوردستان ببینم».
سەرۆكی كوردستان مسعود بارزانی لە پەیامێكدا بۆ ئافرەتانی كورد دەڵێت: «پیرۆزبایی لە دایكی شەهیدو ژن و كچی شەهیدە سەربەرزەكان دەكەم، كە ئازیزانی خۆیان پێشكەشی گەل و نیشتمان كردووە. پیرۆزبایی لەو ئافرەتە تێكۆشەرانە دەكەم رۆڵیان لە بەرەوپێشچوونی دۆزی ئافرەتی كوردستانیدا هەبووە. رۆڵی ئافرەتان لە دروستكردنی مێژوو و پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێگەیاندنی رۆڵەی قارەمان جێگەی شانازییە. ئەو قوربانی و ئێش و ئازارەی ئافرەتی كوردستانی لە خەباتی گەلەكەیدا بینیویەتی، لە هی پیاو زیاترە. ئافرەتان وەك دایك و هاوسەر و خوشك هاندەری پێشمەرگە بوون و ئازیزانیان بە نیشتمان بەخشیوە، كە ئەمڕۆ مێژووی گەلەكەمان شانازییان پێوە دەكات».


ئەو وتارەی سەرۆك بارزانی، قورسایی و سەنگ و رێزی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان زیاتر بەرجەستە دەكات، لە هەموو وڵاتانی جیهانیشدا ئەوانەی لە پێناوی وڵات و ئازادیی خۆیاندا بە ناحەق خوێنیان ڕژاوەو شەهید كراون، بە چاوی رێز و ستایشەوە سەیردەكرێن، لە كوردستانیش كە وڵاتی فیداكاری و بەرخۆدانە، بۆ ئەوەی لە دیلی و پەستی و ژێردەستەیی رزگارمان بێت، سەدان هەزار قوربانیمان داوە، دایكانی سەربەرزی شەهیدانیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە تەنیا بە بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ برینیان ساڕێژ دەبێت. ئەوەتا پەیمان ئەحمەد دایكی شەهید ئاشتی فارس تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: «من وەك دایكە شەهیدێك تا دوا دڵۆپە خوێنم لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانم، چونكە ئێمەی كورد ئەوە 100 ساڵ زیاترە هەر دەچەوسێینەوە، من بە بیرو بڕوایەكی بەهێزەوە لە ئایندەی كوردستان دەڕوانم، ئایندەمان گەشە بە پشتیوانی خوای گەورە و خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت، ئێمەی كورد و كوردستانییان خوێنێكی زۆرمان داوە بۆ سەربەخۆیی و مافەكانمان، دڵنیاشم دەوڵەتی كوردستان دروست دەبێت و هەر بە برایەتی و پێكەوەژیانێكی پڕ لە رێز و ئاشتیمان لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان دەبێت. كوردستان موڵكی هەمووانە بەتایبەتیش هی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانە، لەكۆتاییدا دەڵێم سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدانی رێگەی رزگاری كوردستان. من پارچەیەك لە جەرگم بە خاك بەخشی، بۆ ئەوەی كوردستان سەربەخۆ بیت، ئەوە خەونی كوڕە شەهیدەكەشم بوو».


جەیران رەسول دایكی شەهید كەیوانی تاقانە-یە و ئەویش یەكێكە لەو هەزاران دایكە شەهیدە، رەشپۆش و جەرگسووتاوانە و سەبارەت بە بونیادنانی دەوڵەتی كوردستانیش دەڵێت: «تاقە كوڕێكم بوو لە پێناو كورد و كوردستان دامناو نامەوێ خوێنەكەی بەفیڕۆ بڕوات، وەك دەزانین جەرگ لە هەموو كەسێك و شتێك شیرینترە، تاقانە رۆڵەكەی من چوار منداڵی وردی هەیە و دوای شەهیدبوونی تاقانە كوڕەكەی بە لە دایك بوو، من وەك دایكێك رۆڵەكەمم لە دەستدا و چوار منداڵی بێ باوكم بۆ مایەوە، لە پێناو چی، لە پێناو پاراستنی كوردستان و دەستكەوتەكانی بوو، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی وڵات، كوڕەكەم باوەڕی بە مەبدەئەكەی زۆر بەهێز بوو، بە قەناعەتەوە لەم رێگەیەدا خوێنی خۆی كردە خەڵات و هەمیشە دەیگوت: باوكە، دایكە چەند خۆشە پلەی شەهادەت لە رێی كوردستان بەدەست بێنی، كاتێك تاقانەكەم بە خاك بەخشی ئومێدم سەربەخۆیی كوردستان بوو، ئێستاش كە دەبینم خەریكە خۆری سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان ئاسۆی وڵاتی تەنیوە، زۆر خۆشحاڵم و خەمی دووری رۆڵەكەمم كەم بۆتەوە. ئومێدەوارین نەوەكانی من و هەموو رۆڵەی كورد بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان شادبن و لە سێبەریدا بحەسێنەوە و بە ئاسوودەیی بژین».


كەو عەبدوڵڵا دایكی شەهید زێرەڤان و یەكەم پێشمەرگەی باشووری كوردستانە كە لە كۆبانێ شەهید كرا. ئەو دایكە سەربەرزە بەمجۆرە باسی خۆی و شەهیدەكەی و خەونەكانی دەكات: «من رۆڵەیەكم لەپێناوی سەربەخۆیی لە پارچەیەكی دیكەی خاكی كوردستان كردووەتە قوربانی، ئامادەم ھەر سێ كوڕەكانی دیكەشم بكەمە قوربانی تەنیا لە پێناو بنیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بێگومان بۆ دایكێك قورسترین شتە كە رۆڵەكانی بكاتە قوربانی و ھەتاھەتایە بەو ئازارەوە دەژیت، بەڵام سەربەخۆبوونی كوردستان لەلای ھەر تاكێكی كوردپەروەر گرنگترین ئامانج و خەونی ژیانیەتی، من پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لەھەموو بارودۆخێك ئەوەم دووپات كردووەتەوە كە پێویستە كوردستان بە زووترین كات سەربەخۆبێت و تەواوی گەلی كورد خەبات بو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان بكات، دوای ریفراندۆمیش ھەمان هەڵوێستم ھەیەو بگرە زیاتر پێداگرم و دڵخوشم و پێموایە ئێستا ئیتر دەوڵەتی كوردستان بنیاد نراوە. بە سەداسەد لەگەڵ سەربەخۆبوونی كوردستانم، داواكاریشم لە تەواوی گەلی كورد كە بە ھیچ شێوەیەك گوێ بە ھیچ جۆرە فشار و ھەڕەشەیەك نەدەن كە وڵاتانی دەوروبەر بەرامبەر بە كوردستان بەكاری دێنن، چونكە ئێمە چەندین ساڵە خەبات دەكەین و قوربانی دەدەین، ئاوارە بووین و برسی و بێ ماڵ و حاڵ بووین، ئەنفال و كیمیاباران كراین، هەزاران شەھیدمان داوەو كوردستانیان وێران كردووین، دڵنیام ئەگەر ئێمە رازی بین بە كوردستانێكی ژێردەستە، ئەوا حاڵمان ھەر وادەبێت، بەڵام ئەگەر ببینە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ كەوا ئێستا لە دەستپێكیداین، بێگومان ناتوانن لەوە خراپتر بە سەرمان بێنن، بۆیە با چیتر زوڵم و ژێردەستی قبووڵ نەكەین و خاوەن دەوڵەتی خۆمان بین و سەربەرز و ئازاد بژین. كێشەو سەختییەكانیش تێدەپەڕن، كورد لە ژێردەستیدا بەرگەی زۆر شتی سەختی گرتووە، دڵنیام لە پێناو سەربەخۆیی بەرگەی ھەموو ناخۆشی و سەختییەك دەگرێت. ھیوادارم بە زووترین كات سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەندرێت و چیتر دوا نەخرێت، بۆ ئەوەی مزگێنی بە كوڕەكەم و سەرجەم شەھیدان بدەین كە خوێنی پیرۆزیان بەفیڕۆ نەچووە. ئەو ئامانجەی كە رۆڵەكانمان لە پێناوی شەھید بوون، ئاواتی هەموو گەلی كوردە، دڵنیاشم بە ھەوڵ و كوششەكانی سەرۆكمان كاك مسعود بارزانی بە زووترین كات ئەم مزگێنییە دەدرێتە شەھیدانمان و تەواوی گەلی كوردستان. بژی كورد، بژی كوردستان، نەمریی بۆ شەھیدان».


عەمیرە مستەفا دایكی شەهید فەرهاد ئەحمەد ـەو سەبارەت بە هەمان پرس بە ورەیەكی بەرز و پیرۆزەوە دەڵێت: «سەربەرزم بەوەی كە كوڕەكەم لە پێناو پاراستنی كوردستان شەهید بووە، زۆر دڵخۆشین و سوپاس بۆ خوای گەورە كە ئیرادەی گەلی كوردی سەرخست، لە خوا دەپاڕێمەوە سەرۆكمان سەركەوتوو بكات و دەوڵەتی خۆمان ببینین و لە ژێردەستی داگیركەر بێینەدەرێ، با چیتر خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەڕوات و چیتر دوژمن قەتڵوعاممان نەكات، ئێمە لە رابردوودا ئاوارەیی و غەریبی و دەربەدەری زۆرمان چەشت لە پێناو سەربەخۆبوون و دەربازبوون لە ژێردەستەیی، وەك دایكی شەهید زۆر زۆر حەز دەكەم ببینە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ و ئاواتی شەهیدانی رێگەی رزگاری كوردستان بێتەدی، با چیدیكە عەرەب خاوەندارێتیمان نەكات با خۆمان ببینە خاوەن كوردستانێكی سەربەخۆ».
Top