ئافرەتان لە دەوڵەتی سەربەخۆدا زیاتر هەست بە سەربەخۆیی ئابووریی دەكەن

ئافرەتان لە دەوڵەتی سەربەخۆدا زیاتر هەست بە سەربەخۆیی ئابووریی دەكەن
ئەگەر لە هەر وڵاتێكی جیهاندا سەربەخۆیی پێوەری رەچەڵەك و رەگەز و ئایین و ئایینزای هەبێت، ئەوا لە كوردستان و لە لای هاونیشتمانییانی ئەم وڵاتەدا، پێوەر تەنیا پێكەوەژیان و ئاشتەوایی و بەرخۆدان و لێبووردەییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتانی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە دوای رزگاری لە بندەستی و كۆیلەیەتی و پاش نەهێشتنی روانگەی بە پلەدوو سەیركردنی خۆیان و نەتەوەكەیان، لە دەوڵەتی سەربەخۆدا دەكارن پتر مافە زەوتكراوەكانیان وەربگرنەوە و تەنانەت سەربەخۆیی خۆیان لە رووی ئابوورییەوە دەستەبەر و مسۆگەر بكەن. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتە راوبۆچوونی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان دەخەنەڕوو.

سەراب دلاوەر كاكە زیاد، چالاكی مەدەنییەو خاوەن بڕوانامەی ماجیستەرە لە پێوەندیی نێودەوڵەتی و لە دەستپێكی وتەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «یەكێك لە بنەما هەرە سەركییەكان بۆ دروستبوونی دەوڵەتێكی بەهێز، بوونی پێگەیەكی ئابووریی بەهێزە، بەبێ بەشداری ئافرەتیش لەم بوارەدا، ئەوا ئەم پێگەیە زۆر ناتەواو دەبێت، بەتایبەتی كاتێك كە دەوڵەت دەستدەكات بە بونیادنانی بازاڕێكی كاركردنی بەهێز لە كەرتی تایبەت، ئافرەتان دەتوانن رۆڵێكی بەرچاو و كارایان لەم بوارەدا هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەربەخۆیی ئابووریی ئافرەت و بەوجۆرە دەبن بە خاوەن كار و تەنیا وەك كرێكار و فەرمانبەر نامێننەوە، ئەمانەش هەمووی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەتوانرێت بەدی بهێنرێت، لەبەر ئەوەی كاتێك دەوڵەت بووژانەوە لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی دەبێتە ئامانجی و پلانی بۆ دادەنێت، یان هانی بەرهەمهێنانی كاڵای خۆماڵی دەدات لە رێگای كردنەوەی چەند كارگەیەك لە بواری خواردەمەنی و كاری دەست و چنین و...هتد، هەروەها كاتێك پلان دادەڕێژێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، ئافرەت دەتوانێ لە هەموو ئەو بوارانەدا رۆڵی كاریگەری هەبێت، هەر لە بواری چاندن و دروێنەكردن تا بەخێوكردنی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی جیاواز، هەر بۆ نموونە ئێستا لە زۆربەی كۆگا و مۆڵەكانی كۆتال و جلوبەرگ، ئافرەت نەك هەر كڕیارە، بگرە كاری فرۆشیاری و خاوەنداریەتی لە ناوەندی فرۆشیاری دەكات، واتە ئافرەت توانیویەتی ببێت بە خاوەن كار‌و تەنیا وەك بەكاربەرێك نەبێت. هەروەها بوونی رێكخراوە ناحكوومییەكانی ئافرەتان رۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ گۆڕین و دەركردنی یاساكانی پەیوەندیدار بە رێكخستنی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان بە شێوەیەك كە دەرفەتی زیاتر بە ئافرەت بدات بۆ بەشداریكردنیان لە پەرەپێدانی ئابووری و نەهێشتنی بەربەستەكان، هەروەها پێدانی قەرزی بچووك و مامناوەند بەبێ سوود لە هەندێ بواری كاری دیاریكراودا، رێگەخۆشكەر بووە لەبەردەم ئافرەتان تاوەكو لە رووی ئابوورییەوە زیاتر سەربەخۆ بن، ئەوانە هەموو رێگایەكن بۆ ئەوەی ئافرەت لە كەرتی گشتی و تایبەت لەچوارچێوەیەكی سنووردار بەرەو دنیایەكی فراوانتری كاركردن دەربچن.»
شیلان بیبانی شرۆڤه‌كاری ئابوورییە و بڕوانامەی ماسته‌ری له كارگێڕیی كار هەیە و لە دەستپێكی دەربڕینی بۆچوونەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «كوردستان پاش سه‌ربه‌خۆبوون و بوونی بە خاوەن ده‌وڵه‌ت، ده‌بێته خاوه‌ن ئابوورییه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێگومان ئه‌و كات دەتوانێ خاوەن ئابوورییه‌كی به‌هیزتر بێت، چونكه ئه‌و قه‌یرانه‌ی به‌سه‌ر وڵات‌دا هاتووە، زیاتر لەبەر ئەوەیە كە كوردستان پاشماوە، یان سەر بە عێراقێكی شكستخواردوو بووە، بۆیە لایه‌نی ئابووریمان زۆر ناله‌بار كراوە، به‌ڵام له‌كاتی به‌هێزبوونی سیاسه‌ت و حوكمڕانیی سەربەخۆدا، ئه‌وا باری ئابووریش ده‌گۆڕدرێ و ئافره‌تانیش زیاتر رۆڵی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ئابورییه نوییه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانیان، بەتایبەتی كاتێك وڵات سه‌ربه‌خۆ دەبێت، ئه‌وا پێویستیی زیاتری به ده‌ستی كار و بیرۆكه‌ی كاری زیاتر و نوێتر ده‌بێت، ئه‌و كات ئابووریی كوردستان ده‌بێته به‌شێك له جموجووڵی نێوده‌وڵه‌تی و بازرگانی جیهانی، ئەوەش وادەكات خۆی بۆ خۆی هه‌ر تاكێك (ئافره‌ت یان پیاو) ده‌كه‌ونه نێوه‌ندی كاره جیهانی و نێوخوییهكان، تا ئێستاش به‌ربه‌ستی زۆر له‌به‌رده‌م ئابووریی كوردستان به بیانووی حوكمڕانیی به‌غداوه هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆبوون متمانەی زیاتر بۆ رۆڵی ئابووریمان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له رووی بانكی و مافی وڵاتداری و دراو و مامهڵەكردنی نێودەوڵەتییەوە گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی دروست ده‌بێت، ئافره‌تانیش بۆ هەڵگرتنی یه‌كه‌م هه‌نگاویان پێویستیان به ده‌رفه‌تی لەبارە بۆ كاركردن له سەر بنه‌ماكانی سه‌رمایه و توانا و هاوكاری و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسەت.. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه پێكردنه، ئەوەیە كە هه‌موو ئه‌م پێویستییانه له‌ژێر ركێفی سه‌ربه‌خۆیی دێته‌دی.»


ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش كرد كە «لە كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مساڵی (جی بیست) سندوقێك دانرا بۆ هاوكاری و پێدانی قه‌رز بە ئافره‌تان به بڕی چه‌نده‌ها ملیۆن دۆلار، ئامانج لەوەش ته‌نیا هێنانی ئافره‌تان بووە بۆ ناو گۆڕه‌پانی كار، ئه‌مه‌ش لە بواری به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئابووریی جیهان كاریگەریی ئەرێنی بووە.» گوتیشی: «ئافره‌ت ده‌ستی هه‌یه له به‌رزكردنه‌وه، یان رووخاندنی ئابووریی هه‌ر وڵاتێك، بەڵام بەداخەوە ئێستا لە كوردستان زیاتر هه‌لی كاری ئافره‌تان له قاڵبی دامه‌زرانده به پله‌ی یه‌كه‌م، واتە متمانەی ئافرەت بۆ بەشداریی ئابووری و بوون بە خاوەن كار كەم بووە، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بووە له‌و هه‌له ئابوورییانه‌ی كه له به‌غداوه بۆ كوردستان پشتاوپشت ماوه‌ته‌وه.» جەختی لەوەش كردەوە كە «له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆبوون هه‌موو رێكار و یاسا و رێكخستنی بنه‌ما ئابوورییه‌كان ده‌گۆڕدرێت، ئه‌وكات یه‌كه‌م هه‌نگاو پاڵپشتیی ئافره‌تان ده‌بێت بۆ چوونه نێو كاری كه‌رتی تایبه‌ت، یان پرۆژه‌ی تایبه‌ت، یاخود بازرگانی، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌موو نه‌ك به حكومه‌ت و نه‌ك به ئافره‌ت، به‌ڵكو به هه‌مووان ده‌كرێت.


وشیار جاف چالاكی مەدەنییەو دانیشتووی شاری ئۆتاوا-ی وڵاتی كەنەدایە و سەرەتا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بوون بە خاوەن دەوڵەت، پێوەری ئابووری هەیە، بەڵام بە رەگەزەوە گرێ نادرێت، چونكە نێر و مێی وڵاتەكە لە داهاتوویان هاوبەشن و نەهامەتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموویانە، هاوكات دەڵێت: «لای من مرۆڤ هەموو یەکسانن و ئەگەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتەوە جیاوازیی رەگەزی و رەچەڵەكی دروست بکەین، کەواتە ئەهلی خورافەین و بڕوامان بە عیلمانییەت و یەكسانی نییە، بەڵام بە خۆشییەوە كوردستان ژینگەیەكی لەبارە بۆ رێزگرتن لە بەهاكانی مرۆڤایەتی، گوتیشی: «ئافرەت هەر لە ئەزەلەوە بە شێوەیەکی راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستەڵاتی ناوەندی هەبووە، ئەمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا وا بووەو لە غەربیشدا بەپێچەوانەوە بەرجەستە بووە، ئەوەی کە ئەو شێوازە ماتماتیکییە دەشێوێنێ، ڕووە توندڕۆ و رادیكاڵیزمەكەی مەزهەبگەراییە، كە دواتر سەری هەڵداوە، ئەوەش دوورە لە بەهاكان و عورف و عادەت، واتە لە سیستەمی مرۆڤایەتیدا کێشی کەسەکان بۆشاییەکان پڕ دەکەنەوە، بەگشتی پەسەندکردنی مرۆڤ چی لای خۆی، یان کۆمەڵ، بڕیارێکە خاوەنەکەی میللەتە، روونتر دەتوانین بڵێین کەسایەتییەکان میحوەری پێوانەیان لە دەستی خۆیاندایە، (چ نێر بن، چ مێ)، هاوکات ئافرەتان ئەو بەشە باشەن لە كۆمەڵگە کە زۆرینەی جەمسەری چارەنووسی وڵاتیان لە دەستدایە لە شکستەوە تا سەرکەوتن، چونکە وەسیلەن لە پەروەردەکردن و پێچەوانەکەشیدا، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لە پرسی چارەنووسسازدا تایبەتمەند بکرێن.»
Top