كوردانی فەیلی داوا دەكەن بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆم بكەن

كوردانی فەیلی داوا دەكەن بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆم بكەن
كوردی فەیلی، یان كوردە فەیلییەكان، ناسناوێكی رەسەنی كوردانەیانەو بە درێژایی مێژوو لە رۆژهەڵاتی دیجلە ژیاون و بەشێكی دانەبڕاون لە كوردایەتی و پەیوەندی كەلتووری و سیاسی و هاوبەشیكردنیان لە خۆشی و ناخۆشییەكانی كورددا هەبووە، بەتایبەتی لە باشووری كوردستان. فەیلییەكان ژمارەیان زیاتر لە ((500)) هەزار هاووڵاتییە و لە رووی نیشتەجێبوونیشەوە دابەش بوون بە سەر شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ژمارەكی زۆریان بەتایبەت لەناوچەی گەرمیانی كوردستان و بەغدای عێراق دەژین. كورداني فەیلی لە ستەمكاری و جینۆسایدی رژێمی بەعس پشكی شێریان بەركەوتووەو تەنانەت ژمارەكی زۆریان بێبەش كراون لە ناسنامەی عێراقی، ئەوان پاش رووخانی رژێمی بەعس ژمارەیەكی زۆریان لە ئێران و وڵاتانی دیكە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی. ئێستاش كە لە (25/9/2017) ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوەدەچێت، كوردانی فەیلی جەخت لەوە دەكەنەوە كە سەربەخۆیی كوردستان پێش هەموو كەسێك سەربەخۆیی كوردە فەیلییەكانە ، لەم راپۆرتەشدا سەبارەت بەم پرسە چارەنووسسازە رای خۆیان بۆ گوڵان دەخەنەڕوو.

مەدحی مەندەلاوی وەزیری پێشوو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «پێش هەموو شتێك بانگەوازی گشتپرسی بووەتە مایەی و چەرخانێكی گەورە لە مێژووی گەلی كوردمان، بە شێوەیەك گشت ئاژانسەكانی دەنگ و باس لە چوارچێوەی جیهاندا، باسی گشتپرسی كوردستان دەكرێت، بۆیە كورد توانی چەندین هەنگاو بچێتە پێشەوە و نزیكتر بێت لە مافی چارەی خۆنووسین، كوردە فەیلییەكانیش بەشێكی دانەبڕاون لەم میللەتە و دواڕۆژیان بەستراوەتەوە بە گەلەكەی خۆیانەوە، هەمیشە ئەم چینە بوونەتە قەڵغان و سەنگەری یەكەمی نەتەوەی كورد، بۆیە دوور نییە باجێكی گەورە بدەن، بەڵام لە گەڵ ئەمەشدا زۆر خۆشحاڵن و بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لەم پرۆسەیە دەكەن .» گوتیشی: «هاووڵاتیی كورد ئەمڕۆ هەست بە خۆشی دەكات كاتێك كە دەبینی هەموو دوژمنان هەراسان بوون و بە هەموو شێوەیەك دوژمنایەتی خۆیان دەردەبڕن و هەموو قوشبن و كوندو كەلەبەرێك دەگرنەبەر، بۆ هەرەسهێنان بەم پرۆسەیە، بەڵام مەحاڵە سەربكەون، چونكە رەوڕەوەی مێژوو بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و تازە مەسەلەی سەربەخۆیی بوو بە خەونی هەموومان.»

نازەنین مەندەلاوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە خولی یەكەم، سەبارەت بە هەمان پرس، دەڵێت: «كوردە فەیلییەكان لە پێش هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بەشداری لە پرۆسەی گشتپرسی دەكەن، لە بەر ئەوەی لەو رۆژەوە كە كوردستان بووەتە بەشێك لەم عێراقە، ئەوان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی قڕكردن و جینۆساید كە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق دژی میللەتەكەمان پەیڕەویان كردووە. هەروەها بەشداری هەموو شۆڕشەكانی كوردیان كردووە و مافی خۆشمانە ئێمەش وەكو میللەتانی تر بە ئازادی بژین لە سەر زێدی باب و باپیرانمان، ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو، بەتایبەتی كە هەڕەشەو گوڕەشەیەكی زۆرمان لێكراوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، كەس ناتوانێ جیامان بكاتەوە لە میللەتی خۆمان و شان بە شانی براكانمان لە شار و شارۆچكەكانی وڵاتی شیرینمان بەشداری لە بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان بكەین.» گوتیشی: «لەم هەلەدا داوا دەكەین كە ناوچەكانی كوردی فەیلی ( خانەقین و مەندەلی و بەدرە و جەسان) چ لە ناوەڕاست و و چ لە خوارووی عێراق پشتگوێ نەخرێن و ئالییەتێك بدۆزرێتەوە كە ئێمەش بتوانین بەشداری لە گشتپرسی بكەین.»
ئیبراهیم جەلیل فەیلی مامۆستای زانكۆ، بەم جۆرە راوسەرنجی خۆی لەبارەی پشتگیریكردنی كوردانی فەیلی لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت: «كوردانی فەیلی وەكو هەموو چین و توێژەكانی كوردستان بە گوڕوتینەوە چاوەڕێی ٢٥/٩ دەكەن بۆ بەشداریكردن لەو پرسە نیشتمانییە كە چەندین ساڵە گەلەكەمان لە پێناو سەربەخۆیی تێدەكۆشێ و خەبات دەكات. بۆ هەموو لایەك دیارە كە رۆڵی كوردانی فەیلی كاریگەر بووە لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشەكانی كورد لە دژی رژێمە جیاجیاكانی عێراق، كە كاتی خۆی بە دوو جۆر پشتیوانی شۆڕشەكانیان كردووە. ئـەگەر سەیری قوربانییەكانیش بكەین، دەبینین كە كوردانی فەیلی لە پێشەنگی قوربانیدەرانی كورد بوون، زیاتر لە ١٨ هەزار گەنجمان بێ سەروشوێن كراون، هەروەها زیاتر لە ٥٠٠ هەزار خانەوادەی فەیلی راگواستراونەتەوە بۆ ئـێران. بۆیە كوردانی فەیلی ئـێستا بە گوڕوتینەوە دەیانەوێت بەشدار بن لەو قۆناغە مێژووییەی میلەتەكەمان .»


پارێزەر ماجید عەبدولڕەحمان مەندەلاوی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە گەلانی عێراق بە گشت نەتەوەكانیەوە، تایبەتمەندی خۆیان هەیە لە رووی نەتەوەیی و مەزهەبی و شوێنی جوگرافی، بەتایبەتی كوردی فەیلی كەوا لە رووی نەتەوەییەوە هەمیشە شانازیی بە كوردایەتی خۆی كردووە، لە رووی مەزهەبی شیعەوە و لە رووی جوگرافیاوە كەوتۆتە هێڵی جیاكەرەوە لە نێوان شوێنی نیشتەجێبوونی كورد و نەتەوەكانی تر .» سەبارەت بە پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستانیش گوتی: «ریفراندۆم رێگاچارەیەكی گرینگ و سەرەكی و چارەنووسسازە بۆ هەموو كوردو بۆ كوردانی فەیلی بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رووبەڕووی ئەو هەموو نەهامەتییانە نەبنەوە كە پێشتر لە سەردەستی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكانی عێراق تووشی هاتوون. لەمەوە بۆمان روون دەبێتەوە كەوا سوودمەندی سەرەكی لەم ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كوردی فەیلین بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری كوردستانێكی سەربەخۆ و ئارام و دوور لە هەموو دەستدرێژییەك بە ئارامی بژین و وەك هەموو گەلێك كە بە ئازادی بیر و رای خۆیان هەبێت و مافی ژیانێكی شایستەیان هەبێت ،بۆیە دەڵێن بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان .»


حەمدیە عەبدوڵا داود، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی پەروەردە، سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە بابەتی گشتپرسی و سەربەخۆیی خەونی هەموو میللەتی كوردە، لە كوێ تاكە كوردێك هەبێت لە چوارچێوەی ئەم جیهانە، ئاواتی ئەوەیە كە ئەویش وڵاتەكەی سەربەست و سەرفراز بێت. گوتیشی: «كوردانی فەیلی وەكوو هەموو چین و توێژەكانی دیكەی میللەتەكەمان هیوایان سەربەخۆیی و سەرفرازی كوردە، چونكە هیچ خێرو بێرێكیان لەژێر سایەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نەبینیووە، جگە لە ئەنفال و بەعەرەبكردن و راگواستن. بۆیە ئازارو مەینەتی كوردی فەیلی زۆرتر بووە لە براكانی ترمان، ئەگەر كوردستان سەربەخۆ بێت، ئەوە فەیلییەكان زیاتر لە هەر كوردێكی دیكە قازانج دەكەن. كاتێك جەنابی سەرۆك بارزانی ئاڵای گشتپرسی بەرزكردەوە، شادی و خۆشی كوردانی فەیلی زۆرتر بوو.»گوتیشی: «ئێمەی كوردانی فەیلی وەك چۆن هەمیشە بەشێكی دانەبڕاو بووین لە میللەتی خۆمان، هەر ئاواش لە ژێر سێبەری ئاڵای شەكاوەی كوردستان درێژە بە ژیانی خۆمان دەدەین و هیچ باكمان نییە لە هەڕەشەوگوڕەشەی دوژمنان نیە ، بەشداری لە ریفراندۆم دەكەین و بە دەنگی (بەڵێ) دەچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان.»

سوبحی مەحموود ئەندامی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «كوردانی فەیلی لە كات و دۆخێكی سەخت دەژین و هاوكات شەمەندەفەڕی سەربەخۆیی بەڕێوەیە، بۆیە ترسیان هەیە لەم پرۆسە پیرۆزە بەشدار نەبن، لە كاتێكدا بە بەردەوامیی مێژوو كوردی فەیلی رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە داگیرسان و بەردەوامبوونی جەنگی دژ بە داگیركەران، قوربانی هەرە زۆریشیان داوە و هەست بە كەم گرینگی پێدان دەكەن، لەكاتێكدا بەشایەتی گشت سەركردەكانی كوردستان ئەم چینە قوربانی گەورەیان داوەو ئێستاش ئامادەن قوربانی بدەن، جگە لەوەش كوردی فەیلی بەشی زۆریان لە بەغداو هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، چۆن دەبێت لەم پرۆسە گرینگە بەشدار نەبن و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەدەن، بۆیە ناكرێت لە كۆتاقۆناغ بێبەش بكرێن».


قادریە مەندەلاوی بەرپرسی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لقی بەغدا، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەوپەڕی فەخر و شانازییەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمم، هێندە گەشبینم لە خۆشیاندا هەستەكانم وەسف ناكرێن، چونكە ئەنجامدانی ریفراندۆم پەیوەستە بە مەسەلەی چارەنووس و چارەی خۆنووسینی گەلێك و دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەو گەلەش گەلی كوردی خەباتگێڕە.» گوتیشی: «من وەك ئافرەتێكی كوردی فەیلی یەك ملیۆن جار دەڵێم بەڵێ بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، پەنا بەخوا ئەو خەونە گەورەیەمان دێتەدی و دەبین بە خاوەن دەوڵەت و قسە و بۆچوونەكانی (سەرۆك بارزانی) لە سەرووی هەموو بۆچوونەكان و ئەگەرەكانی تر دەبێ كە لە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكرێن.»
عەلی فەیلی قایمقامی پێشووی سۆران و چاودێری سیاسی، سەرەتا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كوردانی فەیلی بەشداری لە سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.»، گوتیشی: «لای زۆربەی كوردە فەیلییەكان لە هەر شوێنێك بن، گومان لەوەدا نییە كە لایەنی نەتەوە و نیشتمان، پیرۆز و گەورەترە لە پابەندبوونی تائیفی و مەزهەبیی بەرتەسك. من دڵنیام لەوەی كە زۆربەی كوردە فەیلییەكانی بەغداو ناوچە دابڕاوەكان لە رۆژی گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان بە هەموو هێزو توانای خۆیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نەتەوەیی و نیشتمانییە پیرۆزە بەشدار دەبن. بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشەو تۆقاندنانە كە لەلایەن عەرەبە شۆڤێنییەكان لە كوردانی فەیلی دەكرێ، ئەمانە هیچیان نابنە هۆكار بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن.»


ئەو چاودێرە سیاسییە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بۆ ئەوەی چیتر نەهامەتی و رۆژە رەشەكانی ئەنفال و قەڵاچۆكردنی كوردە فەیلییەكان و دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و سامانیان و بێ سەروشوێن كردنی 20 هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال كردنی كوردە فەیلیەكان لە ساڵانی حەفتاو هەشتاكان سەدەی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، دەبێت لە كوردستانێكی سەربەخۆدا بژین. گوتیشی: «رۆژی (25/9) دەرفەتێكی مێژوویی و زێڕینە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین و لەم رۆژە پیرۆزە بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆی كوردستان بدەین و بەشداری لە سەرخستنی گشتپرسی بكەین.»
Top