مەسیحییەکان (کلدان سریان و ئاشووری).. مێژووەک لەخەبات و قوربانیدان لە پێناو ئازادی ومافی چارەنووس ... ((زیا پەترۆس))

مەسیحییەکان (کلدان سریان و ئاشووری).. مێژووەک لەخەبات و قوربانیدان لە پێناو ئازادی ومافی چارەنووس ... ((زیا پەترۆس))
دڵنیام کە ئایندەی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان لە دەوڵەتی تازە و سەربەخۆدا لەچوارچێوەی دەستوورێکی نموونەیی پارێزراو دەبێت و ئەم دەوڵەتە کە بە فرەئایین و نەتەوە دەناسرێت، دەبێتە ھۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامیگیری لەو ناوچەکە و دەوڵەتەکانی دیکەش لێی سوودمەند دەبن






ھەندێک جار لێرەو لەوێ چەند دەنگێکی نەشاز کە دوورن و ناشارەزان لە رەوشی مەسیحییەکان لەم ناوچەیە، دەیانەوێ لەو ھەوڵانە کەم بکەنەوەو خۆیان وەک خەمخۆری مەسیحییەکان پیشان بدەن کە بە ھیچ شێوەک دوورو نزیک ھیچیان نەکردووە بۆ مافی مەسیحییەکان وەکو پێکھاتەیەکی ئایینی و نەتەوەیی و بە بەردەوامی کاریان کردووە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبایەتیی تەسک و تەنیا دەیانەوێ خەڵک سارد بکەنەوە بۆ چەند ئەجندایەک کە دەستنیشان کراوەو ئێمە باش ئاگادارین کە بە چ لایەنەکەوە لکاون



بۆ پرسی ریفراندۆم مەسیحییەکان وای دەبینن کە چیتر رووبەڕووی چەوسانەوە نابن و مافەکانیان پارێزراو دەبێت و بەشداری راستەقینە دەبن لە حوکمڕانی و خۆیان نوێنەری خۆیان دەبن و ئەو خاک و موڵک و شوێنانەی لێیان داگیرکراوە، بۆیان دەگەڕێتەوە، لە سایەی ئەو دەوڵەتەی دروست دەکرێت، کە بە ھی خۆیانی دەزانن

مەسیحییەکان وا لە پرسی ریفراندۆم دەڕوانن، کە ئیتر پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر خاک و ناوچەکانی خۆیان، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا کە پێویستە شوێنەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و ژیانی تازە دەست پێ بکەنەوە و حکومەتی کوردستان ھاوکارییان بکات

ھەمیشە کوردستان بۆ مەسیحییەکان شوێنێکی ئارام و سەقامگیر بووە و باوەشیان بۆ مەسیحییەکان و خەڵکانی لێقەوماو کردووەتەوە، تەنانەت بۆ ئەوانەی کە لە رابردوو لەسەر حوکم بوون و بۆ ئەو سوننەیانەی کە ٨٠ ساڵ حوکمی عێراقیان کردو ھەموو تاوانێکیان بەرامبەر پێکھاتەکانی کوردستان ئەنجام دا

گوڵان :کۆمەڵایەتی


ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی دەوڵەتی عێراق بدەینەوە، دەبینین کە ھەر لە دروستبوونیەوە دەوڵەتێکی لێکدراو بوو لەچەندان نەتەوەو ئایین و پێکھاتە زلھێزەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بێ گەڕانەوە بۆ راو ویستی ئەو گەلانە دروستیان کرد و ئارەزومەندانە نەبوو، ھەر ئەوەش وایکرد کە بەھۆی زۆرینەو کەمینەوە لە رووی ئایینی و نەتەوەییەوە ئەوانە باڵادەست بن کە زۆرینەن و لەو رۆژەوە نەھامەتییەکان دەستی پێکردو مافی خەڵک فەرامۆش کرا.
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ھەرکات مرۆڤەکان ھەستیان کردبێت دەچەوسێندرێنەوە و مافەکانیان پشتگوێ دەخرێ، ئیتر رێگای خەبات و تێکۆشانیان گرتۆتەبەر بۆ سەندنەوەی مافەکانی خۆیان، بۆیەش ھەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە خەباتی چەکداری دژی دەسەڵاتی ئەوکاتی داگیرکاری بەریتانی و حو‌کمڕانی لەسەر دەستی شێخ مەحموودی حەفید دەستی پێکرد، ئەوەش سەرەتایەک بوو بۆ خەباتی ئەو گەل و خەڵکانەی کە ھەستیان کرد ئیتر ھەولێک ھەیە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بخرێنە زیندانێکی گەورە بە ناوی دەوڵەتی عێراق، بۆیە شۆڕش دەستی پێکرد و ئەو شۆڕشە توانی ھەموو گەلان و نەتەوەو ئایینزاکانی کوردستان لەخۆ بگرێت، ئیتر لەو ساتەوە خەباتی مەسیحییەکان ھاوکات لەگەڵ برا کوردەکانیان و تەنانەت نەتەوەو ئایینەکانی تر دەستی پێکرد بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان و پارێزگاریکردن لەناسنامەو مانەوەیان.
مەسیحییەکان بە درێژایی ئەو مێژووە بەردەوام بوون لەخەبات، بۆیەش دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عێراق ھیچ کات سڵیان نەکردەوە لە ھەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنیان و بەردەوامیش رووبەڕووی توندوتیژی و ئازاردان وداگیرکاری دەبوونەوەو لە ماڵ و شوێنی خۆیان بەزۆر دەردەکران لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق، باجی ئەوەشیان دەدا کە ئەوان لە رووی ئایینەوە مەسیحین و لە رووی نەتەوەیی (کلدان و سریان و ئاشووری)ین، لەھەمان کات باجی ئەوەشیان دەدا کە مەسیحییەکان پشتگیری لە خەباتی کوردستان دەکەن.
لەگەل دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ مەسیحییەکان بەشێکی دیارو کاریگەر بوون لەو شۆڕشەو ھاوشان لەگەڵ برا کوردەکانیان و ئێزیدییەکان و تەنانەت تورکمانەکانیش بەشداربوون لە خەباتی چەکداری، چونکە ئەوانیش ھەستیان کرد کە مافەکانیان پێشێل دەکرێ و ماڵ و موڵکیان داگیر دەکرێ و بێبەش دەبن لەماف و ئیمتیازەکان، بۆیە ھەموو لایەک پێکەوە چوونە ریزی شۆڕشەوە و سەرکردەو خەڵکی دیاری مەسیحییەکان رۆڵیان ھەبوو لە شۆڕش و سەرکردایەتی ئەو کاتی شۆڕشیش بە چاوی رێزو برای ھاوبەشەوە مامەڵەیان لەگەڵ مەسیحییەکان دەکرد، ھەر بۆیەش دوای ئەوەی بەعسییەکان ھاتنە سەر تەختی حوکم لەوێوە بووە سەرەتایەکی تاڵ و ناخۆش بۆ سەرجەم ئەو نەتەوە و ئایین و خەڵکانەی کە جیاواز لەوان بیریان دەکردەوە. ئیتر دەسەڵات کەوتە دەست یەک تایفە ‌و یەک حزب، کە حزبی بەعس بوو، لەوێوە تەواوی ئازادییەکان و مافەکان لەگۆڕ نران و لەناوبردنی مرۆڤەکان و ئازادیخوازان دەستی پێکردو بەندیخانەکان پڕکران لەنەیارانی دەسەڵات و دەیان چالاک و خەباتگێڕی مەسیحی کەوتنە بەندیخانەکانی رژێم و ئامادە نەبوون ئەو زوڵم و دەسەڵاتە قبووڵ بکەن. لەو ساتەوە قۆناغێکی سەختی تر دەستی پێکرد بۆ مەسیحییەکان کە رووبەڕووی دەرکردن و داگیرکاری موڵک و زۆر کێشەی تر بوونەوە.‌
لەدوای دەستپێکردنەوەی شۆڕشی تازەی گەلانی کوردستان لەساڵی ١٩٧٦ دیسان مەسیحییەکان بە کلدان و سریان و ئاشوورییەکان دانەبڕان و بەشێک بوون لەو شۆڕشە ‌و دەست لەناو دەست بوون لەگەڵ برا کوردەکانیان، چونکە ھەمیشە مەسیحییەکان بەو چاوە سەیری خەبات و شۆڕەکانی کوردستانیان کردوە کە بۆ بەرژەوەندی ھەمووانە و لەپێناو داکۆکیکردن بووە لەمافی خۆیان لەسەر ئەو خاکەی کە دەیان سەدەیە شارستانیەت و مێژووی خۆیان لەسەر بونیاد ناوە. کوردستان ماڵ و موڵکی کوردەکانە و ئەوان داگیرکەر نین بۆ سەر خاکی کەس، بەڵکو ماڵ و موڵک و خاکی خۆیان داگیرکراوە ‌و دەردەکرێن و ئاوارە دەبن و کۆچ دەکەن و دەکوژرێن.
دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ و رزگارکردنی بەشێکی زۆری خاکی کودستان دیسان مەسیحییەکان برابەش بوون لەو خەباتە و تەنانەت چەندان شەھیدو قوربانییان دا لەو پێناوەو چەندانیان لە زیندانەکان لەژێر ئەشکەنجە شەھید بوون و بەشێکی تریان لە ریزی رێکخستنە نھێنییەکانی شۆڕش بوون کە ئەو رۆژانە لەگەل ھێزی پێشمەرگە ھاتنە خوارێ.
مەسیحییەکان لە حوکمڕانیی خۆبەخۆی کورد بەشداربوون، ئەگەر بە رێژیەکی کەمیش بووبێت و وەک پێویست نەبووبێت لەئاستی ژمارە و خەباتی مەسیحییەکان، بەڵام مەسیحییەکان لایان وابووە کە دەتوانرێت لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد و حزبە کوردستانییەکان زۆرتر و باشتر لەیەکتر تێبگەن بۆ وەرگرتنەوەی زیاتری مافەکانیان و ئەوەی پێویستە بۆیان بکرێت، چونکە مەسیحییەکان خۆیان بە بێگانە نەزانیوە لەو خاکە، بەڵکو خۆیان بە خاوەنی راستەقینە زانیوەو بە شێوازی مەدەنی دەستیان کرد بەخەبات لەو پێناوە و توانییان چەند حزبی سیاسی دابمەزرێنن بە پێی تابەتمەندی خۆیان لە روی مافی نەتەوەیی و نوێنەریان بچێتە پەرلەمان (کە پێنج ئەندامیان وەکو کۆتا ھەیە) و بەشدار بوون لە حوکمەت و سیستمی حوکمڕانی و بەشێک بوون لە پرۆسەی سیاسی و مەدەنی و ھەمیشە باوەڕیان بە پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن ھەبووە، ھەر وەکو تا ئێستا لە ھەریمی کوردستان ئەمە بوونی ھەیە لە نێوان ھەموو پێکھاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان. بەڵام بەداخەوە دوای رووخانی رژێمی بەعس بەتەواوی لەساڵی ٢٠٠٣ لەسەر دەستی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی، ئیتر خەڵک و گەلانی عێراق بەگشتی و مەسیحییەکانی ناوەڕاست و باشووریش بەتایبەتی چاویان لەوە بوو کە ئیتر دەتوانن لەمەودوا لەخاکی خۆیان و عێراقی تازەدا بە ئازادی بژین و مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و بەشدار بن لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی، بەڵام ھاوکێشەکان پێچەوانە بوونەوە، ھەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٤ کۆچی بەزۆرە ملێی مەسیحییەکان دەستی پێکرد و ھەڕەشەکردن و تەقاندنەوەی کلیسەکان و شوێنە پیروزەکانیان ودووکان و شوێنی کاروکەسابەتیان و کوشتن و تیرۆرکردنیان لەسەر رەگەزنامە بەردەوام بوو. ئەو کارەساتانە لەعێراقی تازەشدا بەسەر مەسیحییەکان ھات، بەتایبەت لە بەسرە و بەغدا و موسڵ و بەداخوە تا ئەمڕۆش ھەر بەردەوامە.. لە ساڵی ٢٠٠٣ تا وەکو ساڵی ٢٠١٤ زۆر تاوان لە دژی مەسیحییەکان ئەنجام دران، لەو ماوەیە ١١٠٧ مەسیحی شەھید کراون. ١٤ لە پیاوە ئایینییەکان بە مەتران و قەشەوە تیرۆر کراون. ١١٤ کەنیسەی مەسیحییەکان لە بەغدا وموسڵ تەعدایان لێ کراوە و تەقێندراونەتەوە. ٥٣ کەس شەھید بوون بە تەقاندنوەی کەنیسە (سیدە النجاە). لەو کاتەوە رۆژگارێکی سەخت ھاتەپێش بۆ مەسیحییەکان و ئاوارەیی دەستی پێکردو ناچارکران ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێ بھێڵن و بێنەوە ھەرێمی کوردستان کە ھەمیشە بە درێژایی میژوو برابەش بوون و ئێرەیان بەماڵی خۆیان زانیوە و لێرە سەرەڕای بوونی کەموکوڕی و چارەسەرنەکردنی بەشێک لە کێشەکانیان، ژیان و کەرامەتیان پارێزراو بووە و ھەست بە ئارامی دەکەن.
بۆ مەسیحییەکان ھەمیشە رۆژەکانی مێژوو کارەساتی تازەی ھێناوە لەو وڵاتە و لە خاکی خۆیان و مەترسی ھەبووە بۆ سەر ناسنامە و کەلتووریان، لە مانگی ئابی ٢٠١٤ ـەش گرووپی تیرۆریستی داعش ھێرشیان کردە سەر موسڵ و دەشتی نەینەوا، سەرەڕای ئەوەی ئەو شارو ناوچەکەیان کاول کرد، ھەزاران کچ و ژنی ئێزیدییان وەک سەبایا برد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئایینیان جیاواز بوو، پیاوەکانیان کوژران و کوڕەکانیان خرانە ناو خولی راھێنانی چەک و کوشتن و بەزۆر ئایینیان پێ گۆڕین، مەسیحییەکانیش لەو کۆمەڵکوژی و کاولکارییە بێبەش نەبون و سەدانیان لێ کوژرا و دەربەدەر کران و تەنانەت بەشێکیان تا ئێستاش بێسەروشوێنن و ماڵ و خاکیان سووتێندرا و کەنیسەکانیان رووخێنراو شارستانیەتی ھەزاران ساڵەیان خاپوور کرا و لەناو برا. دیسان ئەو خەڵکەی دەشتی نەینەواش کە ژمارەیان زیاتر لە (١٢٠) ھەزار کەس دەبوو، روویان لەھەرێمی کوردستان کرد، چونکە ھەمیشە کوردستان بۆ مەسیحییەکان شوێنێکی ئارام و سەقامگیر بووە و باوەشیان بۆ مەسیحییەکان و خەڵکانی لێقەوماو کردووەتەوە، تەنانەت بۆ ئەوانەی کە لە رابردوو لەسەر حوکم بوون و بۆ ئەو سوننەیانەی کە ٨٠ ساڵ حوکمی عێراقیان کردو ھەموو تاوانێکیان بەرامبەر پێکھاتەکانی کوردستان ئەنجام دا، وەک ئەنفال و کیمیاباران و لەناوبردنی گوندەکان و گوندەکانی مەسیحییەکانیش بەشێک بوون لەو تاوانی ئەنفالکردن و سووتانە لەسەر دەستی رژێمە یەک لەدوایەکەکانی عێراق.
ئێستا قۆناغێکی تازە ھاتۆتەپێشەوە، ئەویش دوو بابەتی گەرمی رۆژ و ناوچەکەیە، یەکەمیان کۆتاییھاتنی داعش لە موسڵ ودەشتی نەینەوایە کە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عراقییەکان رزگاریان کرد، بابەتی دووەم کە زۆر گرنگە، ئەویش پرسی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستانە بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان کە مافی دیاریکردنی چارەنووسە بۆ ھەموو پێکھاتەکان بە بێ جیاوازی لە چوارچێوەی پاراستنی ماف و ئازادییەکان و بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و بنەمایەکانی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردنە.
مەسیحییەکان وا لە پرسی ریفراندۆم دەڕوانن، کە ئیتر پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر خاک و ناوچەکانی خۆیان، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا کە پێویستە شوێنەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و ژیانی تازە دەست پێ بکەنەوە و حکومەتی کوردستان ھاوکارییان بکات بۆ ئەوەی بتوانن ماڵەکانیان نۆژەن بکەنەوەو پێویستە پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتی و ناوخۆییش ھەبێت بۆ ئەوەی لەمەودوا چیتر نەکەونە ژێر ھەڕەشەی لەناوبردن و کۆچ و دەربەدەری و ھان بدرێن بۆ گەڕانەوەیان و مافەکانیان دابین بکرێت و ئەوان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن لە ژێر پارێزگایەک بە ناوی دەشتی نەینەوا بۆ ھەموو پێکھاتەکانی مەسیحی و ئێزیدی و شەبەک و کورد.
بۆ پرسی ریفراندۆم مەسیحییەکان وای دەبینن کە چیتر رووبەڕووی چەوسانەوە نابن و مافەکانیان پارێزراو دەبێت و بەشداری راستەقینە دەبن لە حوکمڕانی و خۆیان نوێنەری خۆیان دەبن و ئەو خاک و موڵک و شوێنانەی لێیان داگیرکراوە، بۆیان دەگەڕێتەوە، لە سایەی ئەو دەوڵەتەی دروست دەکرێت، کە بە ھی خۆیانی دەزانن. بۆیە بە ھەموو شێوەیەک مەسیحییەکان پشتیوانی لەو دەوڵەتە دەکەن، ئەگەرچی ھەندێک جار لێرەو لەوێ چەند دەنگێکی نەشاز کە دوورن و ناشارەزان لە رەوشی مەسیحییەکان لەم ناوچەیە، دەیانەوێ لەو ھەوڵانە کەم بکەنەوەو خۆیان وەک خەمخۆری مەسیحییەکان پیشان بدەن کە بە ھیچ شێوەک دوورو نزیک ھیچیان نەکردووە بۆ مافی مەسیحییەکان وەکو پێکھاتەیەکی ئایینی و نەتەوەیی و بە بەردەوامی کاریان کردووە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبایەتیی تەسک و تەنیا دەیانەوێ خەڵک سارد بکەنەوە بۆ چەند ئەجندایەک کە دەستنیشان کراوەو ئێمە باش ئاگادارین کە بە چ لایەنەکەوە لکاون، بەڵام مەسیحییەکان باش لەوە تێگەیشتوون کە دەتوانن لەو دەوڵەتە تازەیە مافەکانی خۆیان بەرجەستە بکەن و ئیرادەی خۆیان بچەسپێنن و پارێزگاری لە ناسنامەی راستەقینەی خۆیان بکەن.
لەھەریمی کوردستان چەند ھەنگاوێک نراوە بۆ دابینکردنی مافی مەسیحییەکان و پێکھاتەکانی تر، ئەویش بە دەرکردنی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ لە پەرلەمانی کوردستان کە بە یاسایەکی گرنگ دەزانرێت، ئەگەر چی لەبواری جێبەجێکردنەو ھێشتا بە تەواوی نەچووەتە بواری کارپێکردنەوە و چەند کەموکوڕی ھەیە، بەڵام بوونی زۆر باشترە لە نەبوونی, کەچی لە عێراقی فیدڕاڵ و بەپێی ماددەی ١٢٥ لە دەستووری ھەمیشەیی کە باس لە مافەکانی پێکھاتەکانی عێراق وزامنکردنیان بە یاسا دەکات، ئەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئەمڕۆ ئەم یاسایە رێکنەخراوە و باوەڕم نییە کاریشی بۆ بکرێت. بۆیە دەکرێ لە ژێر سایەی دەوڵەتی کوردستان کە دەوڵەتی ھەموو پێکھاتەو ئایینزاکان بێت، ئەو یاسایانە جێبەجێ بکرێت و لە دەستووری ھەمیشەیی ئەو دەوڵەتەشدا مافەکان بچەسپێندرێن، ئەوەشی گرنگە بۆ سەرکردایەتیی ئێستای کوردستان ئەوەیە لەم قۆناغەی بەرەو ریفراندۆم و دەوڵەت دەڕۆن، خاوەندارێتی مەسیحییەکان بە گرنگ بزانن و دڵنیایان بکەنەوە و بە فیعلی بەشدارییان پێ بکەن لەو پرسە وەک خاوەن ماڵ، نەوەک وەک میوان، بەڵکو راو قسەی حزب و رێکخرەوکانی مەدەنی ودامەزراەکانیان وەربگرن و داواکارییەکانیان لە رووی مافە نەتەوەیی و ئایینییەکەوە لەبەر چاو بگرن و مافەکانیان دیار بێت و سەلمێندراو بێت، بۆ ئەوەی ئیتر لەو دەوڵەتە ھەموو لایەک پشوویەک بدەن و بحەسێنەوە و بە مافەکانیان شاد بن، وەک ئەو گەلانەی تر بژین کە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆیانن و ئەوەش مافێکی سەرەتایی مرۆڤەکانە.
من دڵنیام کە ئایندەی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان لە دەوڵەتی تازە و سەربەخۆدا لەچوارچێوەی دەستوورێکی نموونەیی پارێزراو دەبێت و ئەم دەوڵەتە کە بە فرەئایین و نەتەوە دەناسرێت، دەبێتە ھۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامیگیری لەو ناوچەکە و دەوڵەتەکانی دیکەش لێی سوودمەند دەبن.
سەروەت و سامانی کوردستان ژێرخانێکی پتەوی ھەیە و پەیوەندییە ‌ئابوورییەکانی لە خزمەتی دراوسێکانی و وڵاتانی جیھاندا دەبێت، بۆ گەلانی ھەرێمی کوردستانیش دەبێتە ئارامگەیەک بۆ گەیشتن بە ئاوات و بەرھەمدارکردنی خەباتی سەدان ساڵەیان.


زیا پەترۆس
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
Top