مەسیحییەکانی کوردستان پاڵپشتی ریفراندۆم دەکەن

مەسیحییەکانی کوردستان پاڵپشتی ریفراندۆم دەکەن
میقداد سەلاح دەلۆ : کریستیانەکانی کوردستان بە پەرۆشێکی زۆرەوە بەشداردەبن لەم پرۆسە نیشتمانییەداو بە (بەڵێ) دەنگ دەدەن بۆ سەربەخۆی و بونیادنانی دەوڵەتی کوردستان کە بەدڵنیایەوە مافەکانیان لەدەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان زیاتر پارێزراو دەبێت
ھالان ھورمز گۆرگیس : ئێمە ریفراندۆم وەھا دەبینین کە دەستپێکێکە بۆ بەدیھێنانی مافەکانی کریستیانەکان لە کوردستان، داواش لە ھەموو لایەک دەکەین کە خیلافاتی سیاسی بخەنە لایەک و کار بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بکەن
ناھیدە یوسف یاقۆ : زۆربەی ھەرە زۆری پێکھاتەکانی موسڵ و دەشتی نەینەوا حەز دەکەن سەربە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بن، چونکە رایانوایە ژیان لەگەڵ عەرەب زۆر سەخت بووە و ناتوانن پێکەوە بژین
نەوزاد پۆلس حەنا : ھیوادارین دەوڵەتی ئایندەی کوردستان دەوڵەتی ھەموو پێکھاتەکان بێت و یاسا و ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوە ژیان بەرقەرار و بەردەوام بێت
وەحیدە یاقۆ ھورمز : ئێمە بەشێکین لە خەڵکی کوردستان و چارەنووسی ئێمەش لەگەڵ چارەنووسی خەڵکی کوردستاندایە و لە مێژووی رابردووش ھەر چارەنووسمان پێکەوە بووە و بە ئاشتەوایی پێکەوە ژیاوین


گوڵان - کۆمەڵایەتی


کریستیانەکانی کوردستان (بە کلدانی و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنەوە) خاوەن مێژوویەکی کۆنن و لەگەڵ کوردانی موسڵمان بە ئاشتەوایی پێکەوە ژیاون. بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەیان ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار کەس بووە لە عێراقدا، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار ھاونیشتمانی مەسیحی کە بەرچاوڕوونی ئەوەیان ھەبوو دۆخی عێراقی نوێ ئەستەمە لە رووی تەناھی و سیاسییەوە بۆ ئەوان سەقامگیر بێت، بۆیە ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوون و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی دیکەی جیھان بەڕێ کەوتن. لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ و ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان عەرەبی سوننە و شیعە، مەسیحییەکان پشکی ئاگری ئەو شەڕەیان بەرکەوت و ژمارەیەکیان بوونە قوربانی و زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کەسیان ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوون، لەو ژمارەیە زۆرینەیان بەرەو وڵاتی سێیەم کۆچیان کردووە، بۆیە تا دێ ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق روو لە کەمبوونەوەیە. زۆرینەی مەسیحییەکانی عێراق لە شارەکانی ھەولێر، موسڵ، بەغدا، کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان و عێراق نیشتەجێ بوون، بەڵام ئێستا زۆرینەیان لە پارێزگەی ھەولێر و دھۆک نیشتەجێن. مەسیحییەکانی کوردستان کە لە سەر دەستی حکومەتەکانی عێراق و دواجار لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە پەلامار دراون، قوربانییەکی زۆریان داوە و بۆ ئەوەی تووشی کارەساتەکانی رابردوویان نەبنەوە، پشتیان بە کورد بەستووە و خۆیان بە ھاوچارەنووسی کوردستانییان دەزانن، لە ئێستاشدا کە باشووری کوردستان لە بڕیارێکی بوێرانەی لایەنە سیاسییەکان و لە سەردەستی مسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان لە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی نزیک دەبێتەوە، پشتیوانیی ئەو ھەنگاوە پیرۆزە دەکەن.



سەرەتا مقداد سەلاح دەلۆ ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشی کوردستانی عێراقی و بەرپرسی دیسکی مەسیحییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی ئامارو زانیارییەکانی بەردەستیان کریستیانەکان لە ساڵانی ھەشتاکاندا زیاتر لە یەک ملیۆن و٥٠٠ ھەزار کەس لە عێراق نیشتەجێ بوون، بەڵام دوای وردە وردە ئەم رێژەیە کەمی کردۆتەوە بۆ نزیکەی ٨٥٠ ھەزار کەس بەھۆی ئەم کێشانەی رووبەروی عێراق بوونەتەوە ، دوای ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا زۆر کەمی کردووەو بەگشتی نزیکەی٦٠%ی مەسیحییەکان لە عێراق کۆچیان کردووە و لە ئێستادا نزیکەی (٣٠٠-٣٥٠) ھەزار ھاووڵاتی مەسیحی لە عێراق ماون، کە بەشێکی زۆریان لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن. گوتیشی: ‎"کریستیانەکانی کوردستان بە کلدانی و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنەوە رۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە لە خەبات و بەرخودان و سەرخستن و یارمەتیدانی شۆڕشەکانی کوردستان، بەتایبەت لە شۆڕشەکانی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشکەوتنخواز، ‎بۆیە لەم روانگەیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە خۆی بە پارێزەر و داکۆکیکاری مافی کریستیانەکان زانیوە، بەتایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی ھەردەم داکۆکیکارێکی لێبڕاو بووە بۆ پاراستنی شوناس و مافی تەواوی نەتەوەکانی کوردستان بەتایبەت خوشک و برا کریستیانەکان. ‎بەڵام بە داگیرکردنی شاری موسڵ لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە، کریستیانەکان قوربانییەکی زۆریان دا. بەپێی ئەو ئامارانەی ھەن لە ساڵی ٢٠١٤دا نزیکەی (٦٥) کلێساو پەرستگا و مەزاری کریستیانەکان وێران کراوە، بەشێکی زۆریشیان لێکرا بە بارەگای چەکدارانی داعش و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. ھەروەھا بە ھۆی توندوتیژییەکانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ تاکو ئێستا (١١٣٤) کریستیان کوژراون. کریستیانەکان بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق بەردوام تووشی پەلامار و توندوتیژی بوونەتەوە. بۆیە چارەنووسی خۆیان لە عێراقدا نابینن. ‎لەبارەی ریفراندۆمەوە ئەوەندەی ئێمە لە نزیکەوە ئاگادارین, کریستیانەکانی کوردستان بە پەرۆشێکی زۆرەوە بەشداردەبن لەم پرۆسە نیشتمانییەداو بە (بەڵێ) دەنگ دەدەن بۆ سەربەخۆی و بونیادنانی دەوڵەتی کوردستان کە بەدڵنیایەوە مافەکانیان لەدەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان زیاتر پارێزراو دەبێت. ‎کریستیانەکانی کوردستان لەوە گەیشتوون کە لە سایەی دەسەڵات و حوکمڕانیی کوردی توانیویانە لە کەشێکی دیموکراسی و ئازاددا بژین و مافەکانی خۆیانی تێدا دەستەبەر بکەن و بتوانن پارێزگاری لە بوون و ناسنامەی خۆیان بکەن. بۆیە لەو سۆنگەیەوە جگە لە کریستیانەکانی ئێستای سنووری ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کریستیانەکانی (نەینەوا) بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سنووری ماددەی (١٤٠)، یان باشترە بڵێین ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان حەزدەکەن لە ٢٥ی ئەیلوولدا مێژوویەکی دیکەی پڕ لە سەروەری بۆ نەتەوەکەیان تۆمار بکەن، ئەویش دەنگدان بە (بەڵێ)یەو زەمینەسازییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە داھاتوویەکی نزیکدا."



ھالان ھورمز گۆرگیس ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجومەنی گەلی کدانی سریانی ئاشووری و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "ئێمە وەک گەلی کلدانی سریانی ئاشووری پاڵپشتی خۆمان بۆ پرۆسەی گشتپرسی لە ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین، چونکە مافێکی رەوای گەلی کوردستانە بەپێی ھەموو مواسیقی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان کە تیایدا ھاتووە ھەموو گەلێک ئازادە و مافی دیاریکردنی چارەنووسی ھەیە، ئێمە وەکو حزب و لایەنی سیاسییەکانی کلدانی سریانی ئاشووری چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجام داوە سەبارت بە پرۆسەی ریفراندۆم و گفتوگوی زۆرمان کردووە دەربارەی داواکارییەکانمان، بە خۆشحاڵییەوە لە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم جەنابی سەرۆک کاک مسعود بارزانی وتەیەکی مێژوویی پێشکەش کرد و فەرمووی: (برایانی کریستیان کلدان سریان ئاشووری چییان دەوێت، ئێمە ئامادەین بۆیان جێبەجێ بکەین، خۆیان بڕیار بدەن، چۆن دەزانن مافەکانیان پارێزراو دەبێت لە کوردستان ئێمە ئامادین بۆیان جێبەجێ بکەین.) بۆیە ئێمە ریفراندۆم وەھا دەبینین کە دەستپێکێکە بۆ بەدیھێنانی مافەکانی کریستیانەکان لە کوردستان، داواش لە ھەموو لایەک دەکەین کە خیلافاتی سیاسی بخەنە لایەک و کار بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بکەن، چونکە ریفراندۆم پرۆسەیەکی نیشتمانییە و لەھەموو شتێک گەورەترەو رێزگرتنێکی گەورەشە لە خوێنی پاکی شەھیدانی سەربەرزی کوردستان و قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و خەباتی چەندین ساڵەی پێشمەرگە قارەمانەکان. ئەنجامدانی رفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسیی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیەوە کە بڕیار درا رۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بێت لە کوردستان و ئێمە بەشدار بووین لە وەرگرتنی ئەم بڕیارە چارەنووسسازەداو گەلی کوردستانیش خەباتی زۆری کردووە لەپێناوی بەدیھێنانی مافەکانیدا و چەندین شۆڕشی بەرپا کردووە بۆ رزگاربوون لە زوڵم و زۆرداری و بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی، ئێمەش وکو گەلی کلدانی سریانی ئاشووری بەشداربووین لە ھەموو شۆڕشەکانی کوردستان و خەباتمان کردووە و قوربانیمان داوە ."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە درێژەی رادەربڕینەکەیدا تیشکدەخاتە سەر راپەڕینی مەزنی ئاداری ساڵی ١٩٩١ و دەڵێت: "ئەنجامی راپەڕین دەرکرنی دیکتاتۆریەت و نەھێشتنی حوکمی بەعسی لەناوچووی گۆڕبەگۆڕ بوو، ئەوەش بە دروستبوونی بەرەی کوردستانی بوو، ھەر یەکگرتوویی و یەکڕیزی وایکرد ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دروست ببن. کە بە شێوەیەکی بەرچاو کریستیانەکان بەشدار بوون لە پەرلەمان و حکومەت و پێنج کورسیی کۆتا درا بە گەلی کلدانی سریانی ئاشووری و پێنج کورسی بۆ تورکمان و یەک کورسییش بۆ پێکھاتەی ئەرمەن و مافەکانی ئێمە بە یاسایی پەسندکران. مافە نەتەوەییەکانی ئێمە بە بڕیار چەسپێندران وەک کردنەوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی سریانی کە چەند بەڕێوەبەرایەتییەک لەخۆ دەگرێت و کردنەوەی چەندین قوتابخانە تایبەت بە زمانی دایک (سریانی) و ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سریانی کە ئەویش چەند بەڕێوەبەرایەتییەک لەخۆ دەگرێت. ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی بۆ کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف دانراوەو گوندەکانی گەلی ئێمە ئاوەدان کرانەوە لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان و مافەکانی ئێمە لە رەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان پەسەند کراون کە گرینگترینیان ئۆتۆنۆمی-یەو لە مادەی (٣٥) دا ھاتووە پێدانی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کلدانی سریانی ئاشووری.... و یاسای (قانون حمایە حقوق المکونات فی اقلیم کوردستان) کە لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکراو لەلایەن جەنابی سەرۆکی ھەرێم بەڕێز مسعود بارزانی واژووی لەسەر کرا. بۆیە ھەرێمی کوردستان شوێنێکی نموونەیی بووە بۆ پێکەوەژیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە دوای ئازادکرنی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ کە مجلسی حوکمی ئینتیقالی دروست بوو، جەنابی سەرۆک بارزانی یەکەم کەس بوو جەختی لەسەر مافی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە دەستووری عێراقدا کرد. بۆیە گەلی ئێمە ئەو پشتیوانییە فەرامۆش ناکات و پشتگیری تەواوی ریفراندۆم و کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەکات، کوردستانیش ھەمیشە ماڵێکی کراوە بووە بۆ ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان و چەندین جار جەنابی سەرۆک بارزانی فەرموویەتی: (دەرگاکانی کوردستان کراوەیە بۆ ئێوە.) ھەمان دەرگاکانیش بە رووی دەیان ھەزار ئاوارەی کریستیاندا کرانەوەو رێزیان لێگیرا."
وەحیدە یاقۆ ھورمز سەرۆکی فراکسیۆنی گردبووەنەوەی کلدانی و ئاشووری و سریانی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە پێکھاتەی کریستیانەکان لە باشووری کوردستان لەگەڵ پرسی ریفراندۆمدان، چونکە پرسێکی نیشتمانییە و تایبەت نییە بە ھیچ ئایین و نەتەوەیەک، بەڵکو لە بەرژەندیی ھەموو خەڵکی کوردستانە، گوتیشی: "ئێمە بەشێکین لە خەڵکی کوردستان و چارەنووسی ئێمەش لەگەڵ چارەنووسی خەڵکی کوردستاندایە و لە مێژووی رابردووش ھەر چارەنووسمان پێکەوە بووە و بە ئاشتەوایی پێکەوە ژیاوین. کریستیانەکان لە خەبات و قوربانیدان و لە ھەموو شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان و شۆڕشی دژی داعش رۆڵی خۆیان ھەبووە. بەھۆی شەڕی داعش کریستیانەکانی موسڵ و دەشتی موسڵ روویان لە ھەرێمی کوردستان کردو لەم ھەرێمەدا نیشتەجێ بوون، لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەرگای کوردستانیان بۆ واڵا کرایەوەو حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھاوکارییان دەکات." ئەوەشی خستەڕوو کە (٢٠٠٨٧) خێزانی کریستیان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون. رۆژی ٦/٩/٢٠١٤ ـەش بە "رۆژی جینۆسایدی کریستیانەکان" لە قەڵەم دەدات کە لەو رۆژەدا (١١٥٨٤) خێزانی کریستیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەستبەسەر کران. جەختی لەوەش کردەوە کە ھەموو یاساکان و دەستووری کوردستان پاراستنی مافی کریستیانەکانی دەستەبەر دەکات. سەبارەت بە ریفراندۆمیش گوتی: "پێکھاتەی کریستیانەکانی کوردستان بە دەشتی نەینەواشەوە داخوازیی ئەوەیان ھەیە کە لە ریفراندۆمی کوردستان بەشداری بکەن، لەبەر ئەوەی باوەڕ و دڵنیایی تەواویان بە سەرۆکایەتی ھەرێم و بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ پاراستنی مافەکانیان بۆیە بە دەنگی (بەڵێ) دەچنە سەر سندۆقەکانی دەنگدان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا.
نەوزاد پۆلس حەنا سەرۆکی رێکخراوی سورایا و رێکخەری گشتی تۆڕی پێکھاتەکانی کوردستان، سەبارەت بە ھەمان پرس سەرەتا ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای راپەڕینی مەزنی ساڵی ١٩٩١ کوردستان لە ئەزموونێکی نوێ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا گوزەر دەکات. لە کوردستاندا پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی و مافی ھەموو پێکھاتەکان پارێزراو بووە و بەرەو پێشەوە رۆیشتووە. بەڵام لە پاش رووخانی رژێمی بەعس ئەزموونێکی دیکە ھاتەپێش و لە دوای ١٣ ساڵ حوکمڕانیی شیعە لە عێراق لەسەر بنەمای تەوافقی سیاسی، دەوڵەتی عێراق فەشەلی ھێنا و زۆربەی پێکھاتەکانی ناوەند و باشووری عێراق و شاری موسڵ دەربەدەر بوون، ئەوەش بەھۆی سیاسەتی توندڕۆیانەی حکومەتی عێراق بووە کە پێکھاتەی مەسیحی و سابیئەی مەندائی و ئێزیدی بەتایبەتی کردە ئامانج و لەساڵی ٢٠١٤ دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) بە داگیرکردنی شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا و سنجار و تەلەعفەر راگەیەندرا کە پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە تووشی جینۆساید و کۆچ کردن بەرەو دەرەوەی وڵات و ھەرێمی کوردستان بوون. ئەو پێکھاتانە لە ئەزموونێکی سەردەمییانەی پێکەوەژیان لە کوردستان درێژە بە ژیان دەدەن، ھیواو خواستی ئەوان و چارەنووسیان بە کوردستانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە وەکو بەشێک لە کوردستانییان بە خۆشحاڵییەوە لە ریفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەشدار دەبن." گوتیشی: "دەنگمان بە (بەڵێ) بۆ کوردستانی سەربەخۆیە، لەبەر ئەوەی چارەنووسی ھەموو پێکھاتەکان و خەڵکی کوردستان بەستراوەتەوە بە چارەنووسی ھەرێمەوە، ھیوادارین دەوڵەتی ئایندەی کوردستان دەوڵەتی ھەموو پێکھاتەکان بێت و یاسا و ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوە ژیان بەرقەرار و بەردەوام بێ. لە کوردستان ھەشت ئایین بە فەرمی تۆمار کراون لە وەزراەتی ئەوقافی حکومەتی ھەرێم (ئێزیدی، مەسیحی، سابیئەی مەندائی، بەھایی، زەردەشتی، جوو، کاکەیی- یارسانی، ئیسلام) داوا دەکەین ھەموویان نوێنەریان ھەبێت لە دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان و دوای سەرکەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم مافی ئەم پێکھاتانە بپارێزیت و یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ کە تایبەتە بە مافی پێکھاتەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێت. ئێمە لە تۆڕی پێکھاتەکانی کوردستان ھەوڵ دەدەین بۆ چەسپاندنی مافی ھەموو پێکھاتەکان لە دامەزراندنی دەولەَتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵێ بۆ ریفراندۆم، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی."
ناھیدە یوسف یاقۆ بەرپرسی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە موسڵ، سەرەتا جەخت لەوە دەکاتەوە کەی ئافرەتانی موسڵ لەگەڵ ئافرەتانی دەشتی نەینەوا بە رێژەیەکی گەورە ئامادەن بۆ ریفراندۆم و بۆ دەنگدان بە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ، زۆربەی ھەرە زۆری پێکھاتەکانی موسڵ و دەشتی نەینەوا حەز دەکەن سەربە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بن، چونکە رایانوایە ژیان لەگەڵ عەرەب زۆر سەخت بووە و ناتوانن پێکەوە بژین، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە حەشدی شەعبی و جەیشی عێراقی لێی جێگیر کراون. واتە ژیان تەنیا لەو شوێنانە ئارامە کە پێشمەرگە دەیپارێزێت، بۆیە بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان و پێشمەرگەی پارێزەری ھەموو پێکھاتەکان دەدەین.
Top