تاوانەکانی کوشتن لە پەرەسەندندایە کێشە کۆمەڵایەتییەکان ھەڕەشە لە ژیانی تاک دەکەن

تاوانەکانی کوشتن لە پەرەسەندندایە کێشە کۆمەڵایەتییەکان ھەڕەشە لە ژیانی تاک دەکەن
گوڵان – کۆمەڵایەتی

بە پێی ئامارێکی دەستەی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان، تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا زیاتر لە ٣٠٠ رووداوی کوشتن و خۆکوشتن و تەقەکردن لە ھەرێم تۆمارکراون، مامۆستایەکی زانکۆش جەخت لەوە دەکاتەوە کە لاوازیی گوتاریی پەروەردەیی خێزان و نەبوونی ھۆشیارییەکی پێویست و دۆخی دژواری ئابووری و نەبوونی پلانی نیشتەجێبوون و دواکەوتنی مووچەو ململانێی نێوخۆیی پارتەکان و چاوسوورکردنەوە لەیەکتری باوەڕی پێکەوەژیانی لاواز کردووە.

سەرەتا ماجید خەلیل مامۆستای زانکۆ وسەرۆکی بەشی میزوو لە کۆلیژی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە "تاوانەکانی کوشتن لەشێوەی تەقەکردن لەسەر شەقامەکان و دۆزینەوەی تەرمەکان لەشوێنە پێچ و پەناکان و تاوانی کوشتنی ھاوسەرو زاڕۆ و خۆکوشتن، بووەتە ھەواڵگەلێک کە بەردەوام ھەواڵە بەپەلەکانی نێو میدیای کوردی رۆژانە نومایانیان دەکەن. ئەم پرسە لەساڵانی رابردوودا لە ئاستێکی لەم شێوەیەدا نەبووە، نیگەرانیی پرسێکی لەم جۆرە لە ئاستێکدایە کە ترس لە بەدیاردەبوونیدا دەخوێندرێتەوە." گوتیشی: "بە باوەڕی ئێمە زەمینەی ئەم نەزمی کوشتنەو کێرڤی باڵای ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێک کە پێویستە لەپێشچاو بگیرێن:
یەکەم: لاوازیی گوتاریی پەروەردەیی خێزان و نەبوونی ھۆشیارییەکی پێویست کە ئەرزش بداتە گیانی مرۆڤ لەپێشەوەی ھۆکارەکاندایە، نەوەی پاش راپەڕین نەوەیەکی پەرت و بڵاوی ئایدیۆلۆژییەو رێچکەیەکی پەروەردەیی بۆ تەبایی خێزان و ئەرزشی مرۆڤ و مافەکانی ئامادەیی نییە، میتۆدێکی تەندروست بۆ گۆشکردنی ئەم نەوەیە رۆڵی نەبووەو ھۆشیاری لەبارەی ئاکامەکانی کوشتن و سزاو لێپێچینەوە لاوازە.
دووەم: میدیای کوردی و ھەژموونی میدیای زەردی دەرەکی لە ئاستێکی ترسناکدایە، ئەدەبیات و کەلتوورە جیاوازەکان، وێنای کوشتن و بڕین و خیانەت بەتەواوی گوێی لاوانی کوردی ئاخنیوەو لەبەردەم پرسی کوشتن و تاواندا چاونەترسی کردوون. ھیچ فلتەرێک بۆ پەروەردەی دەرەکی و ھیچ ئەجێندایەک لە پەیامی میدیایی ناوخۆدا شک نابرێت.
سێھەم: ترس لە قەیران و برسییەتی، ترس لە وەیشومەی دژواری ئابووری و نەبوونی پلانی نیشتەجێبوون و دواکەوتنی مووچەو ململانێی نێوخۆیی پارتەکان و چاوسوورکردنەوە لەیەکتری باوەڕی پێکەوەژیانی لاوازکردووەو بینینی جوانییەکانی یەکتری تەواو تەواو کەم کردووەتەوە.
چوارەم: پرۆژەی وڵاتانی ھەرێمی بەردەوام پرۆژەی لاوازکردنی گیانی پێکەوەیی و نەمانی تەناھی کوردستان بووەو لەم نێوەندەدا کارکردنێکی شاراوەو مەنگ لە گۆڕێدایە.
پێنجەم: ناتەوانی یاساو دادگاکان و بوونی چەندین تاوانبار کە لە دەرەوەی زینداندا بێباکن لە ھەر لێپێچینەوەیەک، ئەوانی سروشتی تاوانیان ھەیە، زیاتر دەستکراوەی کردوون.
شەشەم: بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دیاردەیەکی نوێ و ئامێرەکانی پەیوەندی دیسانەوە مەچەکێکی بەھێزی تاوان و دۆسیەکانی نێو دادگانە و لەم نێوەندەشدا ھۆشیاری لەسەر بەکارھێنانیان ئێجگار لاوازە.
حەوتەم: گروپە رادیکاڵ و توندڕەوەکانی پاش سەدام و نموونەی داعش لە نێوچەکەدا و کارەکانیان بە کاوەخۆ ئەدەبیاتی توندوتیژی و کوشتاریان گەیاندە رادەی ئاساییبوونەوە لە نێو ئەم نەوە نوێیەدا، ھەربۆیە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بوونی داعش و ریکڵامەکانی نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیان شوێنیان لەسەر توندوتیژیی تاکی کوردیی جێھێڵاوە. ھەموو ئەم دیاردانەو چەندین دیاردەی تر زەمینەی دیاردەکانی کوشتنیان زۆرتر قووڵ کردووەتەوە."

لەتیف حوسێن توێژەری کۆمەڵایەتییە و سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "درێژەکێشانی قەیرانی سیاسی و ئابووری لەھەرێمی کوردستان و خەریکبوونی لایەنە سیاسییەکان بە ململانێ و ناکۆکییەکانیانەوە، ھەروەھا ئاوڕنەدانەوەیان لە گرفتە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، وایکردووە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ھەڵکشانی کێشە کۆمەڵایەیتییەکان لەماوەکانی رابردوودا روو لە زیاد بوون بکەن و بەجۆرێکە بەداخەوە رۆژانە خەڵک دەبێتە قوربانیی کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە سەرجەمی ئەو کێشە کۆمەلایەتییانەش بەھۆی بوونی قەیرانی سیاسی و ئابووری سەریانھەڵداوە ." گوتیشی: "ئامارەکانی دەستەی مافی مرۆڤ و دامودەزگاکانی دیکە کە تایبەتن بە تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن و ھەموو ئەوانەی دی، ئاماژەی مەترسیداریان تێدایە، بۆیە دەبێت لە ئێستادا ھەموو بەدوای چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەدا بگەڕێین، تا چیتر ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان نەکەوێتە بەردەم مەترسیی زیاترەوە."
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتیییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ھۆکاری قەیرانی دارایی و تێکچوونی پلانەکانی تاک و خێزان، بەھۆی نەبوونی مووچەو نەبوونی کاری پێویست بۆ خەڵکی کێشەی گەورەو ناکۆکی گەورەی دروستکردووەو رێژەی تاوانەکانی بەرزتر کردۆتەوە. ھەروەھا بوونی دیاردەی چەکداری بەشێوەی بەربڵاو ئەمیش یەکێکی دیکەیە لە ھۆکارەکانی کوشتن و خۆکوشتنەکان، بەجۆرێکە ھاووڵاتی دەتوانێـت زۆر بە ئاسانی دەستی بە چەک بگات، کە بەوەش ژیانی خۆی، یان ژیانی خەڵکی دەخاتە مەترسییەوە." گوتیشی: "خراپیی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی متمانەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان و دوورکەوتنەوە لەیەکتری، ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەمانی زمانی دیالۆگ و پەویەندیکردنمان بە یەکتری و نەھێشتن و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانمان، ھۆکاری نەبوونی متمانەی خەڵکی بەیاسا، ئەمەش ھۆکارێکی ترە لەھۆکارەکانی پشت تاوانەکانی کوشتن بەجۆرێک رۆحی تۆڵەکردنەوەی خودی و پشتکردنە یاساو حکومەت خەریکە پەرە دەسێنێت. "
لەتیف حوسێن چارەسەری ئەو دیاردەیە لەم چەند خاڵەدا چڕدەکاتەوە: "نەھیشتنی دیاردەی چەکداری، چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و رۆڵ بینینی یاسا."
ھاوڕاز شێخ ئەحمەد خۆشناو، راوێژکاری ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبواری خوشکان، سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "لە روانگەی شەرعەوە کوشتنی بە ئەنقەست یەکێکە لەو خەتا و تاوانە گەورانەی کە خودای گەورە بکەرانی ئەم تاوانە، بە جەھەننەم سزا دەدات بۆ ھەتا ھەتایی، بکوژ بەر تووڕەیی و خەشمی خودا دەکەوێت و لە رەحمی خودا دەردەچێت و بەر لەعنەت و نەفرەتی خودا دەکەوێت، عەزابێکی گەورەی بۆ ئامادە دەکرێت، ئەمەش بە پێی فەرمایشتی رەبولعالەمینە کە فەرموویەتی (ۆمَن ێقْتُلْ مُۆْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاۆُەُ جَەَنَّمُ خَالِدًا فِیەَا ۆغَچِبَ اللَّـەُ عَڵیْەِ ۆڵعَنَەُ ۆڕَعَدَّ ڵەُ عَژَابًا عَڤِیمًا). واتە: ھەر کەسێک بەدەستی ئەنقەست ئیماندارێک بکوژێت (بەحەڵاڵی بزانێت)، ئەوە تۆڵەی ئەو کەسە دۆزەخە، نەمرە تیایدا، ھەروەھا خوا لێی تووڕە بووە و نەفرینی لێکردووە و سزایەکی گەورە و بێ سنووری بۆ ئامادە کردووە." گوتیشی: "ئایینی پیرۆزی ئیسلام کە دینی ژیان و ئاشتی و سەلامەتی و مەحەبەت و تەقوا و دادپەروەرییە, تاوان و خەتای کوشتن لە دوای تاوانی شرک دانانە بۆ خودای گەورە, شەریعەتی پاک و پیرۆزی ئیسلام توندە بۆ ئاراستەکردنی رەوشت و ئاکاری ئینسانی, مرۆڤ لە مەقامێکی بەرزدایە لە دینی خودا, رەبولعالەمین دەفەرموێت: (مَن قَتَڵ نَفْسًا بِغَیْڕ نَفْسٍ ڕَوْ فَسَادٍ فِی الْڕَرْچ فَکَڕَنَّمَا قَتَڵ النَّاسَ جَمِیعًا ۆمَنْ ڕَحْێاەَا فَکَڕَنَّمَا ڕَحْێا النَّاسَ جَمِیعًا)، واتە ئەوەی کەسێک بەناحەق بکوژێت و لە جیاتی کوژراوێک نەبێت، یان گوناە و تاوانی گەورەی ئەنجام نەدابێت لەزەویدا (وەکو جەردەیی و دەستدرێژی و... ھتد)، ئەوە وەک ئەوە وایە ھەر ھەموو خەڵکی کوشتبێت، ئەوەش کەسێک لە مەرگ رزگار بکات، ھەروەک ئەوە وایە ھەموو خەڵکی لەمەرگ رزگار کردبێت و ژیانی پێ بەخشی بن، ھەروەھا سەروەرمان لە فەرمایشتێکی سەحیحدا دەفەرموێت: ھەرکەسێ بەئەنقەست کەسێ بکوژێ، بۆنی بەھەشت ناکات، کە بۆنی بەھەشت ھێندەی رێگای حەفتا ساڵان دەڕوات. ئەم فەرمایشتە سەحیحە و بوخاری ریوایەتی کردووە."
ھاوڕاز شێخ ئەحمەد خۆشناو بەشێک لەھۆکاری کوشتن و بەربڵاوبوونی لەم چەند خاڵەدا بەرجەستە دەکات: "دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکان لە حەقیقەتی دینی خودا، نەبوونی ھەیبەتی یاسا و کارپێنەکردنی کە لە ئاستی پێویستدا نییە، ھۆکارەکانی راگەیاندن, کە رۆڵی نەرێنییان بووە لەناو کۆمەڵگەو کۆمەڵگەیان شێواندووە، واتە ئەوەندەی ھۆکاری پەرەپێدانی ئەم دیاردەیە بوون، ھێندە ھۆکاری دوورخستنەوەی خەڵک نەبوون لە حاڵەتی کوشتن، ھەروەھا ھۆکارەکانی تەکنەلۆژیا, کە لەبەدواداچوونەکان دەردەکەوتووە، زۆرێک لە حاڵەتەکانی کێشەی کۆمەڵایەتی و کوشتنی کەسەکان دەچێـتەئەم خانەیە, کە نەتوانراوە وەکو پێویست کەڵک لەو ھۆکارە سەردەمییە وەربگیرێـت و کەسەکان بەرامبەری ھۆشیار بن." گوتیشی: "ئەگەر بمانەوێت روومان لە چارەسەری دیاردەی کوشتن بێت، پێویستمان بەوەیە کە لە رووی ئایینییەوە رۆشنایی ھۆشیاری زیاتر بدرێت بە خەڵک و خەڵک زۆرتر شارەزا بکرێ لە ئایین و لێی نزیک بکەونەوە، نەک لێی دوور بکەونەوە, لە رووی یاساییەوە پێویستمان بەیاسا سەروەری ھەیە، چونکە نەبوونی یاساسەروەری ھۆکارێکی شکستی کۆمەڵگە و زۆربوونی دیاردە نەشیاوەکانە, ھەروەھا دەبێت کەلتووری کۆمەڵگە بەھەند وەربگیردرێ و نەشێوێندرێ, چونکە کەلتووری کۆمەڵگە ھێمای رەسەنایەتیی کۆمەڵگەیە."
رائیدی پۆلیس ھۆگر عەزیز، وەک گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر دەڵێت: "ئێمە وەک ھەمیشە ئامارەکان لە کۆتایی ساڵ رادەگەیەنین، ئامانجیش لەوە بەراوردکردنی رێژەکانە لە ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ ساڵی رابردوو، وێڕای گەڕان بەدوای ھۆکار و فاکتەرەکانی تاوانەکان، لە کاتێکدا ئێمە لایەنی جێبەجێکارین و ئەو کێشانەی روودەدەن، دوور لە دەستی پۆلیس روودەدەن، زۆرجار ھەواڵی ئەوەمان پێدراوە کە ئافرەتێک لە ژێر ھەڕەشەی کوشتندایە لە رێگەی مەفرەزەی تایبەتەوە ئافرەتەکە لە چنگی کەسوکاری رزگارکراوە و لە یەکێک لە ماڵەکانی ژنپارێزی گیانی پارێزراوە تاوەکو کێشەکەی چارەسەر کراوە."
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا کێشە ھەنووکەییەکانی پشت کوشتن چین؟ ئەو گوتەبێژەی پۆلیس گوتی: "زۆربەی زۆری تاوانەکان لەشاری ھەولێر و دەوروبەری ھۆکارەکەی کێشەی کۆمەڵایەتییە، بەداخەوە ئەو کێشانەش روو لە زیادبوونە، پاڵنەری سەرەکیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە شێوەیەکی نادروست بەکاردەھێنرێت و ئامرازێکە بۆ بەستنی پەیوەندی سۆزداری و تەنانەت پەیوەندیی ناشەرعیش، چونکە پەیوەندیی نێوان تاکەکان لە ئێستادا زۆر ئاسان بووە، تەنانەت لە رابردوودا ھەموو کەس مۆبایلی نەبوو، سیم کارت بە ئاسانی دەست نەدەکەوت، کەچی ئێستا سیم کارت بە ئاسانی و بە نرخێکی زۆر ھەرزان دەست دەکەوێت، جگە لەوەش پەیوەندیی ئینتەرنێتی کارئاسانی زۆری بۆ تاکەکان کردووە و تاک دەتوانێ لەگەڵ ھەموو دونیا لە پەیوەندیدا بێت." گوتیشی: "کوشتن لە ھەردوو رەگەز زۆرە و کۆمەڵگە و عورف و عادات و خەمساردیی پەروەردەکاران پاڵنەری زۆربوونی تاوانەکانی کوشتنن."
چالاکی کۆمەڵی مەدەنی سنۆبەر سابیر، سەبارەت بەو پرسە سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات کە "لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کوشتن وەک دیاردەیەک ھەمیشە رووی داوە، ھۆکارەکانی کوشتنیش زۆرن و لەگەڵ قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤایەتی کوشتن و دەرەنجامەکانی گۆڕانکاری بەسەرداھاتووە، رەنگە کۆنترین وێنەی کوشتن بەسەرھاتی قابیل و ھابیل بێ، کە وەک تاوانێکی خوێناوی دێتەوە بەردیدمان، کوشتن لە کۆنەوە لە ژێر چەندین پاساو و چوارچێوە، چ لەسەر ئاستی تاک، یان کۆمەڵ ئەنجامدراوە، ھۆکارەکانیش زۆرن دیارترینیان کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ئایینی بووە، کە چەندین لاپەڕەی خوێناوی لەسەرتاسەری جیھان تۆمارکردووە، لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا ئەم دیاردەی کوشتن ھەیە و پەیڕەو کراوە، جا چ قوربانییەکان پیاو بن، یان ئافرەت بن، تەنانەت ھەندێ جار منداڵیش دەستی لێ نەپارێزراوە و گیانی لێ سەندراوە." گوتیشی: "بەداخەوە رۆژانە لێرە و لەوێ گوێبیستی کێشە دەبین و زۆربەی جارەکان کێشەی قووڵتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت و دەبێتە ھۆی خوێنڕشتن و دواتریش دوژمنداری و خوێنداری کە بنبڕکردنی ئەستەمە." سەبارەت بە چارەسەریش گوتی: "ئەگەر ئەم دیاردەیە بنبڕیش نەکرێ، دەتوانرێ کەم بکرێتەوە، ئەویش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری کۆمەڵایەتی و یاسایی و مرۆیی، ھەروەھا بڵاوکردنەوەی گیانی لەخۆبوردەیی و یەکتر قبووڵکردن و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی باری گوزەرانی ھاووڵاتیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، لە سەرووی ھەمووشیانەوە کێشەی ئافرەت و منداڵ، ھەروەھا کردنەوەی سەنتەری رۆشنبیری و وەرزشی و ھونەری بۆ لاوان و مێرمنداڵان، ھەروەھا ھۆشیاری لە ھەمبەر ریزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی بەرنامە و رێنمایی لە رێگەی راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر خراپی و کاردانەوەکانی کوشتن و دەرەنجامە نەرێنییەکانی و چاودێری خێزان و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی تاک و ھەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و نەتەوەکانی دیکە بۆ زێدی خۆیان، ئەمانە ھەندێ رێکاری چارەسەرن کە دەکرێ ببنە ھۆکاری کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە."
لەلای خۆیەوە تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، بەمجۆرە راو سەرنجی خۆی لە بارەی پەرەسەندنی تاوانی کوشتن دەربڕی: "بەپێی یاسای ژمارە ٤ ساڵی ٢٠١٠ دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ، ئەرکی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی لە ئەستۆدایە، ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ئێستادا دەبینین بەداخەوە رێژەی تاوان لە ھەڵکشاندایە، دیارە کۆمەڵێ ھۆکاری ھەیە سەرەکیترینیان لە ئێستادا کوردستان بە دۆحێکی ناسەقامگیردا دەڕوات، لە رووی سیاسییەوە کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی تاک دروستکردووە، ئەوەش وایکردووە پەنا بۆ کوشتن ببەن، بەپێی ئەو رێژەیەی لای ئێمە تۆمارکراون، بەداخەوە رێژەی تاوان لە زیادبووندایە کە حاڵەتێکی مەترسیدارە، بە تایبەتی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن و سووتان و خۆسووتاندن و دزی و تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەگەر ئاماژە بە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوانەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەین، یەکەم ھۆکار ناسەقامگیریی سیاسی و سەربازییە کە لە رابردوودا لە کوردستان ھەبوو، لە پاڵ ئەوەشدا بارودۆخی ئابووری و ئەو قەیرانە داراییەی کە لە ھەرێم ھاتەئاراوە، بووە ھۆی کەمبوونەوەی داھاتی خێزان، ئەوەش فاکتەرێکی دیکەی زۆربوونی تاوانە (بەشێوە جۆراوجۆرەکانی، ھۆکاری سێیەم، راگەیاندنە کە راگەیاندنەکان سەرقاڵی پرسی سیاسیی وڵاتن و پرسە کۆمەڵایەتییەکانیان زیاتر وەلاوە ناوە، ئەو پرسانەش کە ئێستا لە کوردستاندا ھەیە بۆ گۆڕینی کیانی سیاسی وایکردووە پرسەکانی تاک پشتگوێ بخرێن، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن ھاوکات لەگەڵ ورووژاندنی پرسە سیاسییەکان و ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی پێویستن لە کوردستان ئەنجام بدرێن، برەو بە پرسە کۆمەڵایەتییەکانیش بدەن، چونکە زۆربوونی تاوان و تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر ئێستا و ئایندەی ھەرێمی کوردستان.. ئەرکەکانی دەستە وەکو ئەرکی چاودێریکردن و ھۆشیارکردنەوە و لە ھەمان کاتدا پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ئەوەیە بە بڵاوکردنەوەی ئامار و زانیارییەکانی فشار بخاتە سەر حکومەت و پێویستە رای گشتی و راگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار بکرێتەوە، ھەروەھا یاسا باشتر سەروەر بێت، دادگاکان و دادوەرەکان باشتر رۆڵی خۆیان ببینن، لەم رووەوە دەستە ھەوڵیداوە فشاری زیاتر لەسەر لایەنی پەیوەندیدار دروست بکات، بەتایبەتی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان بە باشی ببینن، ھەرچەندە کەمتەرخەمی نەبووە، بەڵام لێرە و لەوێ تاوان ئەنجام دەدرێ و ھەندێک جار دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆریش تاوانبار دەستگیر ناکرێت. خاڵی دووەم ئەوەی کە تێبینی کراوە لەلایەن تیمەکانی چاودێریکردنی رەوشی مافی مرۆڤ و تیمەکانی دەستە، بەداخەوە تاوانەکان بە چەکی مۆڵەت پێدراوە ئەنجام دراون، ھەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم و لایەنەکانی دیکەش بۆ ئەوە بووە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەک نەمێنێ و چەک تەنیا لای کارمەندان بێت و تەنیاش لەکاتی دەوامی فەرمی لایان بێت، چونکە زۆربەی تاوانەکان دوای دەوامی فەرمی کارمەندانی چەکدار لە ماڵەوە بەو چەکانە تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام دراون. لەماوەی رابردوودا بەھاوکاری نووسینگەکانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری کوردستان ھەڵمەتێکمان ئەنجامدا بۆ نەھێشتن و داخستنی بازاڕەکانی فرۆشتنی چەک و فشار خستنە سەرحکومەت بۆ بەکارھێنانی چەک بەوەی کە تەنیا لەکاتی دەوامی فەرمی بێت، حاڵەتی بوونی چەکی بێ مۆڵەت قەدەغە بکرێت و بەکارھێنەرانی بە یاسا سزا بدرێن. بەپێی ئەو ئیمکاتیاتە کەمەی کە ھەمانە ھەستاوین بە ھۆشیارکردرنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی تاوان و ئەنجامدانی لەناو کۆمەڵگەدا، گرنگترین ئەرک بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانمانە کە بە راپۆرتی پێشێلکاری ناوی دەبەین و دەنێردرێن بۆ دەسەڵاتەکانی ھەرێم و رای گشتی و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و راگەیاندنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەوەش بە ئاگاھێنانەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ ئەوەی کار لەسەر راپۆرتەکانمان بکەن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی تاوانەکان لە ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ داواکاری گشتی لە دەزگای ھەرێمی کوردستان ھەمانە، بە وەرگرتنی سکاڵای ھاووڵاتیان کە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگاتە دەستمان، ئەوانەی عونسری جەزائی تێدابێت، ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەین، ئەویش بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی دەستە و ناوەڕۆکی بابەتەکە ھەوڵ دەدات داوا لەسەر سەندنەوەی مافی گشتی تۆمار بکات، ئەوەش ئەرکێکێ لە ئەرکەکانی دەستە، لەلایەکی دیکەوە بەداخەوە ئەو سیستەمە چاکسازییەی لە ھەرێم دەکرێت بەپێی پێویست نییە و ناکرێ لەگەڵ ستانداردی جیھانی بەراوردی بکەین و کەموکوڕی زۆری تێدایە، زۆربەی جارەکان تاوان لەلایەن کەسانی تاوانبار دووبارە ئەنجامدراوەتەوە بۆیە ھەوڵمانداوە بە ھاوکاری رێکخراوە مرۆییەکان لە چاکسازییەکان خولی ھۆشیارکردنەوەیان بۆ بکەینەوە، بۆ ئەوەی دووربن لە ئەنجامدانەوەی تاوان و تۆڵەسەندنەوە.
• سپۆت:
• لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا دیاردەی کوشتن ھەیە و ئەو تاوانە گەورەیە پەیڕەو کراوە، جا چ قوربانییەکان پیاو بن، یان ئافرەت بن، تەنانەت ھەندێ جار منداڵیش دەستی لێ نەپارێزراوە و گیانی لێ سەندراوە
• رۆژانە لێرە و لەوێ گوێبیستی کێشە دەبین و زۆربەی جارەکان کێشەی قووڵتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت و دەبێتە ھۆی خوێنڕشتن و دواتریش دوژمنداری و خوێنداری کە بنبڕکردنی ئەستەمە
• کوشتن لە ھەردوو رەگەز زۆرە و کۆمەڵگە و عورف و عادات و خەمساردیی پەروەردەکاران پاڵنەری زۆربوونی تاوانەکانی کوشتنن
• زۆربەی زۆری تاوانەکان لەشاری ھەولێر و دەوروبەری ھۆکارەکەی کێشەی کۆمەڵایەتییە، بەداخەوە ئەو کێشانەش روو لە زیادبوونە، پاڵنەری سەرەکیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە شێوەیەکی نادروست بەکاردەھێنرێت و ئامرازێکە بۆ بەستنی پەیوەندی سۆزداری و تەنانەت پەیوەندیی ناشەرعیش
• زۆربەی جارەکان تاوان لەلایەن کەسانی تاوانبار دووبارە ئەنجامدراوەتەوە بۆیە ھەوڵمانداوە بە ھاوکاری رێکخراوە مرۆییەکان لە چاکسازییەکان خولی ھۆشیارکردنەوەیان بۆ بکەینەوە، بۆ ئەوەی دووربن لە ئەنجامدانەوەی تاوان و تۆڵەسەندنەوە
• ھەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم و لایەنەکانی دیکەش بۆ ئەوە بووە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەک نەمێنێ و چەک تەنیا لای کارمەندان بێت و تەنیاش لەکاتی دەوامی فەرمی لایان بێت، چونکە زۆربەی تاوانەکان دوای دەوامی فەرمی کارمەندانی چەکدار لە ماڵەوە بەو چەکانە تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام دراون
• راگەیاندنەکان سەرقاڵی پرسی سیاسیی وڵاتن و پرسە کۆمەڵایەتییەکانیان زیاتر وەلاوە ناوە، ئەو پرسانەش کە ئێستا لە کوردستاندا ھەیە بۆ گۆڕینی کیانی سیاسی وایکردووە پرسەکانی تاک پشتگوێ بخرێن

• زۆرجار ھەواڵی ئەوەمان پێدراوە کە ئافرەتێک لە ژێر ھەڕەشەی کوشتندایە لە رێگەی مەفرەزەی تایبەتەوە ئافرەتەکە لە چنگی کەسوکاری رزگارکراوە و لە یەکێک لە ماڵەکانی ژنپارێزی گیانی پارێزراوە تاوەکو کێشەکەی چارەسەر کراوە
• نەبوونی یاساسەروەری ھۆکارێکی شکستی کۆمەڵگە و زۆربوونی دیاردە نەشیاوەکانە, ھەروەھا دەبێت کەلتووری کۆمەڵگە بەھەند وەربگیردرێ و نەشێوێندرێ
• ئەگەر بمانەوێت روومان لە چارەسەری دیاردەی کوشتن بێت، پێویستمان بەوەیە کە لە رووی ئایینییەوە رۆشنایی ھۆشیاری زیاتر بدرێت بە خەڵک و خەڵک زۆرتر شارەزا بکرێ لە ئایین و لێی نزیک بکەونەوە، نەک لێی دوور بکەونەوە
• ئایینی پیرۆزی ئیسلام کە دینی ژیان و ئاشتی و سەلامەتی و مەحەبەت و تەقوا و دادپەروەرییە, تاوان و خەتای کوشتن لە دوای تاوانی شرک دانانە بۆ خودای گەورە, شەریعەتی پاک و پیرۆزی ئیسلام توندە بۆ ئاراستەکردنی رەوشت و ئاکاری ئینسانی, مرۆڤ لە مەقامێکی بەرزدایە لە دینی خودا
• ھۆکاری نەبوونی متمانەی خەڵکی بەیاسا، ئەمەش ھۆکارێکی ترە لەھۆکارەکانی پشت تاوانەکانی کوشتن بەجۆرێک رۆحی تۆڵەکردنەوەی خودی و پشتکردنە یاساو حکومەت خەریکە پەرە دەسێنێت
• ھۆکاری قەیرانی دارایی و تێکچوونی پلانەکانی تاک و خێزان، بەھۆی نەبوونی مووچەو نەبوونی کاری پێویست بۆ خەڵکی کێشەی گەورەو ناکۆکی گەورەی دروستکردووەو رێژەی تاوانەکانی بەرزتر کردۆتەوە
• درێژەکێشانی قەیرانی سیاسی و ئابووری لەھەرێمی کوردستان و خەریکبوونی لایەنە سیاسییەکان بە ململانێ و ناکۆکییەکانیانەوە، ھەروەھا ئاوڕنەدانەوەیان لە گرفتە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، وایکردووە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ھەڵکشانی کێشە کۆمەڵایەیتییەکان لەماوەکانی رابردوودا روو لە زیاد بوون بکەن
• گروپە رادیکاڵ و توندڕەوەکانی پاش سەدام و نموونەی داعش لە نێوچەکەدا و کارەکانیان بە کاوەخۆ ئەدەبیاتی توندوتیژی و کوشتاریان گەیاندە رادەی ئاساییبوونەوە لە نێو ئەم نەوە نوێیەدا، ھەربۆیە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بوونی داعش و ریکڵامەکانی نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیان شوێنیان لەسەر توندوتیژیی تاکی کوردیی جێھێڵاوە
• بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دیاردەیەکی نوێ و ئامێرەکانی پەیوەندی دیسانەوە مەچەکێکی بەھێزی تاوان و دۆسیەکانی نێو دادگانە و لەم نێوەندەشدا ھۆشیاری لەسەر بەکارھێنانیان ئێجگار لاوازە
• ناتەوانی یاساو دادگاکان و بوونی چەندین تاوانبار کە لە دەرەوەی زینداندا بێباکن لە ھەر لێپێچینەوەیەک، ئەوانی سروشتی تاوانیان ھەیە، زیاتر دەستکراوەی کردوون
• پرۆژەی وڵاتانی ھەرێمی بەردەوام پرۆژەی لاوازکردنی گیانی پێکەوەیی و نەمانی تەناھی کوردستان بووەو لەم نێوەندەدا کارکردنێکی شاراوەو مەنگ لە گۆڕێدایە
• میدیای کوردی و ھەژموونی میدیای زەردی دەرەکی لە ئاستێکی ترسناکدایە، ئەدەبیات و کەلتوورە جیاوازەکان، وێنای کوشتن و بڕین و خیانەت بەتەواوی گوێی لاوانی کوردی ئاخنیوەو لەبەردەم پرسی کوشتن و تاواندا چاونەترسی کردوون
• نەوەی پاش راپەڕین نەوەیەکی پەرت و بڵاوی ئایدیۆلۆژییەو رێچکەیەکی پەروەردەیی بۆ تەبایی خێزان و ئەرزشی مرۆڤ و مافەکانی ئامادەیی نییە، میتۆدێکی تەندروست بۆ گۆشکردنی ئەم نەوەیە رۆڵی نەبووەو ھۆشیاری لەبارەی ئاکامەکانی کوشتن و سزاو لێپێچینەوە لاوازە.
• تاوانەکانی کوشتن لەشێوەی تەقەکردن لەسەر شەقامەکان و دۆزینەوەی تەرمەکان لەشوێنە پێچ و پەناکان و تاوانی کوشتنی ھاوسەرو زاڕۆ و خۆکوشتن، بووەتە ھەواڵگەلێک کە بەردەوام ھەواڵە بەپەلەکانی نێو میدیای کوردی رۆژانە نومایانیان دەکەن
Top