بەشوودانی زۆرەملێ دوو دڵ لە یەك جیادەكاتەوە

بەشوودانی زۆرەملێ  دوو دڵ لە یەك جیادەكاتەوە
ئەگەرچی لە كۆمەڵگەی كوردی تا رادەیەك جۆرێ لە كرانەوە بەدی دەكرێ، بەڵام تا ئێستاش زۆر بەربەستی نەریتی هەن، كە لە بەردەم هاوسەرگیریی دوو گەنجدا زەق دەكرێنەوە، ئەوەش زۆر جار كاریگەریی نەرێنی لێكەوتووەتەوە. ئەوەتا هاووڵاتییەك داوا دەكات، بەسەرهاتی خۆی لە گوڵان بڵاو بكرێتەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە وەك خۆی باسیدەكات دوای هەشت جار خوازبێنی، خۆشەویستەكەی هاوسەرگیری لەگەڵ ناسیاوێكی كردووە، ئەوەش كێشەیەكی گەورەی بۆ دروستكردووەو كاریگەریشی لەسەر باری دەروونی داناوە. ئەو گەنجە ناكامە هیوادارە بەسەرهاتی خۆی و خۆشەویستەكەی ببێتە پەند بۆ هەر خێزانێك، بۆ ئەوەی هەرگیز كچی خۆیان بە زۆرەملێ بە شوو نەدەن و بە دەستی خۆیان دۆزەخی بۆ درووست نەكەن.

سەریاز تەمەنی 31 ساڵە و خەڵكی چەمچەماڵە و فەرمانبەرە لە كەرتی حكوومی. ئەو كوڕێكی باڵا مامناوەندەو روخسارێك سپی و گەنم رەنگی هەیە، لە سیمایدا خەمێكی قووڵ دەخوێندرێتەوە كە زۆر ئازاری دەدات، وەك خۆی باسیدەكات لە «عەشقێكی پاك» شكستی خواردووەو تەنیا لەبەر ئەوەی گەنجان لە بەسەرهاتی ئاڵۆزی ئەزموون وەربگرن، نهێنییەكانی بەمجۆرە بۆ گوڵان دەخاتەڕوو:

«رۆژێك بۆ كارێك چوومە فەرمانگەیەك لەوێ كچێكم بینی، دڵم چووە سەری، بەڵام هەمان رۆژ نەمتوانی داوای خۆشەویستی لێ بكەم، چونكە دەترسام لێم زویر ببێت و قبووڵم نەكات، دواتر ژمارە تەلەفۆنەكەیم لەكەسێكی نزیكی خۆی وەرگرت و بەنامە خۆم ناساند، زۆری پێچوو، هەر رازی نەبوو. زۆرم تكا كرد و گوتم: من نییەتم خێرە و راستگۆیانە دەمەوێ ژیانی هاوبەش دروست بكەین، دوای ماوەیەكی زۆ رازی بوو، داوای بینینی منی كرد، ئەوە بوو شوێنێكمان دیاری كردو لەوێ یەكترمان بینی، دواتر چەندین جار پێكەوە قسەمان كرد و باسی خەونەكانی خۆمان بۆ یەكتری كرد، دواجار سوێندمان خوارد بە قورئان، یان بۆ یەك، یان بۆ گڵ بین. زۆرم قوربانی لەپێناوی دا، ئەویش بەهەمان شێوەی من بوو. خێزانەكەی خەڵكی لای خۆما(چەمچەماڵ) بوون. كچەكە هەتا بڵێی بەڕێز و لەبەردڵان بوو. هەركات بمانویستایە دەمانتوانی زۆر بەئاسانی یەكتر ببینین، بەتایبەتی لە فەرمانگەكەی، ئەوە بوو سێ ساڵ و شەش مانگ یەكترمان خۆشویست و زۆر كەسیش بە بەسەرهاتی ئێمەی زانی، كە چەندە شەیدای یەكترین و چەندە یەكترمان خۆشدەوێت، زۆر كێشەم تووش بوو، رووبەڕووی كەسوكاری بوومەوە، تەنیا لەبەر ئەو قسەم نەكرد، ئەویش لەماڵەوە زۆر ئازاری دەروونی دەدرا، چونكە كچێكی هەستیار بوو، جاری واهەبوو بێزار دەكراو هیوای بەمردن دەخواست، دەیگوت: دوعام بۆ بكە با لەم ژیانە رزگارم بێت. شەش داخوازی بۆ هات، لەبەر من قبووڵی نەدەكرد، چەندین جار منیش داخوازیم بۆ رێكدەكەوت قوربانی ئەوم دەكرد، رۆژێك كەسێكی نزیك هاتەلام و كچەكەی پێشكەش كردم، كە كچەكەی لەهەولێر دادنووس بوو، بەڵام من لەبەر ئەو قبووڵم نەكرد، زۆر كەسی دیكەش هەبوون، رێكدەكەوت و داوام لێدەكرا خوازبێنی بكەم، بەڵام من رەتمدەكردەوە. هەشت جار چوومە خوازبێنی هەر پێیان نەدەدام، كەسایەتییە دیارەكانی چەمچەماڵ و مامۆستایانی ئایینی و شێخ و سەرۆك عەشیرەت و تەنانەت بەرپرسانیشم رەوانەی داخوازی كردووە، كەس نەما بەگژ باوكی نەنێم، بەڵام هەر رازی نەبوو ئەو كچەم پێ بدات، هەرچەندە ئەوان هیندە بەرز نەبوون لە رووی دارایی و ماددییەوە، تا من لەئاست ئەواندا بچووك بم، تەنانەت لەمن نزمتریش بوون، هەر قبووڵم بوو، بەڵام باوكی كردیە عینادی و بە بیانووی ئەوەی پێشتر یەكترمان بینیوە، بە هیچ شێوەیەك رازی نەبووە. تا وای لێهات شووی بەكەسێك كرد كە ناسیاوی خۆم بوو. هەرگیز باوەڕناكەم چۆن بەم كوڕە رازی بووە، چونكە سروشتی چەمچەماڵ وایە هەموومان یەكتر دەناسین. زۆر جار بەدواكەوتوو و نەبوون باسی ئەو كوڕەمان دەكرد، مێردەكەی ئێستای فەرمانبەری حكومەتەو دوو مانگ لەفەرمانگەیەو مانگێك دەردەكرێت لەفەرمانگە بەهۆی كارە ناشیرین و نەشیاوەكانی و دواتر بە واستە دەگەڕێتەوە سەركارەكەی، ئەمە پیشەی ئەوە.
سەریاز كاتێك باس لەیادگارییەكانی خۆی و خۆشەویستەكەی دەكات، خەم دایدەگرێ و هاوكات دەڵێت: «ناتوانم باسی یادگارییەكانی بكەم، چونكە یادگارییەكانی دەمفەوتێنێ، هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوە رۆژێك بێت ئاوا دابنیشم و باسی یادگارییە رابردووەكانی بكەم، ئێستا بە راستی شێواوییەك بە بەرنامەی ژیانمەوە دیارەو ژیانم تێكچووە، سەرجەم بەرنامەكانم گۆڕاوە، ئاخر ئێمە ژیانێكی خۆش چاوەڕێی دەكردین، بەڵام ئێستا هیچ خۆشییەك بەچاو نابینم، چونكە ئەو خانووەی كە دروستیشم كرد لەسەر داوای ئەو بوو، هەموو شتێكمان باس كردبوو، تەنانەت بڕیارمان دابوو تەنیا دوو منداڵمان ببێت و ناویان بنێین سارا و بڕوا، بەڵام ئەوانیش وەك من هەتیو كەوتن بەر لەوەی بێنە ئەم دنیا فانییە، ئەوەی بیریشم لێ نەكردبێتەوە شووكردنی ئەو كچە بووە، چونكە ئێمە بەڵێنمان بە یەكتر دابوو بەڵێنی تا هەتایی و سوێندمان بە قورئان خواردبوو. رۆژێك بەر لەوەی مارە بكرێت لەهەولێر لەبانكی نەورۆز خولێكی هەبوو لەگەلأ دەستەخوشكەكانی، لەوێ یەكترمان بینی، گوتی: بەیانی كاتژمێر 11 لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەتبینم، لەكاتی خۆیدا چوومە پەروەردە بەڵام نەمبینی، بە موبایل پەیوەندیم كرد، ژمارەكەی داخرابوو، دوای سێ رۆژ برادەرێكی خۆشەویستم هەواڵی پێدام كە مارە كراوەو گوتی: ئیتر تۆش لەبیری خۆتی بەرەوە، من باوەڕم بەقسەی هاوڕێكەم نەكرد، دووبارە پەیوەندیم كرد، ژمارەكەی داخرابوو، ئیتر پەیوەندیم بەكەسێكی نزیكی كرد، گوتی: راستەو مارە كراوە، دوای ئەوە كە زانیم زاوا كێیە، هەوڵم نەدا بەخستنەڕووی راستییەكان پەشیمانی بكەمەوە، چونكە زاواش دەزانێت كە من چەندە ئەوم خۆش دەوێت، بەڵام لەخوا داواكارم باوكی خۆشەویستەكەم و ئەو زاوایە هەرگیز خۆشی نەبینن، چونكە باوكی بە زۆر ئەو كچەی بە مێرد دا و تووشی ئەو ژانەی كردم، كوڕەكەش دەیزانی خۆشەویستی منە و داگیری كرد، واتە ئەوەی زیاتر منی تێكداوە كوڕەكەیە، چونكە دەیزانی من ئەو كچەم پڕ بەدلأ خۆشدەویست، بەڵام چووە خوازبێنی و خواستیشی، ئەگەر كەسێك ویژدانی نەبێت، هەموو شتێك دەكات، زاوا هەر دوو رۆژ دوای مارەكردنی خۆشەویستەكەم پەیوەندی پێوە كردم و گوتی: تائێستا مافی ئەوەت هەبووە رووبەڕووی ئەو كچە بوەستی، بەڵام لەمەودوا بۆت نییە سەیریشی بكەیت، ئەو كەسەی كە خەون و ئاواتم بوو لێم سەنرا، ئیتر بۆشم نییە سەیری بكەم، دڵنیاشم ئەم هاوسەرگیرییە هەرگیز سەرناگرێت، چونكە بەشوودانی زۆرەملێ عاقیبەتی هەر نەهامەتی و كێشەیە، خزمەكانی باسی ئەوە دەكەن هەمیشە شەڕیانە و رۆژ نییە ئەو كچە لێدان نەخوات. باوكی ئەو دۆزەخەی بۆ دروست كرد، بەداخەوە. رۆژی پێش مارەكردنی ژوانمان هەبوو، ماڵباتەكەشم بەم خۆشەویستییەیان دەزانی، زۆر جار لەسەر خۆشەویستەكەم رووبەڕووی دایك و براكانم دەبوومەوەو قسەی ناخۆشم بەرامبەر دەكردن، ئێستا نازانم چۆن چاكەی ئەوان بدەمەوەو چۆن داوای لێبوردنیان لێ بكەم، هەرچەندە ئەوان بەم بەسەرهاتەم دەزانن و ئێستا دەیانەوێت لەو بارە دەروونییە رزگارم بكەن، بۆیە داوا دەكەن بە زووترین كات خوازبێنی كچێكی دی بكەم. هیوادارم من و خۆشەویستەكەم ببین بە پەند بۆ هەر خێزانێك بۆ ئەوەی هەرگیز كچی خۆیان بە زۆرەملێ بە مێرد نەدەن و بە دەستی خۆیان دۆزەخی بۆ دروست نەكەن».
Top