د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان: بە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ كۆسپەكانی بەردەم ئافرەتی كورد كەم دەبێتەوە

د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان: بە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ كۆسپەكانی بەردەم ئافرەتی كورد كەم دەبێتەوە
باشووری كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە، ئافرەتی كوردیش وەك هەمیشە رۆڵی كاراو كاریگەرییان هەیە لە سەرجەم بوارەكاندا و لە پرسی ریفراندۆمیشدا، جگە لەوەی بەشێكی زۆری دەنگدەرانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی پێكدەهێنن، هاوكات وەك دایك و هاوسەر و خوشكیش دەتوانن لە بەشداریی كارای پیاوان لەو ئەركە نەتەوەییەدا رۆڵی گرنگیان هەبێت، ئەمەو چەندین پرسی دیكەی هەنووكەیی تەوەری سەرەكیی ئەم دیمانەیەی گوڵان لەگەڵ د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان پێكدەهێنێت.

* راستە سەربەخۆیی وڵات شتێكی گشتگیرە و رەگەزێك بە تەنیا ناتوانێ ببێتە پێوەری ئەو سەروەرییە، بەڵام ئافرەتی كورد لە رەوتی خەبات وشۆڕش و بەرخۆدانەكاندا رۆڵی كاریگەر و تایبەتمەندیی خۆی بووە، ئێستا كە باشووری كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە، ئافرەتی كورد چۆن دەتوانێت ئەو رۆڵە گرنگەی بەجەستەتر بكات؟
- راستە ریفراندۆم بابەتێكی گشتگیرەو رەگەزێك بە تەنیا ناتوانێ ببێتە پێوەرێك بۆ ئەو سەروەرییە، بەتایبەتی كە ئافرەتی كورد لە رەوتی خەبات و شۆڕش و بەرخۆداندا رۆڵی كارای هەبووە، بەڵام لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە كە ئایا دەستكەوتی ئافرەت لە دوای سەربەخۆیی چی دەبێت، یان ئەو هەوڵ و تێكۆشانەی ئافرەتی كورد لە پێناو ئازادكردنی وڵاتەكەی چ بەرهەمێكی دەبێت؟ ئەگەر لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە دەبینین ئافرەتی كورد رۆڵی زۆر كاریگەری بینیوە لەسەرووی هەموویانەوە هێز و پاڵپشتی پێشمەرگە بوون، كوڕ و هاوسەر و براكانیان هانداوە بۆ چەك هەڵگرتن لە دژی دوژمنانی داگیركەر و رۆڵی باوكیان بینیوە و منداڵیان پەروەردە كردووە، بە كردەییش جگە لە خەباتی شارو خانە نهێنییەكانی ناو حزب كە گیانی خۆیان بۆ خستۆتە مەترسییەوە، هەزاران ئافرەت بەشداری شەڕیان كردووە. راستە لە ئێستادا خەباتی یەكسانی وەكو پێویست چڕ نییە، بەڵام پێمانوایە بە بوونی كیانێكی سەربەخۆ و دەوڵەتی سەربەخۆ كۆسپەكانی بەردەم ئافرەتی كورد كەم دەبێتەوە و ئەوكات خەباتی یەكسانی كاریگەرتر و پڕئەنجامتر دەبێت، ئەویش بە پشت بەستن بە كولتووری نەتەوەیی خۆمان دوور لە هەر كولتوورێكی هاوردە. سێ ستوون و بنەما هەن كە كولتووری رەسەنی كوردی لەسەری دامەزراوە كە بریتین لە خۆشەویستی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان.
* لە ئێستادا بابەتی ریفراندۆم لەئارادایە و لە نێوان حزبەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە و دانیشتن هەیە، كەچی ئافرەت لە دانیشتنەكان بوونیان نییە، وەكو رێكخراوێكی ئافرەتان لەو بارەیەوە كاردانەوەتان چی بووە؟
- وەكو یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و وەكو رێكخراوێكی سیاسی بە رەسمی داوا لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە ئافرەتیش لە كۆبوونەوە چارەنووسسازەكان بەشدار بكەن، ئەوەی دەبیندرێ نادادپەروەرییە و ناكرێ ئافرەت لە پرسە گرنگەكان پەراوێز بخرێت، لە كاتێكدا بۆردی ئافرەتان هەیە و خودی جەنابی سەرۆكی حكومەت سەرۆكی ئەو بۆردەیە و دەكرێ ئەوانیش كاراتر بن لەسەر ئەم پرسە و تێكڕای پرسەكانی تایبەت بە مافی یەكسانی، پێویستە لە كۆبوونەوە سیاسییەكان كە لەسەر ئاستی سەركردایەتیش پێكدەهێنرێت، ئافرەت بەشدار بێت.
* مافی شارومەندی لە پێناسەی دەوڵەت نەتەوەدا ئایا لە ئەنجامدا ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت كە چارەنووسی سیاسیی نەتەوەیەك دیاری بكات؟
- بێگومان، بەداخەوە سەدان ساڵە ئەو مافە لە ئێمە سەندراوەتەوە، بێگومان مافی شارومەندی و هەموو مافەكانی دیكەی مرۆڤ و باشتربوونی رەوشی مرۆڤ لە سایەی وڵاتێكی ئازاد و دیموكراتە كە خۆی بە دەستی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، ئەوكات رەوشی ئەو مرۆڤە و زەمانی چەسپاندنی مافەكانی مسۆگەر دەبێت.
* ئەوانەی دەڵێن دەوڵەتمان ناوێ و مافی مرۆڤمان دەوێ، تاچەند بە هەڵەداچوون؟
- سەد لە سەد ئەوانە بەهەڵەداچوون، لە چوارچێوەی دەوڵەت و دامەزراوەیی بوونی لایەنی ئابووری و وڵات و سیاسەت و رۆشنبیری و رێزی تاكەكان فەراهەم دەبێت، نەك لە بێ دەوڵەتیدا، دەوڵەت پەرژینێكە ماف و ئەركەكانی مرۆڤ لە چوارچێوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی رێكدەخات، ئەوانەی وا هەست دەكەن لە بێ دەوڵەتیدا و تەنیا لە سایەی مافی مرۆڤدا مافەكانیان پارێزراو دەبێت، ئەوانە زۆر بە هەڵەداچوون و پێویستە سوود لە ئەزموونی رابردووی وڵاتان وەربگرن، كامە وڵات لە سایەی بێ دەوڵەتی مافی مرۆڤیان فەراهەم كردووە و ژیانێكی شایستەیان بۆ تاكەكان رەخساندووە؟ پێویستە هەموومان دەست لەناو دەست لەگەڵ سەرۆك بارزانی بین و هاوكاری بین بۆ سەرخستنی پڕۆژەی سەربەخۆیی كوردستان و تاوەكو وڵاتێكی ئارام و دیموكراسی بۆ نەوەكانی داهاتوو بونیاد بنێین، نابێ بەری زەحمەتی هەوڵ و تێكۆشانی رۆڵەكانی ئەو گەلە و رووباری خوێنی شەهیدان لەبیر بكرێ.
* ئەگەر لە باشووری كوردستان دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێ و ئابڵوقەی ئابووریمان بخەنە سەر، لەو كاتەدا كورد دەبێت چی بكات و ئایا بەرگەی ئەو ئاریشانە دەگرێت؟
- میللەتی كوردستان هەلومەرجی زۆر لەوە قورستریان تێپەڕاندووە و هەمیشە دوژمنان لە دژی خەونی كورد بوون، سەربەخۆبوون و بوون بە خاوەن دەوڵەت خەونی لەمێژینەی كوردەو نەك یەك ئابڵوقە دەیان ئابڵوقەش بخرێتە سەركورد، كورد بەرگەی دەگرێت و وەك رابردوو ئەو بارودۆخەش تێدەپەڕێنێت، ئێستاش جگە لە وەی كودەتای سپیمان بەسەردا كراوە و مووچە و قووتی خەڵكی لەلایەن بەغدا بڕاوە، لەلایەك شەڕ دەكەین و لە لایەكیش داڵدەی سەدان هەزار ئاوارەمان داوە.
* ئایا ئافرەتانی كوردستانی ئەكتەرێكی ئازادە، یان لاشەیەكی داگیركراوە؟ ئایا قوربانی دەستی ستراكتۆرە زەبەلاحە مێژووییەكانە، یان كائینێكی راپەڕیوی خۆدروستكارە؟ ئایا مرۆڤێكی دەستەمۆكراو و ماڵیكراوە، یان یاخییەكی بەرهەڵستكارە؟
- من ئافرەتی كورد بە ئافرەتێكی ئازاد دەبینم، بێگومان كولتوور لە دروستكردنی كەسایەتی تاكەكان رۆڵێكی باڵای هەیە، تاكی كورد (بە نێر و مێ)وە ئازادن و بە ئازادییش پەروەردە دەكرێن، بەڵام بەهۆی هەندێ نەریتەوە ئازادیی ئافرەت سنووردار كراوە. لە كولتووری وڵاتەداگیركراوەكان ئافرەت شكۆی مرۆڤبوونی پیاوە بەڵام لە كولتووری رەسەنی ئێمەدا، شێر لە لانە بێتە دەر، چ نێر چ مێ، بگرە لە زۆر شوێن ئافرەت خراوەتە پێش پیاو، تەنانەت لە فەرهەنگی زمانی كوردیدا ناوی ئافرەت پێش ناوی پیاو دێت، بەهۆی كولتووری داگیركەران پیاوی كورد ئافرەتی پاراستووەو ئافرەتانیش زیاتر ئاگاداری كردار و رەفتارەكانیان بوون، لەلایەكی دیكەوە كولتووری هاوردە لە دژی كچان و ژنانی كورد وایكردووە ئافرەتان لە تێكەڵبوون بە ژیانی گشتی تا راددەیەك پاشەكشە بكەن. بۆیە ئەركی ئێمە چاكسازییە لە كولتوور و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەروەردەیەكی ئازادە بۆ ئەوەی ئافرەت شوێنی شایستەی خۆی هەبێت و ئازادییەكانی بۆ بگەڕێتەوە .
* چۆن وابكەین ئافرەت لە بواری سیاسی و ئابووری پەرەی پێ بدەین، بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستادا كە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و كوردستان بەتایبەتی بە دۆخێكی ئاڵۆزدا دەڕوات؟
- پێویستی بە رەخساندنی دەرفەتی كارە، لە كاتێكدا رێژەی نەخوێندەواری لەناو ئافرەتان زیاترە لە پیاوان، دەكرێ شیاندنی پیشەیی لەناو ئافرەتان برەوی پێ بدرێت، هاوكات پێویستە هەندێ هاوكاریی دیكە لەلایەن حكومەتەوە هەبێت، حكومەت مووچەیەكی باش بۆ ئافرەتی كارمەند فەراهەم بكات، هەروەها شوێنی حەوانەی منداڵ وەكو دایەنگە و باخچەی ساوایان لە شوێنی كاریان هەبێت، ئەگەر وانەبێت، سەركەوتوو نابێت، چونكە نموونەمان زۆرە بە كاركردنی ئافرەت كەلێنێكی گەورە لە ماڵ دروست دەبێت و هەندێك پیاو بەرهەڵستی لە كاركردنی هاوسەری دەكات، ئەگەر هات و ئافرەتەكە 100 تا 150 هەزار دینار بداتە كرێی هاتوچۆ وئەگەر منداڵێكی وردی هەبێت 100 تا 120 هەزار بۆ منداڵەكەی بداتە دایەنگە، ئەوكات ئەو بڕە پارەیەی بۆی دەمێنێتەوە زۆر كەمە و نابێتە هاندەرێكی بەهێز بۆ پێداگیری ئافرەت لە بەردەوامیی كاركردن و پیاو پێی دەڵێت پێویست ناكات بۆ 200 هەزار ماڵ و منداڵ سەرگەردان بكەیت، بۆیە باشترین شت ئەوەیە كە دەرفەتی كار هەڵگری كۆمەڵێ سیما بێت كە یارمەتیدەری ئافرەت بێت و ئەركەكەی لە ماڵ كەمتر بێت و دڵی لای منداڵەكانی نەبێت. لە رووی سیاسیشەوە ئێمە قۆناغێكی باشمان بڕی و كۆتا دەرفەتێكی باش بوو بۆ هاتنە ناو سیاسەت و ناوەندەكانی بڕیار .
* راستە لەسەرەتادا (كۆتا)ی پەیوەست بە رێژەی بەشداری ئافرەت زۆر بوو، بەڵام ئەگەر سەیری ئامارەكانی ئەم دواییەی كوردستان بكەین، رێژەی بەشدارییان زۆر كەم بووە، هۆكاری ئەوە چییە؟
- كۆتا لە قۆناغێكدا زۆرباش بوو، دەكرێ پیاوان متمانە بە ئافرەت بكەن لەوەی سیاسەتكردن و بەڕێوەبردن تەنیا ئەركی پیاو نییە و پێویستی بە هێزی بازوو نییە، بەڵكو پێویستی بە هێزی عەقڵە، لەوەشدا ئافرەت و پیاو یەكسانن و دەكرێ ئافرەتان خۆیان خەباتی خۆیان چڕ بكەنەوە و لەناوخۆیان یەكگرتوو بن، لەلایەكی دیكەوە چاومان لە پیاوانی سیاسییە، چاومان لە پیاوانی یەكسانخوازە، چۆن لە قۆناغی رابردوو شانبەشانی یەك لە پێناو ئازادیی وڵات خەباتمان كردووە، لە ئێستاشدا لە پێناو سەربەخۆیی وڵات و تائێستاش باجی سەرەكی ئێمەی ژن دەیدەین، بۆیە دەبێ لە دەستكەوتەكان بەشداربین و هاوكارمان بن لە رەخساندنی دەرفەتی یەكسان .
* چەندین جارە گۆڕانكاری لەناو پارتی دەكرێت، بەڵام بۆچی ئافرەت نەهاتنە پێشەوە بۆئەوەی رێژەی بەشداریكردنیان زیاد بكرێت؟
- ئێمە وەكو یەكێتی ئافرەتان داوامان كردووە رێژەی ئافرەت لەناو جومگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاد بكرێت، لە راستیدا پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی بەدەر لەم كۆمەڵگەیە نییە و ئەویش حزبێكی ئەم كۆمەڵگەیەیە، لەلایەكی دی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئافرەتان كە چۆن خەبات بۆ سەركەوتن بكەن، جگە لەوەش بەشداریكردنەكان بە كێبڕكێ دەبێت و ئەوەی دەنگی زیاتر بێنێت ئەو دەردەچێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا رێژەی بەشداری ژن لە ناو رێكخستنەكانی پارتیدا زۆر كەمە و تەنیا 20% دەبێت.
* بۆ هەوڵ نادەن عەقڵییەتی ئافرەت تێكەڵ بە سیاسەت بكەن؟
- تاوەكو ئافرەت نەچێتە ناو سیاسەت، عەقڵییەتی نابردرێتە ناو واری سیاسەت، ئافرەت و پیاو لە رووی سایكۆلۆژی و تێڕوانینەوە دوو كەسایەتی جیاوازن، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێ كە هەموو پیاوانی ناو سیاسەت توندوتیژن، لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئەوەی پەروەردەی سیاسی، پەروەردەیەكی پیاوانەیە و لەسەر دنیابینیی پیاو دامەزراوە، هەندێكجار ئەو ئافرەتەی دەچێتە ناو سیاسەتیش لەجیاتی ئەوەی دنیابینی ئافرەت نیشان بدات، وەكو پیاوەكان بیردەكاتەوە و ئەوەش هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێ، بۆیە گرنگ ژمارەی بەشداریی ژن نییە، بەڵكو دنیابینی ئافرەت و پاراستنی بەرژەوەندییەكان و بنەماكانی یەكسانی بینینی و یەكسانی لە دەرفەت و لە دەستكەوت لەسەر بنەمای هەردوو رەگەز .
* لە ساڵی 2017داین كەچی رێژەی توندوتیژییەكانی دژی ئافرەتان لەبری كەمبوونەوە، لە هەڵكشاندایە، هۆكاری ئەوە چییە؟
- ئەگەر سەیری ئامارەكان بكەین، دەبینین رێژەی توندوتیژی لەناو منداڵانیش زیادی كردووە، دیارە هۆكاری ئابووری فاكتەرێكی گرنگە، پێكدادان و تێكەڵی كولتووریش فاكتەرێكی دیكەیە، هەروەها كرانەوەی كوردستان و بینینی شێوازی ژیانكردنی وڵاتانی دیكە و چاولێكەری لە كەلتووری وڵاتان، ئەو تێكەڵبوونە لە نێوان نەوەی محافزكار و گۆڕانخواز فاكتەرێكی دیكەیە، هۆشیاربوونەوەی ئافرەتیش بە مافەكانی فاكتەرێكی دیكەیە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، تاكی ئێمە لە دوو تەكنیك ناشارەزایە، ئەویش زمانی دیالۆگ و گفتوگۆكردن و شێوازی چارەسەركردنی كێشەكانە پێویستە حكومەت و میدیاكان بەرنامەیان هەبێت، تا لە بواری پەروەردە و خوێندن و رۆشنبیری نەوەكانمان هۆشیار بكرێنەوە و لە كاریگەرییە خراپەكانی تەندوتیژی بە تەواوی تێبگەن.
Top