ئافرەتان داوای كاری هەمەلایەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم دەكەن

ئافرەتان داوای كاری هەمەلایەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم دەكەن
ئەگەرچی سەربەخۆیی وڵات شتێكی گشتگیرە و رەگەزێك بە تەنیا ناتوانێ ببێتە پێوەری ئەو سەروەرییە، بەڵام ئافرەتی كورد لە رەوتی خەبات و شۆڕش و بەرخۆدانەكاندا رۆڵی كاریگەر و تایبەتمەندی خۆی بووە و جگە لەوەی باوك و برا و هاوسەر و رۆڵەی خۆیان هانداوە لە پێناوی بزافی رزگاریخوازی فیداكاری و گیانبازی بكەن، خۆیانیش لەو بوارە بەشداریی جۆراوجۆریان كردووە، ئێستاش كە باشووری كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە، كاریگەری و رۆڵی ئافرەتانی كوردستان بەرجەستەتر دەبێت و داوای پێشەنگایەتی و كاری هەمەلایەن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

«بێگومان بابەتی ریفراندۆم، بابەتێكی هەستیار و چارەنووسسازەو پێویستە هەمووان بەیەك دەنگ كاری لەسەر بكەین، چونكە بابەتێك نییە تایبەت بێت بەچینێك، یان گرووپێك، بەڵكوو ریفراندۆم بابەتێكە پێوەندی بە هەموو میللەتەوە هەیەو كاریگەریی راستەوخۆی لە سەر ئایندەمان هەیە و دەبێت هەموومان پێكەوە بە پیرۆزییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەین».
ئەوە قسەی سامیە شێروانی بوو. ئەو خاتوونە كارگێڕی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەبارەت بە رۆڵی ئافرەتان لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «ئافرەتانی كورد هەمیشە پێشەنگ بوون، هەر لە شۆڕشەكانەوە تادەگاتە گشت بوارەكانی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و كاری مەدەنی لە كۆمەڵگە، ئافرەتان لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا بەشدارییەكی كارایان هەبووەو ژمارەیەكی بەرچاویان پێشمەرگە بوون و ئەوانی دیكەشیان بە هەموو شێوەیەك هاوكاری هێزی پێشمەرگەیان كردووە، كە نموونەی بەرچاویان كاركردن لە رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشار بووەو تەنانەت رووبەڕووی زیندانیكردن و ئەشكەنجە و لەسێداردان بوونەتەوە. ئەمڕۆش كە لە سەربەخۆیی نزیك دەبینەوە، ئەوەی من تێبینی دەكەم، ئافرەتانی كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی كۆمەڵگە بە حەماسەوە بەشداری لەپرسی ریفراندۆم دەكەن، چونكە ئەم پرسە تایبەتە بەهەموو میللەتی كورد و ئایندەیەكی گرنگ دیاری دەكات. ئەوەی من چاوەڕێی دەكەم ئافرەتانی كورد رۆڵێكی زۆر گرنگ لەم پرسەدا دەگێڕن، داواشدەكەم كە ئافرەتانی كورد بەهەموو هەوڵێكی خۆیان بەگرنگیەوە لەم بابەتە بڕوانن.» گوتیشی: «زۆر پێویستە و دەبێت ئافرەت و پیاو پێكەوە و زۆر بە بایەخ و بە گرنگییەوە كاری لەسەر بكەین، بەتایبەتی ئەركی راگەیاندكارو چالاكانە كەهەموو هەوڵێكیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی هانی تاكی كۆمەڵگە بدەن، بەكارایی لەم پرۆسە گرنگەدا بەشداری بكەن. هەروەها ئەركی هەمووانە كە ئەم ماوەیە بە وردی كار لەسەر پرسی ریفراندۆم بكەین، بەئەنجامدانی ۆوركشۆپ و كۆنفڕانس و چالاكیی بەردەوام بۆ هۆشیاركردنەوەی تاكی كۆمەڵگە بەرامبەر بەچەمكی ریفراندۆم، لەبەر ئەوەی هەتا قۆناغەكانی هۆشیاری لەسەر ئەم پرسە بەردەوام بن، ئەوا كاریگەری زۆرتری لەسەر كۆمەڵگە دەبێت. بە بڕوای من دەبێت هەموومان بەبێ جیاوازی هەموو هەوڵێك بخەینەگەڕ بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم و پشتگیری لە هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێم بكەین، كە رۆژ و شەوی خۆیان خستووەتە سەر یەك لە بەر ئەوەی نەتەوەی كوردیش خاوەن كیانی خۆی بێت».
فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئۆفیسی ئەوروپای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس، سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە «لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژووی كورد دەركەوتووە كە حكومەتەكانی یەك لە دوای یەكی عێراق هۆكارێكی زۆر سەرەكی بوون بۆ نەهامەتی و دەربەدەری و ماڵوێرانیی كوردو پیلانی پاكتاوكردنی كوردیان بووە، جگە لەوەش لە دروستبوونی كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاری توندڕەو لە كوردستانیش هۆكاری سەرەكی بوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوون و مانەوەی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، ئافرەت ئەو چینەیە كە پشكی شێری لەم توندڕەوی و نەهامەتییانە بەركەوتووە كە تائێستاش بەردەوامە، هەر بۆیە میللەتی كورد بە گشتی و ئافرەتانی ئێمە بەتایبەتی لە دۆخێكی ناسرووشتی و نایەكسانیدان، تەنیا بە جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق و دامەزرانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەم دۆخە ناسرووشتییە رزگارمان دەبێت.» گوتیشی: «ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كورد هاتۆتەپێش، گومانی تێدا نییە كە چارەنووسی هەرتاكێكی كوردی پێ بەستراوەتەوە، پێویستە نرخ و بەها و گرنكیی ئەم دەرفەتە بزانین و هەموومان بۆ رەتكردنەوەی ژێردەستی یەكدەنگ بین. یەكدەنگی و یەكڕیزیمان پشتیوانییە بۆ سەرۆك بارزانی لە هەوڵەكانی چ لە ئاستی ناوەوەی عێراق و كوردستان چ لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان. بێگومان سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی دەوڵەتی كوردستان باشترین وەڵامە بۆ ئەو هەموو تاوانانە كە لەلایەن حكومەتەكانی عەرەب و تورك وفارس لە هەقمان كراوە.
فەزیلە شۆڕش جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ژیان لە وڵاتێكی سەربەخۆ و دیموكراتدا دەرفەتێكی زۆر گەوریە بۆ بەرەوپێش چوونی ئافرەت و پێگەی ئافرەت و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان و پێشكەوتوو، ئازادیی وڵات، واتە ئازادیی مرۆڤ، چ ئافرەت بێت، چ پیاو، ئەو كات لە دەوڵەتی كوردستان یاساو رێنماییەكانیش زیاتر لە پێناوی بەرژەوەندی و شكۆی تاكی هاووڵاتی بە ئافرەت و پیاو و منداڵەوە دەبێت.» گوتیشی: «هەر یەك لە ئێمە وەك تاك بەشدارین لەم پرۆسەیە، بەتایبەتی ئافرەتی كورد، هەر چۆن بە درێژایی مێژوو رۆڵێكی گرنگ و كاریگەری هەبووە لە شۆڕشەكاندا، ئێستاش لەم پرۆسەیەدا بە دەنگدانی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق، جارێكی دیكە ئەركی گەورەی خۆی جێبەجێ دەكات، دوای رێفراندۆمیش بەشداریكردنی ئافرەت لە پرۆسەی دروستكردنی دەوڵەتدا بناغەی وڵاتێكی یەكسان و دادپەروەر و پێشكەوتنخواز بونیاد دەنێت».
لە لای خۆیەوە سنۆبەر سابیر ئەندامی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە گشتپرسی یان (ریفراندۆم) یەكێكە لە بنەماكانی دیموكراسییەت كە وەك یاساناسەكان دەڵێن تێكەڵاوێكە لە (دیموكراسییەتی راستەوخۆ - دیموكراسییەتی نوێنەرایەتی) كە وڵات و نەتەوەو گەلانی جیهان مافی رەوای خۆیانە بە شێوەیەكی ئازاد و دیموكراتی رای خۆیان هەبێت لەسەر بابەتی دستووری، یاسای سیاسی و چارەنووسساز، چ بە دانان و چ بە هەمواركردنی و هەروەها هەر بابەتێكی دیكە كە بە گرنگی بزانن لە سەر دەوڵەت و سیاسەتی گشتی كە لە رێگای ریفراندۆم ئەو بابەتە بخرێتەڕوو، بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستە زەمینەسازی بكرێت بۆ بەشداربوونی تاكەكانی كۆمەڵگە هەتا بە شێوەیەكی ئازادو دیموكراسی ئەو مافەیان بەكار بهێنن، جا چ ئەوانەی لەگەڵ ئەو بابەتەن، چ ئەوانەی دژی بابەتەكەن. ریفراندۆم بابەتێكی نوێ نییەو ساڵانێكی زۆر پێش ئێستا لە وڵاتانی دنیا ئەم مافە پەیڕەو كراوە، لەوانە: ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، و ساڵی (١٧٩٩) لە فەڕەنسا ریفراندۆم ئەنجام درا لە دوای ئینقلابی ناپلیۆن و دانانی پڕۆژەی دستووری هەشتەمی شۆڕش. لە سویسرا لە ساڵی (1789)ـەوە تا ئێستا زۆربەی دستوورەكانی ئەو وڵاتە بە ریفراندۆم رێكخراوە. هەروەها لە میسر لە ساڵی (1955) و لە سەردەمی جەمال عەبدولناسر ریفراندۆم ئەنجام دراوەو لە چەندین وڵاتی دیكەش ئەنجام دراوە. بە شێوەیەكی گشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان مێژوویەكی دوور و درێژیان هەیە لەسەر ئەم بابەتە گرنگە، دیارە نەتەوەی كوردیش لە كوردستانیش چەندین ساڵە لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواكانی و بوون بە خاوەن دەوڵەت خەبات و شۆڕش دەكات و لە چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستووری دەیەوێت خاوەنی كیانی سەربەخۆ بێت و نەخشە لەتكراوەكەی رێكبخاتەوە. بەتایبەتی لەم بەشەی كوردستان (باشوور) كە ساڵانێكە تا رادەیەك ئازاد و دوور لە حكومەتی بەغدا موئەسەسات و دامودەزگای تایبەتی و ئیدارەی خۆی هەیە، ئێستاش كە رای جیهانی بەرامبەر بە كورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە، پێویستە كوردیش بە جۆرئەتەوە بڕیاری خۆی بدات و خۆی لە ژێردەستی و كۆیلەیەتی و پاشماوەیی رزگار بكات. ئەوەش پێویستی بە بڕیاردان لە سەر چارەنووسی كەركووكی هەمیشە كوردستانی و ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێمی كوردستان هەیە، كە بە ریفراندۆم جێبەجێ دەكرێت. سنۆبەر سابیر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «ئەركی سەرشانی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە كە لەم قۆناغە هەستیارەدا پاڵپشتی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هەر لایەنێك بكەن كە خۆی بە پێشەنگی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەزانێت.» گوتیشی: «ئافرەتانی كورد لە ئەركی سەرشانیان هەرگیز خافڵ نەبوون و لەم دۆخە ناسكەشدا بەگوڕ و تینەوە بەشداری لە ریفراندۆمێك دەكەن، كە چارەنووسی خۆیان و نەتەوەكەیان دیاری دەكات».
رووناك شێخ سدیق سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و بەمجۆرە راوسەرنجی خۆی لە بارەی رۆڵی ئافرەت لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕێت: «تاكەكانی هەر كۆمەڵگەو نیشتمانێك لەپرسی نەتەوەییدا هاوچارەنووسن، ئەم ریفراندۆمەش دەرفەتێكە بۆ كورد رەخساوە، بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، چارەنووسێك كە بە درێژایی مێژوو قوربانیمان بۆ داوە، ئافرەتیش نیوەی كۆمەڵە و كاریگەری راستەوخۆیشی لە سەر نیوەكەی دیكەی كۆمەڵگە هەیە كە پیاون. چونكە دایك لە پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێ بۆ كۆمەڵگە پشكی شێری بەر دەكەوێت. ئافرەت، كچە، خوشكە، دایكە، هاوسەرە و لە هەموو جومگەكانی ژیانیش لە پەروەردەو راهێنانەوە تا پاراستنی تەندروستی و ژینگە و نیشتمان رۆڵی سەرەكی هەیە، ئافرەت لە هێزەكانی پێشمەرگەدا شان بەشانی براكانی پارێزگاری لە كوردوكوردستان دەكات، لە بواری ئایینی، خزمەتگوزاری، بارزرگانی و لە میدیاكان، لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حزبی و حكوومی كاردەكات. هەموو ئەمانە دەری دەخەن كە ئافرەت تا چەند رۆڵی بەرچاوی لە كۆمەڵگەدا هەیەو دەتوانێت لەم بارودۆخە هەستیارەش كە كورد لە سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە، هەم خۆی بەشداری و چالاكی دەكات، هەم دەبێتە هاندەرێكی باشی تاكەكانی كۆمەڵ بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە ریفراندۆم، لەبەرئەوەی سەرخستنی ئەم پرۆسەیە واتە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، كە خەونی سەدان ساڵەی میللەتی كوردە. دڵنیاشم ئافرەتان بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە بە هاندان و تێگەیاندنی دەوروبەر بە سەردان و ئەنجامدانی كوڕو كۆبوونەوەی خۆیان لە شوێنە گشتییەكان كاری جددی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە دەكەن و داواكارم هەموو لایەنە سیاسییەكان و میدیاكان و رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامەكان بانگەوازی ئەم ئەركە نیشتمانییە بكەن.
Top