قوربانییەكی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نهێنییەكانی ژیانی دەدركێنێت

قوربانییەكی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نهێنییەكانی ژیانی دەدركێنێت
لەكۆمەڵگەی كراوەدا، خێزان و حكومەت گرنگییەكی تەواو بە پەروەردەی تاك دەدەن، بۆ ئەوەی نەوەیەكی پێگەیشتووی وەبەرهێن بەرهەم بهێنن، بۆیە پلانیان بۆ ئەوە هەیە سیستمی
پەروەردەو راهێنان بایەخێكی زۆر بە چۆنیەتی بەكارهێنانی تەكنەلۆژی و مامەڵەكردن لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر بدات، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی داخراوی نەریتیدا، خێزان و حكومەتیش پلانێكی توكمەیان نییە بۆ ئەوەی بەها ئەخلاقییەكان پارێزراو بن و تاك لە تەمەنی نەجەوانی تووشی لادان نەبێت. ئەگەر سەیری ئاماری دەستدرێژییە سێكسییەكان بكەین، دەبینین وڵاتانی وەك ئەفغانستان و پاكستان و سعودیە و ئێران لە پێشەنگی ریزبەندییەكاندان و زۆرترین بینەران و خوازیارانی ماڵپەڕە سێكسییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان. قوربانییەكی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەمجۆرە نهێنییەكانی ژیانی بۆ گوڤاری گوڵان دەخاتەڕوو.

حەسەن دووكانێكی گچكەی ماركێت –ی هەیە و رۆژانە سەری بە كەسابەتی خۆیەوە قاڵە. روخساری زۆر پیرتر لە تەمەنی دەنوێنێ، وەك خۆی باسیكرد تەمەنی 41 ساڵە و ماوەی 7 ساڵیش لە نامۆیی و دوورەوڵاتی بەسەری بردووە. گەرچی كەسێكی كەم قسە و گۆشەگیرە، بەڵام بۆ ئەوەی گەنجان پەند لە چارەنووسی وەربگرن، ئامادە بوو بە راشكاوی باسی رابردووی خۆی بكات.
حەسەن بەردەوام ئەو چەند وشەیە لە نێوان قسەكانیدا دووبارە دەكاتەوە و دەڵێت: «پەشیمانی دادی كەس نادات! « دیارە لە رابردووی زۆر پەشیمانە و لە ئێستاشدا تەنیا دڵی بە منداڵەكەی خۆشە كە خۆی گوتەنی بە نیازە هەموو هەوڵێك بدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تەندروست پەروەردەی بكات. لە زاری خۆیەوە ژیانی رابردووی و خەونەكانی داهاتووی دەخەینەڕوو.
« تەمەنم 21 ساڵ بوو، باوكم لە بەر ئەوەی نەچمە هەندەران، ژنی بۆ هێنام، بەڵام بەردەوام من و هاوسەرەكەم شەڕمان بوو. نایشارمەوە ئەو لەسەر حەق بوو. من نەمدەهێشت منداڵمان هەبێت، چونكە بەنیاز بووم بە هەر جۆرێك بووە، خۆم دەربازی دەرەوەی وڵات بكەم. هیچ گرنگیم پێنەدەدا، ئالوودەی سەیركردنی فیلمی نەشیاو بووم، هاوسەرەكەشم بێزار دەبوو. زۆری تەحەمول كرد، بەڵام دوای ئەوەش كە بووین بە خاوەن كوڕێكی جوان، من هەر نەگۆڕام و خراپتر بووم. كاری تەكسیم دەكرد و باوكم خانووی جیای بۆ كردبووین. كاری قیزەوەن و خیانەتەكانی من وایكرد، هاوسەرەكەم بۆ هەمیشە بچێتەوە ماڵی باوكی و كوڕەكەشم كە هێشتا تەمەنی دوو ساڵان بوو، لە ماڵی باوكم گەورە بێت. هەر ئەو كات تەكسییەكەم فرۆشت و چوومە هەندەران، خانووەكەم بە ناوی باوكم بوو، دەنا ئەویشم دەفرۆشت. ماوەی حەوت ساڵان لە سوید مامەوە، لەگەڵ زۆر كچ بوومە هاوڕێ، هەموو جارێكیش لە سەر سەیركردنی فیلمە نەشیاوەكان نێوانمان تێكدەچوو. وامدەزانی ئەو شتانە لە دەرەوەی وڵات ئاساییە، بەڵام كچانی بیانیش وەك كچی خۆمان وان و خیانەت قبووڵ ناكەن، گەر بزانن سەیری فیلمی نەشیاو دەكەی، بە چاوی سووك سەیرت دەكەن و لێت جیادەبنەوە. بە تەواوی لە دوورەوڵاتی بێزار ببووم، بەڵام پەشیمانی دادی كەس نادات. كوڕەكەم چووە قوتابخانە و من هیچ باوكایەتیم بۆ نەكردبوو. دایكیشی زۆر گەنج بوو، بۆیە دوای ئەوەی لە هاتنەوەی من نائومێد ببوو، مێردی كردەوە و بە ژیانی خۆی سەرقاڵ بوو. ماڵی باوكیشم نەیاندەهێشت چاوی بە كوڕەكەی بكەوێت. هەستم دەكرد غەدرێكی زۆرم لە خۆم و خێزانەكەم كردووە، گەرچی پەشیمانی دادی كەس نادات، بەڵام ئێستا دەزانم كە لە بەر ئەوەی مودمین بووم بە ماڵپەڕە نەشیاوەكان لە كوردستان و لە هەندەرانیش شیرازەی خێزانیم تێك درا. كاتێك گەڕامەوە بۆ كوردستان، بڕیارم دا بە تەواوی واز لەو نەخۆشییە بێنم. لە سویدیش پێش گەڕانەوەم چەند پزیشكی دەروونناسم بینی و رێنمایی زۆر باشم وەرگرت. ئێستا بە یەكجاری وازم لەو خووە پیسە هێناوە و جگە لە كەسابەت زۆربەی كاتەكانم بۆ خوێندنەوە و خزمەتكردنی كوڕەكەم تەرخان دەكەم. چەندین جار دایك و باوكم پێشنیاریان كردووە، خێزان درووست بكەمەوە، بەڵام تا ئێستا قبووڵم نەكردووە. لە بەر ئەوەی خۆم تاقیكردەوە و نەمویست جارێكی دیكە چارەنووسی كچی خەڵكی و خۆم رەش بكەم. گەرچی پەشیمانی دادی كەس نادات، بەڵام زۆر پەشیمانم لەو غەدرەی لە كوڕەكەم و دایكی كوڕەكەمم كردووە. ئەوەتا ئێستا تەمەنم 41 ساڵە لە ماڵی باوكم دەژیم. زۆر گۆشەگیر بوومە و هاوڕێیەتی كەسیش ناكەم. لەگەڵ كوڕەكەم دەچم بۆ وەرزشكردن، نێوانمان زۆر خۆشە و زۆریش بە گەڕانەوەم دڵخۆشە، لە خوێندن زۆر زیرەكە و ئەوەش منی بە تەواوی دڵخۆش كردووە. لە كۆتاییدا دەڵێم: رۆشنبیری سێكسی ئەركی پەروەردەیە و پەنابردن بۆ ماڵپەڕە نەشیاوەكان تەنیا لادانی ئەخلاقی لێدەكەوێتەوە، داوا لە هەموو پیاوێكیش دەكەم، خۆیان لە خووگرتن بە شتی لاوەكی و قیزەون دووربخەنەوە. پێویستە بزانن زەردەخەنەی منداڵێك لە هەموو لەزەتەكانی دنیا خۆشترە و گرنگ ئەوەیە باوكان بۆ پەروەردەی درووستی منداڵی خۆیان هەموو هەوڵێك بدەن، نەك قومار بە چارەنووسیان بكەن.
Top