نەدا مێرگەسۆری: بەشداریكردنی ئافرەت بە مەبەستی جوانكردنی شانۆی سیاسی، كارێكی ناتەندروستە

نەدا مێرگەسۆری: بەشداریكردنی ئافرەت بە مەبەستی جوانكردنی شانۆی سیاسی،  كارێكی ناتەندروستە
نەدا مێرگەسۆری بڕوانامەی ماجستیری لە یاسای گشتی هەیەو، پەرلەمانتار و بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان تیشكدەخاتە سەر دوو تەوەری گرنگ، بەكەمیان پەیوەستە بە هەنگاونانی كورد بەرەو سەربەخۆیی و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە پرەنسیپی دەستوور و تەوافق پێشێل كراوە. لە تەوەری دووەمدا جەخت دەكاتەوە كە ئەگەر ئافرەتان بیانەوێت بە رێژەیەكی بەرچاو لە هەموو كایەكانی ژیان بەشدار بن، پێش هەموو شتێك پێویستە متمانەیان بە خۆیان هەبێت.


پرسی سەربەخۆیی و
پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا

* دیارە هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، ئایا حكومەتی عێراق چ هەڵوێستێكی هەیە لەسەر ئەوەی كوردستان ببێتە خاوەن دەوڵەت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا دەكات؟
- ئەوە بۆ (14) ساڵ دەڕوات كە لایەنە عێراقییەكان بە هاوكاری جددییانەی كورد، عێراقی دوای روخانی رژێمی سەدامیان سەر لە نوێ بنیاد نایەوە، دەستووری عێراق لە ساڵی(2005) دانرا، هەر لە دیباجە تا بەندەكانی كۆتایی داڕێژران، سەركردایەتیی سیاسیی كورد ماوەی زیاتر لە چەند مانگێك دوای رووخانی رژێم لە بەغدا مانەوەو بە جددی خەرێكی دانوستاندن و بنیادنانەوەی عێراق بوون لە سەر ئەساسی شەراكەتی راستەقینە. كورد لە ساڵی (2003)وە بەو ئاواتە رۆیشتەوە بەغدا كە شەریكی راستەقینەی عەرەبی عێراق بێت، نەك ببێتەوە دەرەجە دوو و پەراوێز بخرێت، بەڵام دوای كەوتنەسەرپێی عێراق، سیاسەتی پەراوێزخستنی كورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستی پێكردو ئەو سیاسەتەش لە سەردەمی دەسەڵاتی مالیكی گەیشتە لوتكە، مالیكی سیاسەتێكی تاكڕوانەی پەیڕەو كرد كە عێراقی بەرەو پشێوی و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی مەزهەبی و تائیفی برد، بووە هۆكاری ئەوەی كە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری عێراق و كوردستان بدات، هەر ئەمەش بووە هۆكاری هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و شەهیدبوونی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە قارەمانەكان. لەسەرەتاكانی ساڵی(2014) قوتی خەڵكی هەرێم و بودجەی هەرێمی بڕی و كەوتە دژایەتی هەرێمی كوردستان، ئێستاش بەداخەوە هەمان رێچكە هەر لە عێراق و هزری زۆربەی كەسە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی عێراق ماوە، ئەوان هێشتا زۆربەیان لە میكانزمی جێبەجێكردنی وڵاتێكی فیدڕاڵی نەگەیشتوون، هێشتاش ئەوان بە بیری مەركەزییەت و قۆرخكاری دەسەڵات لە مەركەز بیر دەكەنەوە، نایانەوێت بگەنە ئەو قەناعەتەی كە كورد هەرێمی خۆی هەبێت و پێشبكەوێت، بە راستی بەشێكی دەسەڵاتدارانی عێراق وایان كرد ئەزموونی فیدڕاڵییەت شكست بێنێت، چونكە رێزی شەراكەتی راستەقینەیان نەگرت،بە ناوی زۆرینە، پرۆژە یاساكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕیندرێت، ئەوەی كورد داوای دەكات، دژایەتی دەكەن، لێدوانی سەیر سەیر دژبە كوردستان دەدرێت، ئێستاش رازی نین بودجەی هەرێم و قوتی هاوڵاتی هەرێم بدەن. بۆیە پرسیار ئەوەیە لە وڵاتێكی وادا كە هیچ حیسابێك بۆ كورد نەكرێت و هەر بە پاشكۆ سەیر بكرێ، ئایا باشتر نییە بیر لە رێگە چارەی دیكە بكرێتەوە؟ بۆیە جەنابی سەرۆك زۆر لە سەر حەقە كە بفەرموێت دوو دراوسێی باش بین بۆ یەكتر. بەو مانایەی باشترە نەبینە پاشكۆی وڵاتێك كە باوەڕی بە شەراكەتی راستەقینەی كورد و عەرەب نییە، عەرەبی دەسەڵاتداری عێراقیش تا رادەیەك گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە ناكرێت هەر بەم شێوەیە كوردو عەرەب پێكەوە بن، عێراق، زۆرینەی شیعە دەیبابەڕێوە، هەر شتێك ئەوان بیانەوێت، ئەنجامی دەبێت، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی دیكە تەجروبە بكات، فیدڕاڵییەت نەیتوانی لە عێراق سەركەوتوو بێت، بۆیە پێویستە كوردستان ئەزموونی دەوڵەتبوون تەجروبە بكات كە مافی خۆیەتی.

*حكومەتی عێراق ماوەیەكی زۆرە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، لە كاتێكدا ئێستا پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق پێكەوە شەڕی دژی داعش دەكەن. ئێوە لە لە پەرلەمانی بەغدا تا چەند هەوڵتان داوە داوای مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن؟
-بەپێی توانا هەوڵی جددیمان داوە بۆ ئەوەی پارێزەری باشی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی كوردستان بین، بڕینی بەشە بوجەی هەرێمی كوردستان و نەدانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران بڕیارێكی تاكلایەنەی سیاسی و نادەستووری و نایاسایی بوو كە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق (نوری مالیكی) پێش كۆتاییهاتنی ویلایەتی دووەمی دەریكرد، ئەمەش بۆ فشارخستنەسەر هەرێمی كوردستان بوو كە بەداخەوە تائێستاشی لەگەڵ بێت، حكومەتە تازەكەی بەڕێز(حەیدەر عەبادی)یش پەیڕەوی ئەو بڕیارە دەكات. وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێكمان دا كە بە باشترین شێوە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و بوجەی هەرێم و مافی پێشمەرگەو فەرمانبەران بچەسپێنین، بەڵام بەداخەوە فراكسیۆنەكانی دیكەی كوردستانی بە بێ گوێدانە بۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرەڕای ئاگاداركردنەوەشیان لەسەر مەترسیی ئەو پرۆژەیەی ئەوان كاری لەسەر دەكەن، دەنگیان بۆ پرۆژە یاسای بوجەی(2017)ی عێراق داو بە دەستكەوت و شانازییەكی بێ وێنەش باسیان لێوە كرد، بە راستی ئەو یاسایە بە هیچ جۆرێك لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نییەو ئەركێكی قورسی داراییش دەخاتە سەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

رۆڵی ئافرەتی كوردستانی لە كایەی سیاسیدا
* ئایا ژنی كوردستانی ئەكتەرێكی ئازادە، یان لاشەیەكی داگیركراوە؟ ئایا قوربانی دەستی ستراكتۆرە زەبەلاحە مێژوویەكانە، یان كائینێكی راپەڕیوی خۆدروستكارە؟ ئایا مرۆڤێكی دەستەمۆكراو و ماڵیكراوە، یان یاخییەكی بەرهەڵستكار؟
- ناكرێت ئافرەتی كوردستانی بەراورد بكرێت لە گەڵ ئافرەتانی وڵاتانی پێشكەوتووی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ كە هەر لە دەمێكی زووەوە بە زۆربەی هەرە زۆری مافەكانی خۆیان گەیشتوون، ئافرەتی كوردستانی گەلێك كوسپی لەبەردەمە كە پێویستە خۆیانی لێ رزگار بكات، بۆئەوەی نەبێتە قوربانی كۆمەڵگە، بێگومان هۆكار زۆرن بۆئەوەی ئافرەت لە پێگەی راستەقینەی خۆی نەبێت و بە چاویلكەیەكی جیاواز سەیربكرێت، هۆكاری تاكەكەسی، هۆكاری جڤاكی و هۆكاری سیستەم و دەسەڵاتی حوكمڕان، فاكتەری كاریگەرن كە ئافرەت بەگشتی تووشی گرفت بێت. بەڵام خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان بەپێی توانا هەنگاوی باشی ناوە بۆ چەسپاندنی مافەكانی ئافرەت لە كوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی ئافرەتان بیانەوێت بە رێژەیەكی بەرچاو لە هەموو كایەكانی ژیان بەشدار بن، پێش هەموو شتێك پێویستە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و كارابوونیان بسەلمێنن، ئەمەش هەر لە خۆیەوە دروست نابێت، بەڵكو چەندین فاكتەر هاوكارن بۆئەوەی رەگەزی مێ بتوانێت خۆی بسەلمێنێت، پێویستە یەكەم هەنگاو، لە خێزانەوە دەست پێ بكرێت، كە دایك و باوك رۆڵی بەرچاویان هەیە لە بەرزكردنەوەی متمانەی رەگەزی مێ، دواتر هەڵسوكەوتی كۆمەڵگەو سەیركردنی كۆمەڵگە بۆ ئافرەت، هۆكارێكی دیكەیە بۆ كەمی و زۆری متمانە بەخۆبوونی ئافرەت، دەوڵەت و سیستەمی حوكمڕانی و پاڵپشتیی هەر سێ دەسەڵاتی (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری) پاڵنەرێكی باشن بۆ ئەوەی ئافرەت لاشەیەكی مردوو نەبێت و ببێتە ئەكتەرێكی ئازاد و كاریگەر لە نێو جڤاكدا. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە هۆكارە كەسییەكان كاریگەری یەكجار بەهێز و ئەرێنیان هەیە، كە بە هۆیەوە ئافرەت دەتوانێت متمانە بەخۆبوونی خۆی بەهێز بكات و خۆی لە كۆمەڵگە وەك كەسێكی بەسوود و خاوەن پێگەیەكی بەهێز بسەڵمێنیت، كە ئەویش بە هۆی رۆشنبیركردنی خۆی دەبێت لە بوارە جیاجیاكانی ژیان .
* زۆرجار دەگوترێ ژن لە ژیانی سیاسی كوردستاندا، زیاتر وەك دیكۆرێك و لە هەندێك كاتیشدا بۆ خۆدەرخستن وەك حزبی مۆدێرن مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- ئەگەر مەبەست لە بەشداركردنی ئافرەت لە ژیانی سیاسیدا جوانتركردنی شانۆی سیاسی بێت، بێگومان كارێكی ناتەندروستەو خودی ئافرەتەكەش نابێت بەمە رازی بێت، چونكە بەم كارە و بە پڕكردنەوەی پێگە سیاسەكەی تەنیا لەبەرئەوەی ئافرەتە، نەك سوود بە خۆی ناگەیەنێت، بەڵكو زەرەر دەگەینێتە پێگەی ئافرەت و داهاتووی ئافرەت، جگە لەوەش زەرەر دەگەینێتە ئەو پارتە سیاسییەی كە ئەوی دەستنیشان كردووە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە سیاسییە، ئافرەت ئەركێكی قورسی لەسەر شانە، چونكە لە لایەك دەبێت بە لێهاتوویی و شارەزایی و رۆشنبیری خۆی قەناعەت بۆ پارتە سیاسییەكەی و كۆمەڵگە دروست بكات كە ئەویش تاكێكە دەتوانرێت ئەو ئەركە سیاسیەی لەسەر شانیەتی بە باشترین شێوە بەڕێوەی دەبات، ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، لەلایەكی دیكەشەوە بە سەلماندنی لێهاتوویی خۆی دەبێت زەمینە بۆ ئافرەتانی دیكەش دروست بكات.

*هەندێك كەس رایانوایە كە سیستەمی كۆتا، فێڵێكە لە ئافرەتان دەكرێت و دەپرسن بۆچی دەبێت رێژەی بەشداری ئافرەت لە پەرلەمان تەنیا 30% بێت؟
-من وای نابینم كە سیستەمی كۆتا فێڵێك بێت لە ئافرەتان بكرێت، بەڵكو رێگایەكی گونجاوە بۆ هێنانە نێو ژیانی سیاسیی ئافرەت. منیش لەو بۆچوونەم كە رەنگە باشتر بێت كە ئافرەتیش بە هەمان شێوەی پیاو بچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، بەڵام بۆ كۆمەڵگەیەك كە هێشتا گیرۆدەی زۆر كۆسپ و تەگەرەی جڤاكی و دابونەریتی نزمتر سەیركردنی ئافرەتە، پێویستە دەرفەتێك بدرێتە ئافرەت و یارمەتی بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ركابەریكردنێكی كەمتر، پێگەی سیاسی بەدەست بێنێت، چونكە لە كۆمەڵگەیەك كە هێشتا ئافرەت بە چاوێكی دیكەوە سەیر دەكرێت و كۆمەڵگایەكی بیر پیاوانەیە، ئەستەمە ئافرەت بتوانێت لەگەڵ پیاو ركابەری بكات. ئەمە ئەركی ئێمەیە كە ئەو قەناعەتە بۆ سەركردایەتی پارتەكان و جڤات و هاووڵاتی دروست بكەین كە ئافرەتیش دەتوانێت ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە بە رێكوپێكی جێبەجێ بكات. ئەگەر ئافرەت توانی ئەدایەكی جوانی سیاسی و ئەخلاقی و جڤاكی بگێڕێت، دڵنیام دیدی خەڵكیش بۆ كاری سیاسیی ئافرەتیش دەگۆڕێت و هێدی هێدی وای لێدێت كە بتوانێت شان بە شانی پیاو بچێتە پێشەوەو مونافسەی پیاو بكات، بۆیە من لەگەڵ سیستەمی كۆتام بۆ ئەم قۆناغەی ئێستامان و بۆ داهاتوویەكی دووریش، بەڵام بەو مەرجەی كە ئافرەتی شایستە كاندید بكرێت .
Top