وەفا بە دەستی هاوژینەكەی سووتێنرا

وەفا بە دەستی هاوژینەكەی سووتێنرا
وەفا لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە یەكپارچە سپی پۆش بوو. هەرچەندە سەرتاپا سووتابوو، بەڵام ئاگر نەیتوانیبوو جوانیی روخساری بشێوێنێ. وەفا تا نیوەڕۆی دووەمین رۆژی سووتانەكەی دەیتوانی قسە بكات، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەكەی كە 91% بوو، ئێستا زمانی لەگۆ كەوتووە. ئەو زۆر هەوڵی دەدا قسە بكات، بەڵام دەنگەژێكانی بەیەكجاری لەكاركەوتن، ئەو پێشتر بەردەوام دەیگوت "غەدرم لێكرا، كوڕەكەم شایەتە، مێردەكەم سووتاندمی، ویستی بێدەنگم بكات لەسەر كارە خراپەكانی".

وەفا خدر حەمەئەمین، كاژێر 6ـی ئێوارەی رۆژی 3/3/2017 لەلایەن هاوژینەكەیەوە سووتێنرا و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر كرا. بەپێی قسەی پزیشكەكان، رێژەی سووتانەكەی 91% و پلەی سووتانەكەی 3یە. هەموو جەستەی سووتاوە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكدایە. هاوژینەكەشی لەلایەن پۆلیسی چۆمانەوە دەستگیركراوە.

وەفا خدر، تەمەن 26 ساڵان، 10 ساڵە شووی بە (ه) كردووە كە كوڕی پووری خۆیەتی. وەفا تاوەكو قۆناغی سێی ناوەندی خوێندبوو، بەڵام بەهۆی بەژن بەرزی و جوانیەكەیەوە ماڵی پووری حەزدەكەن بۆ كوڕەكەیان بیخوازن. ئەگەرچی ئەوكات وەفا تەمەنی تەنیا 16 ساڵان بوو، بەڵام ماڵی پووری چەند جارێك دەچنە داوای، بۆیە كەسوكارەكەی رازی دەبن، وەفاش نایەوێت قسەی باوكی بشكێنێ و شوو بە (ه) دەكات.

پەروین، دایكی وەفا، ئەگەرچی هێشتا كچەكەی لە ژیاندا ماوە، بەڵام رەشپۆشە و بە هەردوو دەستی لە خۆی دەدات: "كچەكەم 10 ساڵە بە نامورادی دەژی، لەژێر هەڕەشە و لێداندا بوو، چەندین جار پێیدەگوتم دایكە (ه) لێمدەدات، كارناكات، چی دەستبكەویت دەیدات بە مەشروب و حەشیش، نامەی ئافرەت لەناو مۆبایلی دەبینم. پارەی پێبێت شەویش ناگەڕێتەوە ماڵەوە و كاری خراپ دەكات، بەڵام لەبەر دوو منداڵەكەم دەستم بەستراوە و هیچم پێناكرێت".

پەروین بەدەم گریانەوە بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی ناسۆر و بەدبەختیی كچە گەورەكەی. ئەو باسی رۆژی رووداوەكەی كرد و گوتی "عەسر بوو، وەفا تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی دایە سەرباری ئەو هەموو نەهامەتییە، نەخۆشم و پزیشك دەڵێت تووشی نەخۆشییەك بوویت لە رەحمت، بۆیە دەبێت پارچەیەك لە رەحمت ببڕدرێت، ئەوەم بە هیوا گوت، بەڵام لەبری دڵدانەوە، شەقی تێهەڵدام و ناوسكم هەمووی شین بووەتەوە، بۆیە بەرگە ناگرم و تەواو". پەروین بەردەوامە و دەڵێت "منیش دڵیم دایەوە و پێمگوت خەم مەخۆ هەموو شت باش دەبێت، وەرەوە ماڵی باوكت".

وەفا خدر خاوەنی كوڕ و كچێكە، رەوای كوڕی تەمەنی 9 ساڵانە و مەروەی كچیشی تەمەنی چوار ساڵانە. رەوا، تاكە شاهیدی رووداوەكە بە (رووداو)ی گوت "پۆلی سێی سەرەتاییم و لە قوتابخانە مامۆستاكان بە باوكمیان گوت كوڕەكەت تەمبەڵە، باوكم منی هێنایەوە ماڵەوە و دەستی بە لێدانم كرد، زۆری لێدام، دایكم باوەشی پێداكردم و ویستی لە زللە و شەقەكانی باوكم بمپارێزێت، بەڵام باوكم بە شەق و بۆكس لە دایكیشمی دا، بۆیە دایكم گریا و گوتی خۆم دەسووتێنم. دەبە نەوتێكی هێنا و كەمێكی بە قاچیدا كرد، من رامكرد، بەڵام باوكم گوتی پێویست ناكات خۆت بسووتێنی، من دەتسووتێنم، بە منی گوت چەرخێكم بۆ بێنە، بەڵام من بۆم نەهێنا، باوكم هەڕەشەی لێكردم كە ئەگەر نەیهێنم، دایكم و من و خوشكە بچووكەكەشم دەسووتێنێ".

رەوا درێژە بە گێڕانەوەكە دەدات و دەڵێت "دواتر باوكم نەوتەكەی بە دایكمدا كرد و چەرخەكەی بەدەستەوە بوو، دایكم ترسا و گوتی وامەكە، بەڵام باوكم گوتی خۆم دەسووتێنم، بۆیە بەبەرچاوی منەوە چەرخەكەی لە سینگی دایكمدا و هەموو لەشی بوو بە ئاگر، من ئاوم پێدا كرد بۆ ئەوەی ئاگرەكە بكوژێنمەوە. دایكیشم دەیقیژاند و لە هۆڵەكەوە رایكرد بۆ حەوشە.

دراوسێكان هاتن بەفریامان، باوكم هیچی نەكرد، بەڵام دوای ئەوەی دایكمیان برد، باوكم گوتی نابێت لەلای كەس بڵێی باوكم سووتاندوویەتی".

رەوا ناشیشارێتەوە كە چەندینجار لەلایەن باوكییەوە لە خۆی و خوشكەكەی و دایكیشی دراوە، بەڵام گوتی "زیاتر لە من و دایكمی دەدا. زۆرجار بە قایش و سۆندە لێیدەداین، جارێكیش تفەنگی بەرامبەر دایكم راگرت، بەڵام گوللەكە نەتەقی".

خدر حەمەئەمین، باوكی وەفا لەناو هۆڵی نەخۆشخانە جارجار سەرێكی دەكرد بەو ژوورەدا كە كچەكەی لێ خەوێنرابوو و دەیدا لە پڕمەی گریان و دەگەڕایەوە. گوتی "كچی جوانم توایەوە، بووە سوتماك".

خدر باسی زاواكەی دەكات و دەڵێت "تەنیا لەبەرئەوەی ژیانی كچەكەم و دوو منداڵەكەی نەشێویت چەندینجار هاوكاریم كردووە، بەڵام ئەم كوڕە رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبوو، ئیشی نەدەكرد ئەگەر بێ پارە بووایە لە ژن و منداڵەكانی دەدا، وەك كچەكەشم دەڵێت ئەگەر پارەشی پێبووایە نەدەهاتەوە ماڵەوە".

20 رۆژ پێش رووداوەكە وەفا دەچێتەوە ماڵی باوكی، وەك خدر حەمەئەمین دەڵێت "پێشتر چەندینجار كچەكەمان تۆراوە، بەڵام مێردەكەی تۆبەی دەكرد و دەیبردەوە. بیست رۆژ پێش رووداوەكە كچەكەم هاتەوە و گوتی بابە خواحافیزیم لە هەموو خزمەكانی كردووە. بەس مێردەكەم نازانێت، ئیدی ناگەڕێمەوە. بۆیە لە هەریر سكاڵامان لەدژی تۆمار كرد و كچەكەم داوای جیابوونەوەی كرد، بەڵام دادوەر گوتی بەڵێننامە بە مێردەكەی پڕدەكەمەوە، لەبەر ئەو دوو منداڵە ئەمجارە بگەڕێوە لای، كچەكەم رەتیكردەوە، دادوەر پێیگوت منداڵ و مارەییت ناكەوێت، سێ مانگتان بۆ دادەنێم، ئەگەر هەر باش نەبوو، ئەوكات ماڵ و مارەیی و منداڵ بۆ وەفا دەبێت، بۆیە كچەكەم بەناچاری و بەپێی خۆی گەڕایەوە لای، بە سوتماكی بۆیان هێنامەوە".

ئارەزوو جەرجیس، خوشكی (ه) بە (رووداو)ی گوت "براكەم تەمەنی 16 ساڵان بوو كە داوای وەفامان كرد بۆی، زۆری خۆشدەویست. هەمووی چاوی ناحەز و فەقیری و قەرزاری براكەمی ئاوا لێكرد. من و وەفا وەك خوشك بووین. من ماڵم لە هەولێرە. رۆژی رووداوەكە كاژێر دووی پاش نیوەڕۆ وەفا تەلەفۆنی بۆ كردم و پێیگوتم منداڵدانم نەخۆشە، پزیشكێكی باشم بۆ بدۆزەرەوە بێم بۆ لای".

جەرجیس زۆر لە كوڕەكەی پەستە و دەڵێت دوای ئەو رووداوە حەز ناكات بڵێ‌ (ه) كوڕیەتی. "باوكی بووم، ئێستا كوڕێكم نییە بەناوی (ه) خاوەنی 10 منداڵم، خەڵك شاهیدە چۆنن، تەنیا ئەو كوڕەم بەهۆی رەفیقی خراپ وا بە لاڕێداچوو. ئامۆژگاریم كرد، چەندینجار كارم بۆ دۆزییەوە و خۆم و چوار كوڕم یارمەتیمان دەدا، بەڵام نەهاتە سەر رێی راست".
لەبارەی وەفاش. باوكی (ه) دەڵێت "بووكەكەم مەرد بوو، لە كچی خۆم خۆشترم دەویست. نۆ مانگ پیاوەكەی لە زینداندا بوو، بەڵام بچووكترین هەڵەمان لێنەبینی، سەری بەرزكردبووین، بووكەكەم حەزی خۆی مراندبوو، بۆ دوو منداڵەكەی دەژیا، بۆیە لەلای مێردەكەی مابووەوە". جەرجیس داواكارە حكومەت كوڕەكەی رادەست بكاتەوە :"بەس بمدەنەوە بە دەستی خۆم دەیكوژم".




رووداو
Top