كاریگەرییەكانی قەیرانی ئابووریی لەسەر خێزان

كاریگەرییەكانی قەیرانی ئابووریی لەسەر خێزان
بڕینی بودجەو مووچەی كوردستان لەلایەن حكومەتی بەغداو هاوكات دابەزینی نرخی نەوت و تێچووی شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن كەس لە ئاوارەكانی شەڕ بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، قەیرانێكی گەورەی ئابووری لێكەوتووەتەوە كە بە سەختی بەرۆكی حكومەتی گرتووەو كێشەیەكی زۆریشی بۆ زۆربەی خێزانەكان و بەتایبەتی توێژی مووچەخۆران دروست كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەكانی بەدیهێنانی خەونە نەتەوەییەكان لە گەیشتن بە ئامانجە مێژووییەكەی كوردان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ نزیك دەبێتەوە، بۆیە هاووڵاتییان سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییە، خۆڕاگرانە پاڵپشتیی حكومەتی خۆیان دەكەن، هاوكات داوای هەوڵ و كاری جددیتر لە حكومەت دەكەن بۆ ئەوەی لەو قەیرانە دژوارە رزگاریان بكات. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتە راوسەرنجی خۆیان بۆ گۆڤاری گولان دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی


سەرەتا شیلان بیبانی شرۆڤەكاری ئابووری و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە كارگێڕی كار، باسی ئەوە دەكات، ئابووری (ئیكۆنۆمی) بەمانای ماڵداری دێت، واتە وشەكە مەبەستی ئەوە دەگەیەنێت كە ئابووری بە تەواوەتی كاریگەری لەسەر ئاستی ماڵ و خێزان دەبێت و تەنانەت لە خێزان و ماڵەوە هەڵدەقوڵێ، گوتیشی: «هەڵبەتە ئەم قەیرانە ئابوورییە سەختەی ئێستای وڵات بە هۆی نەمانی داهاتی خێزانی، یاخود كەمبونەوەی دەستهاتی تاكی وایكردووە بە تەواوەتی بژێوی ژیان بۆ ئەوپەڕی سەختی بڕوات، چونكە لە وڵاتی ئێمە زۆربەی خەڵك مووچەخۆرن و كێشەی ئابووریی وڵات و پێنەدانی مووچە وایكردووە تێكرای بازاڕ و پڕۆژەكان و بەتایبەت گوزەرانی ژیانی خێزان روو لە ئاڵۆزی و بارگرانی بكات».
بیبانی ئەوەشی خستەڕوو كە «لە عێراقدا 14% كەمبوونەوە لە داهاتی تاك هەیە، هەر كات رێژەی داهاتی تاك روو لە كەمبوون بكات، ئەوا ئەو وڵاتە بەرەو هەژاری و بێكاری دەڕوات، گوتیشی: «دوو فاكتەر وڵات و تاك و خێزان تێكدەشكێنن، یەكەم جەنگ و ئەویتر ئابورییە، بەداخەوە ئێستا كوردستان لەبەردەم ئەم دووحاڵەتەیە، بیگومان خێزانیش قوربانی یەكەمن و هەر لەم ساڵەدا رێژەی هەژاری و بێكاریش زیادیكردووە، بە دڵنیاییەو بڕبڕەی راگرتنی خێزان و ماڵ بریتییە لە ئابووری، هەركات داهات نەما و ئابوری خێزان رووی لە كزی كرد، ئەوكات گەورەترین كێشە دروست دەبێـت لەناو ئەو خێزانەدا، كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر دەروونی هەریەك لە تاكەكان، ئابووری تاكیش پابەندە بە ئابووری وڵاتەوە، هەركات ئابووری وڵاتێك بڕوۆخیت، ئەوا راستەوخۆ ئابووری تاكیش روو لە داڕووخان دەكات، كە لەوانەیە لێكتێنەگەیشتن و ناتەبایی و زۆر كێشەی خێزانی دروست بێت لە ئەنجامی ئەو بارە ناهەموارە، ئابووریناسان كە باس لە تێكشكاندنی وڵاتێك دەكەن، دەڵین: بەهێزترین چەك چەكی ئابوورییە، بۆیە لەوانەیە خێزانیش بە هەمان شیوەی وڵات بەو چەكە بشێوێت و بكەوێتە گەورەترین ناخۆشی و نەهامەتییەوە» .
پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان د.ئومێد قادر، ئاماژە بەوە دەكات كە جەنگ و ماڵوێرانی گەورەترین ئاسەواری دەروونی درووستدەكەن، هاوكات دەڵێت: «كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی دانەبڕاوە لە كۆمەڵگاكانی دیكە و بەدەر نییە لە كێشە و گرفت و هەژاری و نەخۆشی، بەتایبەت لە ئێستادا كە باری ئابووریمان تێكچووە و تووشی جەنگێكی سەختیش بووین». ئەو پزیشكە دەروونناسە هێمای بۆ ئەوە كرد كە بەپێی توێژینەوەكان و بەپێی ئاماری رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO دەركەوتووە 16%ی هەموو كۆمەڵگەیەك نەخۆشی دەروونییان هەیە، گوتیشی: «بەپێی لێكدانەوەكانمان وەك پسپۆڕانی دەروونی ئەگەری زیاتری ئەو رێژەیە لە كۆمەڵگەی خۆماندا هەیە، بەهۆی ئەوەی ساڵانێكی زۆر تووشی شەڕ و كوشتار و نەهامەتی و ناڕەحەتی و نەبوونی بۆتەوە كە تا ئێستاش بەردەوامە».
چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی چیمەن رەشید، رایوایە: «لە رووی گوزەرانی و ژیانكردنەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو چینی جیاواز دابەشبوون، چینێكی زۆر دەوڵەمەند و چینێكی زۆر هەژار، بێئەوەی چینی ناوەند بوونی هەبێت، دەكرێ حكومەت ئاوڕی زیاتر لەچینی گەنجان بداتەوە، ئەو گەنجانەی لەسەرەتای دەستپێكی ژیاندان، گەنج لەوڵاتی ئێمەدا هەلی زەواجكردنی بۆ ئاسان نەكراوە، ئەگەر ئەو ژیانەشی دروستكرد خۆی دەداتە دەست بێڕەحمیی بازاڕ و خۆی بۆ ژیانێكی مەمرەومەژی ئامادە دەكات، لەلایەكی دیكەوە كەرتی تایبەت ئەوەندەی بێكاری بۆ گەنجانی ئەو وڵاتە هێناوە، نیو ئەوەندە نەیتوانیوە كێشەی بێكاری چارەسەر بكات، چونكە هەر كۆمپانیایەكی بیانی كە دێتە هەرێم ئەندازیار و كرێكاری بیانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، لێرەدا ئەركی حكومەتە كە دیراسەیەكی مەیدانی لەسەر گوزەرانی تاكەكان بكات، بۆ نەهێشتن، یان كەمكردنەوەی ئەو ناهەوسەنگییەی ژیانكردنە كە ئەمڕۆ بوونی هەیە».
پسپۆڕی ئابووری سەرباز عەوڵا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لەهەر بارودۆخێكدا بێت، دەبێ دەوڵەت بەرپرسیارێتی ئاستی گوزەرانی تاك بە تاكی كۆمەڵگە لەبەرچاو بگرێ، هەڵبەت ئەمەش كۆمەڵێ رێوشوێن و رێكاری تایبەت بە خۆی هەیە»، هاوكات دەڵێت: «ئەگەر سەیری ئەزموونی وڵاتن بكەین بە نموونە هەندێ وڵات رێگری دەكەن لە زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و خێزان، چونكە دواجار دەبن بە ئەرك بەسەر حكومەتەوە بە دابینكردنی بڕێك لە داهاتەكەی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن و.. هتد، بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا چ لەسەر ئاستی تاك چ لەسەر ئاستی كۆمەڵگە هیچ خوێندنەوەیەكی بۆ نەكراوە، لە كاتێكدا ئاستی تاكەكان لەم رووەوە لاوازە، خێزانێكی زۆر دەبینین وەچە دەخەنەوە بێئەوەی دابینكردنی پێداویستییەكان لەبەرچاو بگرن، بەدڵنیاییەوە ئەمەش ئاسەواری خراپی لەسەر تاك و كۆمەڵگە دەبێت و گرژی و ئاڵۆزی سیاسی لەناوخۆی وڵات دەخولقێنێ، هەموومان دەزانین كە شۆڕشی بەهاری عەرەبی لە گەنجێكەوە دەستی پێكرد كە دەرچووی زانكۆ بوو، بەڵام بە ناچاری بۆ پەیداكردنی بژێوی رۆژانەی عەرەبانەیەكی كڕیبوو، كاتێك پۆلیس عەرەبانەكەی تێك و پێك دەدات، ئەو گەنجە ئەو ناهەقییە قبووڵ ناكات و ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، نموونەی لەمجۆرەش لە كۆمەڵگەدا چاوەڕوانكراوە، لەلایەكی دیكەوە قەیرانە ئابوورییەكان رەنگدانەوەی خراپ لەسەر خێزان بەجێدەهێڵن، كە رەنگە خێزان نەتوانێ تاكێكی باش و تەندروست ئامادەبكات و پێشكەشی كۆمەڵگەی بكات، بەتایبەتی خێزانێك كە هۆشیاری و رۆشنبیری و فەلسەفەی ئابووری نەبێت، بە واتایەكی تر وردبین نەبێ لەبیركردنەوەدا بۆ بارودۆخێكی چاوەڕواننەكراوی لەمجۆرە ئامادەباشی هەبێت، واتا لەو مووچە و داهاتەی كە هەیەتی بەشێكی بۆ خەرجی رۆژانە تەرخان بكات و بەشەكەی تریشی بۆ پاشەكەوت، بەداخەوە ئەوە لەكۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بوونی نییە».
رۆژنامەنووس سۆران رەشید سەبارەت بە دۆخی ئێستای كوردستان و باری ئابووریی خێزان بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «بێگومان داهاتی خێزان بە ئابووری وڵاتەكەیەوە گرێ دراوە، ئابووری و كاریگەرییەكانی ئەم چەمكەش لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یەكێك لە فاكتەكانی ژیانە و گەشەی ئابووری، یان داڕووخانی ئابووری، راستەوخۆ لە بەهێزی و لاوازیی هەر دەوڵەتێكدا رەنگدانەوەی دەبێت و هەموو هاووڵاتییەكیشی دەگرێتەوە. لە باشووری كوردستانیش سەرەڕای كەموكورتییەكان و لاوازیی پلاندانی دەسەڵات بۆ دروستكردنی وڵاتێكی پیشەیی و بایەخنەدان بە كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری سەنعەتی و تەكنەلۆژیا و بەرهەمهێنان، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو تا راددەیەك گەشەی ئابووری و بەرفراوانكردنی خزمەتگوزارییەكان و زیادبوونی هەلەكانی كار و زیادبوونی داهاتی تاك هەستی پێدەكرا، گەرچی سیاسەتی ئابووریی هەرێم پاشكۆی سیاسەتی ئابووریی عێراق بووە و دەسەڵاتی جێبەجێكار تەنیا بە پشت بەستن بە نەوت كاری كردووە، لە پاش بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم لە لایەن سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق (مالیكی) گوشارێكی زۆر كەوتە سەر حكومەتی هەرێم، ئەو گوشارەش بە هاتنی بەلێشاوی پەناخوازان و ئاوارەكانی شەڕ بۆ كوردستان و شەڕی داسەپاوی تاریكپەرستانی داعش بووەتە قەیرانێكی گەورەی دارایی و تا هەنووكەش حكومتی بەغدا هەنگاوێكی ئەرێنی هەڵنەگرتووە، گوتیشی: «عەبادی هەمان سیاسەتی مالیكی پەیڕەو دەكات. مووچەی خەڵكی بندەستی دەوڵەتی ئیسلامی دەنێرێت، كەچی قاسەی بەتاڵ نیشانی وەفدی كوردی و حكومەتی هەرێم دەدات، ئەوەش لە هەلوحەرجێكدا كە كورد لە بری هەموو جیهان لە سەر زەوی شەڕی تیرۆر دەكات، جیهادییەكان بە شیعە و سوننەوە هەڕەشە لە كورد دەكەن، هێزەكانی پێشمەرگە بە خۆنەویستی و گیانبازی لە سنوورێكی بەرفراوان لە شنگالەوە تا جەلەولا شەڕی داعش دەكەن، كۆی ئەمانە هۆكاری لاوازبوون و داڕووخانی ئابووری وڵاتن و ئەوەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر خێزانەكانیش داناوە، تەنانەت وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەتیش كارەكانیان راگرتووە و دەرفەتەكانی كار زۆر كەم بووە، هەموو فشارەكانیش بەو ئاراستەیەن كە كورد لە دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ پاشگەز بكەنەوە، بەڵام ئەو خەونە درەنگ، یان زوو دێتەدی، بەتایبەت كە لە ئێستادا عەرەب گوتەنی كورد (لاعب سیاسی)یەكی جیهانییە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گوێی لێ دەگرن و پشتیوانی دەكەن. بۆیە ئەم دۆخە دەخوازێ دەسەڵات و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە یەكڕیزییەكی بێ هاوتا و تاكی كورد و هاونیشمانییانیش بە خۆڕاگرییەكی پێشمەرگەئاسا هەمووان پێكەوە هەوڵی پاراستنی دەستكەوتەكان بدەین و ئەوەمان لەبەر چاو بێ كە تا ئێستاش تەرمی لە خوێن گەوزاوی پێشمەرگەی وڵاتپارێزمان بۆ دێتەوە.»
Top