دایكی دوو منداڵ خۆی دەسووتێنێ

دایكی دوو منداڵ خۆی دەسووتێنێ
لە ئیفادەی پۆلیسدا دووجار گوتەكانی خۆی گۆڕی، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكان نازانن ئەو ژنە بۆچی خۆی سووتاند و كێ‌ لەو رووداوەدا تۆمەتبارە.

رۆژی 17/12/2016 ، ژنێكی تەمەن 27 ساڵ بە ناوی (راژان.خ) لە نێو ماڵەكەی خۆیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، راژان 60%ی جەستەی سووتا، 10 رۆژ لە ژێر چاودێریی پزیشكدا مایەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی پزیشكەكان نەیانتوانی رزگاری بكەن و مرد.

بەپێی زانیاریی كەسوكارەكەی، راژان چەند ساڵێك لەمەوبەر بە خواستی خۆی و بەبێ‌ رەزامەندی كەسوكارەكەی شووی كردووە. سەرەتاش لەگەڵ مێردەكەی كێشە و ناكۆكییان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی بوونەتە خاوەنی دوو كوڕ، نێوانیان ئاسایی بووەتەوە.

عەلی كە برا گەورەی راژانە، لە سێیەم رۆژی پرسەی خوشكەكەیدا قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "خوشكەكەم بە خواستی خۆی بەبێ رەزامەندی بنەماڵەكەمان شووی كرد، لەسەر ئەوە نێوانی لەگەڵ ئێمە باش نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەك پەیوەندییەكانمان ئاسایی بوونەوە و هاتوچۆی یەكدیمان دەكرد".

بە گوتەی عەلی، خوشكەكەی ماوەیەك لەگەڵ هاوژینەكەی و ماڵە خەزوورانیدا كێشەیان هەبووە "زانیمان لەگەڵ هاوسەرەكەی و ماڵی خەزووری ناكۆك بوون، نێوانیان زۆر باش نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی دوو منداڵیان بوو، نێوانیان ئاسایی بووەوە".

عەلی بەدووری دەزانێ‌ كە زاواكەیان لە پشت خۆسووتاندنی خوشكەكەی بێ‌ و دەڵێت "زۆری خۆشدەویست، تەنانەت ئەو رۆژەی راژان مرد، زاواكەمان پێنج جار لە هۆش خۆی چوو، ئێستاش بەهۆی مردنی خوشكەكەمەوە باری دەروونیی باش نییە".

گوتیشی "خوشكەكەم لە سەرەمەرگدا داوای لە هاوژینەكەی كردووە كە زۆر ئاگای لە دوو كوڕەكەی بێ‌. داواشی لە ئێمە كرد وەكو كوڕی خۆمان سەیری مێردەكەی بكەین".

عەلی باسی ئەو رۆژە دەكات كە خوشكەكەی، خۆی سووتاندووە و دەڵێت "راژان پێش ئەوەی خۆی بسووتێنێ‌ لەلای باوكم بوو، چونكە باوكم نەخۆشە و لەسەر جێگا كەوتووە، زوو زوو سەردانی دەكرد. كە گەڕاوەتەوە ماڵەوە ئاگری لە خۆی بەرداوە، لە كاتی رووداوەكەش مێردەكەی لە ماڵ بووە".
راژان دوای خۆسووتاندنی بردرایە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی، گوازرایەوە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی.

عەلی دەڵێت چوار رۆژ لەلای خوشكەكەی بووە لە نەخۆشخانە، پرسیاری لێكردووە بۆچی خۆت سووتاند؟ راژان لە وەڵامدا تەنیا ئەوەندەی گوتووە "لە خۆم بێزار بووم". پەشیمانیش بووە لەوەی خۆی سووتاندووە و بە براكەی گوتووە "هەڵەیەك بوو كردم".

بە گوتەی عەلی، خوشكەكەی ئەو ماوەیەی لە نەخۆشخانە بووە، چەند جارێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە بۆ ئەوەی بزانرێت بۆچی خۆی سووتاندووە؟ یان كێ‌ لە پشت رووداوەكەیە و ناچاری كردووە خۆی بسووتێنێ‌.

عەلی گوتی "خوشكەكەم دووجار قسەكانی خۆی گۆڕی. جارێك گوتی لەگەڵ مێردەكەم بە كێشە هاتین و لە داخی ئەو خۆم سووتاندووە، جارێكیش گوتی لە ژیان بێزار بووم بۆیە خۆم سووتاند".

عەلی نیگەرانە لەوەی كە نازانێ‌ خوشكەكەی بۆچی خۆی سووتاندووە و دەڵێت "هۆكاری راستەقینەی خۆسووتاندنی خوشكەكەمان نازانین، بۆیە هەموو دەنگۆیەكان لەبارەی خۆسووتاندنەكەی رەتدەكەینەوە، بەڵام ئەگەر بۆمان دەربكەوێت كەسێك لە پشت خۆسووتاندنی بووە، هەرگیز لێی خۆش نابین".

بەڵام ئاشنا حەسەن سۆفی، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی ژنانی كوردستان لە بیتوێن لەو باوەڕەدایە كەسوكاری راژان دەزانن بۆچی خۆی سووتاندووە.

ئاشنا حەسەن دەڵێت "ئەو ژنە نەخۆشیی دەروونی نەبووە. بە گوێرەی ئەوەش كە دووجار لە ئیفادەی پۆلیسدا قسەكانی گۆڕیوە، پێدەچێ‌ گوشاری لەسەربووبێ‌، بۆیە قسەكانی گۆڕیوە".

هەر لەوبارەوە نینا محەممەد، لێپرسراوی بەشی بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان گوتی "ئەو ژنە 10 رۆژ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، 60%ی جەستەی سووتابوو. ژنەكە خۆی سووتاندووە، بەڵام تا ئێستا روون نییە بۆچی خۆی سووتاند".




رووداو
Top