رۆڵی راگەیاندن لەكەمكردنەوەی توندوتیژیی خێزانی

رۆڵی راگەیاندن لەكەمكردنەوەی توندوتیژیی خێزانی
هەندێ لەچالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێیانوایە میدیاكاران و راگەیاندنەكان نەك نەیانتوانیوە دیاردەی توندوتیژیی خێزانی و خۆكوشتن كەم بكەنەوە، تەنانەت هەندێكجار بە ئاراستەیەكی زۆر نەرێنی كاریان لەسەر كردووە. هاوكات رای پێچەوانەش هەیە كە بە «بێویژدانی» دەزانێت ئەگەر بگوترێ: راگەیاندنی كوردی لە ماوەی رابردوودا بە ئاراستەی زیادكردنی دیاردەی توندوتیژی و خۆكوشتن كاری كردووە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەش لەو بارەیەوە راوسەرنجی تایبەت بۆ خۆیان بۆ گوڵان دەخەنەڕوو.

سەرەتا فازڵ عومەر وەك كۆمەڵناسێك باسی ئەوە دەكات كە راگەیاندن لە یەك كاتدا دەتوانێ دوو رۆڵ ببینێ، رۆڵێك گەیاندنی زانیاری راست و دروست و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و نیشاندانی ئەو واقیعە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەی كە هەیە، لەدیوەكەی دیكەیدا راگەیاندن دەتوانێ بە دیوە نەرێنییەكەی رۆڵ ببینێ، ئەویش بە گەورەكردنی كێشەكان و وێناكردنی واقیعەكە بە شێوەیەكی گەورەتر لەوەی هەیە و خستنەڕووی زانیارییەكان بە نادروستی مەترسیدارە، وێڕای نەبوونی سەلیقە لە گەیاندنی زانیارییەكان، بۆیە رەنگە بێویژدانی بێت، گە ر بگوترێ راگەیاندنی كوردی لە ماوەی رابردوودا بە ئاراستەی خراپكردنی بارودۆخەكە كاری كردووە، بەپێچەوانەوە هەندێ هەوڵی جددی و زۆر پڕۆفیشناڵانە دەبیندرێ لە بوارەكەدا، گوتیشی: «كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی كەلتوورییە كە بەها و دابونەریت و نۆرم تێیدا تایبەتمەندی خۆی هەیەو بەشێوەیەك لە شێوەكان كۆمەڵگەكەمان كۆمەڵگەیەكی داخراوە، بەتایبەت لەڕووی كەلتوورییەوە، ئایینیش یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان كە ژیانی كۆمەڵایەتی رێكدەخات، وەك ئاشكرایە دیاردەی خۆكوشتن دیاردەیەكی تازە نییە و لە زووەوە بوونی هەبووە، بەڵام زیادبوونی هۆكارەكانی راگەیاندن وایكردووە ئەو دیاردەیە زیاتر ببیندرێ، ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان مامەڵەكردنمان لەگەڵ میدیا شتێكی تازەیە، رەنگە زۆر كەس بڵێن ئێمە نزیكەی 20 ساڵە مومارەسەی ئەزموونی كاری راگەیاندن دەكەین، لە راستیدا 20 ساڵ وەكو خۆی زۆرە، بەڵام بۆ ئەزموونكردن و گەیشتن بە ئاستێكی باش پێویستمان بە كاتی زیاترە، راگەیاندنیش وەك هەر ناوەندێك لە ناوەندەكانی تر و بە حوكمی ئەوەی بووەتە سەرچاوەیەك بۆ بژێوی ژیان، ئەوە هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە دەبینین خەڵكانێك خۆیان بەم ناوەندە شۆڕ كردووەتە كە رەنگە پڕۆفیشناڵ نەبن، رەنگە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی زانیارییەكاندا هەستی بەرپرسیارێتییان بەو شێوەیە نەبێت كە پێویستە، بە قەناعەتی من كاری راگەیاندن و بەرپرسیارێتی دوو شتی لە یەك جیانەكراوەن، رۆژنامەنووس كە پەیامێك دەگەیەنێت، پێویستە بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی پەیامەكەی بگەیەنێت، من قەناعەتم وایە تا ئاستێك ئەو رەخنەیەی خەڵك راستە و ئێمە زۆر بە سادەیی لە رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤار و سایتەكان دەبینین و دەبیستین كە لە ماوەی یەك مانگ 20 ئافرەت خۆیان سووتاندووە، بێئەوەی شرۆڤەیەكی مەنتیقیانە بۆ ئەو مەسەلەیە بكرێت و باس لە هۆكارەكان و قۆناغی دوای خۆسووتاندنەكە بكرێت، كە ئەو كەسە بە چ دەرەنجامێك دەگات، لە كاتێكدا لە كردنی ئەو كارەی تەنیا پەشیمانی بۆ دەمێنێتەوە، بەڵكو تەنیا ژمارە دەخرێتەڕوو، بە بۆچوونی من ئەركی راگەیاندن لە بوعدە كۆمەڵایەتییەكەی ئەركێكە دەبێ بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە خۆی لە قەرە بدەی، رەنگە بینینی دیمەنەكانی خۆكوشتن و خۆخنكاندن و خۆسووتاندن وا بكات خەیاڵمان پڕبێت لەم دیاردانە و بە لامانەوە ئاسایی ببێتەوە، پێویستە كە ئەو هەواڵانە دەگوازرێتەوە سەر رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤارەكان ئاگامان لەوە بێت كە ئافرەتیش ئەو هەواڵە دەخوێنێتەوە، ئەگەر ئەو ئامار و ژمارەی كە بڵاو بووەتەوە بووە هۆكاری خۆسووتاندنی ئافرەتێك ئەوا ئێمە نەمانتوانی بەر بەو دیاردەیە بگرین، ئێمە وەكو راگەیاندن لە رابردوودا لە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ پرسە كۆمەڵایەتییەكان كەمتەرخەم بووین، ئافرەتەكانمان لەسەر شتی زۆر بچووك پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن، بۆ نموونە ماوەیەك لەمەوبەر كچێك بەهۆی ئەوەی ناوی نەهاتبۆوە بۆ دامەزراندن خۆی سووتاند، پێویستە هەوڵبدرێت میدیای كوردی لەبری بڵاوكردنەوەی داتا هەوڵبدات لەسەر دەرهاوێشتەكان و ئەنجامی خۆسووتاندنەكان قسە بكات، بەڵكو ژمارە و داتاكان بۆ یاسا و حكومەت جێبهێڵێت و لە رێگەی دەزگاكانی خۆیەوە كۆنتڕۆڵی ئەو مەسەلەیە بكات و دیاردەكە بەرەو كەمبوونەوە ببات، هەر بۆ ئەوەی پەنا بۆ خۆكوشتن نەبردرێت، لانیكەم دەبێ میدیا رۆڵی هۆشیاركردنەوە بگێڕێت».

لەلای خۆیەوە توێژەری كۆمەڵایەتی فەرەیدون بێوار، سەبارەت بە هەمان پرس ئەوە دەخاتەڕوو كە زانایانی دەروونناس و كۆمەڵناس چەندین لێكۆڵینەوەو توێژینەوەیان لەسەر كاریگەرییەكانی میدیا بەگشتی و تەلەفزیۆن بەتایبەتی ئەنجامداوە، بەتایبەتی لەمەڕ پەیوەندی نێوان توندوتیژی و خۆكوشتن و كوشتن لەگەڵ میدیادا. دەركەوتووە كە میدیا رۆڵێكی نەرێنی هەیە لە بڵاوكردنەوەو برەودان بە هۆكارەكانی توندوتیژی و خۆكوژی و كوشتن، ئەویش لەرێگەی ئەو نووسین و دیمەن و وێنە و گرتە ڤیدیۆیە خویناوی و توندوتیژیانەی كە بڵاوی دەكاتەوە، بەتایبەتی مەسەلەكانی كوشتن و خۆكوشتن، ئەمەش زیاتر كاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی مناڵان و هەرزەكاران دەبێت. گوتیشی: «كارەسات لەوەدایە كە هەندێك میدیا بەهۆی نەشارەزاییان، كەبەداخەوە پێشیانوایە ئەوە ئازادی میدیاییە، دەست بۆ هەموو بابەتێك دەبەن و گوێ بە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی نادەن. بەشێك لەمیدیاكان شەرعییەت بە هۆكارەكانی خۆكوژی و كوشتن دەدەن و ئەنجامدەری تاوانەكان وەك پاڵەوان دەناسێنن و شەرعییەت بە كارەكە دەدەن و پاساوی ناماقوڵی بۆ دێننەوە. یاخود بە روونی ئاماژە بە هونەر و ئامڕازەكانی كوشتن و خۆكوژی دەدات و بەوێنە و ڤیدیۆش نیشانی دەدات، ئەوەش دەبێتە هۆكاری بەردەوامیدان به حاڵەتی خۆكوژی و كوشتن».
ئەو توێژەرە نموونەی بەوە هێناوە كە: توێژینەوەیەكی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەكات كە بۆماوەی چەند هەفتەیەك بڵاوكردنەوەی هەموو جۆرە وێنە و ڤیدیۆیەكی توندوتیژی و خوێناوی لە شاشەی تیڤییەكان قەدەغە كرا، لەو ماوەیە ئامارەكانی توندوتیژی و كوشتنەكانیان تۆمار كرد، دیتیان كە رێژەی تاوانكاری كەمتر بۆتەوە. هەروەها بەشێك لەو توێژینەوانەی كە لەسەر تاوان ئەنجامدراوەو بەندیخانەكان بە نموونە وەگیراون، دەركەوتووە بەشێك لە تاوانباران لە رێگەی فیلم و راپۆرت و گرتەی ڤیدیۆیی كەناڵەكانەوە تووشی تاوان بوون، واتە ویستوویانە بە لاسایی كردنەوە و بە هەمان میكانیزم تاوانەكە ئەنجام بدەن، كە كەناڵەكە ئاماژەی پێداوە».

فەرەیدوون بێوار لە درێژەی قسەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە نووسەری بەناوبانگ كارل پۆپەر لە وتارێكیدا بە ناوی (تەلەفزیۆن هەڕەشەیەك بۆ سەر دیموكراسی) باس لە كاریگەری و مەترسییەكانی ئازادیی رەهای میدیا و بەتایبەتی تیڤییەكان دەكات و داوادەكات كە سنوورێك بۆ دەسەڵات و كاركردنی تەلەفزیۆنەكان دابنرێت و سانسۆر هەبێ لەسەر ئەو بابەت و فیلم و وێنە و ڤیدیۆیانەی كە پەیوەندن بە ژیانی هاوڵاتی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و لایەنی دەروونی مرۆڤەكانەوە. بۆیە بە پێویستی زانی: «چاودێری كەناڵەكان بكرێت و رێگەنەدرێت هەموو جۆرە وێنە و ڤیدیۆیەك لەژێرناوی ئازادیی میدیا پەخش بكرێت، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە تووشی دڵەڕاوكێی دەروونی و تێكدانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی نەبێتەوە». گوتیشی: «دەكرێ رووداوەكە باس بكرێ، بەڵام بەبێ نیشاندانی وێنە و ڤیدیۆی خوێناوی، لەگەڵ باسكردنی رووداوەكەش پێویسته ئاماژە بەلایەنی سزای یاسایی و دینی ئەنجامدەر و هەروەها كارتێكردنە خراپەكانی و رێگەچارەكان بدرێ، بۆ ئەوەی خەڵكانی تر هەمان كار نەكەن و دەلاقەیەك بۆ دەرباز بوون بدۆزنەوەو هیوایەك هەبێ بۆ ژیانیان. بۆیە بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە، بەپێویستی دەزانم، كە هەروەكو عەیادەی دكتۆر، نووسینگەی راوێژكاری بۆ كۆمەڵناسان و دەروونناسان هەبێت و خەڵكی بتوانن سەردانیان بكەن و لەمەڕ كێشە و گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانیان راوێژ و پرس و رایان پێبكەن. هەڵبەت لەئەوروپا وەها شتێك هەیە، بەڵام لای خۆمان بۆتە عەیبە و كەس لەمەڕ كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان پرس و راوێژ بە پسپۆرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی ناكات، ئەوەش تێڕوانینێكی هەڵەیە.

ئەفسانە محەممەد وەك میدیاكارێكی تەلەفزیۆنی دەڵێت: «لە ئەوروپا ئەم كێشە كۆمەڵایەتییانە لە راگەیاندنەكاندا بڵاو ناكرێتەوە، لەبەر ئەوەی رەنگدانەوەی لە ناو كۆمەڵگەدا كەم بكاتەوە، بەڵام لە میدیا كوردییەكانادا بەپێچەوانەوە، كوشتن و بڕین و سووتاندن و خۆكوشتن بە ئامێر و ئامرازەكانیشیەوە بڵاو دەكرێتەوە، ئەوەش هەر تەنیا لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا بوونی هەیە. راگەیاندنی كوردی بارودۆخی رۆحیی و سایكۆلۆژی كۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە، بایەخ نەدان بە چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكان و زیاتر خستنەڕووی چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەكان مرۆڤ هان دەدات بۆ خۆكوژی و دووبارە كردنەوەی تاوانەكان، بەداخەوە راگەیاندنی كوردی نە دەزانن سایكۆلۆژی كۆمەڵگە چییە و نە دەشزانن سوسیولۆژی چییە. بۆیە پێویستە راگەیاندنی كوردی لەو قاڵبە دەربكرێت.
Top