شوفێریی تاكسی پیشەیەكە ئافرەتیش دەتوانێ خۆی لە قەرەی بدات

شوفێریی تاكسی پیشەیەكە ئافرەتیش دەتوانێ خۆی لە قەرەی بدات
لە ئەنجامی ئەو گوڕانكارییە بەرچاوانەی كە لە جیهاندا هاتوونەتە ئاراوە لە ژێر ناوی جیهانگیری و یەكسانی و مافی مرۆڤ و بوونیان بە پاڵپشتێك بۆ رۆڵی ئافرەت و بەشدارییان شان بە شان شانی پیاو وایكرد، ئافرەتان هاوتای پیاوان لە تێكڕای بوارەكان رۆڵیان هەبێت، كۆمەڵگەی كوردیش بێبەش نەبووە لە كرانەوە بە رووی جیهاندا و ئافرەتانیش لەو كۆمەڵگەیە بەپێی توانا و درك كردنیان بە بەرپرسیاریەتی، هەوڵیان داوە بێنە مەیدانی ململانێ و جێبەجێكردن و گەیاندنی ئەو پەیامەی هەڵیانگرتووە لە پێناو بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و دوور لە جیاوازی رەگەزی، سەرەڕای رێگرییەكانی داب و نەریتی كۆمەڵگەش ژمارەیەك لە ئافرەتان ئەمڕۆ كار بۆ نەهێشتنی جیاكاری رەگەزی لە پیشەكانیان دەكەن و تەنانەت خوازیاری كاری شوفێریی تاكسین و لە رێگەی گۆڤاری گوڵانەوە داواكارییەكەیان ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەكان دەكەن و دەخوازن داواكارییەكەیان بە هەند وەربگیرێت.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

«ئەگەر ژنی شوفێری تاكسیمان هەبێ، ئەوا بەبێ دڵەڕاوكێ لەگەڵی سەردەكەوین و زیاتر ئاسوودە دەبین، چونكە ئێمەی كچان زۆرجار لەلایەن شوفێرە پیاوەكانەوە موجامەلە دەكرێین و تەنانەت هەیانە پێشنیاری وەرگرتنی ژمارەی مۆبایلیش دەكەن.» ئەوە قسەی كانی كەركووكی بوو. ئەو قوتابی پەیمانگەی تەكنیكی هەولێرە و لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «دڵنیام ئافرەتی كورد لە هەر پیشەیەكدا سەركەوتوو دەبێت و ئەگەر كاری شوفێریی تاكسیش بكات، وەك تێكڕای ئەو كارانەی لە رابردوودا ئەنجامیداوە سەركەوتوو دەبێت و جارێكی دیكە تواناكانی لەبەردەم هەمووان دەسەلمێنێت.»
چیمەن جەلال دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵە و وەك خۆی ئاماژەی پێكرد ماوەی سێ ساڵە كۆلێژی تەواو كردووە و تا ئێستاش دانەمەزرێندراوە، سەبارەت بە تەوەری ئەم راپۆرتەش گوتی: «خۆزگە حكومەت و ئەنجومەنی پارێزگا و لایەنە پێوەندیدارەكان بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە هێزی كاری ئافرەت هەموو ئاسانكارییەك بكەن، تەنانەت لە كاری شوفێریی تاكسیش، من بەشبەحاڵی خۆم هاوسەرەكەم حەزناكات بە تەنیا سواری تاكسی بم، هەر ئەو هۆكارەش وایكرد ئۆتۆمبێلم بۆ بكڕێت، بەداخەوە لە كۆمەڵگەیەكی داخراوی وەك كۆمەڵگەی كوردی زۆرجار گوێبیستی مامەڵەی خراپی شوفێرانی تاكسی لەگەڵ خانمان دەبین، بۆیە پێموایە هەبوونی شوفێری ئافرەت هەم گرێ كوێرەكان چارەسەر دەكات، هەمیش دەرفەتێكی باشە بۆ كاركردنی ئافرەت و سوودوەرگرتن لە تواناكانی».

لەیلا دیوبەند چالاكی كۆمەڵی مەدەنی، سەبارەت بە هەمان پرس بۆ گوڵان گوتی: «ئەگەر ئاوڕێكی كورت لە مێژووی نەتەوەی كورد بدەینەوە، دەبینین هەر لە كۆنەوە ژنی كورد بەشدار بووە لە راپەڕاندنی كاروباری ماڵ و خێزان و كۆمەڵگە بەگشتی، ئەوەی تا رادەیەك ژنی پەراوێز خستبێ، هەڵكەوتەی بایۆلۆژیی ژن بووە كە ئەوەشیان ئەگەر لە لایەك سرووشتییە، لە لایەكی دیكەوە ئەركی دیكەی خستووەتە سەر شانی ژنان كە ئەو بۆشاییەی پركردووەتەوە، ئەوەی ئێستا بووەتە كەلتووری كورد لە پێوەندی لەگەڵ ژناندا، كەلتوورێكی هاوردە و بە زۆر سەپێندراوە كە لە فورمول و پێوانەكانیدا هیچ تەبایی و وێكچوونێك لە نێوان كەلتووری رەسەنی كورد و ئەو كەلتوورەدا بەدی ناكرێ، من پێموایە چارەنووسی ژنی كورد بۆ گەیشتن بە هەموو مافەكانی راستەوخۆ كاریگەری لە دۆخی سیاسیی نەتەوەی كورد وەردەگرێ، هەتا كورد نەبێتە دەوڵەت و خاوەنی كیانی سیاسیی خۆی، دۆخی ژن گۆڕانێكی ئەوتۆ بە خۆوە نابینێ. ئەوەندەی پێوەندیی بە ژنی كورد لە باشووری كوردستان هەبێ، دەكرێ بڵێین لە چاو بەشەكانی دیكەی كوردستان جیاوازییەك دەبینرێ، لە چەند ساڵی رابردوودا ژن لە باشووری كوردستان لە كوردستان لە هەموو روویەكەوە گەشەی باشی كردووە، ئەوەش بەرهەمی دۆخی سیاسیی كوردە كە لانیكەم ئیدارەی حكومەتێكی خۆماڵی دەكات.» گوتیشی: ئەگەرچی ئەو كەلتوورە هاوردە و سەپێندراوەی لە بێگانە وەرگیراوە كوسپێكی گەورەیە لە نێوماڵی كورد، بەڵام دیسان زۆرێك لە بەربەستەكان بە حەول و هیممەتی ژنانی تێكۆشەر و پیاوانی ئازادیخواز هەڵگیراون، بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێ باس لەوەش بكەین كە بۆچی ژن لە كوردستان شوفێری تاكسی نییە، من پێموایە لە ئێستادا شتی زۆر لەوە گەورەتر هەیە كە پێویستە ژنی كورد خۆی تێدا ببینێتەوە، هەموو ئەو كەلێن و قوژبنانەی پیاو گرتوونی و بەو شێوەیە ژنی تێدا نابیندرێ ئەوەیە كە ژن لە رووی یاسایی و شەرعییەوە كۆت و بەند كراوە، ئەو كاتەی ژنی كورد توانی بە شێوەی جددی نەك فورمالیتە، بەشدار بێ لە بڕیارە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا و لە رووی كارگێڕییەوە توانای بڕیاری هەبێ، سرووشتیە ئەگەر رێگەش بۆ زۆر و كار و چالاكی دیكەی وەك شوفێری تاكسی و كاری دیكە بكاتەوە، لە وڵاتانی ئەوروپایی لە هەموو دەرفەتەكانی كاردا بە بێ جیاوازی ژن بوونی هەیە، یەك لەو شتانە شوفێری تاكسی و پاس و شەمەندەفەڕ و تەنانەت شوفێری سەیارەی بارهەڵگرە. بابەتێكی دیكە كە زۆر گرینگە لە وڵاتی ئێمە ئەوەیە كە ئایا كۆمەڵگەی ئێمە لە رووی كەلتوورییەوە ئامادەیی ئەوەی هەیە كە ژنە شوفێرێك لە كاتی ئەنجامدانی كارەكەیدا پارێزراو بێت و مەترسی لەسەر نەبێت و نەكەوێتە بەر هێرش و هەڕەشە؟ بۆیە من پێموایە لەگەڵ ئەوەدا كە ئەو بابەتە مافی هەر ژنێكە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەبێ فەزای ئەو مافەشی بۆ ئامادە بكرێ، كە پێویستە ژن و پیاوی كورد كاری بۆ بكا، لە پێشدا خێزان و دواتر راگەیاندن و قوتابخانە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ئەو زەرفە دروست بكەن كە ژنی كوردیش بەبێ ترس بتوانێ هەموو ئەو كارانە بكات كە لە توانایدایە ئەنجامیان بدات.

لەلای خۆیەوە ژیان ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «هیچ كات لەلایەن دەسەڵات و لایەنە پێوەندیدارەكانەوە بەربەست لەبەردەم كاركردنی ئافرەتان دروست نەكراوە، لە ئێستاشدا هیچ پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە پێشكەش بە ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە، دڵنیاتان دەكەینەوە هەر كات پڕۆژە و داواكاری لەم شێوەیە بێتە لامان، پشتگیری لە داواكارییەكەیان دەكەین، ئامانجی ئێمەشە كە ئافرەت لە هەموو بوارەكاندا بەبێ جیاوازی رەگەزی كاربكات، لە كاتێكدا كۆمەڵگەی كوردی تا ئاستێك كۆمەڵگەیەكی داخراوە هەموو كارێكی بۆ ئافرەت قبووڵ نییە».

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چارەسەر لە بوونی كات و هەوڵی نەپساوەی خودی ئافرەت دەبینێتەوە، ئەو پێیوایە بە تێپەڕبوونی كات ئەم هاوكێشەیەش وەك زۆربەی هاوكێشە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە چارەسەر دەبێت، گوتیشی: «لە رابردوودا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا شوفێری بۆ ئافرەت عەیب و شوورەیی بوو، ئەگەر لەسەر شەقام شوفێرێكی ئافرەت ببیندرایە، ئەوا خەڵك فیكەی بۆ دەكێشا و گاڵتەیان پێدەكرد، تەنانەت شوفێرە پیاوەكانیش هۆڕینیان بۆ لێدەدان و قسەیان پێدەگوتن و ئۆتۆمبێلیان دەشكاندەوە سەریان و دەیانترساندن، بەڵام پێداگیری ئافرەت لەسەر ویستەكانی وایكرد، بە تێپەڕبوونی كات ئەو دۆخەشمان تێپەڕاند.»
جەمیلە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكە و بوونی ئافرەتی شوفێر تاكسی بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان بە پێویست دەزانێت و پشتگیری لە هەر داواكارییەك دەكات كە پێشكەشی لیژنەی ئافرەتان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بكرێت، هاوكات ئاماژە بەوە دەكات كە «لە هەندێ ناوچەی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەمڕۆش شوفێری بۆ ئافرەت بە كارێكی شیاو نازانرێت، چ بگات بەوەی ئافرەت ببێتە شوفێری تاكسی، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەنجامدانی ئەم كارە و كارەكانی دیكە كە ئافرەت توانای هەیە بیكات و كۆمەڵگە رێگری لێدەكات، قوربانیدانی خودی ئافرەتی پێویستە.» گوتیشی: «ئێمە لە ئەنجومەن هەرچەند پشتگیری ئەو داوایە بكەین، مادام پڕۆژەی داواكاریمان بۆ نەهاتووە ناتوانین هیچ بكەین.»
Top