ژنە کوردێکی جوو لە ترسی هاوسەرەکەی چووەتە ئیسرائیل

ژنە کوردێکی جوو لە ترسی هاوسەرەکەی چووەتە ئیسرائیل
ژنە کوردێکی جوو لە باشووری کوردستانەوە لە ترسی هاوسەرەکەی رایکردووەو خۆی گەیاندووەتە ئیسرائیل.

میدیاکانی ئیسرائیلی بڵاویانکردووەتەوە، ژنێکی کورد ناوە خوازراوەکەی (لیزا)یە، لە دەست هاوسەرەکەی رایکردووە، دوای ئەوەی وەک خۆی باسی دەکات، هاوسەرەکەی هەڕەشەی لێکردووە، وەک ژن و کچانی کوردی ئێزدی دەیفرۆشێتە داعش.

خێزانی ئەبراهامی کە کەسوکاری ئەو ژنەن لە موشاف باچ لە باشووری ئیسرائیل پێشوازییان لە لیزا کردووە. خێزانەکەی لیزا لە ساڵی 1950 کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل و خاوەنی چوار منداڵە.

کەناڵی دووی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، لیزا رێگایەکی سەختی بڕیوە تاوەکو لە کوردستانەوە گەیشتووەتە ئیسرائیل، لە رێگەی تورکیاوە خۆی دەرباز کردووە.

بەگوتەی لیزا، هاوسەرەکەی پێشتر بازرگانێکی عەلمانی سەرکەتوو بووە، بەڵام دواتر گۆڕاوە بۆ ئیسلامییەکی تووندئاژۆ، داوای لێکردووە بێتە سەر هەمان رێچکە، ئەگەرنا رادەستی داعشی دەکات.

ئەبوب کارا، جێگری وەزیری هاوکاری هەرێمی حکومەتی ئیسرائیل، ئامادەکاری دیداری لیزای لەگەڵ خێزانی ئەبراهامی و بەرپرسانی ئیسرائیلی رێکخستووە، پەیوەندییەکی بەهێزشی هەیە لەگەڵ حکومەتی تورکیا و لیزا-ی بە رێگەی تورکیاوە گواستووەتە ئیسرائیل.

هاوکات ئەرییێ درعی، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل، خۆی راستەوخۆ لە نێو دۆسیەکەدا بووە و فەرمانی داوە ڤیزا بە لیزا بدرێت، تاوەکو بگاتە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن.

میدیاکانی ئیسرائیلی لەسەر زاری لیزا بڵاویانکردەوە، " کە لەژیانی خۆم ترساوم، چونکە هەڕەشەی ئەوەی لێکردووم، ئەگەر وەک ژنە مسوڵمانەکان پابەندی قورئان نەبێت، ئەوا رادەستی داعشی دەکات، بۆیە هەستم بە ترسێکی زۆر کرد، چونکە بە چاوی خۆم بینیم چی بە ژنە ئێزدییەکان کراوە، کە ئەوان تەنیا لەبەر مسوڵمان نەبوونیان کوژران".




rudaw
Top