ئافرەتێك: هەموو برینێك ساڕێژ دەبێت، تەنیا خیانەت نەبێت

ئافرەتێك:  هەموو برینێك ساڕێژ دەبێت، تەنیا خیانەت نەبێت
دەروونناسان جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە هەموو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ئەوەی زیاتر لە هەر هۆكارێك هەڕەشەیە بۆ سەر شیرازەی خێزانی و پێكهاتەی خێزان دەخاتە مەترسییەوە، خیانەتی هاوسەرییە، هێماش بۆ ئەوە دەكەن كە ئەگەرچی ئەوە دیاردەیەكە و هەردوو رەگەز دەگرێتەوە، بەڵام رێژەی پیاوان بەروارد بە ئافرەتان زۆر زیاترە، كە خیانەت لە هاوسەری خۆیان دەكەن. ئافرەتێكیش كە خۆی بە قوربانیی ئەو دیاردەیە دەزانێت، بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی


ئەگەرچی تەمەنێكی وای نییە، كەچی دەستی لە خۆی بەرداوە و خۆی گوتەنی هیچ بایەخێك بە خۆی نادات. هەركەسێك لە یەكەم دیداریدا جۆرێك لە خەمۆكی لە روخساریدا بەدی دەكات.
ئافرەتێكی تەمەن 43 ساڵە و مامۆستای قۆناغی دواناوەندییە و وەك خۆی باسیدەكات، تەنیا كچێكی خوێندەڤانی زانكۆی هەیە و زیاتر لە 12 ساڵیشە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە. ئەو وەك هەموو دایكێك تەنیا شتێك كە مایەی دڵخۆشییەتی منداڵەكەیەتی و هەردووكیشیان پێكەوە لە ماڵێكی نزیك لە ماڵی باوكی دەژین. وەك خۆی باسیكرد، باوكی كچەكەی لە ژیاندا ماوە و زۆریش پەشیمانە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت لێی خۆش بێت. سەبارەت بە هۆكاری ئەو نەبەخشینەشی دەڵێت: «هەموو برینێك ساڕێژ دەبێت، تەنیا خیانەت نەبێت.» وادیارە زۆر لەو بارەیەوە نهێنییەكی چەندین ساڵەی شاردووەتەوە، چونكە ئەو سەرەڕای سووربوونی لە سەر بڕیارەكەی، حەز ناكات بە هیچ شێوەیەك كچە تاقانەكەی بە رابردووی باوكی بزانێت.

خۆی بە نەسرین دەناسێنێت و لە دەستپێكی قسەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە لە سەردەمی كچێتی، خوازبێنیكاری زۆر بووە و دوای رەتكردنەوەی چەندین كەسیان، لەگەڵ كەسێك هاوسەرگیری كردواوە كە خۆشەویستی بووە و زۆری خۆش ویستووە و خۆی گوتەنی قوربانی زۆری بۆ داوە، بەڵام هەمووی «بەفیڕۆ» چووە. نەسرین بەمجۆرە نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ گوڵان باسكرد:

من مامۆستا بووم، تازە دامەزرابووم، خزمان و تەنانەت بێگانەش كە زۆربەیان زەنگین و خاوەن موڵك و سامانی زۆر بوون هاتنە داواكاریم بۆ كوڕیان، زۆربەشیان مەرجیان ئەوە بوو ببمە ژنی ماڵەوە و واز لە پیشەكەم بێنم، بەڵام من خۆشەویستی خۆم هەبوو، بە هیچیان رازی نەبووم. ئەویش زۆر بە كارەكەم دڵخۆش بوو، خۆی زۆر كراوە نیشان دەدا و بەردەوام دەیگوت: تۆ خۆشەویستی منی، خۆ عەبدی من نیت. كاتێك بنەماڵەی جەلال هاتنە داواكاریم و من رازیم بووم، هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان تووشی شۆك بوون. بەتایبەتی دایكم دەیگوت ئەو هەموو خانەدانە هاتنە داوات، رازی نەبووی، چۆن بەو ماڵە هەژارە ئەو كوژە لەحیمچییەیان رازی بوویت. باوكم كەسێكی زۆر تێگەیشتوو بوو، هەزار رەحمەت لە گۆڕەكەی، چوار كچی خۆی بە مێرد داوە و هەرگیز فشاری نەخستووەتە سەر هیچمان و پرسی تەواوی پێ كردووین. منیش بە رەزامەندی خۆم چوومە ماڵی مێرد و دوای سێ ساڵ لە هاوسەریمان كچێكمان بوو، تا ئەو ماوەیە هاوسەرەكەم نێوانی لەگەڵ من زۆر باش بوو، كە بوو بە باوكیش زۆر باشتر بوو، لە گەڵ ماڵی خەزوورم نەدەگونجاین، 11 سەر خێزان لە ماڵێكدا بووین، بۆیە لەگەڵ جەلال بڕیارمان دا ماڵی جیا بكەین. چووینە ماڵی خۆمان و خانوویەكی دوو ژوورمان بە كرێ گرت. دوای ئەوە ماوەیەكی پێ نەچوو، وازی لە كارەكەی هێنا و فێری حەب خواردنیش ببوو، مووچەكەی منیش بەشی ئەو هەموو میواندارییەی ئەوی نەدەكرد، چەندین جار لێی پاڕامەوە، گوتم تۆ وەستای باشی و كار بكەی داهاتت دەبێت، بەڵام نەك هەر گوێی لێ نەدەگرتم، بەڵكو زۆر جار بە شەق و لێدان مووچەكەی لێ دەسەندم و كەس نەیدەزانی چی پێ دەكات. وای لێهاتبوو تەنانەت ئامادە نەبوو قوتوویەك شیری وشك بۆ كچەكەمان بكرێت، سەر باری ئەوەش فێری رابواردن ببوو لەگەڵ ئافرەتی بێڕەوشت، زۆر شەویش بۆ ماڵەوە نەدەهاتەوە. خەیانەتەكانی جەلال و چاوپۆشییەكانی من، ژیانی خۆم و كچەكەمی شێواند، بەردەوام ماڵمان دۆزەخ بوو، شەڕ و لێدان و بێڕێزی و سووكایەتی بێزاری كردبووم، ئیتر گەیشتە گیانم و داوای جیابوونەوەم كرد، ئەویش زۆر بە بێ مننەتی قبووڵی كرد، بەو مەرجەی من واز لە هەموو حەقی شەرعیم بێنم و داوای مارەیی و نەفەقە نەكەم. تەمەنم 31 ساڵ بوو بە رەسمی و بە حوكمی داداگا لە یەكتر جیا بووینەوە. دوای ئەوە یەك دوو جار بە هات و هاوار هاتە سەر ماڵ و منیش ناچار سكاڵام لەسەر تۆمار كرد و سزای یاسایی خۆی وەرگرت. دواتر لەسەر فرۆشتنی ماددە و حەبی هۆشبەر لەگەڵ ئافرەتێك سزای زیندانییان بۆ دەرچوو. دوای ئازادكردنیشی دەیان جار پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی پێكەوە بژین، بەڵام من دەرفەتی زۆرم پێدا و نەبوو بە پیاوێك كە شایانی ئەوە بێ باوكایەتی و هاوسەرداری، بكات، ئیتر نە خۆم و نە كچەكەشم متمانەمان پێ نەماوە و بەردەوام دوعا دەكەین خوا هیدایەتی بدات.
Top