شـنگال برینێكی ساڕێژ نەبوو

شـنگال برینێكی ساڕێژ نەبوو
دووساڵ بەسەر كارەساتە خوێناوییەكەی شنگالدا تێدەپەڕێت. ئەو كارەساتەی كە رۆژی 3-8-2014 رووی دا و رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە و دوور لە هەر پێوەرێكی جەنگی و دژ بە هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی هێرشی كردە سەر شنگال و ژمارەیەك لە ئافرەتانی ئێزیدی لەلایەن ئەو گرووپەوە رفێندران و ژمارەیەكی زۆری پیاوان رەشەكوژ كران، ئەوەش وایكرد دانیشتووانی ناوچەكە ناچار بوون زێدی خۆیان بەجێبهڵێن و ئاوارەی شاخ و دواتر شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون. ئەگەرچی لە ئێستادا بەشێكی ئەو ئافرەتە رفێندراوانە رزگاركراون و رۆژانەش پرۆسەی رزگاركردنیان بەردەوامە، بەڵام زامی ئەو كارساتە سارێژ نابێت و لایەنە پێوەندیدارەكان پێویستە ئاوڕی زیاتر لە خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بدەنەوە، ئەوانیش داوای هاوكاری و یارمەتی زیاتر دەكەن، بۆ ئەوەی بەشێك لەو ئازارە قووڵەیان كەم بكرێتەوە.


بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 25 ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئامادەكراوە، ژمارەی ئێزیدییەكانی عێراق 550 هەزار كەسن، ژمارەی ئاوارەكان 360 هەزار ئاوارەن، ژمارەی شەهیدان 1293 شەهید، 1759 منداڵ بێ باوك بوون، 407 منداڵ بێ دایك بوون، 359 منداڵ بێ دایك و باوك ماونەتەوە، 220 منداڵیش دایك و باوكیان لە ژێر دەستی داعشدان، كۆی گشتی منداڵە هەتیوەكان 2745 منداڵە، تاوەكو ئێستا 30 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان لە شنگال دۆزراونەتەوە، 44 مەزار و مەرقەدی ئایینی لەلایەن داعشەوە تەقێندراوەتەوە، 6404 كەس رفێندراون كە 3538 لە رەگەزی مێ، 2866 لە رەگەزی نێر، تاوەكو ئێستا 2640 كەس ئازاد كراون، لەوانە 953 ئافرەتن و 328 پیاون، 328 منداڵی كچ لەگەڵ 675 منداڵی كوڕ، ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا دەستی رزگاركردنیان پێ نەگەیشتووە 3770 كەسن كە 1856یان لە رەگەزی مێ و 1914یان لە رەگەزی نێرن.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «ناساندنی مەینەتییەكانی ئێزیدییەكان، بەتایبەت ژنانی ئێزیدی كە داعش بە سەبایا و كۆیلەی كردوون، كاری هەرە لەپێشی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان».
گوتیشی: «لە هەموو كۆبوونەوەكان و بۆنەكان كە ئامادەبووین، باسی مەینەتییەكانی ئێزیدییەكانمان كردووە، تاوتوێی ئەوەمان كردووە كە چۆن رزگاریان بكەین، چۆن دادپەروەری بەدی بهێنن بۆ قوربانیان و هەروەها تیرۆرستان پەلكێش بكەن بۆ پێش دادگا لە بەرامبەر ئەو كردەوە قێزەونانەی كە ئەنجامیان داوە، هەروەها باسی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ناوچەكانی دیكەی دەكەین. وەك نووسینگەكەمان ئێمە بەردەوام زانیاری نوێ و هەواڵی ئەو بوارە رادەگەیەنین بە ئیدارەی ئەمریكی و كۆنگرێس و دەزگاكانی هزر و رێكخراوە ناحكوومییەكان و میدیای ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەردەوام باسی پێداویستیی ئێزیدییەكانیان بۆ دەكەین.

لە ئازاری 2016 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكی تاوانەكانی داعشی بەرامبەر ئێزیدییەكان و كریستیانەكانی عێراق بە جینۆساید ناساند. ئەمە كارێكی گرنگ بوو، پێشتریش حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو یەكەمین حكومەت ئەم تاوانە قێزەوەنانەی بە جینۆساید ناساندبوو. ئەم سەركەوتنە بەرئەنجامی كۆششەكانی هەموو لایەكمان بوو، ئێمە چەندین مانگ سەرقاڵی لۆبی بووین بۆ كۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە، هەروەها توانیمان چەندین كۆبوونەوەی گرنگ سازبكەین بۆ نوێنەرەكانی ئێزیدییەكان وەك پەرلەمانتاری عێراق خاتوو ڤیان دەخیل و قایمقامی شنگال كاك مەحما خەلیل. سەرەڕای ئەوەی دەنگی ئیزیدییەكانمان بەرز راگرتووە و گەیاندووە، بێوچان زۆر بە چڕی كارمان كردووە بۆ هاندانی رۆژنامەوان و لێكۆڵەرەكانی ئەمریكی بۆ سەردانی كوردستان و ئاشنابوونی زیاتریان بەو بابەتە. ئێمە سەردانی دەیان دەزگا و رۆژنامەوان و توێژەر و شرۆڤەكارمان بۆ كوردستان سازكردووە، وەك «بنكەی رێگری لە جینۆساید لە مۆزەخانەی هۆلۆكۆست، كە دەزگایەكی لێكۆڵینەوەی زێدە بەناوبانگ و گرنگە.».

لەلای خۆیەوە خەیری بۆزانی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «بێدەنگبوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست تاوانەكانی داعش بەرامبەر بە كچان و ژنانی ئێزیدی ئەو بارودۆخەی ئێستای دروستكردووە، زۆر بەداخەوە ژنانی ئێمە وەكو سەبایە و جاریە لە سەر ماڵپەڕەكان مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرێت، شەرمە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو ئەوانەی لە ئاست چارەنووسی ژنانی رفێندراوی كوردی ئێزیدی چاویان داخستووە و خۆیان لە بەرامبەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بە بەرپرس نازانن و هەوڵی راگرتنی ئەو كارە نامرۆڤانەی داعش نادەن». بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ بە دیكۆمێنت كردنی كارەساتی شەنگال هەر لە رۆژی یەكەمەوە لیژنەیەكیان دروست كردووە كە وەك خۆی باسیكرد لە ئێستادا (38) كەس كاری تێدا دەكەن. راشیگەیاند: «پێنج فۆرممان دروست كردووە یەكێك بۆ ونبووەكان، یەكێك بۆ شەهیدەكان، یەكێك بۆ ئەوانی مردوون، فۆرمێك بۆ ئەوانەی رفێندراون، یەكێكیش تایبەت بە ئاوارەكان كە هەموو زانیارییەكیان تێدایە، بۆ ئەوەی هەر كات سەرژمێری بۆ هەر شتێك بكرێت، ئاماری تەواو لەبەردەست بێت.» گوتیشی: «داوای هاوكاری و یارمەتیمان لە هەموو لایەك كردووە، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تاوەكو ئەمڕۆ هیچ بۆ قوربانییانی شنگال نەكراوە، تاكە یارمەتیدەرمان نووسینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە ژمارەیەكی زۆر لە رفێندراوەكان لەسەر دەستی ئەو نووسینگەیە هاتوونەتە ئازادكردن و تائێستاش پرۆسەی ئازادكردنیان لەلایەن نووسینگەكەوە بەردەوامە.

د.ڤیان سلێمان سكرتێری گشتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بەمجۆرە راو سەرنجی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی: «ئەگەر هاتنی داعش ئەو گروپەی، كە مێشكیان ئاخنراوە بە هزری توندڕەوی و داماڵدراون لە هەموو هەستێكی مرۆڤ بوون و لێوانلێون لە بێبەزەیی و دڵڕەقی و تاریكبینی و بێ مۆراڵی، لەمپەرێك بووبێت لە بەردەم رەوتی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی بەگشتی، ئەوا بۆ هەندێك ناوچە كارەساتێك بوو بۆ خۆی، بەتایبەتیش دەڤەری شەنگال و كوردانی ئێزدی، هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال كارەساتێك بوو بە هەموو پێوەرێك پڕبوو لە نەهامەتی و تاوانی جەرگبڕ، ئێمە لێرەوە خۆمان بە هاوخەمی هاونیشتمانەكانی خۆمان لەو دەڤەرەی كوردستان دەزانین كە پارچەیەكی ئازیزی جەستە و رۆحی نیشتمانەكەمانە و ئەم خەمە ناخمان دەهەژێنێت. بەڕاستی زوڵملێكراوترین ناوچە و ستەمدیدەترین پێكهاتەی مرۆڤایەتی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تاوانیان دەر حەق كراوە، دەڤەری شەنگال و كوردانی ئێزیدیین. لێرەدا ئەگەر چاوێك بخشێنین بە مێژووی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە هزری توندڕەوی و دڕندەییان بە زۆر شێوە جیاوازترن لە رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە و داعشییەكان زۆر توندوتیژتر لەگەڵ ئافرەت مامەڵە دەكەن، چونكە ئەوان ئافرەت لە دەرەوەی سنووری مرۆڤ لە قەڵەم دەدەن و وەك كاڵا و ئامرازێك لێی دەڕوانن. كوردانی ئێزدی بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن داعشەوە مامەڵەیان لەگەڵ كرا، ئەو كارەساتەی بە سەر ئافرەتانی ئێزیدی هات، چەندجار گەورەتر و دڵهەژێنتربوو، كە پێموایە هیچ كەسێك جگە لە خودی قوربانییەكان ناتوانێت مافی خۆی بدات لە باسكردن و گێڕانەوەی كارەساتەكە، دەست و پێنووسی هەر نووسەرێك لە هەر ئاسێكی رەوانبێژیدا بێت، ناتوانێت پڕ بە باڵای لە تراژیدیاكە گوزارشت بكات. قوربانیدان بە مێژووی نەتەوەی كورد و ئافرەتانی كوردستان شتێكی نامۆ نییە و رووبەڕووبوونەوەی نەهامەتی و كارەساتەكان لە مێژووی گەلی كوردستاندا هەمیشە هاوڕێی رێگامان بووە، هەموو جارێكیش ئەم قوربانیدانە رەنگدانەوەی پێچەوانەی هەبووە و هەتا نەهامەتییەكانمان قورستر بووبن، گیانی خۆڕاگری و توانای هەستانەوە لەلامان بەهێزتر بووە، ئافرەتانی شەنگالیش لە زنجیرەی ئەو قوربانیدانانەی ئافرەتانی كوردبوون لە پرۆسەی ئەنفال و جینۆساید، ئافرەتانی ئێزیدی و ئەو ئازارەی كە دیویانە لەسەر دەستی ئەو تیرۆریستانە لەوە گەورەترە ئێمە بتوانین رێگە بە خۆمان بدەین گوزارشت لە نەهامەتیەكانیان بكەین و ستایشی خۆڕاگری و بەرزیی ئیرادەیان بكەین. تەنها ئەوە دەڵێم ئەگەر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كەسانێك و گروپگەلێك هەبن كە مرۆڤایەتی قەرزداریان بێت، ئەوا شەنگال و ئافرەتانی ئێزدی لە پێشی پێشەوەن بۆ ئەو مەبەستە، ئەمەش لەبەر ئاستی قوربانیدان و گەورەیی ئەو كارەساتەی كە بەسەریان هات و توانای هەستانەوە و خۆڕاگرییانە، بۆیە پێویستە لەسەرمان بۆ هەموو كات ئافرەتانی شەنگال وەك سمبولی بەرخودان و قوربانیدان و نموونەی بەرزی ئیرادەی مرۆڤ سەیر بكەین و هەموو ساڵێك كارەساتەكە یاد بكەینەوە بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتووشمان ئەم كارەساتەیان لە بیر بێت و وزە و توانای لێ وەربگرن و گیانی خۆ فیداكردنیان بۆ كوردستان لا بەهێز بێت. وەك یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەر لە سەرەتای كارەساتەكەوە هەوڵماندا هاوسۆزی خوشك و برایانی كوردانی ئێزیدی بین و بتوانین هەرچی لە تواناماندا هەیە وەك رێكخراوێكی ئافرەتان بۆیان ئەنجام بدەین، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین كاروانی كۆكردنەوەی كۆمەكمان گەیاندە كەمپی ئاوارەكان و چەندین خولی پیشەیی و هۆشیاریمان سەبارەت بە راهێنان و خۆگونجاندن لەگەڵ ژیانی ئاوارەیی و بەرزكردنەوەی لایەنی مەعنەوی ئافرەتانی دانیشتووی كەمپەكان كردەوە. هەوڵێكی سەرتاسەریمان دا بۆ سەرژمێركردنی ئافرەتانی رفێندراوی دەستی داعش وەك هاوكاری و كارئاسانییەك بۆ دامودەزگاكانی حكومەت، هەروەها داواكاریمان پێشكەشی بەڕێز سەرۆكی هەرێم (جەنابی سەرۆك بارزانی) كرد بۆ كردنەوەی فەوجێك لە نێو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئافرەتانی ئێزیدی، چەندین یاداشت و بیرخەرەوەمان پێشكەشی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان و پەرلەمان و كونسوڵی وڵاتان كرد لە بارەی زەروورەتی هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی ئاوارەكانی شەڕ، بەتایبەت دۆسیەی ئافرەتانی ئێزیدی بۆ رزگاركردنی ئافرەتەكانی دەستی داعش و رەخساندنی ژیانێكی شیاو بۆ ئەوانەی كە رزگار دەبن، هەروەها لە هەموو كەمپەكاندا نوێنەرانمان لە كاردابوون بۆ ئەوەی بتوانن ئەوەی كە پێیان دەكرێت هاوكاری ئافرەتانی ئێزیدی بكەن، ئەم چالاكییانەشمان بەردەوام دەبن، هەوڵیش دەدەین پرۆژەی بەسوودمان هەبێت بۆ هاوكاریكردنی ئەو ئازیزانەمان و هیچ نەبێت بتوانین كەمێك لە موعانات و ئازارەكانیان سووك بكەین، لە كۆتاییشدا هیوادارم هەنگاوەكانی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت و شەنگال بە دەستی ئافرەت و پیاوە پێشمەرگەكانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەمیشە پارێزراو بێت.»
د. چنار سەعد عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «تیرۆریست و شەڕانگێزان جارێكی تر ویستیان ژیانی پڕ ئاشتی و ئارامیی كوردانی ئێزیدی بوەستێنن، نەیانزانی ئەوە یەكەم تاوان و كۆمەڵكوژی نییە كە بەرامبەر كوردانی ئێزیدی ئەنجام دەدرێ. ئێزیدیەكان بەتایبەتی ئافرەتانی ئەو پێكهاتەیە، وێڕای هەڵگرتنی باری سەختی ژیانی كۆمەڵایەتیی خێزانەكانیان، لە ناو زوڵم و زۆرداری رژێمە یەك لە دوایەكە تاوانبارەكانی عێراقدا بە دڕندەترین شێواز ئازار دراون، لە دوو ساڵی رابردووش تیرۆریستانی داعش وەك كۆیلە بازرگانییان پێ كردوون، بەڵام رووداوەكانی ئەمڕۆ و خەباتی كچە قوربانییەكی وەك نادیە موراد و ئافرەتە پێشمەرگە و چالاكوانەكانی ئێزیدی لە بواری كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو راستییەمان پێ دەڵێن كە ئازار و مەینەتییەكان خۆراگرتر و بەهێزتری كردوون بۆ مانەوە و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی مرۆڤایەتی. هەر بۆیە سەدان فەرمانی تریشیان بەسەردا بكرێت، تاكو ژنانی ئێزیدی بمێنن لەدایكبوونێكی تازە و ژیانێكی نوێ دەست پێ دەكاتەوە. زوڵم و ستەم كۆتایی دێت و كاروانی ئاشتی و ئاوەدانی لەو دەڤەرە بە گوڕوتینێكی تازەتر دەست پێ دەكاتەوە.»

لەلای خۆیەوە شێخ شامۆ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش، سەبارەت بە هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ بە جینۆسایدناساندنی كارەساتی شنگال و قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوی خوشك و برا ئێزیدییەكان گوتی: «بەداخەوە هەوڵەكانمان لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵێك نەبووە لە ئاست قوربانییانی كارەساتە وەحشیگەرییەكەی شنگال، راستە لە پەرلەمان لیژنە پێكهێنرا و لیژنە پێوەندیدارەكان راپۆرتی خۆیان ئامادەكرد، پڕۆژەیەك هەبوو تاوەكو رۆژی كارەساتی شنگال وەكو هەڵەبجە بكرێتە رۆژێكی فەرمی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها شەهیدانی كارەساتەكە وەكو شەهیدی جینۆساید هەژمار بكرێن، قەرەبووی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی ناوچەكە بكرێتەوە، رفێندراوانی ژێر دەستی داعش وەكو زیندانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بێنە هەژماركردن، ئەوانە كۆمەڵێ پڕۆژەی ئێمە بوون لە پەرلەمان، بەڵام مخابن هەمیشە سەرۆكی پەرلەمان بە هێنانەوەی بەهانەی جۆراوجۆر بەربەست بوو لە سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە هەتا ئەوكاتەی پەرلەمان لە كار كەوت.»

سەبارەت بە چارەنووسی رفێندراوە ئازادنەكراوەكانیش گوتی: «هەوڵەكانی شەخسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ گێڕانەوەی ئێزیدییە رفێندراوە ئازادنەكراوەكان بەردەوامە و بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەیەكی تایبەت كراوەتەوە، ئەویش بە هەماهەنگی دەزگا ئەمنییەكان و برا پێشمەرگەكان كە بە خۆشحاڵییەوە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی ئێمە رزگاركراون.» گوتیشی: لەم یادكردنەوەیەدا داواكاریم لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی كوردستان ئەوەیە دەڤەرەكە لە بازنەی مادەی 140 دەربهێندرێت و وەك ناوچەیەكی كوردستانی هەژمار بكرێت، بە ئەركی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی دەزانم كە قەرەبووی سەروەت و سامانی خەڵكی دەڤەرەكە بكرێتەوە كە هەمووی تاڵان كراوە، خێزانی شەهیدەكان كۆمەك بكرێن، لە كاتێكدا لە رووی ئیدارییەوە سەر بە حكومەتی عێراقین و عێراقیش ماوەی سێ ساڵە بودجەی شنگالی بڕیوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خۆشحاڵین بەوەی لە سایەی سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ شنگال ئازادە و ئاڵای كوردستان لە ناوچەكەدا دەشەكێتەوە و كوردستانی بوونی خۆی سەلماندووە، پەیامم بۆ خەڵكی شنگال و ناوچەكە ئەوەیە كە زیاتر خۆڕاگر بن و یەكڕیزیی خۆیان بپارێزن و ئەو دەستێوەردانانە رەتبكەنەوە كە لەلایەن هەندێ چەكداری نافەرمی لە ناوچەكەدا پەیدابوون، چونكە شنگال ناوچەیەكی ستراتیژی كوردستانەكەمانە و هیچ كەس ناتوانێ لە كوردستانی بوون دایبماڵێت.»
Top