پیاوێکی ئەفغانی کچەکەی بە بزنێک دەگۆڕێتەوە

پیاوێکی ئەفغانی کچەکەی بە بزنێک دەگۆڕێتەوە
پیاوێکی ئەفغانی لە پێناو بزنێک و کیسەیەک شەکر و برنج، کچە تەمەن شەش ساڵەکەی بە پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ دەفرۆشت.

بەپێی میدیا جیهانییەکان باوکی کچەکە گوتوویەتی، بەهۆی نەبوونییەوە، توانای بەخێوکردنی خێزانەکە نەبووە و بێپارەیی ئەو کارەی پێ کردووە.

وەکو لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کچە تەمەن شەش ساڵەکە کە ناوی گاریبگولە، لە کاتی گواستنەوەی لە لایەن سەید عەبدولکەریمی هاوسەریەوە بە بەردەوامی دەگریا.

هەرچەندە عەبدولکەریم بەڵێنی بە باوکی منداڵەکەی داوە، دەست لە کچەکەی نەدات تاوەکو دەگاتە تەمەنی 17ساڵ، بەڵام بەپێی گوتەی کەسێکی نزیکی کچەکە " ئەو هەر لە شەوی یەکەمەوە دەستدرێژی سێکسیی کردووەتە سەر گاریبگول".

لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت باوکی كچەکە لە لایەن ژنانی گوندەکەوە لێی دەدرێت دوای ئەوەی زانیویانە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.

هێزە ئەمنیەکان دوای ئاگاداربوونیان لە رووداوەکە باوکی کچەکە و پیاوە بەتەمەنەکەیان دەستگیر کردووە. ناوەندی مافی ژنان لە شاری غور لەو دۆسیە دەکۆڵنەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە " منداڵەکەمان بۆ خێزانەکەی گەڕاندووەتەوە".

بەپێی ئامارێکی ساڵی 2011ـی نەتەوە یەکگرتووەکان رێژەی لەسەتا 46.4ـی کچانی ئەفغانی پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 9 ساڵی بەشوودەدرێن.



rudaw
Top