دایكێك: گەر براكانم نەبێت هاوسەرەكەم ناهێڵی بە ساڵیش منداڵەكانم ببینم

دایكێك: گەر براكانم نەبێت هاوسەرەكەم ناهێڵی بە ساڵیش منداڵەكانم ببینم
ئەگەرچی پێكهێنانی خێزان یەكێك لە بەهاكانی مرۆڤایەتییە و هێمای بەردەوامبوونی ژیانە، بەڵام دابڕان و جیابوونەوە و تێكچوونی شیرازەی خێزانیش بەپێچەوانەوە كۆمەڵێك ئاریشەی گەورە دروست دەكەن. سەرەكیترین قوربانیی جیابوونەوەكانی هاوسەرانیش ئەو منداڵە بێتاوانەن كە بە هۆی تاك سەرپەرشتی، داهاتوویان دەكەوێتە مەترسییەوە، دەروونناسانیش هۆشداری ئەوە بە دایك و باوكان دەدەن، كە بە هۆی كێشەی خۆیانەوە یاری بە چارەنووسی منداڵەكانیان نەكەن، چونكە ژینگەی تاك سەرپەرشتی بۆ منداڵ ژینگەیەكی ساخڵەم نییە و زڕدایك و زڕباوك ناتوانن ئەو بۆشاییە دەروونییەی منداڵ بە هۆی بێبەش بوون لە نازی دایك یان باوك پڕ بكەنەوە. ئافرەتێكیش كە تووشی ئەو دیاردەیە بووە، باسی كێشەكانی خۆی و منداڵەكانی بۆ گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی


هێشتا تەمەنی لە چڵ ساڵ تێنەپەڕیوە، كەچی خەمێكی قووڵ گۆشەگیری كردووە. خۆی بە نیان دەناسێنێت. لەگەڵ دایكە بەساڵاچووەكەی پێكەوە دەژین. وەك خۆی باسیكرد، باوكی كۆچی دوایی كردووە، هەر لەو بارەیەشەوە دەڵێت: «ئەوەی نەهامەتیم بەسەر هاتووە، بە هۆی بێ پشتی و نەبوونی باوك تووشم بووە، هەتا باوكم مابوو، مێردەكەم لەسەر دەست دەیگێڕام.»
نیان دایكی دوو كچە و ماوەی حەوت ساڵە لە دیداریان بێبەش كراوە. ئەوەش بە «گەورەترین زوڵم» ناو دەبات. ئەو دایكە خەمبارە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان گێڕایەوە:
«من لە تەمەنی 17 ساڵان مێردم كرد. باوكی مێردەكەم هاوڕێی منداڵی باوكم بوو، نێوانیان زۆر خۆش بوو، هاتوچۆمان زۆر گەرم بوو. ئیتر داوای منیان كرد و باوكم رازی بوو. ئێمەش هەردووكمان رازی بووین و بەو وەسڵەتە دڵخۆش بووین. لە بەر ئەوەی یەكترمان باش دەناسی و بە رەفتاری یەكتر ئاشنا بووین. ژیانمان هیچ عەیبی نەبوو. ماڵ و دووكانی خۆمان هەبوو. عەتا كارەباچی بوو، لە دووكانەكەی كەلوپەلی كارەبایی دەفرۆشت، موەلیدەی گەڕەكیشی هەبوو لەگەڵ برایەكی پێكەوە شەریك بوون. لە هیچمان كەم نەبوو. بەڵام بۆ ماوەی 8 ساڵ منداڵمان بۆ نەدەما، سێ منداڵم لە بار چوون. بەڵام هەمیشە دڵی دەدامەوە و حیسابی بۆ قسەی خەڵكی نەدەكرد. تا تەمەنم بوو بە 25 ساڵ خوا كچێكی پێداین، و دوو ساڵ دواتریش كچێكی دیكەمان بوو، كە خوای گەورە بۆی هێشتین. ماڵمان پڕ بوو لە خۆشی و بە بوونی كچەكان زۆر دڵخۆش بووین. بەڵام كچە بچووكەكەم هێشتا لە بەر شیر بوو، هەستم دەكرد سینگم ئازاری هەیە، هەر ئیهمالم كرد، یەك دوو ساڵ دواتر چوومە دكتۆر و وتیان تووشی شێرپەنجە مەمك بوویت، ئیتر نەشتەرگەرییان بۆ كردم و لایەكیان لابرد، دوای ئەوە رووی خۆشم لە عەتای مێردم نەبینی، باوكیشم زۆر خەمی منی خوارد، من تەنیا كچی بووم و خوشكی سێ برا بووم. بەرە بەرە وای لێهات عەتا كەمتر دەكەوتەوە ماڵەوە، دواتر لە خەڵكم بیست، وتیان ژنی دیكەی هێناوە، بەڵام ئاشكرای نەكردبوو. باوكم نەخۆش بوو دواساتەكانی گیانی بوو، بانگی كرد و گوتی: كوڕم بانگی سەڵات بە ئاشكرا خۆشە و ژنت هێناوە كێشە نییە، بەڵام ئەو دوو كچەت ئیهمال مەكە، كچ نیعمەتی خوایە بۆ باوكی. ئەویش دەستی باوكمی ماچ كرد و بەڵێنی دا، دادپەروەری بكات و جیاوازی لە نێوان منداڵەكان نەكات، كە لە ژنەكەی دیكەی كوڕێكی هەبوو. ئەوەی منی هەمیشە ئازار دەدا ئەوە بوو كە بە دزی و بە شاراوەیی ئەو كارەی كرد. خۆ ئەگەر بە خۆمی بوتبا، لەوانەیە ئەوەندە ئازارەكەی قورس نەبوایە. لەگەڵ ئەوەشدا كە من لێی خۆش بووم، كەچی دوای كۆچی باوكم بە تەواوی گۆڕا و لێدان و جنێودان بوو بە بەشم. تا وای لێهات تەڵاقی دام و ئەوە ماوەی حەوت ساڵە باوكی منداڵان بە زۆری براكانم نەبێ، بە ساڵیش ناهێڵێ كچەكانم ببینم. دەیان جار لە كەس و كاری پاڕامەوە و گوتم من و دایكم بە تەنیاین با كچەكانم لای خۆم بن، گوتم براكانم حەزیان لە چوونە دادگا و شكات و شكاتكاری نییە، هەر دەڵێن باوكی كچەكانتە و حەواڵەی خوای بكە. ئەوە كچەكانم گەورە بوون، ئێستا یەكیان چواردە ساڵی تەمەنە و ئەوەی دیكەشیان دوازدە ساڵیەتی. ئەوانیش خەمۆك بوون، ئەوەندە خەمی دووری من دەخۆن. منیش بەو تەمەنەوە رەنگی پیرەژنانم گرتووە و خەریكە لە تاو ئاگری جەرگم بۆ كچەكانم دەسووتێم. لە كۆتاییدا داوا لە هەموو دایك و باوكێك دەكەم، با یاری بە چارەنووسی منداڵیان نەكەن. با لە یەكتر خۆش بن و هیوا و ئاوات و داهاتووی منداڵەكانیان بە تەڵاق نەسووتێنن.»
Top